گفتوگۆی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان له‌م قۆناغه‌ی دواییدا؛ پێده‌چێت ئه‌نجام و به‌رهه‌می گرنگ و ئه‌رێنی لێ بكه‌وێته‌وه. خه‌ڵكی كورد به حه‌ق و ناحه‌ق، هۆكاری هه‌موو شكستێك له په‌رته‌وازه‌ییدا ده‌بینێته‌وه و هاوكات بنه‌ڕه‌تی هه‌موو سه‌ركه‌وتنێكیش له یه‌كگرتووییدا. بۆیه خه‌ڵك زۆر تامه‌زرۆی ئه‌و لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌ن و زۆر پێی دڵخۆشن. ڕاستییه‌كه‌ی به‌پێی دۆخی سیاسیی ناوچه‌كه و هاوكێشه سیاسییه‌كانی ده‌وروبه‌ری كێشه‌ی كورد له سووریادا، هه‌نگاوێكی هه‌رچه‌ند دره‌نگ به‌ڵام گرنگه.
دره‌نگ له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاتر له نۆ ساڵه قه‌یرانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی سووریا ده‌ستی پێ كردووه و زۆر شتی گرنگی ناوخۆیی و ناوچه‌یی و جیهانی ڕوویان داوه كه ده‌بوو لایه‌نه كوردییه‌كان زۆر زووتر ته‌گبیری ئه‌م لێكتێگه‌یشتنه‌یان بكردایه و بێگومان دۆخه‌كه له‌وه‌ی ئێسته جیاوازتر ده‌بوو. گرنگ له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا قه‌یرانی سووریا كۆتایی نه‌هاتووه و ئێسته زیاتر له رابردوو باسی چاره‌سه‌ری سیاسی و جێ و پێگه و قورسایی لایه‌نه‌كان ده‌كرێت، بێگومان قورسایی سیاسه‌تی كورد به‌و هه‌نگاوانه‌ی به‌ره‌و ئاراسته‌ی یه‌كگرتوویی و یه‌كهه‌ڵوێستی ده‌ڕوات، سه‌نگی زیاتری ده‌بێت.
ده‌بێ تێبینی ئه‌وه بكه‌ین كه گفتوگۆكان خاوه‌ن ڕه‌وتی ڕۆیشتنی وه‌ك كیسه‌ڵن، واتا زۆر به‌كاوه‌خۆ و هێدی ده‌ڕۆن. ترسمان له‌وه‌یه كه ئه‌مجاره‌ش له‌به‌ر ئه‌و خاوییه كات و ده‌رفه‌ت له كیس بده‌ن. بۆچوونمان وایه ده‌بێ ده‌ست له بابه‌تی لاوه‌كی به‌رده‌ن و له‌سه‌ر پرسه بنه‌ڕه‌تییه‌كان به ده‌ستوبرد بگه‌نه خاڵی هاوبه‌ش و لانیكه‌م كات و ده‌رفه‌تی له‌ده‌ستچووی ئه‌و چه‌ند ساڵه به شێوه‌یه قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه.
ناوبژیوانی و له‌وه‌ش زیاتر سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا و پشتگیریی فڕه‌نسا و به‌ریتانیا له‌و گفتوگۆیه‌ی نێوان لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستان، بابه‌تێكی زۆر گرنگ و جێی سه‌رنجه. زووتر له باشووری كوردستانیشدا ئه‌مه‌ریكا ئه‌مجۆره ناوه‌ندگیرییه‌ی له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كاندا كردووه و ئه‌وه‌ش ڕێككه‌وتنی ستراتیجی نێوان یه‌كێتی و پارتی لێ كه‌وته‌وه و بووه مایه‌ی چه‌ندان ده‌ستكه‌وتی گرنگ و هه‌نگاوی به‌بایه‌خ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی كوردستان. له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ریكا زۆر به ئاشكرا خۆی له‌م بابه‌ته نه‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌ناو ئه‌و گێژاوه سیاسییه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هاوكات دژایه‌تییه‌كی 100%ی وڵاتانی وه‌ك ئێران، توركیا، عێراق، سووریا و به‌جۆرێكی تر رووسیاش؛ هه‌ستان به‌م ده‌ستپێشخه‌رییه، واتای تایبه‌تی هه‌یه و لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی بۆ بكه‌ن.
دۆخی رۆژئاوای كوردستان له‌ژێر زوومی هه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری كوردستاندایه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چاویان به هیچ ده‌ستكه‌وتێكی كورد هه‌ڵنایه‌ت، ئه‌وا بۆ له‌باربردنی یان لاوازكردنی به‌پێی پێویستی قۆناغه‌كه سیاسه‌تی تایبه‌تی و هاوپه‌یمانێتیشیان ده‌بێت. گومانمان نه‌بێت له به‌رانبه‌ر ئه‌م لێكتێگه‌یشتنه‌ی لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستان، جووڵه و كاردانه‌وه‌ی تایبه‌تی و هاوبه‌شیان ده‌بێت و چاوپۆشی لێ ناكه‌ن. بۆیه زۆربه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان بۆ له‌وه‌به‌دواوه كراوه‌ن و مه‌ترسی زیاتر له جارانمان له‌سه‌ره. جووڵه‌ی هاوبه‌شی ئێران و توركیا دژی په‌كه‌كه له باشووری كوردستان و له‌وانه‌یه به‌شێوه‌ی تر یان له قۆناغێكی تردا كاردانه‌وه‌ی ڕژێمی سووریاش ببینین، ئه‌مانه چاوه‌ڕوانكراون و پێوه‌ندییان پێكه‌وه هه‌یه. بۆیه به‌ڕاستی كاتی ئه‌وه‌یه كه بیانوو نه‌ده‌ینه ده‌ستی داگیركه‌ران و ڕه‌چاوی بارودۆخی یه‌كتر و تایبه‌تمه‌ندێتی یه‌كتر بكه‌ین. ئه‌وه‌ی ئێسته ده‌گوزه‌رێت و ئه‌و شه‌پۆله یه‌كتر تاوانباركردنه، زیانمان پێ ده‌گه‌یه‌نێت، له‌جیاتی ئه‌وه ده‌بێ ڕێز له سنوور و به‌رژه‌وه‌ندی و تایبه‌تمه‌ندێتی یه‌كتر بگرین.
هه‌ر له سه‌ره‌تای قه‌یرانی سووریاوه پرسێك به‌ناوی یه‌كێتیی ناوخۆی كورد له رۆژئاوای كوردستان هاته كایه‌وه، زۆریش له كات و شوێنی خۆیدا بوو. به‌تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانی هه‌وڵی زۆری دا و له هه‌ولێر ١ هه‌ولێر ٢ و دواتریش له دهۆك سه‌رپه‌رشتی چه‌ندان كۆبوونه‌وه و ڕێككه‌وتنی كرد، به‌ڵام دواتر جێبه‌جێ نه‌كران. له لێدوانی هاوبه‌شی ئه‌نه‌كه‌سه و په‌یه‌ده‌دا كه نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكاش ئاماده بوو، ئه‌و خاڵ و بابه‌تانه‌ی وه‌ك لێكتێگه‌یشتن یان ده‌ستپێكی ڕێككه‌وتنێكی گشتگیر باس كران، هه‌ر هه‌مان ئه‌و خاڵانه‌ی ڕێككه‌وتنی دهۆك بوون و به‌ناویشیان كرد. باشه پرسیار ئه‌مه‌یه؛ ئه‌و هه‌موو ساڵه بۆ ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه دره‌نگ كه‌وت؟ ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مان خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنی دهۆك بنه‌مایه، ئیتر ئه‌و چه‌ندان هه‌فته و مانگه ئه‌م خه‌ریكبوونه بۆ؟ ئه‌مه به‌جۆرێك گومانمان لا دروست ده‌كات كه ئایا چاره‌نووسی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ش وه‌ك ئه‌وانه‌ی پێشتر نه‌بێت؟
خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌م لایه‌نانه ڕێكبكه‌وتنایه و ده‌سه‌ڵاتی رۆژئاوای كوردستان پاشه‌كشه‌ی له چه‌مكی خۆسه‌پاندن بكردایه؛ به‌ڕاستی دۆخی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه جیاواز ده‌بوو. شه‌ڕی دژی داعش ده‌رفه‌تی زۆر گه‌وره‌ی بۆ كورد دروست كرد، به‌ڵام ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه بووه هۆی لاوازی سه‌نگی كورد و بوو به ئاسته‌نگێكی گه‌وره له به‌رده‌م قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌له. هاوكات هێرشی توركیا له دوو قۆناغدا بۆ سه‌ر عه‌فرین و دواتریش سه‌رێكانی و گرێسپی، له‌ده‌ستدانی دوو ناوچه‌ی گرنگ و ستراتیجی له خاكی رۆژئاوای كوردستان، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئاواره‌بوونی سه‌دان هه‌زار كه‌س و ئه‌و هه‌موو زیانه‌ی كه ژێرخانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی رۆژئاوای كوردستان كه‌وتووه، پشكی شێری هۆكاره‌كانی بۆ په‌رته‌وازه‌یی و نایه‌كڕیزی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه. من ناڵێم ئه‌گه‌ر كورد یه‌كگرتوو بوایه، ئه‌وا ئه‌و به‌ڵایانه‌ی به‌سه‌ر نه‌ده‌هات، به‌ڵام بێگومانم له‌وه‌ی لانیكه‌م به‌شێوه‌یه‌كی باشتر و به‌هێزتر ڕووبه‌ڕووی ده‌بووه‌وه یانیش به‌شێك له‌و كێشانه له‌وانه‌یه هه‌ر ڕووی نه‌دایه.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه؛ چه‌نده به‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ی ئێسته دڵخۆشین، به‌ڵام ناكرێ له دره‌نگكه‌وتنه‌كه‌شی چاوپۆشی بكه‌ین. هاوكات ناكرێ دڵمان له‌و هه‌موو زیانانه‌ی كه به‌رمانكه‌وتووه نه‌یه‌شێت.
بۆیه هیوادارین دره‌نگ نه‌بێت و ئه‌م هه‌نگاوه گرنگ و مێژووییه‌ی كوردی رۆژئاوای كوردستان ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسێت و بتوانێ كێشه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی نیشتمانه‌كه‌مان بگه‌یه‌نێته كه‌ناری ئارام.