شه‌ڕی ده‌روونی وه‌ها نموونه‌ی نه‌بووه‌

AM:09:49:20/12/2020 ‌
١- ماوه‌یه‌كه‌ لێشاوێكی زۆر به‌رفراوان له‌ هه‌واڵ، راپۆرت، شیكاری، لێدوان، ده‌نگۆی زۆر ناشیرین له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی و ده‌ستكه‌وته‌كانی بڵاو ده‌كرێته‌وه‌. هه‌ر هه‌موویان هه‌وڵ ده‌ده‌ن وێنه‌یه‌كی زۆر ره‌ش و تاریك له‌م به‌شه‌ی كوردستان بخه‌نه‌ڕوو و وا پێشانی بده‌ن له‌ هیچ وڵاتێك و له‌ هیچ سه‌رده‌مێكدا نه‌هامه‌تی و چاره‌ڕه‌شی وه‌ها به‌رۆكی هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تری نه‌گرتووه‌. بۆ وێنه‌ به‌ به‌رده‌وام چه‌ندان ده‌زگای راگه‌یاندنی زۆر گه‌وره‌، وێنه‌ی هه‌ژاری بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ گوایا سه‌رله‌به‌ری كۆمه‌ڵگای ته‌نیوه‌ و جگه‌ له‌ ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات، كه‌س ژه‌مه‌ خواردنێكی ده‌ست ناكه‌وێت و له‌ ده‌رئه‌نجامدا ئه‌مه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌؛ جارجاریش ئه‌و راسپارده‌یه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه‌ به‌ستنه‌وه‌ی كوردستان به‌ عێراق و كۆتاهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌. 

به‌شبه‌حاڵی خۆم لاریم له‌ كه‌موكورتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم نییه‌ و به‌رده‌وامیش وه‌ك ره‌خنه‌گر باسم له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی كردووه‌، ئه‌مه‌ راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ له‌ دابه‌شكردنی هاوسه‌نگی سامان و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌. ئه‌مه‌ش شتێكه‌ له‌و وڵات و هه‌رێمانه‌دا روو ده‌دات كه‌ له‌ قۆناغی راگوزه‌ردان له‌ نێوان گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی و گه‌شه‌سه‌ندووییدا و چاره‌سه‌ركردنی پێویستی به‌پلانێكی درێژخایه‌ن هه‌یه‌. به‌ڵام به‌ده‌ر له‌ هه‌ڵای راگه‌یاندن،؛ بڕوام به‌پێوه‌ری زانست و قسه‌ی لۆجیكی و ئامار و داتا هه‌یه‌. به‌ دیوێكی تردا كاتێك بڕوام به‌ شتێك ده‌كه‌م كه‌ پشتئه‌ستوور بێت به‌ داتای ورد و زانستی كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ متمانه‌ پێكراوه‌كان بڵاو كرابێته‌وه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی میدیایه‌كی داخ له‌دڵ له‌ كوردایه‌تی یا ئاراسته‌كراوی ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری وڵاتێكی دوژمن، ده‌نگۆیه‌كی بێ بنه‌ما بڵاو بكاته‌وه‌ و منیش ببم به‌ زوڕناژه‌نی و دووپاتی بكه‌مه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی لێی ورد ببمه‌وه‌. 

٢- نموونه‌یه‌ك لێره‌ ده‌هێنمه‌وه‌: ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ زۆر باسی هه‌ژاری كوردستان كرا و واپێشان درا كوردستانی باشوور هاوشێوه‌ی سۆماڵی لێ هاتووه‌ و خوارووی عێراق وه‌ك سویسرا ده‌ژی. هه‌ستم به‌ بێتاقه‌تی ده‌كرد سۆشیال میدیات ده‌كرده‌وه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ بوو. چه‌ندان كه‌ناڵی ئاسمانی كوردی و غه‌یری كوردیت ده‌كره‌وه‌ هه‌ر ئه‌مه‌یان باس ده‌كرد. چه‌ندان سه‌كرده‌ی كوردی و عه‌ره‌بی و به‌گشتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ئه‌مه‌یان دووپات ده‌كرده‌وه‌ گوایا كورد شكستی هێناوه‌ و نوێنه‌رایه‌تی حوكمڕانییه‌كی فاشل ده‌كات. خه‌ڵكه‌كه‌ی برسی و ره‌ش و رووته‌ و نه‌بوونی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه‌. ده‌ستم به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی چڕ كرد. ئه‌م پرسیاره‌شم كرد به‌ كرۆكی توێژینه‌وه‌كه‌: دۆخی هه‌ژاری له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق چۆنه‌؟ 

زۆر گه‌ڕام سه‌رم له‌ ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ده‌رچوو كه‌ له‌ رۆژی ١٦ مانگی دووی ئه‌مساڵ رێژه‌ی هه‌ژاری سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراقی له‌ ماوه‌ی ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ به‌ وردی بڵاو كردووته‌وه‌. به‌ بینینی حه‌په‌سام. چۆن ده‌بێت رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ كوردستان و عێراق ئاوه‌ها بێت، به‌ڵام به‌شێكی به‌رچاوی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و هه‌ندێ سه‌ركرده‌ و په‌رله‌مانتاری كورد و غه‌یری كورد شتێكی تر بڵاو بكه‌نه‌وه‌.

 به‌پێی ئاماری فه‌رمی وه‌زاره‌تی پلاندانی ده‌وڵه‌تی عێراق، پارێزگاكانی كوردستان كه‌مترین ژماره‌ی هه‌ژاریان له‌ سه‌رانسه‌ری عێراقدا هه‌یه‌. پارێزگای سلێمانی له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌مدایه‌ و كه‌مترین رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ هه‌موو عێراقدا هه‌یه‌ به‌ ٥/٤% پاشان هه‌ولێر به‌ ٧/٦ %، كه‌ركووك به‌ ٦/٧ % و دهۆك به‌ ٥/٨ % هه‌ژاری، پله‌ی دووه‌م تا چواره‌میان گرتووه‌. به‌ گشتی هه‌رێمی كوردستان بێ كه‌ركووك رێژه‌ی هه‌ژاری ٥/٥ %ـه‌. 

جا وه‌ره‌ سه‌یری عێراق یا سویسرای راگه‌یاندنه‌كان بكه‌ن. به‌گشتی رێژه‌ی هه‌ژاری ٢٠%ـه‌. بۆ وێنه‌ی پارێزگای موسه‌ننا له‌ باشووری عێراق ٥٢%ی هه‌ژاره‌. زیقار و میسان و دیوانییه‌ش كه‌ هه‌رسێكیان له‌ باشووری عێراقدان سه‌رووی ٤٠%یان هه‌ژارن. دڵنیام ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر ئاماری هه‌ژاری كوردستان بوایه‌، دنیا نا به‌ڵكو ده‌یانگه‌یانده‌ مه‌ریخیش و كورد و كوردستانیان پێ سووك ده‌كرد. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ بودجه‌ی كوردستان له‌ ساڵی ٢٠١٤ تا ئێسته‌ بڕاوه‌ و گه‌وره‌ترین ئابڵۆقه‌ و گه‌مارۆی ئابووری خراوه‌ته‌ سه‌ری، به‌ڵام ناوچه‌كانی خوارووی عێراق له‌ ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێسته‌ بودجه‌یه‌كی زه‌به‌ڵاح كه‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌ستیان، كه‌چی خه‌ڵكه‌كه‌یان ئاوا هه‌ژار و ره‌ش و رووته‌. روون و ئاشكراشه‌ سه‌ركردایه‌تیی به‌غدا پاره‌كه‌یان چی لێ كردووه‌. به‌شێكیان به‌ فێڕۆیان داوه‌ و ئه‌وی تریشیان بۆ دژایه‌تیكردنی كورد و په‌ره‌دان به‌ ئایدیۆلۆجیای تایفی و تاریكپه‌ره‌ستیی خۆیان ته‌رخان كردووه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی 17 ساڵی رابردوودا جگه‌ له‌ ماڵوێڕانی بۆ عێراق و ناوچه‌كه‌، هیچی به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌.  

٣- ئه‌م نموونه‌یه‌ چی به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت؟ كوردستان كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر ته‌وژمێكی گه‌وره‌ی شتێك به‌ناوی "شه‌ڕی ده‌روونی". شه‌ڕی ده‌روونی به‌واتای ئه‌وه‌یه‌ دوژمن پلان بۆدانراو و پێشوه‌خته‌ پڕوپاگه‌نده‌ وه‌ك ژه‌هر دژ به‌ وڵاته‌كه‌ی تۆ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ له‌ڕێی ئامرازی ئاشكرای وه‌ك رادیۆ، كه‌ناڵی ئاسمانی، چاپه‌مه‌نی، سۆشیال میدیا و ئامرازی شاراوه‌ی وه‌ك ده‌نگۆ. مه‌به‌ست له‌م كاره‌شی شێواندنی راستییه‌كان و به‌لاڕێدابردنی بیروبڕوای جه‌ماوه‌ر، رووخاندنی وره‌ی خه‌ڵك و لاوازكردنی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت، تێكدانی ئارامی و شڵه‌قاندنی ناوه‌ندی بڕیاری ئه‌و گه‌له‌یه‌. 

به‌ ئاشكرا دیاره‌ چه‌ندان ده‌زگای راگه‌یاندن شه‌ویان خستووه‌ته‌ سه‌ر رۆژ بۆ چه‌واشه‌كردنی راستییه‌كان و خۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵك، به‌ جۆرێك به‌ بینینی ئه‌م كه‌ناڵانه‌ یا بێتاقه‌ت و وه‌ڕه‌ز ده‌بی، یا بێ هیوایی رووت تێده‌كات. سه‌رباری ئه‌مه‌ ده‌یان سه‌ركرده‌ و په‌رله‌مانتار و نووسه‌ری به‌ناوبانگ خراونه‌ته‌ ناو ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه‌، بێ به‌ڵگه‌ و داتا و ئاماری روون؛ گوله‌ به‌ تاریكییه‌وه‌ ده‌نێن و یارییه‌كی زۆر ناخۆش و شه‌ڕێكی ده‌روونی بێ وێنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌دا ده‌كه‌ن. له‌ بڕوایه‌شدام كه‌م گه‌ل هه‌یه‌ به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو شه‌ڕه‌ ده‌روونییه‌ ناخۆشه‌ بگرێت كه‌ ئێسته‌ دژ به‌ كورد له‌ باشووری كوردستان ده‌كرێت.                      

٤- چی بكرێت؟ له‌ گاندی ده‌پرسن چۆن بزانین وڵاتێك دیموكراتییه‌ یان نا؟ ده‌ڵێت چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌ و پێكهاته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن به‌ پێوه‌ر. چی كراوه‌تر بێ له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌ و پێكهاته‌كان دیموكراتیتره‌. ره‌شهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ ئێسته‌ بووه‌ به‌ ناوه‌ندی ده‌مارگرژی و ئاڵۆزی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی، هه‌رێمێكی كوردستانی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌ بووه‌ به‌ لانكه‌ی پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردنی سه‌رجه‌م ئاین و ئاینزا و نه‌ته‌وه‌ و گه‌لانی ناوچه‌كه‌. هه‌ر له‌ خوارووی عێراق، له‌ ماوه‌ی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ئێسته‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌سه‌ر جیاوازی ئاینی كۆمه‌ڵكوژ كراون، كه‌چی هه‌مان ئاین و نه‌ته‌وه‌ له‌ كوردستان رێزلێگیراوه‌. پێویسته‌ ئه‌و راگه‌یاندنه‌ كوردییانه‌ی كه‌ له‌م شه‌ڕه‌ ده‌روونییه‌ دژه‌ كورده‌ نه‌گلاون؛ په‌یامی كوردایه‌تی و راستییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئه‌م دوو نموونه‌ی هه‌ژاری و گاندییه‌ وه‌ك خۆی بگه‌یه‌نن و به‌ گژ ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌روونییه‌دا بچنه‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ وێنه‌یه‌كی نادروست و شێواو له‌ كورد پێشان بدات. دڵنیام ئه‌گه‌ر ئامار و داتاش له‌ هه‌موو بوارێكدا بكرێته‌ پێوه‌ر و بخرێته‌ڕوو، ئه‌زموونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی ئه‌م چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌یدا، له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ سه‌ركه‌وتووتر ده‌بێت كه‌ ئێسته‌ به‌ یارمه‌تی شه‌ڕی ده‌روونی خۆیان به‌سه‌ر كورددا هه‌ڵده‌كێشن.