فڕەنسا لە عێراق بەدوای چی کەوتووە؟ چەندی پێ دەکرێت؟

سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فڕەنسا بۆ بەغدا، یەکێک لەو ڕووداوە سیاسیانەیە کە چەندان پرسیاری لەمەڕ ئەو ڕۆڵ و ئەرکانەی کە دەوڵەتی فڕەنسا لەمەودوا دەیهەوێت لە عێراقدا بیگێڕێت وروژاندووە، لەگەڵ ئەوەش چۆنییەتی کاردانەوەی هێزە ناوچەییەکانی وەکو کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی تورکیا کە دەستێکی باڵایان لە عێراقدا هەیە.

سەرۆکی فڕەنسا لە سەردانەکەیدا، پشتیوانیی خۆی بۆ سەروەری و دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق دەربڕی و جەختی کردەوە کە "داعش" و "دەستێوەردانی دەرەکی" دوو هەڕەشە و ئاڵنگاریی گەورەن کە عێراق ڕووبەڕووی بووەتەوە. هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ یەکخستنەوەی هێزی تەناهی و سنووردارکردنی ئاستی جووڵە و چالاکیی هێزە میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەربڕی.

هەرچەندە ماکرۆن بەئاشکرا باسی ئەو هێزانەی نەکرد کە لە ناوچەکەدا هۆکاری لاوازی دەسەڵاتی عێراقن، بەڵام ئاشکرایە مەبەستی ماکرۆن، لەلایەک دەستوەردان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکە لە باکوری عێراق و لەلایەکیتریش ئەو هێرشانەیە کە ملیشیاکانی سەربە ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان و ئەمەریکا، فڕۆکەخانە و چەندان شوێنیتر دەیکەن و هەروەها جموجوڵی داعشە لە چەندان ناوچەی جیاواز کە هەموویان هۆکاری لاوازی سەروەری عێراقن.

دەستپێشخەری لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، ڕیگری لە بەهێزبوونی ڕێکخستنە چەکدارە نایاساییەکان، بەردەوامیدان بە شەڕی داعش، هەوڵی بەشداری کرداری لە پڕۆسەیەکی درێژخایەنی ئاوەدانکردنەوە و چالاکی ئابوری لە کەرتی وزە، دروستکردنی پرۆژەیەکی ناوەکی بۆ چارەسەری گرفتی کەمی کارەبا و هاوکات پرۆژەی میترۆ لە شاری بەغدا، گرنگترین ڕەهەندەکانی سەردانی سەرۆکی فڕەنسا بۆ عێراق بوون.

راستییەکەی ڕۆڵی فڕەنسا لەو دەستپێشخەریەی کە بۆ پاراستنی سەروەری عێراق ڕایگەیاندووە زۆر ڕوون نییە، لەو بڕوایەشدا نیم کە بتوانێت کاریگەریەکی هێورکەرەوەی لەو ئاڵۆزی و بارگرژییەی نێوان تاران و واشینتۆن کە هەر لە زیادبووندایە هەبێت. هاوکات کاریگەریی فڕەنسا لەسەر لایەنە سیاسیە عێراقییەکان لەو ئاستەدا نییە کە ببێتە مایەی کۆتاییهێنان بە تەنگژەکانی ئەو وڵاتە. نابێت ئەو دیمەنەی کە لایەنەکانی نزیک لە ئێران دژایەتی سەردانەکەی ماکرۆنیان نەکرد؛ وەکو ئاستی کاریگەریی فڕەنسا لە عێراق لێک بدرێتەوە.

چونکە لایەنەکانی سەر بە ئێران دەزانن ڕۆڵی فڕەنسا لە عێراق سنووردارە و تەنیا چەند گۆڕەپانێک دەگرێتەوە و مەترسییەک بۆ ئەوان دروست ناکات. هاوکات هیوایەکیان بە فڕەنسا هەیە بۆ ناچارکردنی ئەمەریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوەکیی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک.

سەردانی ماکرۆن هەرچەند وەک سەردانێکی سیاسیی گەورە کرایەوە، بەڵام زۆرینە ڕەهەندی ئابووری لەخۆ دەگرێت کە ئەوەش بۆ ئێران و تورکیا کە کۆنتڕۆڵی بازاڕی عێراق دەکەن، بە ئاسانی تێپەڕ نابێت.

ئێران و تورکیا لە هەموو حاڵەتێکدا دەتوانن دۆخی ناوخۆیی عێراق ئەوەندە ئاڵۆز و ناسەقامگیر بکەن کە وڵاتێکی ئەوروپی دەرفەتی بەشداریی لە پڕۆژەی گەورە و ژێرخانی ئابووریی عێراق پەیدا نەکات.

کارنامەی حکوومەتی عێراق لە بەڕێوەبردنی ئابووریی وڵاتدا پڕیەتی لە گەندەڵی و ناسەقامگیری، لە پڕۆژەی ئابووریی عێراقدا دەستی دەرەکی و کاریگەر زۆرن، عێراق بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەی دەرەکی وڵاتێکی گونجاو نییە و مەترسیدارە؛ ئەمانە و چەندان بابەتی تری لەو شێوەیەش وا دەکەن کە هاتنی فڕەنسا بۆ نێو کایەی سیاسی و ئابووریی عێراق بەو ئاسانییە نەبێت کە وێنا کرا.

ڕاستییەکەی ڕۆڵی فڕەنسا لەم چەند ڕەهەندەدا کورت دەبێتەوە:
یەکەم: هاوکاریی سەربازی لە چوارچێوەی پەروەردەکردن و ڕاهێنان و پڕچەککردنی هێزی تەناهیی عێراق.

دووەم: هەوڵدان بۆ بەرجەستەکردنەوەی ڕۆڵی ناتۆ لە عێراقدا بۆ مانەوەی هێزی سەربازی بیانی لەو وڵاتە، کە ئەمە بەبەراورد لەگەڵ مانەوەی هێزی ئەمەریکی کاردانەوەی کەمتری لەسەرە.

سێیەم: لە ئاستێکدا بەشداری و هاوکاری ئابووری لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق.

لایەنێکی تری سەردانی ماکرۆن بۆ عێراق پێوەندیی بە تورکیاوە هەیە و ڕاستەوخۆ پەیامێک بوو بۆ تورکیا؛ لە چەندان وڵاتی باکوری ئەفریقیا و دەریای ناوەڕاستیش کە پاریس وەکو ناوچەی ژیانی خۆی دەیانبینێت، تورکیا کۆمەڵێک ئاڵۆزی و ئاستەنگی بۆ فڕەنسا دروست کردووە. ماکرۆنیش دەیەوێت لەو ناوچانەی کە بۆ تورکیا گرنگن و هەمان ڕۆڵیان هەیە، تورکیا تەنگاو بکات، بۆیە بەشێوەیەکی هاوتەریب لە لیبیا، سوریا، عێراق و دەریای ناوەڕاستیش دژ بە سیاسەتی تورکیا دەوەستێتەوە. کە سەیری شێواز و ئاستی ئاڵۆزیەکانی نێوان تورکیا و فڕەنسا بکەین، بەڕوونی دیارە کە لەم سەردانەدا و بەشێوەیەکی گشتیش ئامانجی فڕەنسا زیاتر بەرەو تەنگاوکردنی تورکیا بێت. واتا کۆنتاکتی ئەو دوو وڵاتە لە داهاتودا زیاتر دەبێت.

ئاشکرایە کە فڕەنسا لەم پڕۆژەیەی "پاراستنی سەروەریی عێراق"، جێگایەکی تایبەتی بۆ کورد و هەرێمی کوردستان داناوە. هاوکات لە هەردوو بەشی باشوور و رۆژئاوای کوردستانیشدا، کورد لە پرسی تەنگاوکردنی دەوڵەتی تورکیا، بۆ فڕەنسا گرنگیەکی زۆریان هەیە. بۆیە گرنگیدان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان(کە پێموایە لە خودی موستەفا کازمیش گرنگی زیاتری پێ درا) بەسە بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە.

کورد لە ناوەڕاستی پڕۆژەکەی فڕەنسادایە، بۆیە خودی فڕەنسا بەوپێیە گرنگی پێ دەدات و لەلایەکی تریشەوە نەیارانی ئەم سیاسەتەی فڕەنسا (واتا دەوڵەتی تورک و لە ئاستێکی نزمتریشدا دەوڵەتی ئێران) لەوانەیە وەک سەرەتا هەوڵی ئەوە بدەن کە کورد نەخزێتە ناو ئەو سیاسەتەوە، بەڵام دواتر بێدەنگ نابن. لێرەدا ئەوەی جێی بایەخە پێگەی کوردە لەناو دۆخێکی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا کە دەکرێت یاریەکی باش و لێزانانە بکات و دۆزەکەی چەندان هەنگاو بەرەوپێشەوە بەرێت، پێم وایە دەبێ دۆخەکە هێندەی قەبارەی خۆی بخوێنینەوە نەک زۆر گەورەتر، ڕەچاوی ئاستی کاریگەری دەوڵەتی فڕەنسا لە ناوچەکەدا و لەو قۆناخەدا بکەین.