ئێمه له كوێ سیاسه‌ت ده‌كه‌ین؟ یاریزانی كام ژینگه‌ی سیاسین؟ له‌م ژینگه‌یه‌دا یاریی به كام لۆجیك، بنه‌ما، ستراتیج، یاسا و رێسا ده‌كرێ؟ له‌و بڕوایه‌دام ئه‌ركی سه‌ره‌كی هه‌ر سیاسه‌توانێك ئه‌وه‌یه پێش سیاسه‌تكردن، وه‌ڵامی ئه‌م چه‌ند پرسیاره بداته‌وه. راسته سیاسه‌ت وه‌ك چه‌مكێكی گشتی جیهانی ده‌برێته كار، به‌ڵام سیاسه‌ت بۆ نموونه له ئه‌وروپای رۆژئاوا زۆر جیاوازه له سیاسه‌تكردن له ئه‌فریقا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ناكرێ به‌پێی پێوه‌رێكی یه‌كسان سیاسه‌ت له هه‌موو ناوچه‌كانی دنیا بكرێت.
بۆ نموونه، له سنووری ئه‌وروپای رۆژئاوا؛ سیاسه‌ت و پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر به‌پێی پێوه‌ر و لۆجیكی لیبراڵی ده‌كرێن. سنووره‌كان رێزلێگیراون، واتا هیچ وڵاتێك هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌ی نییه ده‌ست به‌سه‌ر وڵاتێكی تردا بگرێت. دیموكراسی كراوه به پێوه‌ر و چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان به‌پێی ئه‌م نه‌ریته ده‌بێت. هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپایی ستراتیجی په‌ره‌پێدانی هه‌میشه‌ییان كردووه به بناغه‌ی حوكمڕانیان و له‌م پێناوه‌دا كێبه‌ركێ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی په‌روه‌رده و ته‌ندرووستیان زیاتر پێش بخه‌ن، جیاوازی ره‌گه‌زی كه‌م بكه‌نه‌وه و مافی ژن به‌رفراوانتر بكه‌ن.
به‌گشتی وه‌ك "هانس جه‌ی مۆرگینتا" گه‌وره تیۆریسیه‌نی پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێ: وڵاتانی ئه‌م ناوچه‌یه له پشكی خۆیان له سیستمی هاوسه‌نگی هێزدا، رازین و مه‌ترسی ناخه‌نه سه‌ر هیچ وڵاتێكی تری ناوچه‌كه‌یان.
ئه‌م بارودۆخه هێمن و شارستانییه، وایكردووه بۆ نموونه وڵاتێكی وه‌ك ئایسله‌ند كه ئه‌ندامی ناتۆیشه، سوپای هه‌میشه‌یی نه‌بێت و وڵاته‌كه‌ش نه مه‌ترسی بكه‌وێته سه‌ر ئاسایشی و نه یه‌كپارچه‌یی خاكی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر بێت.
چاوێكی خێرا به جیۆگرافیای ئایسله‌نددا بخشێنین، ده‌ستبه‌جێ هۆی ئه‌م سیاسه‌ته‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. ئایسله‌ند له رۆژهه‌ڵاته‌وه دراوسێی نه‌رویجه، خوارووی به‌ریتانیا و ئێرله‌ندای باشووره و له رۆژهه‌ڵاتیشیه‌وه واتا زه‌ریای ئه‌تڵه‌س، دراوسێی گرینله‌ندی دانیماركه. ئه‌م چه‌ند وڵاته‌ی ناویان هات، هه‌موویان وڵاتی بێ كێشه‌ن، نه چاویان بڕیوه‌ته خاكی ئایسله‌ند، نه هه‌وڵ بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی ناوخۆیی له‌و وڵاته ده‌ده‌ن، نه گرووپی تیرۆریستی و دژ به ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ده‌نێرنه سه‌ریان، نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن به هێز وڵاته‌ی بچووكه‌كه‌یان داگیر بكه‌ن.
كۆی ئه‌مانه واده‌كات سه‌ركرده سیاسییه‌كانی ئایسله‌ند بگه‌ن به‌و بڕوایه كه هیچ مه‌ترسییه‌كی ده‌ره‌كی هه‌ڕه‌شه له‌وان ناكات، بۆیه ته‌نانه‌ت بوونی سوپای هه‌میشه‌یش به‌پێویست نازانن و پاره‌ی به‌شی سه‌ربازیش له كه‌رتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و به‌گشتی ژێرخانی ئابووری خه‌رج ده‌كه‌ن.
با جیهانی شارستانی به‌جێبێڵین و رووی له ره‌شهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ین و بزانین لێره بارودۆخ چۆنه؟ به‌گشتی لێره سیاسه‌تی ریالیستی باوه و یاسای دارستان حوكم ده‌كات، كێ هێزی زۆرتر بێت ئه‌وانیتر ده‌شێلێت و پانیان ده‌كاته‌وه. چی زلهێزی ئه‌م ناوچه‌یه هه‌یه له پشكی خۆی ناڕازییه و هه‌وڵ بۆ گۆڕانكاری له سیستمی دابه‌شكردنی هێز ده‌دات، واته هاوسه‌نگی هێزی له ناوچه‌كه‌ی به دڵ نییه و مۆرگینتا گوته‌نی، داوای پێداچوونه‌وه ده‌كات به سیستمی هاوسه‌نگی هێزی هه‌رێمی و ته‌نانه‌ت جیهانیشدا.
ئه‌م وڵاتانه فراوانخوازی بووه به ستراتیجیان و له‌و پێناوه‌شدا ده‌ست بۆ هه‌موو شتێك ده‌به‌ن، له هێرشی راسته‌وخۆ بۆ دروستكردنی میلیشیا و تیرۆر و تۆقاندن و ره‌شه‌كوژی و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵكوژیش. تاقه شت لێره گرنگی نییه، پێشكه‌وتنی ئابووری و به‌شداری له ئابووری نێوده‌وڵه‌تی و هه‌وڵدان بۆ جێگیركردنی بنه‌ماكانی په‌ره‌پێدانی هه‌میشه‌ییه. دیموكراسیش تاكه شته هیچ بایه‌خێكی نییه و نه‌ریتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه به لووته‌شه‌ق یا وه‌ك بیسمارك ده‌ڵێ، له‌ڕێی لووله‌ی تفه‌نگ و تۆپه‌وه ده‌كرێت.
بۆیه ئه‌م پێشه‌كییه‌م باس كرد، تا ئاماژه به‌وه بكه‌م له‌وه‌ها بارودۆخێكدا ئایا سیاسه‌توانانی كوردستان به‌وه گه‌یشتوون ئه‌م ناوچه‌یه رۆژئاوای ئه‌وروپا نییه، به‌ڵكو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته كه ته‌واوی وڵاتان سیاسه‌تی ملشكاندن دژ به یه‌ك جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به تایبه‌تیش كه‌س چاوی به قه‌واره‌ی كورد هه‌ڵنایه‌ت؟
ئه‌گه‌ر ئه‌م راستییه ده‌زانن، چی‌یان كردووه بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كورد، ده‌ستیان به چ كارتێك گه‌یشتووه كه دوژمنانی پێ رابگرن بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه زیاتر هه‌رێمی كوردستان بچووك نه‌كه‌نه‌وه؟
پێده‌چێت له تێگه‌یشتندا به‌شێك له سیاسه‌توانانی هه‌رێمی كوردستان، له‌وه گه‌یشتبن ئێره رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته و یاسا و رێسای تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، به‌ڵام به كردار كه‌م كه‌س هه‌ن ئه‌مه‌یان كردبێت به ئه‌جێندای رۆژانه‌ی حوكمڕانی كوردستانی و كاریان له‌سه‌ر كردبێت. بۆ ئه‌وه باسه‌كه كۆنكرێتتر بكه‌م، نموونه‌یه‌كی گه‌رماوگه‌رم ده‌هێنمه‌وه:
چه‌ند رۆژ پێش ئێسته هه‌ولێر درایه به‌ر مووشك. له هیچ كوێی ئه‌م دنیایه‌دا شتی وا باو نییه كه پایته‌ختی هه‌رێم یا وڵاتێك كه له شه‌ڕدا نییه، بدرێته به‌ر مووشك، جگه له‌م دارستانه كه ناوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته. ئه‌مه جاری دووه‌مه له ماوه‌یه‌كی كورتدا هه‌ولێر به مووشك په‌لامار ده‌درێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه ناوه‌ندی ئیداره‌دانی قه‌یرانی هه‌بوایه، پێش دوو ساڵ ده‌بوو ئه‌م راسپارده‌یه‌ی پێشكه‌ش به سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی بكردایه. ئه‌و ده‌سته‌ی به‌غدا وه‌ك پایته‌ختی عێراق ده‌داته به‌ر مووشك، سڵ له‌وه ناكاته‌وه هه‌ولێریش مووشكباران بكات، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌سته هیچ شتێك نایوه‌ستێنی جگه له شه‌ق و هێزی سه‌ربازی نه‌بێت، به‌دیوێكی تردا ئه‌م هێزه هیچ لۆجیك و پره‌نسیپێكی نییه و به ملهوڕی سیاسه‌ت ده‌كات.
كه دۆخه‌كه وایه، ده‌بوو ئێمه به‌م جۆره خۆمان بۆ هێرشی دووه‌م ئاماده بكردایه: هه‌ر له هێرشی یه‌كه‌مدا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌مان ده‌خسته‌ڕوو كه مووشك له ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی سیستمی به‌رگری عێراقه‌وه، ئاراسته‌ی ئێمه كراوه و داواكارین ئه‌م كاره دووپات نه‌كرێته‌وه، ئه‌گه‌رنا چاوه‌ڕێی هه‌ر هه‌ڵوێستێك له ئێمه بكه‌ن.
بۆ ئه‌مجاره ده‌ستبه‌جێ ئه‌و شوێنه‌مان به ده‌یان مووشك بۆردمان ده‌كرد كه هه‌وڵی داوه ئه‌م كاره بكات، له‌م رێیه‌وه هه‌م هاوسه‌نگی هێزمان زیندوو ده‌كرده‌وه، هه‌م به‌و لایه‌نه‌شمان ده‌گه‌یاند ده‌ستبردن بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان هێڵی سووره، به‌ڵام چیرۆكه خۆشه‌كه لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. ئێمه هه‌ر بیرمان له دروستكردنی مووشه‌ك و به‌گشتی چه‌ك بۆ پارستنی خۆمان له‌م دارستانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕست كردووه‌ته‌وه؟ هه‌ر به‌ڕاست ئێمه مووشه‌كمان هه‌یه؟
ڕاستییه‌كه‌ی سیستمی به‌رگری ئه‌م وڵاته كه وا هه‌ست ده‌كات له ئه‌وروپای رۆژائاوایه و دراوسێی نه‌رویج و ئیرله‌ندایه، به‌پێی ئه‌م پێوه‌ره دامه‌زراوه: كورد هیچ دوژمنێكی ده‌ره‌كی نییه هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بكات، كه‌واته هیچ پێویستیمان به چه‌ك نییه. هه‌ر ئه‌م تێڕوانینه وا ده‌كات جبه‌خانه‌ی ئێمه‌ی به‌تاڵ بێت له هه‌موو چه‌كێكی ته‌نانه‌ت سووك و مامناوه‌ندیش، ئه‌گه‌رنا بۆ نموونه دروستكردنی مووشكی كاتیۆشا بۆ زانكۆیه‌ك كه به‌شی ته‌كنیكی و له سه‌رووشیه‌وه ئه‌ندازیاری میكانیكی هه‌یه، وه‌ك خواردنی زه‌ڵاته وایه. كه‌چی ئێمه به ده‌یان زانكۆ و سه‌تان هه‌زار خوێندكار، حكوومه‌ت و سیاسییه‌وه فیشه‌كێكیشمان پێ به‌رهه‌م نایه‌ت.
ئێمه پێویستمان به‌وه‌یه بتوانین پێوه‌ندییه‌كی رێك و واقیعی له‌گه‌ڵ جیۆپۆڵه‌تیكی خۆمان دروست بكه‌ین كه تێیدا بزانین، پێویستمان به چییه و چۆن ده‌توانین ئه‌و مه‌ترسییانه بڕه‌وێنینه‌وه كه ده‌وروبه‌ر بێ سڵكردن له هیچ شتێك بۆ ئێمه‌ی ده‌خوڵقێنن؟. ئێمه ناتوانین ته‌نیا په‌ره به شوقه و رێگه‌وبان و نه‌خۆشخانه .... هتد بده‌ین، له كاتێكدا پێویستییه‌كانی سیستمی به‌رگریمان له‌بیر ده‌كه‌ین، ئێمه ده‌بێ بزانین له ناوچه‌یه‌كین ته‌نیا زمانی ئاگر و ئاسن قسه‌ی تێدا ده‌كات، ئێمه ناتوانین به زمانی گوڵ سیاسه‌تی تێدا بكه‌ین و گوڵ بگرینه دوژمنان، له كاتێكدا ئه‌وان مووشك ده‌گرنه ئێمه.
یا ئێمه ئه‌م تێگه‌یشتنه راست ده‌كه‌ینه‌وه و خێرا كار ده‌كه‌ین بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی و پێویستییه‌كانمان، یا له یاریی گوڵ و مووشه‌كدا، به‌دڵنیاییه‌وه مووشكی ئه‌وان براوه‌یه و گوڵی ئێمه‌یش دۆڕاو.