ته‌نگژه‌ی سووریا له چوارچێوه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بیدا سه‌ریهه‌ڵدا. به‌هاری عه‌ره‌بی له وڵاتانی تونس، میسر، لیبیا و یه‌مه‌ن، گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی لێ كه‌وته‌وه، به‌ڵام له سووریا دۆخه‌كه تا ئێسته‌یش درێژه‌ی هه‌یه. بۆیه ئه‌و پرسیاره له جێی خۆیدایه بۆچی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی سووریا وه‌ك ئه‌و وڵاتانه نه‌هاته گۆڕین؟
جڵه‌وی ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی له كۆی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كاندا، به‌ده‌ستی ته‌ڤگه‌ری ئیخوان موسلمینه‌وه بوو. جگه له سووریا، له هه‌موویشیاندا توانی بگات به ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام به ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی به‌شێوه‌ی كوده‌تا یان شه‌ڕی ناوخۆیی، ته‌ڤگه‌ری ئیخوان له ده‌سه‌ڵات دوور خراوه‌ته‌وه.
ئه‌م دیارده‌یه ته‌نیا تونسی نه‌گرتووه‌ته‌وه، به‌و واتایه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ددانی خێری به گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاتی ئیخوانه‌كاندا نه‌نا و لێی تێكدان. له سووریایشدا ئیخوانه‌كان سه‌ركێشی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان ده‌كرد، به‌ڵام به‌و هۆكاره‌ی ئاراسته‌ی شۆڕشی جه‌ماوه‌ری به‌ره‌و شه‌ڕی چه‌كداری گۆڕا، هه‌ر ئه‌وه‌ش زه‌وینه‌ی بۆ هاتنه‌پێشه‌وه‌ی گرووپه ڕادیكاڵه ئیسلامییه‌كانی وه‌ك قاعیده و دروستبوونی داعش و چه‌ندان ڕێكخراوی تری توندڕه‌و ڕه‌خساند.
به‌مشێوه‌یه ئیتر گۆڕینی ڕژێم له سووریا له ئه‌جێندای سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ركه‌وت و گۆڕا بۆ شه‌ڕی دژ به داعش و گروپه‌كانی تر. له‌لایه‌كی تره‌وه ئێران و رووسیا هه‌ریه‌كه و به ئه‌جێندای جیاواز پشتی ده‌سه‌ڵاتی سووریایان گرت و به كرده‌وه‌ش له ڕووخان ڕزگاریان كرد.
ده‌وڵه‌تی توركیا كه خۆی ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كی هاوشێوه‌ی ئیخوانه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له به‌ره‌ی ڕووخاندنی ڕژێمی سووریا جێیگرت و تا ئێسته‌شی هه‌ر پشتیوانی هێزه نه‌یاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سووریا ده‌كات. هاوكات گرنگترین ئه‌جێندای ده‌وڵه‌تی تورك له سووریا، دژایه‌تی هه‌ر جۆره ده‌ستكه‌وت یان مافێكه كه كورد له سووریا پێی بگات یان بۆ خۆی بتوانێ ده‌سته‌به‌ری بكات.
له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتی دژ به داعش، ئه‌مه‌ریكا و چه‌ندان وڵاتی تریش بۆ شه‌ڕی دژی داعش هاتوونه‌ته سووریا و تا ئێسته‌یش له‌وێن. هه‌ر كامه له‌م ده‌وڵه‌تانه‌ی هاتوونه‌ته ناو سووریاوه، ئه‌جێندایه‌كی تایبه‌تیان هه‌بووه و به‌و پێیه‌ش پشتگیری چه‌ند گرووپێكی لۆكاڵییان كردووه.
له ئه‌نجامی ئه‌و بۆشاییه‌ی كۆی ته‌نگژه‌ی سووریا له‌گه‌ڵ خۆی هێنا، كوردی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان توانی هه‌له‌كه بقۆزێته‌وه و شێوه‌یه‌ك له ئیداره‌ی خۆجێیی دروست بكات. به هاوكاری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، كورد له‌و شه‌ڕه‌ی كه له سووریا دژ به‌و ڕێكخراوه كرا، ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی گێڕا و هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو به هۆكاری جۆرێك له دیفاكتۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خۆجێییه.
ته‌نگژه‌ی سووریا به ئامانجی گۆڕینی ڕژیم ده‌ستی پێ كرد. به‌ڵام دوای نۆ ساڵ ده‌بینین ئه‌وه ڕووی نه‌دا و به‌گشتی بابه‌تێكی له‌وشێوه‌یه له ئه‌جێندای نێوده‌وڵه‌تیشدا نه‌ماوه. واتا چ له ناوخۆی سووریا و چ له ده‌ره‌وه، ئه‌و هێزانه‌ی به‌و ئامانجه شه‌ڕیان ده‌كرد، شكستیان هێناوه و به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و هێزانه‌ی پشتگیریی مانه‌وه‌ی ڕژێمیان ده‌كرد، له ئه‌رزی واقیعدا سه‌ركه‌وتوون.
واتا ڕژیمی سووریا و ئێران و رووسیا، ده‌كرێت وه‌ك براوه‌ی ئه‌م شه‌ڕه به‌ناو بكرێن. ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی دژ به داعش‌یش، به یارمه‌تی هێزه كوردییه‌كان توانییان داعش بشكێنن و كۆتایی پێ بێنن. واتا ئه‌و مه‌به‌سته‌ی بۆی هاتبوون، به ئه‌نجام گه‌یشتووه و ئیتر مانه‌وه‌یان له سووریا له‌ژێر پرسیاردایه و زوو بێت یان دره‌نگ، هه‌ر ده‌بێ به‌جێی بێڵن.
ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تی توركیا به هه‌ردوو ئه‌جێنداكه‌یه‌وه، هێشتا له لووتكه‌دا به‌رده‌وامه. پشتگیری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و هێزه چه‌كداره‌كانی نه‌یاری ڕژێم بۆ توركیا زۆر قورس شكایه‌وه. چونكه له‌لایه‌ك لاواز بوونه و هێزێكی ئه‌وتۆیان نه‌ماوه، وه‌كوتریش له‌لایه‌ن سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه پشتگیری ناكرێن و بگره زۆرینه‌یان له لیستی تیرۆری وڵاتاندان و ددانی خێریان پێدا نانرێت.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، ڕژێم زۆرینه‌ی خاكی وڵاته‌كه‌ی كۆنتڕۆڵ كردووه‌ته‌وه و له كۆتا سه‌نگه‌ره‌كانیان له ئیدلب ته‌نگاو كراون.
ئێسته توركیا به مه‌منوونیه‌وه ڕازییه به‌شێك له‌و هێز یان كه‌سایه‌تییانه له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی سووریادا جێیه‌كیان پێ بدرێت و به‌شداریان پێ بكرێت. له‌وانه‌یه داوای ئه‌وه‌ش بكات له ئیدلب و نزیكی سنووری توركیا جێیه‌كیان پێ بدرێت. ئه‌م هه‌رایه‌ی كه وه‌ك شه‌ڕی ئیدلب له ڕۆژه‌ڤدایه، وادیاره به‌مشێوه‌یه كۆتایی پێ بێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌جێندا بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی توركیا كه دژایه‌تی كورده، به هه‌موو هێزی خۆی به‌رده‌وامه. تا ئێسته به ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌ردوو زلهێزی رووسیا و ئه‌مه‌ریكاش، له قۆناغی یه‌كه‌م عه‌فرین و له قۆناغی دووه‌میشدا سه‌رێكانی و گرێسپیی داگیر كردووه. هه‌ڕه‌شه له‌و به‌شانه‌ی كه ماویشن، ده‌كات.
له ئه‌رزی واقیعدا ئێسته یاریكه‌ری سه‌ره‌كی ته‌نگژه‌ی سووریا، رووسیا و ئێران له‌لایه‌ك و توركیا له‌لایه‌كی تره. ڕۆڵی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی زۆر دیار نییه. ده‌بینین ئه‌مه‌ریكا دووجار بڕیاری پاشه‌كشه‌ی داوه و ئێسته‌یش جگه له بیره نه‌وتییه‌كانی سووریا، باسی هیچ ئه‌جێندایه‌كی تر ناكات. بۆیه پێگه‌ی كورد و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خۆجێییه له دوو لاوه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه. یه‌كه‌م، دژایه‌تی توركیا، دووه‌میش هه‌ڵبژاردنی به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریكایه له‌لایه‌ن كورده‌وه كه له ڕوانگه‌ی ڕژێم و ئێران و رووسیایشه‌وه حیسابی دژبه‌ری بۆ ده‌كرێت.
ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئیدلب و پاڵه‌په‌ستۆی توركیا له ئیدلب، راستییه‌كه‌ی كۆتا شه‌ڕی ڕژێم و نه‌یاره‌كانیه‌تی كه پێم وایه توركیا خۆیشی ده‌زانێت ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی نابێت، ده‌بێت ددان به سه‌ركه‌وتنی ڕژێمی سووریادا بنێت. كه‌وابێت ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆیه‌ی توركیا له ئیدلب ده‌یكات بۆ ئیدلب خۆی نییه، به‌ڵكو له‌سه‌ر رۆژئاوای كوردستانه.
شیمانه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌ك كڕین و فرۆشێكی تر له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی رۆژئاوای كوردستان ڕوو بدات. له كاتێكدا له‌و شه‌ڕه‌ی ئیدلب زلهێزه‌كانی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و ناتۆ ده‌ستێوه‌ردان ناكه‌ن، یان ته‌نیا به قسه و به‌یاننامه پشتگیریی توركیای هاوپه‌یمانیان ده‌كه‌ن و له كرده‌وه‌دا ڕێی رووسیا و سووریایان خۆش كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌یكات، له جیۆگرافیایه‌كی بچووكی وه‌ك رۆژئاوای كوردستان كه عه‌فرین، سه‌رێكانی، گرێسپی كه زووتر داگیر كراون، هێزی ڕژێمی سووریا، رووسیا، ئێران، توركیا و ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌شێوه‌ی سه‌ربازی بوونیان هه‌یه و له زۆر حاڵه‌تدا به‌ریه‌ككه‌وتنی ڕۆژانه‌یشیان هه‌یه.
ئه‌م دیمه‌نه پێشانمان ده‌دات كه كۆتا وێستگه‌ی ته‌نگژه‌ی سووریا، ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئیدلب نییه، به‌ڵكو به دڵنیاییه‌وه رۆژئاوای كوردستان ده‌بێت.
له‌م دیمه‌نه‌دا ڕژێم بۆ خۆی، ئێران و توركیاش سیاسه‌تی دژه كورد پێڕه‌و ده‌كه‌ن، رووسیا به‌هۆی پشتگیریی ئه‌مه‌ریكا له كورد نیگه‌رانه، ئه‌مه‌ریكاش ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ی شه‌ڕی داعش سۆزێكی بۆ هێزی چه‌كداری كورد له‌و به‌شه هه‌یه و به‌ڵێنی پارێزگاری به كورد نه‌داوه، بۆیه ئه‌و قه‌واره سیاسییه‌ی رۆژئاوای كوردستان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی رژددایه. هێزه سیاسییه‌كانی ئه‌و به‌شه له ناوخۆشدا كێشه‌ی گه‌وره‌یان هه‌یه و خاوه‌نی هه‌ڵوێست و بگره دنیابینی هاوبه‌شیش نین. ئه‌مه‌یشیان سه‌رباری ئه‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه‌یه.
به‌دڵنیاییه‌وه ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕاست و زانستی بۆ ئه‌م دۆخه بكرێت و كورد بتوانن خۆیان ڕێكبخه‌ن و یه‌كبخه‌ن. به‌و شێوه‌یه له‌وانه‌یه بتوانن به‌گژ ئه‌و دۆخه هه‌ستیاره‌دا بچن. هاوكێشه سیاسییه‌كانی ته‌نگژه‌ی سووریا به ده‌ستی كورده‌وه نییه، به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر بتوانن ده‌ستكه‌وتێك به‌ده‌ست بێنن، ئه‌وا مسۆگه‌ر به یه‌كگرتوویی ده‌بێت.