كۆرۆنا وه‌ك په‌تایه‌كی جیهانی به‌وپه‌ڕی خێرایی بڵاو ده‌بێته‌وه و قوربانی له‌خۆی ده‌ئاڵێنێ، زۆربه‌ی ڕه‌هه‌نده‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی ئیفلیج كردووه، ڕێژه‌ی تووشبوون و مردن هه‌ر له هه‌ڵكشانه، كاریگه‌ری ئابووری كۆرۆنا له‌سه‌ر سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی ژیان به‌ره‌و ١ له په‌نای خاڵ و سفری بێ بڕانه‌وه ده‌ڕوات (١٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠)، كاریگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كۆرۆنا له ئاستێكدایه هه‌موو شتێك و هه‌موو دیارده‌یه‌ك پێناسه‌ی پێش و پاش كۆرۆنای بۆ ده‌كرێت، ئه‌وه‌تا گه‌وره‌ترین و تۆكمه‌ترین سیستمه سیاسی و ئابووری و ته‌ندروستییه‌كان خه‌ریكه چۆك داده‌ده‌ن.
ئه‌م په‌تایه قۆناغی یه‌كه‌مینه‌كه‌ی له كوردستان به سووكی تێپه‌ڕی، به‌ڵام له‌م قۆناغه تازه‌یه‌دا ئیتر ئێمه‌ی كوردیش ناومان چووه ناوانه‌وه و له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه ڕێژه‌كان ڕوو له هه‌ڵكشان و مه‌ترسین. كه‌چی له هه‌رێمه‌كه‌دا كۆرۆنا خه‌ریكه ده‌بێت به بابه‌تێكی سیاسی و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش كۆڤید ١٩ وه‌ك نه‌خۆشییه‌كی كوشنده پشتگوێ ده‌خرێت و له جیاتی ئه‌و، كۆرۆنای سیاسی زۆر به وردی و ئامانجدار كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
پێش هه‌ر شتێك ده‌بێ وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، ددان به دوو تایبه‌تمه‌ندی یان ڕاستتر بڵێم دوو نه‌خۆشیدا بنێین كه له زۆر وێستگه‌ی هزری و ژیانماندا، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
یه‌كه‌م/ كۆمه‌ڵگه‌ی كورد كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاوێته‌بوو یان نوقمی سیاسه‌ته. چاو و چاوێلكه‌ی كورد زۆربنه‌ی ڕه‌های شته‌كان به سیاسی ده‌بینێت، بگره ئه‌گه‌ر سیاسیش نه‌بن زۆرجار به سیاسی‌یان ده‌كه‌ن. هۆكاره‌كه‌یشی بۆ ژێرده‌ستی درێژخایه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه كه نزیكه‌ی ١٠٠%ی كاردانه‌وه‌ی كورد و جووڵه‌ی كورد بۆ ده‌ركه‌وتن له‌و كۆتوبه‌نده سیاسی بووه، تێكۆشانی كورد بواره كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و ئابووری و... زۆر لاواز بووه و ئه‌وه‌ی هه‌شبێت له‌ژێر سێبه‌ری سیاسه‌تدا كردوویه‌تی. بۆیه وه‌ك تایبه‌تمه‌ندیه‌كی بۆماوه‌یی و درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و به سیاسی بینین و به سیاسیكردن، ئاوێته بووه. واته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زۆر كراوه‌یه بۆ به سیاسیكردنی هه‌موو دیارده‌یه‌ك.
دووه‌م/ كه بڵێی سیاسه‌ت، واتای ورووژاندن یان به كۆمه‌ڵایه‌تیكردنی ئامانجداری بابه‌تێك یان دیارده‌یه‌ك له‌لایه‌ن كه‌س یان هێزێكه‌وه بۆ ئامانجێكی دیاریكراوه. هه‌ر به هه‌مان هۆی ژێرده‌ستبوونی درێژخایه‌نی كوردستان، خه‌ڵكی كورد به‌شێوه‌یه‌كی دوورمه‌ودا له‌گه‌ڵ شێوه‌یه‌ك له سیاسه‌تی داگیركاری ئاشنایه كه هه‌موو شتێك و هه‌موو دیارده‌یه‌كی به به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی دژی خه‌ڵكی كوردستان پێڕه‌و كردووه.
واتا كورد زۆر به كه‌می له‌گه‌ڵ دیارده‌ی سیاسه‌تی ئه‌رێنی و پێشكه‌وتنخواز و دیموكراتی ئاشنایه‌تی هه‌بووه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی بینیویه‌تی به‌كارهاتنی هه‌موو شتێك له دژی كورد له ڕێی سیاسه‌ته‌وه و به‌شێوه‌ی پیلانگێڕیی بووه. بۆیه ئه‌مڕۆ له ناوخۆشیدا زۆرجار گیرۆده‌ی ئه‌م شێوه تێڕوانینه ده‌بێت و بچووكترین تێبینی له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك هه‌بێت، هه‌رزوو ده‌توانێت له ئاستێكی گه‌وره‌ی پیلانگێڕیدا جێی بكاته‌وه.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه تێڕامان له بابه‌تی به‌سیاسیكردنی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان جێی بایه‌خه. ئه‌م چه‌ند گوتنه كه به فراوانی له‌ناو خه‌ڵكدا جێگیر كراون (كۆرۆنا درۆیه، كۆرۆنا نییه، حكوومه‌ت ئاماره‌كان به ئه‌نقه‌ست زیاد ده‌كات، هاوكات جۆرێك له هاندانی خه‌ڵك بۆ سستكردنه‌وه‌ی ڕێكاره ته‌ندروستییه‌كان و...) هیچ كامیان گوتنی ساده و ساكاری خه‌ڵكی ئاسایی نین، به‌ڵكو شێوه‌یه‌ك له هاندان و ئامانجی له پشته‌وه‌یه. چونكه به ئاشكرایش نه‌بێت ئه‌مه به خه‌ڵك ده‌گوترێت كه پابه‌ندی ڕێنوێنی مه‌بن، خۆت مه‌پارێزه، ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت ده‌یڵێت و ده‌یكات تۆ ڕێك پێچه‌وانه‌كه‌ی بكه، ئه‌گه‌ر وردتری بكه‌ینه‌وه, واتا ده‌ستت مه‌شۆ، ده‌سته‌وانه و ده‌مامك مه‌به‌سته، به‌ریه‌ككه‌وتنت هه‌بێ.
باشه هۆی ئه‌مشێوه هاندانه‌ی خه‌ڵك بۆچی؟
ڕاستییه‌كه‌ی به‌شێك له خه‌ڵك به‌شێوه‌ی ڕه‌وا و مافدار باس له كێشه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن و بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر كاری رۆژانه‌یه و به‌م هۆكارانه‌وه له كۆی دۆخه‌كه واتا نه‌خۆشی كۆرۆنا و ده‌رهاوێشته‌كانی كه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و ڕاوه‌ستانی كار و بازار و جووڵه‌ی ئابوورییه، ناڕازییه و داوای چاره و هاوكاری له حكوومه‌ت و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كان ده‌كات. دیاره ئه‌مه هه‌ر تایبه‌ت نییه به كوردستان و له زۆربه‌ی وڵاتاندا هه‌مان دۆخ ده‌بینرێت.
به‌ڵام به‌شێكی تری ئه‌مشێوه ناڕازیبوونه‌ی كه دیاره ئامانجدار و سیاسییه، به ڕاستی گرفتێكی گه‌وره‌یه و ده‌چێته خانه‌ی بێویژدانی و بێباكی به‌رانبه‌ر ژیانی هاووڵاتی و خه‌ڵك. هاندان یان راستتر بڵێین تێكدانی هزری تاك به‌مشێوه‌یه‌ی كه له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ له حكوومه‌ت ناڕازیت، (كۆرۆنا درۆیه‌كه حكوومه‌ت دروستی كردووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ تووڕه‌یت خۆپارێزیت بۆ چییه، حكوومه‌ت هه‌رچی ده‌ڵێت پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بۆ ئه‌وه‌یه خه‌ڵك فریو بده‌ن، كۆرۆنا بۆ ئه‌وه‌یه حكوومه‌ت مووچه نه‌دات و...) چۆن و به چ پێوه‌رێك لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
بێگومان له دنیای ئه‌مڕۆدا تێڕوانینی جیاواز و بگره ناڕه‌زایه‌تی له حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات یان پڕۆژه‌ی جیاواز بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خه‌ڵك، هه‌مووی پێوانی دیموكراتی په‌سه‌ندكراو و ڕێپێدراون. ئه‌مه بۆ هه‌رێمی كوردستانیش هه‌روایه. به‌ڵام دیوه‌كه‌ی تری ئه‌م بابه‌ته‌ش ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵدان بۆ ده‌ربڕینی ئه‌وانه و یان گه‌یشتن پێیان، كۆمه‌ڵێك ڕێ و پێوه‌ری ڕه‌وا و ڕێپێدراوی هه‌یه.
بۆ نموونه، به سیاسیكردنی په‌تای كۆرۆنا له دژی حكوومه‌ت و بێباككردنی هاووڵاتی له به‌رانبه‌ر ته‌ندروستی خۆی و خه‌ڵك، به‌دڵنیاییه‌وه ناكه‌وێته ناو ئه‌و پێوانه ڕێپێدراوانه‌وه.
بابه‌تی تر شێوه‌ی ڕكابه‌رایه‌تی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه، بێگومان ئه‌مه دیارده‌یه‌كی دیموكراتی و پێویسته. هه‌رچه‌ند ئۆپۆزسیۆن به ئاشكرا ئه‌مجۆره بانگه‌شانه ناكات، به‌ڵام به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ خه‌ڵك گه‌یاندنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه حكوومه‌ت كۆرۆنا بۆ ئامانجی سیاسی به‌كار دێنێت، هه‌مان جۆری هاندانه كه خه‌ڵك له‌به‌ر ناڕازیبوون به‌پێچه‌وانه‌ی حكوومه‌ت بجووڵێنه‌وه. بێگومان له بابه‌تی كۆرۆنادا ئه‌مه ڕێكارێكی هه‌ڵه و بێباكانه‌یه له ڕكابه‌رایه‌تی سیاسی‌دا و ئه‌نجامه‌كه‌ی هیچ قازانجێكی خه‌ڵكی تێدا نییه.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له قۆناغی یه‌كه‌می ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا، ڕێكاره‌كانی سه‌ركه‌وتوو بوون. بێگومان ئه‌وه چه‌ند مانگیشه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كار ده‌كات و كۆمه‌ڵێك ئه‌زموونی باشی به‌ده‌ست هێناون، بۆیه پێم وایه بۆ ئه‌م قۆناغه حكوومه‌ت ده‌بێ هه‌م نه‌رمتر (واتا خۆی له چه‌ند ڕێكارێك قه‌تیس نه‌كات و سه‌ر له زۆرترین ڕێكاری به‌ره‌نگاربوونه‌وه بدات) و هه‌م وردتر (حیساب بۆ ژیان و گوزه‌ران و هاوكات گه‌شه‌پێدانی كولتووری خۆپارێزی و پابه‌ندبوون به ڕێنوێنییه‌كان له‌لایه‌ن تاكه‌وه بكرێت و به‌رنامه‌ی درێژخایه‌نی بۆ دابڕێژرێت) به گژ ئه‌و قۆناغه‌دا بچێت.
بێگومان حكوومه‌ت نابێت وه‌ك هه‌ندێ لایه‌نی ئامانجدار، بكه‌وێته ناو دژكرده‌وه‌ی سیاسی كه هاووڵاتییان زیانمه‌ندی سه‌ره‌كی ده‌بن.