ڕووداوی مووشه‌كبارانی هه‌ولێر كۆمه‌ڵێك كاردانه‌وه‌ی جیاوازی لێ كه‌وته‌وه. جێی سه‌رنجه زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا و ناوچه‌كه‌یش له ئاست ئه‌م په‌لاماره هۆڤانه‌یه‌دا هاتنه ده‌نگ و كاردانه‌وه‌ی توندیان ده‌ربڕی. ئه‌مه‌ریكا، رووسیا، چین، به‌ریتانیا، یه‌كێتی ئه‌وروپا، وڵاتانی عه‌ره‌بی، توركیا و ته‌نانه‌ت ئێرانیش، به‌تێكڕا هێرشی سه‌ر هه‌ولێریان شه‌رمه‌زار كرد.
له ناوخۆی عێراقیشدا حكوومه‌ت، په‌رله‌مان، داوده‌زگا ئیداری، ته‌ناهی و دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی و لایه‌نی جیاوازی سیاسی و مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌شێوه‌ی جیاواز نیگه‌رانی خۆیان له‌باره‌ی ئه‌م ڕووداوه ده‌ربڕی.
ئه‌م كاردانه‌وه به‌ربڵاو و فراوانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی و ناوخۆیی، بۆ ڕووداوه‌كه‌ی هه‌ولێر له كاتێكدایه كه رۆژانه له زۆر شوێنی عێراق و به‌غدا، ڕووداوی هاوشێوه و بگره توندتریش ڕوو ده‌ده‌ن. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه بۆچی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌و ئاسته گرنگی به ڕووداوه‌كه‌ی هه‌ولێر ده‌دات؟
ڕاستییه‌كه‌ی له دوای ساڵی 2003وه هه‌رێمی كوردستان له ناوجه‌رگه‌ی ئاڵۆزی و پشێوی و بێسه‌روبه‌ره‌ییه‌كانی عێراقدا، تاكه كه‌ناری ئارام و سه‌قامگیره. زۆرجار سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و داوده‌زگای میدیایی و دیپلۆماسی، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ڕوویه‌كی جیاوازی عێراق له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. بۆیه گرنگی تایبه‌تی پێ ده‌ده‌ن.
له ته‌نیشت ئه‌م تێڕوانینه‌دا، هه‌رێمی كوردستان خۆیشی له گۆڕه‌پانی سیاسی، ئابووری، ته‌ناهی و سه‌ربازیی عێراق و ناوچه‌كه‌دا به‌شدارییه‌كی كارای هه‌یه، له هاوكێشه جیاوازه‌كاندا وه‌ك یاریكه‌رێكی دیار و خاوه‌ن پێگه ڕۆڵ ده‌گێڕێت. سه‌نگ و قورسایی تایبه‌تی هه‌یه و كاریگه‌ری له پێشهات و ڕووداوه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هه‌یه. هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوون به هێمایه‌كی جیهانی له شه‌ڕی دژی تیرۆر. بۆیه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به چاوێكی جیاواز سه‌یری كوردستان و په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی، ئابووری، ته‌ناهی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌كات.
له ساڵی 1991 و دوای ڕاپه‌ڕین، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به به‌رده‌وامی و به‌شێوه‌ی جیاواز پشتگیری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه. بۆ نموونه له قۆناغی شه‌ڕی داعشدا دوای ئه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش له مانگی ئابی ساڵی 2014 ئاراسته‌ی هێرشه‌كانی به‌ره‌و كوردستان گۆڕی و مه‌ترسی داگیركردنی هه‌ولێر هاته ئاراوه، به‌شێوه‌یه‌كی خێرا هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به به‌شداری زیاتر له 60 وڵات كارا كرا و ڕووبه‌ڕووی داعش بووه‌وه.
ئێسته‌یش جارێكی تر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له ئاست هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر به هه‌مان هه‌ناسه كاردانه‌وه ده‌نوێنێت و پشتگیریی له كورد ده‌كات، وه‌ك دۆست و هاوپه‌یمانی خۆی. كوردیش سه‌لماندوویه‌تی هاوپه‌یمانێكی متمانه‌پێكراوی ئه‌وان بووه.
له‌م رۆژانه‌ی دواییدا زۆرجار له میدیا و ناوه‌نده سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانه‌وه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕووداوه‌كه‌ی هه‌ولێر، ده‌سته‌واژه‌ی "به به‌غداكردنی هه‌ولێر" به‌كار هێنراوه. بێگومان ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له ناوه‌ڕۆكدا دوو ڕووی جیاوازی هه‌یه:
یه‌كه‌م: له‌به‌ر ئاڵۆزی و تێكچوونی دۆخی ته‌ناهیی به‌غدا و عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، زۆر له وڵاتانی خاوه‌ن ڕۆڵ و كاریگه‌ر له سیاسه‌تی عێراق و له سه‌رووشیانه‌وه ئه‌مه‌ریكا، له چه‌ند مانگی رابردوودا هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی باڵوێزخانه و ناوه‌نده دیپلۆماسی و سه‌ربازییه‌كانیان له به‌غدا و عێراق و گواستنه‌وه‌یان بۆ هه‌ولێر ده‌كه‌ن. واتا به به‌غداكردنی هه‌ولێر مانای ئه‌وه‌یه ناوه‌ندی سیاسی و دیپلۆماسی له به‌غداوه بۆ هه‌ولێر بگوازرێته‌وه.
دووه‌م: له هه‌موو ساڵانی دوای 2003 دۆخی ته‌ناهی و ئاسایش له هه‌رێم و هه‌ولێریش به‌تایبه‌تی – جیاواز له به‌غدا و عێراق – دۆخێكی هێمن و ئارام بووه. له‌مڕووه‌وه به به‌غداكردنی هه‌ولێر هه‌وڵێكه بۆ تێكدانی ڕه‌وشی ئارام و سه‌قامگیری هه‌ولێر و كوردستان و شێواندن و ئاڵۆزكردنی بارودۆخی هه‌رێم هاوشێوه‌ی به‌غدا و عێراق.
له هه‌ردوو واتاشدا هێرشكه‌رانی سه‌ر هه‌ولێر ده‌یانه‌وێ په‌یامێكی به‌مشێوه‌یه به ڕایه‌دارانی هه‌رێم و هاوپه‌یمانه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بده‌ن كه ئه‌وان ئه‌و توانایه‌یان هه‌یه، له هه‌ولێریش هاوشێوه‌ی به‌غدا په‌لاماریان بده‌ن و زه‌بریان لێ بوه‌شێنن.
شێلگیری و پێداگریی لایه‌نه شیعییه‌كان بۆ دروستكردنی گوشاری ئابووری له‌سه‌ر هه‌رێم و به سیاسیكردنی بابه‌تی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، ڕه‌نگه سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ ئه‌و چه‌مك و تێڕوانینه بگه‌ڕێته‌وه كه هه‌ولێر و كوردستان له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا، خه‌ریكه ده‌بێته جێگره‌وه‌ی به‌غدا و عێراق.