هه‌ڵسه‌نگاندنی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوودا، هه‌ڵگری په‌یامێكی گرنگ و له هه‌مان كاتدا مه‌ترسیداره. عێراقی ئێسته هه‌رێمی كوردستان به گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی له قه‌ڵه‌م ده‌دات و هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌كی به ئاراسته‌ی سنوورداركردن و له قاڵبدان و هه‌روه‌ها له كۆتادا نه‌هێشتنی ئه‌م قه‌واره كوردییه‌دا، چڕ كردووه‌ته‌وه.
بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌جێندایه، به‌غدا پلانێكی فره‌چه‌شنی داناوه و هه‌ر ماوه‌ی جارێ سیخوڕمه‌یه‌كی به‌هێز له كوردستان ده‌وه‌شێنێ و ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ دروست ده‌كات، به‌ڵام به‌غدا له هه‌مان كاتدا بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ستراتیجه چه‌ندان كێشه و گرفتی سیاسی و سه‌ربازی و دیپلۆماتیشی هه‌یه، بۆیه هێلكه‌كانی خۆی جارێ له سه‌به‌ته‌ی ئابووریدا چڕ كردووه‌ته‌وه. به دیوێكی تردا ئابووری گه‌وره‌ترین كارتی گوشاری عێراق به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه‌وه.
له سه‌رده‌می "نووری مالیكی" سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وسای عێراقه‌وه بناغه‌ی ئه‌م ئه‌جێندایه دانرا و مووچه و بودجه‌ی كوردستان بڕا شوباتی 2014. ئه‌گه‌رچی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی "عادل عه‌بدولمه‌هدی" كۆتایی به سیاسه‌تی برسیكردنی كوردستان هێنا، به‌ڵام سه‌رله‌نوێ به‌غدا ده‌یه‌وێ قه‌وانه كۆنه‌كه لێ بداته‌وه. ئه‌وه‌تا دوو مانگه پاره له به‌غداوه نایه‌ت و ده‌ستی ده‌ستیكردن به كورد پێی ناوه‌ته قۆناغێكی نوێوه.
له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا، هه‌ولێر بڕیاری فره‌چه‌شنكردنی ئابوورییه‌كه‌ی داوه و سیاسه‌تی ده‌ست پێوه‌گرتنی داناوه. باس له‌وه ده‌كرێ پشت به كه‌رته‌كانی تری ئابووری، له‌وانه كشتوكاڵ، پیشه‌سازی و گه‌شتیاری ببه‌سترێ و له‌م رێیه‌وه كورتهێنانی بودجه و مووچه پڕ بكرێته‌وه.
راسته ئه‌مانه ده‌توانن له درێژخایه‌ندا به‌شێك له هه‌وڵه‌كانی به‌غدا پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه و ماوه‌ی نه‌هێشتن یان سنوورداركردنی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان درێژتر بكه‌نه‌وه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بێ دانانی بناغه‌ی سیستمی كشتوكاڵ و یان پیشه‌سازی و هه‌روه‌ها به‌بازاڕكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان، كارێكی ئه‌سته‌مه و كاتێكی زۆری ده‌وێ، ئه‌م راستییه حاشاهه‌ڵنه‌گره، وا ده‌كات تیمی ئابووری هه‌رێمی كوردستان له پاڵ ئه‌م پلانه درێژخایه‌ندا سیاسه‌تێكی خێرا و كورتخایه‌نیشی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ئابوورییه‌كان هه‌بێ، چونكه مه‌رج نییه كێشه ئابوورییه‌كان ته‌نیا له‌م كه‌رته‌دا بمێنه‌وه و په‌ل بۆ به‌شه‌كانی تر نه‌هاوێژن. ئه‌مه ئه‌و شته‌یه به‌غدا گره‌وی له‌سه‌ر كردووه و چاوه‌ڕێیه گرفته ئابوورییه‌كان ببن به قه‌یرانی سیاسی و له‌وێوه گورزێكی تر له هه‌رێمی كوردستان بوه‌شێنێت.
ئێستا پرسیارێك دێته پێشه‌وه، ئاخۆ پلانی كورتخایه‌ن هه‌یه بتوانێ گوشاره ئابوورییه‌كانی به‌غدا ئه‌گه‌ریش نه‌ڕه‌وێنێته‌وه سووكیان بكات؟ به‌دڵنیاییه‌وه هه‌یه.
"هیڵموت فن مۆڵتكه" كۆنه ئه‌فسه‌رێكی ئه‌ڵمانییه و له ساڵه‌كانی ١٨٣٥ بۆ ١٨٣٩ له ریزه‌كانی سوپای عوسمانی‌دا كاری كردووه، ده‌ستێكی باڵای له نه‌هێشتنی میرنشینه كوردییه‌كاندا هه‌بووه و وه‌ك راوێژكار رێنوێنی سوپای عوسمانی كردووه. ئه‌مه وایكردووه مۆڵتكه كورد له نزیكه‌وه بناسێ و ته‌نانه‌ت شه‌ڕیشیان له‌گه‌ڵدا بكات. قسه‌یه‌كی زێڕینیی له‌باره‌ی كورد هه‌یه ده‌ڵێ "كورد رقێكی زۆر له‌و ئامرازانه‌یه كه ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێ له‌وانه پێدانی باج و سه‌ربازی زۆره‌ملێ".
نامه‌وێ لێره هۆ و هۆكار و یان راستی و دروستی ئه‌م قسه‌یه‌ی فن مۆڵتكه لێك بده‌مه‌وه، به‌ڵام ده‌توانین ئاماژه‌یه‌كی زۆر راست له قسه‌كانی ئه‌ودا ده‌ربێنین. به ئێسته‌یشه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌ی هیچ پلانێكیان بۆ وه‌رگرتن و پێدانی باج نییه و شوێنی باج له فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی كوردستاندا بزره. له كاتێكدا ئه‌مه ده‌توانێ یه‌كێك له گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌كانی داهاتی ئه‌م هه‌رێمه پێكبێنێ و گه‌نجینه‌ی حكوومه‌ت پڕ بكاته‌وه.
ناچم بۆ ئه‌وروپا یان ئه‌مه‌ریكا، هه‌ر له‌م ره‌شهه‌ڵاته ناوه‌ڕاسته‌ی خۆماندا ده‌مێنمه‌وه. له ساڵی ١٩٩٤ ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی له كه‌رتی رۆژئاوا و كه‌رتی غه‌زه‌دا له‌دایك بووه و هه‌رچه‌ند ئێسته غه‌زه‌ی لێ جیا بووه‌ته‌وه. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كێشه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دارایی هه‌بووه. واتا سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتی وه‌های نه‌بووه بتوانێ دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت و خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی پێ بژیێنێ.
ئه‌گه‌رچی یارمه‌تییه‌كی ئابووری به‌رده‌وام بۆ فه‌له‌ستینییه‌كان كۆ ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه كورتهێنان بودجه پڕ ناكاته‌وه و له درێژخایه‌نیشدا ناتوانێ ئه‌وان له‌سه‌ر قاچی خۆیان بوه‌ستێنێ. بۆیه رێكه‌وتنێك له نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌سه‌تینییه‌كان كرا. ئیسرائیل به‌هه‌مان سیستمی باجی خۆی له كه‌رتی رۆژئاوایش باج كۆ بكاته‌وه.
ئێسته ئیسرائیل له كه‌رتی رۆژئاوا كه پێنج هه‌زار و 655 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه و رێژه‌ی دانیشتووانی فه‌له‌سه‌تینی كه‌متر له سێ ملیۆن كه‌سن، مانگانه ١٤٠ بۆ ١٦٠ ملیۆن دۆلار باج كۆ ده‌كاته‌وه و راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی ده‌كات، ئه‌م باجه دوو له‌سه‌ر سێی خه‌رجییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی و دامه‌زراوه‌كانی پڕ ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌بێ به دڵنیاییه‌وه ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی بۆ یه‌ك رۆژیش ناتوانێ له‌سه‌ر قاچی خۆی بوه‌ستێ.
با ئێسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان. بۆ وێنه ته‌نیا پارێزگای دهۆك له‌ڕووی رووبه‌ری خاكه‌وه له هه‌موو فه‌له‌ستین به كه‌رتی غه‌زه‌یشه‌وه گه‌وره‌تر و به‌پیتتره. دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستانیش دووهێنده‌ی كه‌رتی رۆژئاوای فه‌له‌ستینن، ئه‌مه له كاتێكدایه كه‌رتی رۆژئاوا نه زه‌وییه‌كی وه‌های هه‌یه كشتوكاڵی تێدا بكرێ. نه گومرگی گه‌وره و بازرگانییه‌كی زه‌به‌لاحیشی هه‌یه تا وه‌ك هه‌رێمی كوردستان جووڵه‌یه‌كی ئابووری گه‌وره‌ی تێدا بێ.
نابێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێ ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی پردی پێوه‌ندی نێوان دوو وڵات یان هه‌رێمێك نییه تا له‌و رێیه‌وه شتێكی ده‌ست بكه‌وێ، له كاتێكدا جیۆپۆڵه‌تیكی هه‌رێمی كوردستان به‌جۆرێكه توركیا و تا ئاستێكی زۆریش ئێران گه‌ر بیانه‌وێ كاڵا و به‌رهه‌مه‌كه‌نیان له عێراقدا ساغ بكه‌نه‌وه، ناچارن په‌نا بۆ سنووره‌كانی ئێره ببه‌ن.
ئه‌نجامی ئه‌م به‌راورده ساده‌یه ئه‌مه‌یه، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل له ناوچه‌یه‌كی هه‌ژاری وه‌ك كه‌رتی رۆژئاوا بتوانێ مانگانه ئه‌و پاره گه‌وره‌یه كۆ بكاته‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر سیستمێكی باجی رێك‌وپێك و متمانه‌پێكراوی هه‌بێ، ده‌توانێ به‌ئاسانی به‌شێكی به‌رچاوی كورتهێنانی بودجه‌كه‌ی پڕ بكاته‌وه، له كاتێكدا به‌غدا خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه بۆ "شیمالی حه‌بیب" ده‌بینێ و به كرده‌وه‌ش كار له‌سه‌ر به‌دیهێنانی ده‌كات و سیاسه‌ته ئابوورییه نوێكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له درێژخایه‌ندا ده‌توانن كێشه‌ی مووچه و بودجه به‌لایه‌كدا بخه‌ن. ئێسته باشترین كاته هه‌ولێر به‌تایبه‌ت و ده‌سته‌بژێری به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م وڵاته، به‌گشتی فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی خۆیان بگۆڕن و له ڕوانگه‌یه‌كی نوێوه بۆ باج و وه‌رگرتنی و خه‌رجكردنی بڕوانن.
له‌و بڕوایه‌دام هاوكاتی چاكسازی، باج وه‌ك چاره‌سه‌رێكی كورتخایه‌ن ده‌توانێ چاره‌سه‌رێكی باشی ئه‌م قه‌یرانه بێ و هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌غدا سووك بكات. هه‌روه‌ها له داهاتووشدا ده‌توانێ هاوسه‌نگییه‌كی زۆرتر به حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان ببه‌خشێ و رۆڵی گه‌ل له‌م وڵاته‌دا به‌هێزتر بكات.
گه‌لێك باج بدات، توانای كۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتیشی زۆرتر ده‌بێ، ئه‌مه له درێژخایه‌نیشدا ده‌توانێ ده‌رگای "گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی" نوێ له نێوان گه‌ل و ده‌سه‌ڵاتیشدا بكاته‌وه و سنووری ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی و ماف و ئیمتیاز رێك ده‌خاته‌وه. دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و سامان هاوسه‌نگتر ده‌كات و پرۆسه‌ی به‌دیموكراسیبوون و به‌هێزتركردنی كوردستانیش چه‌ند قۆناغێك ده‌باته پێشه‌وه.