کۆنگرەی پاریس زێڕینترین دەرفەتی لەدەسچووی کورد

PM:02:43:27/06/2022 ‌
هەرچەندە لە بەرەبەیانی مێژووەوە کورد جاروبار هەلی لەباری بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ ڕەخساوە، بەڵام هەرگیز خۆی هەلی لەباری نەڕەخساندوە، هەلومەرجەکان بەپێی سەردەم دەگۆڕێن، جار هەبووە لە ناوەندێکی جیهانی گەورەی سەردەمی خۆیدا، کورد بووەتە بابەتی گفتوگۆی ناوەندە جیهانییەکان، بەڵام هەر خۆی هەلەكەی تێكداوە.

کۆنگرەی پاریس زێڕینترین هەلی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بوو لە ناوەندە جیهانییەکانی سەردەمی خۆیدا، هەروەك شەریف پاشا یەکەم ئەندازیاری سەرکەوتووی نەخشەکێشانی  دەوڵەتەکە بوو، بەتوانای خۆی و کەشوهەوای ڕەخساوی نێودەوڵەتی سەردەمەکەی، ویستی نەخشەی دەوڵەتێكی کوردی لە کۆنگرەیەکی جیهانیدا بکێشێت، لە ئاکامدا هەلومەرجەکە لەدەسچوو، لە ڕۆڵی شەریف پاشا کەمکرایەوە، نەتوانرا شتێک بۆ دۆزی کورد بهێنرێتە سەر گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەو سەردەمە. لە کاتێکدا هەلێکی باش ڕەخسابوو بۆ دیاریکردنی نەخشەی سنووری دەوڵەتێکی کوردی.

هۆی سەرەکی لەدەسچوونی دەرفەتەکە، جگە لە نەبوونی نیازی وڵاتانی زلهێزی سەردەمەکان بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی، ناتەبایی و خۆخۆری ناو کورد خۆیشی بووە، هەر ناتەبایی کورد نەیهێشت ناسنامەیەکی نێودەوڵەتی ددانپیانەر بۆ کورد دروست ببێت، بێگومان گوشارە دەرەکییەکانی دوور لە ویستی کورد خۆیشی، یەکێکە لە هۆکارەکانی لەبارچوونی دەرفەتەکان، بەڵام  هۆکارە دەرەکییەکانیش ڕەنگدانەوەی ناتەبایی ناوخۆی کورد خۆی بووە، بە تایبەتی لە کۆنگری پاریس /ساڵی 1919/، چونکە کوردەکان تەبانە بوون و نەیانتوانی هەلی لەباری دەوڵەتێکی کوردی بڕەخسێنن. بۆیە دەوڵەتانی نەیاری کورد، توانی هەلەکە بقۆزنەوە و ناتەبایی کورد بکەنە پاساوی لەباربردنی هەلومەرجە نێودەوڵەتیبەکە، لە درزی نێوان لایەنە کوردییەکانەوە کەلێنی  گەورەیان دروست کرد و خەونە مێژووییەکەی کوردیان لەبار برد. 

سەرەتا نوێنەرە کوردەکانی شارەکانی (ئورفە، وان، تەبلیس، دەرسیم، دیاربەکر و ماڵانیا) بە پیلانی ئاغا تورکەکانیان ئاماژەیان بەوە دا كە ئەوان نایانەوێ لە تورکیا جیا ببنەوە و دەیانەوێ لە چوارچێوەی تورکیای ئەو سەردەمەدا بمێننەوە، هەر ئەو سەردەمە ناکۆکی لە نێوان شەریف پاشا و شێخ عەبدوڵای نەهری پەیدا دەبێت، بەوەی شێخ داوای ئۆتۆنۆمی دەکات لە چوارچێوەی تورکیادا، بروسکە دەنێرێ بۆ کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس"1". ئەمەش پێچەوانەی داوا و ویستی شەریف پاشا بوو کە داوای دروستبوون و نەخشەکێشانی دەوڵەتی بۆ گەلی کورد دەکرد لە کۆنگرەکەدا "2". ئەو داوایەی شێخی نەهری، ئەوەی سەلماند كە شەریف پاشا لە کۆنگرەکەدا نوێنەری ئەوان نییە "3". 

بروسکەکەی شێخی نەهری هەڵوێستی شەریف پاشای لە کۆنگرەدا لاواز کرد، چونکە هەندێ لە لایەنە کوردییەکان گوێڕایەڵی وڵاتە نەیارەکانی دۆسیەی کورد بوون، هەڵوێستەکە کەشێکی وای ڕەخساند کە شەریف پاشا نوێنەری هەموو کورد نییە لە کۆنگرەکەدا. ڕاستە وڵاتە زلهێزەکانی ئەو سەردەمە مەبەستیان نەبوو کورد دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بکات، بەڵام ناتەبایی کورد خۆی ڕۆڵی کاریگەری لە لەباربردنی هەلومەرجە نێودەوڵەتیەکەدا ڕەخساند. 

لەو ڕوانگەیەوە کۆنگرەی پاریس جیاوازه لە هەموو دەرفەتە لە کیسچووەکانی تر، چونکە لە ناوەندی نێودەوڵەتیدا ددان بە مافی کوردا دەنرا، زلهێزەکانی ئەو سەردەمە بە فەڕمی دەوڵەتەکەیان دەناساند، کۆنگرەکە لە ساڵی 1919 بە سەرۆکایەتیی (کلیمانسۆ) سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی فڕەنسا بەڕێوە چوو.

مەبەست لە کۆنگرەکە سێ تەوەری سەرەکی بوو، کە هەرسێكەی دەتوانرا کێشەی کوردی  تێدا جێ بکرێتەوە و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە کێشەی کوردەوە هەبوو. تەوەرکان بریتیبوون لە:

یەکەم: دابەشکردنی خاکی ئەو دەوڵەتانەی وڵاتە زلهێزەکانی ئەو سەردەمە داگیریان کردبوون، زۆربەی خاکی کوردستانیشی بەردەکەوت.
دووەم: دابەشکردنی سنووری دەوڵەتی عوسمانی کە خاکی کوردستانیشی دەگرتەوە.
سێیەم: دیاریکردنی مافی کەمینە نەتەوایەتییەکان لەناو دەوڵەتە داگیرکراوەکانی ئەو سەردەمە، کە کورد و ئەرمەن بوون.

سەرەڕای کەشوهەوای گشتی کاتی کۆنگرەکە لە ڕەوابینینی ماف بە کورد لەلایەن ئەو وڵاتانەی گەمارۆی کوردستانیان دابوو. لە سەرەتای پێش بەستنی کۆنگرەکەوە، کورد خۆی دەستی لە دابەزینی ئاستی کێشەکەیدا لەو ناوەندە جیهانیەدا هەبوو، بەهۆی نەنواندنی یەکهەڵوێستی و ناتەبایی، لە کاتێکدا کێشەکە لە ئاستێکی باڵادا باسی لێوە دەکرا. 

دەتوانین بڵێین، کۆنگرەی پاریس زێڕینترین هەلی نێودەوڵەتی گەورە بوو بۆ کورد ڕەخسا، لە سەردەمێکی زۆر ناسکدا لە نێوان وڵاتە زلهێزەکانی ئەو سەردەمەدا.

هەرچەندە لە ئەنجامی هەوڵ و کۆششە بەردەوامەکانی شەریف پاشا لە کۆنگرەکەدا، دواتر لە سێ بەندی پەیمانامەی "سیڤەر"دا باس لە چارەسەری کێشەی کورد کرا، بەڵام هەلی زێرینی کێشانی نەخشەی سنووری دەوڵەتێکی کوردی، پشتگوێ خرا، کە دیاریکردنی سنوورە تازەکانی وڵاتانی ناو کێشەکە  بە کوردستانیشەوە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنگرە بوو، دەکرا سنووری دەوڵەتێك بۆ کوردیش دیاری بکرایە.
لەبارچوونی نەخشەی سنووری دەوڵەتی کوردستان لە ئەنجامی فرەکوێخایی و نەبوونی یەکهەڵوێستی کوردەوە بوو، هەر ڕەنگدانەوەی ئەم ناتەباییە بوو، دواتر لە پەیماننامەکانی "لۆزان و سایس بیکۆ"دا کێشەی کورد بە یەکجاری لەبار برا، چونکە زلهێزەکان زۆر مکوڕ نەبوون لە دروستکردنی قەوارەیەکی کوردی. بەریتانیای زلهێزی سەرەکی ئەو سەردەمە ڕێی نەدا شێخ مەحمود خۆی بچێتە کۆنگرەکەوە، هەرچەندە داوای کرد. 

لەسەر ئەو رێگرییە نێوانی شێخ مەحموود و ئینگلیزەکان تێکچوو، چونکە شێخ داوای مافی ڕەوای کوردی دەکرد لە ڕێگەی نوێنەرانی کوردەوە لە کۆنگرەکەدا و ویستی خۆیشی بەشدار بێت، جگە لەوەی شێخ مەحموود، شەریف پاشای وەک نوێنەر دیاری کردبوو بۆ کۆنگرەی پاریس. شەریف پاشا پێوەندی ڕاستەوخۆی بە ئینگلیزەکانەوە هەبوو، پیاوێكی ژیر بوو كە دەیویست ڕای هەموو بەشەکانی ئەوکاتەی کوردستانی پێ بێت، پێوەندی ڕاستەوخۆی بە شێح مەحموودەوە هەبوو، شێخ مەزبەتەیەکی بە واژووی کوردان ئامادە کرد و بەدەستی ڕەفیق حیلمی نووسراو بە ئاگاداری میجەر نۆئیل.

دواتر شێخ هەوڵی دا لەڕێگەی ڕەشید زەکی کابان و سەید ئەحمەد بەرزنجییەوە  بگەیەنرێتە پاریس، بەڵام فڕەنسای زلهێز و داگیرکاری ئەو سەردەمە، حوکمڕانی سووریای دەکرد و شاندەكەی لە حەلەب گیران و گەڕێنرانەوە بۆ سلێمانی یاداشتەکە نەگەیشتە کۆنگرەی ئاشتی. "4".

هەروەها شەریف پاشا پێوەندی بە سمکۆی شکاک و سەید تەهای نەهری کە دوو سەرکردەی دیاری ئەو سەردەمەی کوردستان بوون، کرد بوو، بۆ گفتوگۆ لەبارەی دروستكردنی دەوڵەتێکی کوردی، پاشا دەیویست وەک نوێنەری هەر چوار پارچەی ئێستەی کوردستان بەشدار بێت، لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی ئەو سەردەمەدا دەنگێکی ناڕەزایی ئەوتۆ دژی شەریف پاشا لە ئارادا نەبوو، بەڵام هەوڵەکان لە ئەنجامی ناتەبایی گشتیی کورد، لەناو برا، بە تایبەتی کوردەکانی ژێر فەرمانڕەوایی دەوڵەتی عوسمانی کە تورک وەک گوشارێكی کاریگەر بەکاریان هێنان لە کۆنگرەکەدا، دیمەنەكەیان وا لێكرد کە کورد خۆی دەوڵەتی ناوێت و لەگەڵ برا تورکەکانیان دەژین. 

هەرچەندە لایەنه کوردییەکان خۆخۆری زۆریان نواند بەرانبەر شەریف پاشا، كەچی پاشا هەر کۆڵی نەدا، بەڵام چونکە ڕای گشتیی هەموو سەرکردە کوردەکانی پێ نەبوو، لە کۆنگرەی پاریسدا خەونە گەورەکەی سنووری دەوڵەتی کوردی لەبار چوو.

دەتوانین بڵێین کۆنگرەی پاریس گەورەترین دەرفەتی زێڕینی نەخشەکێشانی سنووری دەوڵەتێك بوو بۆ کورد لە ناوەندە جیهانییەکانی ئەو سەردەمەدا، بەرئەنجامی ناتەبایی و خۆخۆری کورد خۆی هەلی نەخشەکێشانی سنووری دەوڵەتە کوردیەکەی  لەبار برد.

لەبارچونی خەونی دەوڵەتی کوردی لە کۆنگرەی پاریس، لەبارچوونی خەونی لەدایکبوونی کوردستانی گەورەی له ناوەندێکی جیهانیدا خستە ژێر خاک، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

یەکەم: کۆنگرەکە بۆ دابەشکردنی خاکی دەوڵەتی عوسمانی بوو کە بەشێکی زۆری کوردستان دەکەوتە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەوە، دەتوانرا کوردستان دابڕێنن لە سنووری دەوڵەتی عوسمانی. بەوەیش لەژێر کونترۆڵی دەوڵەتەکە گەورەکاندا ددان بە دەوڵەتی کوردیدا دەنرا، كە هەلێکی مێژوویی زێرین بوو کە گەرەنتی ئەوەیشی دەكرد کێشەی ئەوتۆ بۆ دەوڵەتە کوردییەکە دروست نەبێ، چونکە وڵاتانی سەردەستی پارچەکانی ئێستەی کوردستان دروست نەبووبوون.

دووەم: شەریف پاشا داوای لە شێخ مەحموود کردبوو دەسەڵاتی بداتێ بەناوی کوردەوە شتێك لە کۆنگرەی پاریس پێشکەش بکات بۆ کورد، شێخ ڕازی دەبێت و جگەلە مەزبەتەی کوردی باشوور، ڕەزامەندی زۆر سەردار و سەرۆکی گەورەی ئەوکاتەی کورد درا بە شەریف پاشا و وەک نوێنەری زۆربەی  کورد لە کۆنگرەکەدا بوو، هەرچەندە بەشێک لە کوردەکانی کوردستانی بەردەستی تورکەکان ئەویان بە نوێنەری خۆیان نەدەزانی، بەڵام ئەگەر نەخشەی دەوڵەتی کوردی بکێشرایە، زۆربەی سەرکردەکانی کوردی ئەو سەردەمە پشتگیریان دەکرد و خۆیان دەكرد بە خاوەنی .

سێیەم: زلهێزەکانی ئەو سەردەمە (بەریتانیا و فڕەنسا) قەڵەمڕەویان لە ناوچەکەدا هەبوو، ئەگەر دەوڵەتێکی کوردی دروست بووایە، دەوڵەتانی ئێستەی نەیاری کورد، نەیاندەتوانی لەباری ببەن، چونکە خۆیان لەژێر ڕکێفی زلهێزەکاندا بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ .

چوارەم: دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لەو سەردەمەدا لە ناوەندێکی گەورەی جیهانیدا دەبوو، بەوەیش بەریتانیا و فڕەنسا وەک زلهێزی ئەوکاتە ڕازی دەبوون، دواتر لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە بە ئاسانی ددانی پێدا دەنرا، چونکە تەنیا کورد و ئەرمەن وەک دوو گەلی ئەوکاتەی ناو هاوکێشەی ناوچەکە، بێ دەوڵەت بوون. 
ئەرمەن بوون بە دەوڵەت و کەس دژی نەوەستایەوە، کوردیش هەلومەرجەکەی لەدەسچوو، تا ئێستەیش هەلێکی وا نێودەوڵەتی بۆ نەڕەخساوەتەوە، ساڵانی دواتر کوردستان بە فەڕمی کرا بە چوار پارچەی سەرەکیەوە. 

پەراوێزوسەرچاوەکان:
1 و 2- بڕوانە شەریف پاشای خەندان، یەکەم ئەندازیاری دەوڵەتی کوردی، www.khaktv.net.10\8\2016.
3- بڕوانە کۆنگرەی ئاشتی پاریس (1919)، بۆتان نەجات / ماڵپەڕی ڕێگای کوردستان، 16ی دیسێمبەری 2017.
4- بڕوانە هەمان سەرچاوەی پەراوێزی یەک و دوو.