عێراق بەخێربێیتەوە بۆ خاڵی سفر

PM:04:57:15/11/2021 ‌
زیاتر لە مانگێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕ دەبێت بە ئێستەیشەوە هیچ هەنگاوێکی رژد و روون بۆ پێکهێنانی حكوومەت هەڵنەگیراوە، تەنانەت ئەنجامەکانیش لە لایەن بەشێک لە حزب و لایەنە سیاسییەکانەوە رەت دەکرێتەوە. هەر بەمەیشەوە نەوەستاون، هەڕەشەی لادان و تەنانەت کوشتنیش لە سەرۆک وەزیران دەکەن. 

پێدەچێت قۆناغ و وێستگەیەکی تری ئاڵۆزیی و بێسەروبەرەیی، عێراق بگرێتەوە و دانانی سەرۆک وەزیرانی و بە گشتیی سێ سەرۆکایەتییەکە و کابینەی داهاتوو، زیاتر لە جاران دوا بکەوێت. چی رووی دا و بۆ عێراقی ئاڵۆزییەکان سەرلەنوێ گەیشتەوە ئیرە؟ واتە خاڵی سەرەتا یا باشترە بڵێین خاڵی سفر.

ئەگەرچی دەکرێ لە چەند رەهەندی جیاوازەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەم سەرنج بخەمە سەر رەهەندێک.
 
ئەگەر زۆر بێلایەنیش سەیری عێراق بکرێ بە تایبەت پاش ساڵی ٢٠٠٣ هیچ تایبەتمەندیی و مەرجێکی دەوڵەت و نەتەوەی تێدا نەماوە. تەنانەت زۆربەی هەرە زۆری بڕیارەکانی دەوڵەت هەر لە ناوچەی سەوز دەمێننەوە و کەس لە بەغدایش کاری پێ ناکات. جاران بە عوسمانی سەدەکانی نۆزدە و بیستیان دەگوت پیاوی نەخۆشی ئەورووپا، بەڵام عێراق هەر ناکرێ پێشی بڵێی کەسە نەخۆشەکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو زیاتر وەک مردوو دەچێ یا گەر تۆزێ میانڕەوتر بم، لە سەروبەندی مردندایە؛ وەک کورد دەڵێ "لە گیانەڵڵادایە".
 
ئەوەی ناهێڵێت ئەم عێراقە بمرێ یا مردنی زۆر دوادەخات و گەر بیشمرێ مردنەکەی راناگەیەنێت، دەستێکی هەرێمی و نێودەوڵەتین. یا باشترە بڵێین سیاسەتی نێودەوڵەتی ئێستە هیچ دەرفەتێک بە مردنی دەوڵەتەکان نادات و زۆر هەوڵ دەدا بۆ پارێزگاریکردن لێیان و هەر ئەوانیشن حکوومەتەکەی بۆ دادەنێن.

سەیرکەن چی حکوومەتی عێراقی نوێ هەیە، بە دیاریکراویش دوای ساڵی ٢٠١٠ عێراقییەکان خۆیان دایان نەناوە. میکانیزمی دانانەکەی وا بووە، ئێران وەک ئەکتەرێکی هەرێمی کە زیاترین بەرژەوەندی لە عێراقدا هەیە لیستی کەسەکانی ئامادە دەکرد و ئەمەریکایش گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵدەکردن. گەر ناکۆكیشیان هەبوایە، دەستیان بە دانووستان دەکرد بۆ نەهێشتنی کێشە و گرفتەکان. 

واتە بۆ نموونە، کۆدەنگی عێراقی حەیدەر عەبادی کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠١٤ کەمتر لە شەش هەزار دەنگی هێنابوو، نەکردە سەرۆک وەزیران. کەس هەر نەیدەناسی، سیاسیەکی پلە دووی حزبی دەعوە بوو، هێنایانە پێشەوە و بێ رەزامەندی کورد و سوننە و بەشێکی زۆری شیعە، کردیان بە بڕیاربەدەست. 

خۆئەگەر پرۆسەکە سرووشتی بڕۆشتایەتە پێشەوە، کورد و سوننە و شیعە هیچ شتێک کۆیان ناکاتەوە، جا چ بگات بە دانانی سەرۆک وەزیران. ڕاستییەكەی پرۆسەی دانووستان زۆر بە ئاسانی شکستی دەخوارد و پێکهێنانی حکوومەتیش بۆ کاتێکی نادیار دوا دەخرا.

ئەم چیرۆکەی سەرەوە جارێ هەروەک خۆیەتی، واتە بڕیار وایە جارێ عێراق بپارێزرێت. بەڵام ئەو دوو وڵاتەی وەک نوێنەری سیاسەتی نێودەوڵەتی سیاسەتی عێراقیان دادەڕشت و حوکمڕانی ئەم وڵاتەیان دیزاین دەکرد، تووشی دوو کێشەی گەورە بوونەتەوە. ئەم دوو کێشەیە وا دەکات پرۆسەی دانانی حوکمڕانی عێراق زۆر لە جاران قورستر ببێت و کەسە گیانەڵاکەیش زیاتر لە جاران دۆخی خراپتر ببێت.

بەپێچەوانەی سەردەمی سەرۆک بۆشی کوڕ و ئۆباما، بە گشتیی ئەمەریکای سەردەمی ترەمپ و بایدن، سیاسەتێکی یەکگرتوو و روون و یەکپارچەی بەرانبەر بە عێراق نییە. ئەمە هەر بۆ عێراقیش راست نییە، بگرە لە زۆر شوێن و ناوچەی جیهانیشدا هەر وایە. ئەمەریکا لە قۆناغێکی راگوزەردایە و خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە بۆ بەرەوڕووبەوەنەوەی ئالنگارییەکانی لە سەرانسەری دنیادا. بۆیە دەکرێ قۆناغی شپرزەیی و پەرتەوازیی، باشترین ناو بێت بۆ پێناسەکردنی دکتۆرینی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئەم سەردەمە. 

ئەمەریکاییەکان خۆیشیان نازانن چییان دەوێ بۆ عێراق، پاشەکشێ دەکەن؟ نا دەمێنەوە؟ عێراقی بەهێزیان دەوێ؟ نا عێراقی لاوازیان دەوێ؟ عێراقی فیدڕاڵیان دەوێ؟ نا ناوەندیان پێ باشە؟ ...تاد. ئەمانە وا دەکات ئەمەریکا راڕا و دڕدۆنگ دەربکەوێت لە بڕیاردان و توانای جووڵەی خێرا و بەهێزیشی نەبێت و بێ دەستپێشخەریش بێت.     
    
ئەمە بۆ ئێرانیش بە جۆرێکی تر راستە، سیاسەتی ئێران لە عێراقدا لەڕێی قاسم سلێمانی فەرماندی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبوومەهدی موهەندیسەوە جێبەجێ دەکرا و ناوماڵی شیعەیان بە ئاسانی بۆ ئێران رێکدەخست، وایشیان دەکرد کورد و سوننە مل بۆ داواکارییەکانیان بدەن، بەگشتی بە باشی عێراقیان دەناسی، هەڕەشە و دەرفەتەکانیان دەخوێندەوە و لە کۆتایشدا بڕیاربەدەستی کۆتایی بوون. واتە بەشێکی بەرچاوی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراقدا بەرهەمی کارەکتەری سلێمانی بوو. نەبوونیشی لە گۆڕەپانەکەدا، بۆ ئێران بە ئاسانی پڕ ناکریتەوە. 

دەرئەنجامی ئەمە چی و چۆن دەبێت؟ ئێران کۆنتڕۆڵی جارانی نەماوە یان زۆر بە زەحمەت کۆنتڕۆڵی جارانی ماوە، ئەمە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا دەرکەوت. لایەنەکانی نزیک لە ئێران لە خوارووی عێراق هاڕەیان کرد و لەڕووی جەماوەرییەوە داتەپین. ئەم دۆخە باڵ دەکێشێت بۆ زۆر پرس و بابەتی تریش، لەوانە دانانی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.

کۆی ئەم دۆخە چی بە ئێمە دەڵێ؟ عێراق لە سەروبەندی مردنە بە جۆرێك کە ناتوانێ بڕیار لە چارەنووسی خۆیشی بدات. سیستمی نێودەوڵەتی ناهێڵێت هیچ دەوڵەتێک بمرێ. ئەوان بڕیار دەدەن کێ خاوەن سووکە بڕیارێک بێت لە بەغداد. لە ساڵانی رابردوودا ئەمە لە ئەستۆی ئێران و ئەمەریکادا بووە. ئەوان بە دانووستان و رێکەوتنی کۆنتڕۆڵکراو، ئەم کارەیان دەکرد. 

بەدیوێکی تردا، ئەمە لەبەر ڕۆشانی کارەکتەرێکی بەهێزی ئێرانی لە گۆرەپانی سیاسەتی عێراق و بەرنامەی روونی ئەمەریکی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق، دەکرا. ئێستە هیچ کام لەم دوو مەرجە ئامادەییان نییە. نە ئەمەریکا لێی روونە چی لە عێراق دەوێ نەک ئێرانیش کارەکتەرە دیارەکەی ماوە بە جووڵەیەک کۆتایی بە شەتڕەنجەکە بێنێت. 

کۆی ئەم شرۆڤەیە بە ئێمە دەڵێت، عێراق لە لێواری تەقینەوەیەکی تازەدایە، قۆناغێکی تری ناکۆکی و ئاڵۆزی و ململانێ چاوەڕێی دەکات و کابینەی نوێش وا بە ئاسانی لەدایک نابێت، تا ئەوکاتەی ئێرانی و ئەمەریکا لە وێستگەیەکدا بەرژوەندییەکان یەکانگیر دەبێت. پێ دەچێت شەمەندەفەرەکەیش بۆ گەیشتن بەم وێستگەیە زۆری مابێت. هەربۆیە تا ئەوکات با چاوەڕێی چەندان ئەڵقەی تری ئەو زنجیرەیە بین کە بە کۆمەڵکوژی شارەبان دەستیی پێ کرد و بە پەلاماردانی سەرۆک وەزیران چووە قۆناغێکی پێگەیشتووەوە.