باشووری كوردستان به درێژایی مێژووی هاوچه‌رخ، لانكه‌ی سه‌ره‌كی كوردایه‌تی و بزاڤی شۆڕشگێڕی كوردستان بووه. گه‌لی ئه‌م پارچه‌یه له 100 ساڵی رابردوودا له‌پێناو سه‌ربه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له خه‌باتێكی به‌رده‌وام و بێ پسانه‌وه‌دا بووه. باجێكی یه‌كجار قورسیشی له‌م پێناوه‌دا داوه. له به‌رانبه‌ردا ده‌وڵه‌تی عێراقی ده‌ستكردی به‌ریتانیای مه‌زن، به به‌رده‌وامی به زمانی ئاگر و ئاسن و هه‌ڕه‌شه و چاوسووركردنه‌وه وه‌ڵامی داواكارییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردی داوه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت بۆ كپكردنی ده‌نگی كورد و تێكشاندنی شۆڕشه‌كانی ده‌ستی له هیچ نه‌پاراستووه و كۆمهڵكوژیشی ده‌رهه‌ق به گه‌له‌كه‌مان كردووه.
به دیوێكی تردا، له 100ساڵی رابردوودا بۆ دامركاندنه‌وه‌ی پرسی كورد یان باشتره بڵێین ئیداره‌دانی پرسی كورد و راگرتنی به‌ره‌وپێشچوونی، عه‌قڵی به‌غدا خۆی له زمانێكی ره‌قدا بینیوه‌ته‌وه و سوور بووه له‌سه‌ر به‌كارهێنانی چه‌ك و وه‌ڵامی سه‌ربازی و به‌رده‌وام دوو بژارده‌ی به كورد داوه "یان چۆك دابده‌ن یان پاكتاو ده‌كرێن".
سه‌یر بكه‌ن هه‌ر له سه‌رده‌می پاشایه‌تی عێراق تا عه‌بدولكه‌ریم قاسم و برایانی عارف و هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر و دواجار سه‌دام حوسێن، وه‌ڵامی هه‌ر هه‌موویان له یه‌ك شت‌دا كورت ده‌بێته‌وه: "دامركاندنه‌وه‌ی شۆڕشی كورد له لووله‌ی تفه‌نگه‌وه مسۆگه‌ر ده‌بێت". به‌ڵام ئه‌م وه‌ڵامه نه‌ك نه‌یتوانی ئاو به ئاگری شۆڕشی كوردستاندا بكات، به‌ڵكو خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی زۆرتر جۆش دا و له ئه‌نجامیشدا گه‌لی كورد به به‌شێك له مافه‌كانی شاد بوو، حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان دامه‌زرا و كورد له به‌شێك له خاكه‌كه بوو به ده‌سه‌ڵاتدار.
له ساڵی ١٩٩١ به دواوه، سه‌رده‌می زێڕینی كوردایه‌تی، بووژانه‌وه‌ی كولتووری و ناسنامه‌ی كوردی و دانانی بناغه‌ی حوكمڕانی خۆماڵی ده‌ستی پێ كرد. پرسی كورد له پرسێكی لاوه‌كی و كه‌مبایه‌خی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه، به‌ره‌به‌ره بوو به پرسێكی گرنگی ناوچه‌كه و دنیا. له‌به‌ر لاوازی ده‌وڵه‌تی عێراق تا ساڵی ٢٠٠٣ كورد قۆناغی زۆر گرنگی بۆ به‌ره‌وپێشچوونی دۆزه‌كه‌ی بڕی.
پاش ساڵی ٢٠٠٣ و لادانی رژێمی به‌عس، پرسی كورد له باشووری كوردستان به خێرایی به‌ره‌و لووتكه هه‌ڵكشا. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووژانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینی و ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی كوردیش بۆ یه‌كه‌مجار گه‌یشته سنووری ماده‌ی 140، له‌وێش كورد به باڵاده‌ستی ده‌ركه‌وت. هه‌لومه‌رجێك هاته پێشه‌وه به‌غداوه به‌و ئه‌نجامه گه‌یشت كه ئه‌گه‌ر كوردستان به‌م خێراییه به‌ره‌وپێش بڕوات و دۆزه ره‌واكه‌ی په‌ره‌پێ بدات و حكوومه‌ته‌كه‌ی به‌م چه‌شنه‌ی ئێسته كار له‌سه‌ر به‌هێزكردنی خۆی بكات، له چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ر گه‌لی كورددا نامێنێت و جیۆگرافیای كوردستانی بۆ هه‌میشه له كیس ده‌چێت. ئه‌گه‌رچی به‌غدا پێی خۆش بوو جارێكی تر به عه‌قڵه‌كه‌ی پێشوو په‌لاماری كوردستان بداته‌وه و ئه‌مجاره‌ش كێشه‌ی كورد له كۆڵ خۆی بكاته‌وه، به‌ڵام له‌وپه‌ڕی لاوازی‌دا بوو و له هیچ لایه‌كه‌وه ئه‌و توانایه‌ی نه‌بوو. به‌گشتی هاوكێشه‌ی هێز و قورسایی له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ولێردا بوو.
له‌م ساته‌وه‌خته گرنگه مێژووییه‌دا كه عه‌قڵی عه‌ره‌بی ئیداره‌دانی پرسی كورد و راگرتنی ئه‌م دۆزه نه‌یده‌توانی به‌ربه‌ره‌كانه‌ی كوردستان بكات و له زه‌لكاوی خۆیدا په‌له‌قاژه‌ی مان و نه‌مانی ده‌كرد، ده‌ستێكی ده‌ره‌كی به عه‌قڵێكی نه‌رمه‌وه راسپارده‌یه‌كی پێشكه‌ش به به‌غدا كرد. ئه‌م راسپارده‌یه ئه‌مه بوو: "راگرتنی كوردستان ئه‌مجاره پێویستی به چه‌ك نییه، كارتی ئابووری بجووڵێنن". هه‌م جڵه‌وی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، هه‌م گه‌له‌كه له خه‌باته‌كه‌یان سارد ده‌كه‌نه‌وه و به‌ره‌به‌ره پرسی كورد له پرسێكی پێوه‌ست به سیاسه‌ت، جیۆگرافیا، كولتوور و ناسنامهگهلێكهوه، ده‌كه‌ن به پرسێكی ئابووری و ره‌هه‌ندێكی دارایی پێ ده‌ده‌ن. ئه‌مه وا ده‌كات سه‌رله‌به‌ری بابه‌تی به‌هێزیی كورد له عێراق ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت.
ئه‌وه‌بوو له شوباتی ٢٠١٤ نووری مالیكی كه ئه‌جێندایه‌كی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی له عێراق جێبه‌جێ ده‌كرد، مووچه و بودجه‌ی كوردستانی بڕی. له‌و ساڵه‌وه تا ئێسته هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست قه‌یرانی ئابووریی و داراییه‌وه ده‌ناڵێنێت و ورده ورده قه‌یرانه‌كه له ئابوورییه‌وه شۆڕ بووه‌ته‌وه بۆ ئاڵۆزی سیاسی و ته‌نانه‌ت كارگێڕیش. به‌غدا ئێسته كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات داواكارییه سیاسییه‌كانی زۆرتر بكات و له رێی ئه‌م كارته ئابوورییه‌وه، هه‌م هه‌ولێر كز بكات، هه‌م ره‌هه‌ندێكی ئابووری په‌تیی به پرسی كورد بدات و به دنیا بڵێت كورد له‌م پارچه‌یه‌ی كوردستان هیچ داواكارییه‌كی نییه جگه له مووچه و بودجه.
ئه‌وه‌ی تا ئێسته روونه، ئه‌وه‌یه به‌غدا كارتێكی گرنگی ده‌ست كه‌وتووه و له‌م كه‌ناڵه‌وه هه‌ڵته‌كاندنی پرسی كوردی كردووه‌ته ئه‌ركی له پێشینه‌ی، بۆیه ئێسته پرسیار ئه‌وه‌یه ئاخۆ به‌غدا ده‌ست له‌م كارته هه‌ڵده‌گرێت یا نا؟
هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن تا داهاتوویه‌كی نادیار به‌غدا ده‌ست له‌م كارته‌ی هه‌ڵناگرێت و به‌رده‌وام كورد به‌م كارته سزا ده‌دات، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتووه ئه‌گه‌ر ئه‌م ئامرازه‌ی له ده‌ست بچێت، كورد به خێرایی به‌ره‌و ماڵجیایی له عێراق هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت. ده‌توانین بڵێین ئه‌مه تێڕاوانین و روانگه‌ی ستراتیجی به‌غدایه بۆ راگرتنی پرسی كورد له ئێسته و داهاتوودا. به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا كار له‌سه‌ر دوو سیناریۆی ته‌كتیكیش ده‌كات.
یه‌كه‌م، رێككه‌وتنی كاتی و كورتخایه‌ن له‌گه‌ڵ كوردستان ده‌ورووژێنێت، به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه ئه‌مه ته‌نیا بۆ ده‌ستی ده‌ستی كردن به كورده. له كۆتایشدا و پاش ماوه‌یه‌كی كورت لێی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه و وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می عادل عه‌بدولمه‌هدی و مسته‌فا كازمیدا كراوه.
دووه‌م، سیناریۆیه‌كی تر ئه‌وه‌یه عێراق بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ئاماده‌یه رێككه‌وتنێكی كۆنكرێتی له‌گه‌ڵ كوردستان بكات، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی هه‌رێمی كوردستان زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورییه‌كانی بۆ به‌غدا بگێڕێته‌وه. به دیوێكیتردا به‌غدا به ڕواڵه‌ت كار بۆ رێكه‌وتن ده‌كات و به ناوهڕۆك پڕۆژه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان پێشكه‌ش به سه‌ركردایه‌تی كوردستان ده‌كات، له كاتێكدا چاك ده‌زانێت هه‌ولێر قه‌د ناچێته ژێرباری ئه‌و داواكارییانهوه.
له چوارچێوه‌ی ئه‌م یارییه تهكتیكییانهوه جوان دیاره به‌غدا مه‌به‌ستی رێككه‌وتن نییه و كار له‌سه‌ر ستراتیجه مه‌زنه‌كه‌ی ده‌كات و ته‌نیا ده‌یه‌وێت كاتی زۆرتر بۆ خۆی بكڕێت بۆ داڕماندنی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. له هه‌لومه‌رجێكی وه‌هادا كه مه‌ترسی كه‌وتووه‌ته نه‌ك سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو سه‌ر دۆزی كورد له باشووری كوردستان، كورد پێویسته و ده‌بێت بیر له وه‌ڵامێكی بنچینه‌یی و هه‌میشه‌یی بۆ ئه‌م كارته‌ی به‌غدا بكاته‌وه.
له‌و بڕوایه‌دام كوردستان هێشتا ئه‌وه‌نده كارتی پێیه بتوانێ به‌ڕه‌كه له‌ژێر پێی به‌غدا ده‌ربێنێت، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌شێك له ئه‌م ستراتیجه پووچه‌ڵ بكاته‌وه، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك كورد پێویسته له‌و عه‌قڵه تێبگات كه له پشت ئه‌م یارییهوهیه. ئه‌مه عه‌قڵی عه‌ره‌بی نییه و كورد ناتوانێ به سیاسه‌تی جاران به گژی‌دا بچێته‌وه و سه‌ركه‌وتوو بێت، كه‌واته كوردستان سه‌ره‌تا ده‌بێت له چۆنیه‌تی كاركردنی مه‌كینه‌ی ئه‌م عه‌قڵه بگات، پاشان كارته‌كانی یه‌ك له دوای یه‌ك بجووڵێنێت. كات دره‌نگه به‌ڵام ده‌رفه‌ت ماوه.