به ئه‌ندازیاری دابه‌شكردنی عێراق ناسراوه بۆ سه‌ر سێ هه‌رێمی شیعه، سوننه و كورد. شاره‌زاییه‌كی زۆری له‌سه‌ر پرسه ناوخۆییه‌كانی عێراق هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئاگاداری دۆخی پێكهاته‌كان و باری دیموگرافی شاره كێشه له‌سه‌ره‌كانی وه‌ك كه‌ركووكه. له سه‌رده‌مێكدا كه ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا بووه به‌رده‌وام سه‌ردانی عێراقی كردووه. كاتێكیش وه‌ك جێگری سه‌رۆك هاته هه‌ڵبژاردن له‌به‌ر شاره‌زاییه‌كه‌ی، دۆسیه‌ی عێراق له كۆشكی سپی راده‌ستی ئه‌و كراوه و له‌بری "باراك ئۆباما" بڕیاربه‌ده‌ست بووه.
هه‌موو ئه‌مانه وا له ئێمه ده‌كه‌ن به تامه‌زرۆییه‌وه له رۆژان و مانگانی داهاتوو بڕوانین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین جۆ بایدن سه‌رۆكی 46ـه‌مینی ئه‌مه‌ریكا, چ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستێكی به‌رانبه‌ر عێراق ده‌بێت؟
به‌ڵام ئه‌م وتاره داهاتووی پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و عێراق تاوتوێ ناكات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ ئاوڕێك بۆ دواوه بداته‌وه و له میراتی بایدن بكۆڵێته‌وه وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له ماوه‌ی ساڵانی ٢٠١٦-٢٠٠٨ و ئه‌م پرسیاره بورووژێنێت ئاخۆ بایدن وه‌ك لێپرسراوی دۆسیه‌ی عێراق، كاری بۆ دابه‌شكردنی ئه‌م وڵاته كردووه وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام باس ده‌كرێت، یان به‌كرده‌وه ستراتیجی یه‌كخستنی عێراقی پێڕه‌و كردووه و هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ په‌ره‌پێدان و قووڵكردنه‌وه‌ی فیدراڵی له گۆڕ ناوه؟
چاوه‌ڕێ ده‌كرا بایدن پاش ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، پڕۆژه به‌ناوبانگه‌كه‌ی بكات به ئه‌جێندای خۆی له عێراق و له یه‌ك كاتدا كار بۆ به‌هێزكردنی هه‌رێمی كوردستان بكات، یارمه‌تی سوننه‌كان بدات به ئاراسته‌ی ئه‌وه‌ی هه‌رێمێكی فیدراڵی بۆ خۆیان دابمه‌زرێنن و گوشار بخاته سه‌ر شیعه بۆ ئه‌وه‌ی دوای خه‌ونی عێراقی یه‌كپارچه نه‌كه‌ون و مۆدێلی پێش ساڵی ٢٠٠٣ی سوننه‌كان دووپات نه‌كه‌نه‌وه. به‌گشتی ستراتیجی، دابه‌شكردنی هاوسه‌نگی ده‌سه‌ڵات و سامان له عێراق پێڕه‌و بكات و هه‌نگاوه‌كانی چه‌سپاندنی فیدراڵی قووڵتر بكاته‌وه.
به‌ڵام سیاسه‌تی بایدن 180 پله له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌كه‌یدا ناكۆكی هه‌بوو، راسته‌وخۆ له هاوكێشه ناوخۆییه‌كانی عێراقدا پشتی به‌غدای گرت. به ده‌ستی خۆی بنه‌ماكانی هاوبه‌شی و رێككه‌وتنی له‌ق كرد و رێی بۆ ئه‌وه خۆش كرد كورد و سوننه له ناوه‌ندی بڕیاری عێراقی بكرێنه ده‌ره‌وه و پێگه و جێی جارانیان نه‌مێنێت.
لێره‌دا ئاماژه به گرنگترین ئه‌و وێستگانه ده‌ده‌م كه چۆن ئه‌مه‌ریكا به زیانی كورد و سوننه، هاوسه‌نگی ناوخۆی عێراقی له به‌رژه‌وه‌ندی به‌غدا گۆڕی.
یه‌كه‌مین وێستگه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی ساڵی ٢٠١٠ ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ته‌نیا له‌به‌ر پاراستنی ئاسایشی عێراق كه وه‌ك ده‌ستكه‌وت بۆ واشنتن هه‌ژمار ده‌كرا، له‌گه‌ڵ ئێران رێككه‌وتن "نووری مالیكی" بۆ ویلایه‌تی دووه‌م هه‌ڵبژێرنه‌وه، له كاتێكدا مالیكی به‌وه ناوبانگی ده‌ركردبوو كار بۆ نه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵاتی كورد و سوننه ده‌كات و به‌دوای پڕۆژه‌ی عێراقی ناوه‌ندییه‌وه‌یه. به‌مه ئه‌مه‌ریكا گڵۆپی سه‌وزی بۆ عێراقچییه‌كان هه‌ڵكرد و ناڕاسته‌وخۆ رای گه‌یاند كه پرسی كه‌مینه و پێكهاته‌كان لای ئه‌مه‌ریكا گرنگ و جێ بایه‌خ نییه.
هه‌رچه‌ند مانگێك پاش ئه‌م رێكه‌وته، سه‌ره‌ڕای داخوازی سه‌ركردایه‌تی كورد، ئه‌مه‌ریكا پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كرد هه‌موو هێزه‌كانی له عێراق ده‌كێشێته‌وه. دامه‌زراوه فیدراڵی و دیموكراتییه‌كانی عێراقی پاش ٢٠٠٣ ساوا بوون و بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر قاچی خۆیان بوه‌ستن و ره‌گی به‌هێز دابكوتن، پێویستیان به مانه‌وه و پشتیوانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوو. به‌ڵام جارێكی تر ئه‌مه‌ریكاییه‌كان پێشانیان دا به‌رژه‌وه‌ندییه گه‌وره‌كانی خۆیان له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناكه‌ن به قوربانی دابه‌شكردنی عێراق. ئه‌وه‌بوو له كۆتایی ٢٠١١ دوایین سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا، عێراقی به‌ره كوێت جێهێشت.
ئه‌م دوو په‌یامه یه‌ك له دوای یه‌كه، نووری مالیكی و تیمه‌كه‌ی گه‌یانده ئه‌و بڕوایه‌ی ئیتر هیچ كۆسپ و ئاسته‌نگێك بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌یان نه‌ماوه. ئه‌وه‌بوو به چڕی ده‌ستیاندایه ستراتیجی دروستكردنی عێراقی یه‌كگرتوو. ئه‌م سیاسه‌ته كورد، سوننه، سیكۆلار و ته‌نانه‌ت به‌شێك له شیعه‌كانیشی هه‌راسان كرد، بۆیه كۆده‌نگییه‌ك بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له سه‌رۆك وه‌زیران دروست بوو.
پێشبینی ده‌كرا ئه‌مه‌ریكا پێشوازی له‌م ده‌ستپێشخه‌رییه بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی مالیكی ده‌ستی خستبووه بینی پڕۆژه‌كه‌ی بایدن و خه‌ریك بوو ده‌یخنكاند، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ئه‌مجاره‌ش پشتی له هه‌موو هاوپه‌یمانه ناوخۆییه‌كانی له عێراق كرد و پڕۆژه‌ی لادانی مالیكی له‌بار برد و سه‌رۆك وه‌زیران به به‌هێزی گه‌ڕایه‌وه گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی عێراق.
پاش ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه، مالیكی به وردی په‌یامه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكای خوێنده‌وه: راسته واشنتن له راگه‌یاندنه‌كان باسی دابه‌شكردنی عێراق ده‌كات، به‌ڵام هه‌ر خۆی پشتیوانی سه‌ره‌كی عێراقی یه‌كگرتووه. ئه‌مه وای كرد مالیكی سڵ له هیچ نه‌كاته‌وه و ده‌ست نه‌پارێزێت.
له ساڵی ٢٠١٢ سوننه‌كان له زۆربه‌ی ناوچه‌كانیان هاتنه سه‌رشه‌قام و به مه‌ده‌نیانه داوای مافی خۆیان كرد. ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانیان به فه‌رمی رایان گه‌یاند ئیتر نایانه‌وێ له‌لایه‌ن به‌غداوه ڕاسته‌وخۆ حوكم بكرێن و ده‌یانه‌وێ له چوارچێوه‌ی هه‌رێمێكی فیدراڵی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌كانیان به‌ڕێوه ببه‌ن، كه‌چی ئه‌مه‌ریكا له‌باتی ئه‌وه‌ی پێشوازی له‌م هه‌نگاوه بكات، هیچ هه‌ڵوێستێكی به‌رانبه‌ر به سه‌ركوتكردنی خۆپێشانده‌رانی سوننه و ره‌شبگیریی سه‌ركرده‌كانیان نه‌بوو. ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی به‌شێكی به‌رچاو له سه‌ركردایه‌تی سوننه له‌وانه "تاریق هاشمی"، "رافع عیساوی" و "ئه‌حمه‌د عه‌لوانی" به تۆمه‌تی تیرۆر ناچار كران عێراق به‌جێبێڵن.
مالیكی هه‌ر به‌مه‌یشه‌وه نه‌وه‌ستا، پاش سه‌ركوتكردنی سوننه ئه‌مجاره لاوازكردنی كوردی ده‌ست پێ كرد. پێشتر له ڕووی سه‌ربازییه‌وه هه‌رێمی كوردستان خرابووه ژێر گوشاره‌وه، ئه‌مجار ده‌ست به‌سه‌ر مووچه و بودجه‌كه‌یشیدا گیرا. له‌م نێوانه‌شدا دیسان ئه‌مه‌ریكا بێده‌نگ و هیچ هه‌ڵوێستێكی دڵخۆشكه‌ری نه‌بوو بۆ پاراستنی سیستمی فیدراڵی و فره‌ڕه‌نگی عێراق.
له سه‌رده‌می بایدندا تاكه هه‌ڵوێستێكی ئه‌مه‌ریكا كه تا ئاستێك بۆنی پاراستنی هاوسه‌نگی پێكهاته‌كانی عێراقی لێ هاتبێت، بۆ یارمه‌تیدانی كورد له شه‌ڕی دژ به داعشدا ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌ویش نه له‌به‌ر خاتری كورد، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تێكنه‌چێت و وڵاتێكی سوننه تیژئاژۆی دژبه رۆژئاوا له قووڵایی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له دایك نه‌بێت. ئه‌م پاڵپشتییه‌ش كه له كورد كرا سنووردار بوو و هیچ كاتیش به واتای گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی نێو پێكهاته‌كان نه‌بوو.
به‌ڵێ ئه‌گه‌ر راگه‌یاندن بكه‌ین به پێوه‌ر، بایدن هه‌وڵی بۆ دابه‌شكردنی عێراق داوه و خۆیشی به‌رده‌وام له رۆژنامه، گۆڤار و كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان باسی كردووه. به‌ڵام به كرده‌وه ئه‌مه‌ریكا له ماوه‌ی ساڵانی ئاماژه‌پێكراودا كاری له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه كردووه:
•عێراق ده‌بێت به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه و به هیچ جۆرێك نابێت جیۆپۆڵه‌تیكی ناوچه‌كه ده‌ستكاری بكرێت.
•- سوننه‌ی عێراق به ته‌واوه‌تی ده‌بێت له ناوه‌ندی سیاسه‌ت و بڕیاری عێراق بكرێنه ده‌ره‌وه و چاویش دابخرێت به‌رانبه‌ر به‌و هه‌موو پێشلكارییه‌ی له دژیان ده‌كرێت.
•كورد وه‌ك پارسه‌نگێكی بچووك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و هه‌ر كاتێكیش ململانێ بكه‌وێته نێوان به‌غدا و هه‌ولێره‌وه؛ بژارده‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مه‌ریكا بێت.
سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌م به‌وه ده‌ستی پێ كرد كه بایدن به‌وه ناسراوه ئه‌ندازیاری دابه‌شكردنی عێراقه و شاره‌زای ئه‌م وڵاته‌یه، به‌ڵام به كرده‌وه ده‌ركه‌وت ئه‌و ئه‌ندازیاری یه‌كخستنی عێراقه و شاره‌زاییه‌كه‌شی خستووه‌ته خزمه‌تی به‌رده‌وامیدان به ئه‌جێندای سایكس-پیكۆوه.
پڕۆژه به‌ناوبانگه‌كه‌یشی له‌بری ئه‌وه‌ی ستراتیجی كارپێكراوی ئه‌مه‌ریكا بووبێت، خراوه‌ته ئه‌رشیڤی كۆشكی سپی و ته‌پوتۆزی لێ نیشتووه و وه‌ك ئامرازێك به‌كار هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا به ته‌مومژاوی بمێنێته‌وه و نه‌خوێنرێته‌وه، واتا واشنتن له راگه‌یاندنه‌وه دنیای به‌وه سه‌رقاڵ كردووه كه ده‌یه‌وێ عێراق دابه‌ش بكات، به‌ڵام به كرده‌وه شتێكی تری پێڕه‌و كردووه.