له هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو له كه‌ركووك دووكاندارێك هه‌بوو پێیان ده‌گوت حاجى، زۆر زیت و وریا بوو، پیاوێكى لێ په‌یدا ده‌بێ رۆژانه دێت بۆ شت‌كڕین، هه‌رجاره‌ى ده‌هات كۆمه‌ڵێ رۆژنامه‌ى ده‌خسته ژێر باڵییه‌وه تا به‌ته‌واوى متمانه په‌یدا ده‌كات له‌لاى حاجى، له‌ناكاو قۆڵى حاجى ده‌بڕێ و بایى بڕه‌پاره‌یه‌كى زۆر شتومه‌ك ده‌بات و پاره نادات، دواتریش خۆى ون ده‌كات، ئیتر ده‌رودراوسێ دووكانه‌كان له حاجى كۆ ده‌بنه‌وه و پێى ده‌ڵێن: حاجى خۆ تۆ پیاوێكى زۆر زیت و دنیادیده‌ى و تا ئێسته كه‌س نه‌یتوانیوه فێڵت لێ بكات! چۆن نه‌تزانى ئه‌مه ساخته‌چییه؟!
حاجیش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ، به‌خوا من هه‌رزوو زانیم ئه‌مه كه‌سێكى كه‌ڵه‌كچى و قۆڵبڕ و هۆقه‌بازه، وه‌لێ رۆژنامه‌كانى بنباڵى سه‌ریان لێم شێواند.
به‌داخه‌وه ئێسته كۆمه‌ڵێ نه‌خوێنده‌وار و دوور له ره‌وشتى جوانى پیشه‌ى رۆژنامه‌وانى، خۆیان خزاندووه‌ته ناوه‌نده‌كه و هیچ شه‌رم ناكه‌ن خۆیان له‌ریزى پێشه‌وه داده‌نێن، هه‌ریه‌كه‌یان ناسنامه‌یه‌كى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستانیان خستووه‌ته ته‌نگه‌ى باخه‌ڵیان و له شوێنان خۆیانى پێ هه‌ڵده‌كێشن گوایه رۆژنامه‌نووسى كه‌موێنه و پرۆفیشیناڵن "له‌گه‌ڵ رێزم بۆ رۆژنامه‌نووسه به‌تواناكان".
له كاتێكدا ئه‌وان نه‌ك هه‌ر ناتوانن بچووكترین هه‌واڵ دابڕێژن و هیچ له بنه‌ماكانى رۆژنامه‌وانى نازانن. بۆ نموونه له لقى كه‌ركووكى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان پتر له 700 ئه‌ندام هه‌یه، كه باوه‌ڕ ناكه‌م زۆر له وڵاتان ئه‌م ژماره زۆره‌ی رۆژنامه‌نووسه‌یان هه‌بێت. ئه‌گه‌ر بێژنگیان بده‌ین، بڕوا ناكه‌م پتر له 50 رۆژنامه‌نووسیان لێ ده‌ربچێت، چونكه 90%یان نه‌خوێنده‌وارن و كارى رۆژنامه‌وانییان نه‌كردووه.
داواكارم له‌و ناڕۆژنامه‌نووسه نه‌خوێنده‌وارانه با تۆزێك شه‌رم بیانگرێ و بچن بۆ سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان و داواكارییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن و بڵێن "ئێمه رۆژنامه‌نووس نین و له ئه‌ندامێتی سه‌ندیكا بمانسڕنه‌وه". وه‌ك چۆن رۆژنامه‌نووس "بارام سوبحى" زۆر بوێرانه هات و داواكارییه‌كى پێشكه‌ش كرد و گوتى، "من مادام ئێسته كارى رۆژنامه‌وانى ناكه‌م، واته رۆژنامه‌نووس نیم". هه‌رچه‌نده بارام سوبحى به‌ڕاستى رۆژنامه‌نووسێكى زۆر به‌توانایه و هه‌موو مه‌رجه‌كانى رۆژنامه‌وانى تێدایه، به‌ڵام ویژدانى رێی نه‌دا له پیشه‌كه‌یدا نه‌مابێت و هه‌ڵگرى ناسنامه‌كه‌یشى بێت.
ئاخر نه ناسنامه‌ى سه‌ندیكا ده‌تكات به رۆژنامه‌نووس و نه وه‌رگرتنى خه‌ڵات به‌ناوى رۆژنامه‌نووس، كه زۆرجار له‌به‌ر خاترى خاترداران ده‌به‌خشرێ به‌وانه‌ى بوونه‌ته بار به‌سه‌ر پیشه‌ى رۆژنامه‌وانى.
ئه‌م دیارده‌یه ته‌نیا له‌ناو رۆژنامه‌نووساندا نییه، به‌ڵكو سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندان و یه‌كێتى نووسه‌ران و سه‌رجه‌م رێكخراوه رۆشنبیرى و هونه‌رییه‌كانی تریشی گرتووه‌ته‌وه.