كاتێ لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی گه‌شه‌سه‌ندن (Growth) و په‌ره‌سه‌ندنی (Development) وڵاتان هه‌ڵده‌درێته‌وه و تیۆرییه‌كانی ئه‌م بواره شه‌نوكه‌و ده‌كرێ؛ خاڵێكی زێڕین وه‌ك زێڕ ده‌دره‌وشێته‌وه و رووناكییه‌كه‌ی، تاریكی باسه‌كه روون ده‌كاته‌وه؛ ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و وڵات و هه‌رێمانه‌ی له دنیای ئێسته‌دا به پێشكه‌وتوو هه‌ژمار ده‌كرێن كه توانیویانه كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات چاره‌سه‌ر بكه‌ن. مه‌به‌ست له كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش ئه‌وه‌یه تا ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی پێویست، له پایته‌خت و ناوه‌ندی ئه‌و وڵات و هه‌رێمه‌دا كۆ نه‌كرێته‌وه، ده‌رگای پێشكه‌وتن هه‌ر به داخراوی ده‌مێنێته‌وه.
جا له‌م نێوانه‌دا دوو قه‌یران روو له ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن. یه‌كه‌م: هه‌ندێ وڵات هه‌ن ئه‌وه‌نده ده‌سه‌ڵات كۆ ده‌كه‌نه‌وه و له ناوه‌ندا چڕی ده‌كه‌نه‌وه؛ مۆدێلی حوكمڕانییه‌كه‌یان ده‌بێ به ئۆتۆریتاریانیزم (Authoritarianism) یا ئۆتۆریتاریزم، له ئه‌نجامیشدا له‌وانه‌یه ببه‌ن به مۆدێلی تۆتالیتاری كه ده‌سه‌ڵات له‌باتی ئه‌وه‌ی له خه‌می پێشخستنی وڵاته‌كه‌ی دابێت و دوژمن به ده‌ره‌كی دابنێت، چاودێریكردنی دوژمنی ناوخۆیی، واته چاودێریكردنی هاووڵاتییانی ده‌كا به ئه‌ركی له پێشینه‌ی. له مێژوودا زۆر نموونه‌ی وا هه‌ن كه دیارترینیان سۆڤێتی جاران بوو، دواجاریش هه‌ره‌سی هێنا و مۆدێله‌كه‌ی به مۆدێلێكی ئیفلیجكه‌ر ناو ده‌برێ.
دووه‌م: هه‌ندێ وڵاتی تر هه‌ن نه‌ك ناتوانن ده‌سه‌ڵات به‌پێی پێویست كۆ بكه‌نه‌وه، بگره له ناوخۆی خۆیاندا ده‌كه‌ونه دابه‌ش و به‌ش به‌ش و له‌توكوتكردنی. لێره‌دا په‌رته‌وازه بوونی ده‌سه‌ڵات روو ده‌دات. هه‌ر ناوچه‌یه‌كی وڵات و هه‌رێمه‌كه ده‌كه‌وێته ده‌ست گرووپ و تاقمێك و ره‌وتێك. وای لێ دێ هه‌ر ناوچه‌یه‌كیش بۆ خۆی به‌سه‌ر چه‌ندان گرد و شاخ و ماڵ و ده‌ره‌به‌گدا دابه‌ش ده‌بێت. نموونه‌ی هه‌ره روونی ئه‌م بابه‌ته سۆماڵ و ئه‌فغانستان و لبنان.. تاد.
له‌وانه‌یه زۆر كه‌س ئه‌مه‌ی پێ خۆش نه‌بێ، به‌ڵام مێژوو ئه‌مه ده‌ڵێ: ئه‌م دوو نموونه‌یه قه‌ت ده‌رگای به‌ختیاری هه‌میشه‌یی و په‌ره‌سه‌ندنی به‌رده‌وام نابینین و هه‌ردووكیان روویان له هه‌ڵدێره. تاكه چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵات به‌پێی پێویست له ناوه‌نددا كۆ بكرێته‌وه. له‌وێ و له درێژخایه‌ندا به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ خواره‌وه شۆڕ بكرێته‌وه. له‌م چوارچێوه‌یدا پایته‌خت و ناوه‌ندی حوكمڕانی ده‌بێ بێ به‌ربه‌ست، ده‌ستی به هه‌موو كون و قوژبنێكی ئه‌و وڵاته‌دا بگات. هێزی چه‌كداری ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، به فه‌رمی كۆتایی پێ بهنرێت و سیستمێكی ئابووری یه‌كگرتوو، له پایته‌خت سیاسه‌تی دارایی و دراوی وڵات دابڕێژێت. یه‌كگرتوویی له پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌شدا رێكبخرێته‌وه.. تاد.
به‌م پێشه‌كییه كورته‌وه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ لێكدانه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌رێمی كوردستان له دوای شه‌ڕی ناوخۆی نه‌وه‌ته‌كانه‌وه، به فه‌رمی بوو به دوو زۆنی جیاواز و لێكدابڕاو. له ساڵی ٢٠٠٥دا ده‌ست كرا به یه‌كخستنه‌وه‌ی كابینه و زۆنه‌كان. هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه دیار بوو ئه‌م پرۆسه‌یه زۆر درێژخایه‌ن ده‌بێت و له‌به‌ر چه‌ندان به‌ربه‌ستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی، به ئاسانی ناچێته پێشه‌وه. سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌م ئاسته‌نگانه، ره‌وتی یه‌كخستن هه‌ر نه‌وه‌ستا و به‌ره‌به‌ره تێكه‌ڵكێشكردنی زۆنه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ ناوه‌ند و حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست له هه‌ولێردا گه‌شه‌ی كرد. به‌ڵام هه‌ندێ رووداوی نه‌خوازراو وه‌ك بوومه‌له‌رزه، ئه‌م ره‌وته‌یان تووشی كێشه و ته‌نگژه كرد. بۆ نموونه دوابه‌دوای رووداوه‌كانی ١٦ ئۆكتۆبه‌ر، ده‌نگێك كه جاران كز بوو، به دلێری ده‌ركه‌وته‌وه. داوایان ده‌كرد مۆدێلی جارانی دوو زۆنی و دوو هه‌رێمی زیندوو بكرێته‌وه.
ئه‌وه‌بوو بابه‌تی لامه‌ركه‌زی زیندوو كرایه‌وه. لێره‌دا بۆ روونكردنه‌وه‌ی بابه‌تێك كه‌وانێك ده‌كه‌مه‌وه. (له ره‌وتی مێژوو و هه‌روه‌ها تیۆرییه‌كانی هزری سیاسیش‌دا، ئه‌وه روون بووه‌ته‌وه سه‌ره‌تا ده‌سه‌ڵات كۆ ده‌كرێته‌وه، پاشان بۆ خواره‌وه شۆڕ ده‌كرێته‌وه. له مێژوودا قه‌ت نه‌بووه ده‌سه‌ڵاتێك كۆ نه‌كرابێته‌وه داوای دابه‌شكردن و شۆڕكردنه‌وه‌ی بكرێت. لای هه‌مووان روونه هه‌رێمی كوردستان نه ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی، نه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، نه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی له پایته‌خت كۆ نه‌كراوه‌ته‌وه تا داوای شۆڕكردنه‌وه‌ی بكرێ، تاكه شتێك كراوه ئه‌وه‌یه، له دوای ساڵی ٢٠١٤ و دوا به‌دوای به‌شداریی گۆڕان له كابینه‌ی ئه‌وسای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ندێ رێكخستنی دارایی ئه‌نجام درابوو). لێره‌ش كه‌وانه‌كه داده‌خه‌م.
ڕاستییه‌كه‌ی ئامانجی لامه‌ركه‌زییه‌كه نه‌هێشتنی ئه‌و تۆزقاڵه به‌ره‌وپێشچوون و رێكخستنه داراییه بوو كه دوای ساڵی ٢٠١٤ كرابوو. ئامانج ئه‌وه‌بوو ئه‌وه هه‌نگاوه بچووكه‌ش پووچه‌ڵ بكرێنه‌وه كه به ئاراسته‌ی یه‌كخستن و تۆكمه‌كردنی ده‌سه‌ڵات گیرابووه‌به‌ر.
لامه‌ركه‌زی ده‌رمان و چاره‌سه‌ری برینه‌كانی زۆنی سلێمانییه.
ئه‌وه‌بوو هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی راگه‌یاندن و بگره ده‌ستپێشخه‌ریی سیاسی بۆ كرا وا له رای گشتی گه‌یه‌نرا، لامه‌ركه‌زی ده‌رمان و چاره‌سه‌ری برینه‌كانی زۆنی سلێمانییه. ئه‌وه‌نده‌ش رۆیشتنه پێشه‌وه، ئه‌مه‌یان كرد به كردار و به‌پێی هه‌واڵه‌كان، چه‌ند مانگێك پێش ئێسته له ئه‌نجوومه‌نی ئابووری هه‌رێمی كوردستان، سێ حزبی سه‌ره‌كی پێكهێنه‌ری حكوومه‌ت، له‌سه‌ر پێداگریی ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌می زۆنی سه‌وز رێككه‌وتن، هه‌ر زۆنێك سه‌رپشك بكرێ له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆیی، ته‌كمیله‌ی داهاته نه‌وتییه‌كه بۆ مووچه بكات.
ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی رابردوودا به به‌ڵگه، به‌پشتبه‌ستن به مێژووی په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی وڵاتان و تیۆرییه‌كانی هزری سیاسی، ئه‌وه روون بكرایه‌وه داواكردنی لامه‌ركه‌زی واته دواخستنی پێشكه‌وتنی كوردستان و به‌ره‌و هه‌ڵدێربردنی ئه‌م هه‌رێمه، زۆر كه‌م كه‌س هه‌بوو گوێ له‌م بیرۆكه‌یه بگرێ و كڕیارێكی وای نه‌بوو. به‌ڵام هه‌ر له‌و كاته‌وه ئه‌وه روون و ئاشكرا بوو به‌ره‌و هه‌ڵدێرچوونی ئه‌و پڕۆژه‌یه، ته‌نیا بابه‌تی كاته و هیچیتر و دره‌نگ یان زوو ئه‌وه روون ده‌بێته‌وه، مۆدێلی په‌رته‌وازه‌كردنی ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامه‌كه‌ی سۆماڵ و ئه‌فغانستان ده‌بێت، نه‌ك قه‌ته‌ر و سویسرا، نه‌ك تایوان و عومان و نه‌ك كۆریای باشوور و مالیزیا.
ئه‌وه‌تا به‌ڕوونی دیاره ئه‌م نیمچه لامه‌ركه‌زییه هیچی به‌رهه‌م نه‌هێناوه جگه له ناسه‌قامگیریی ئابووری و په‌رته‌وازه‌یی كارگێڕی و شپڕزه‌یی له خزمه‌تگوزاری له ناوچه‌ی سلێمانیدا. هه‌ر رۆژه و كێشه و گرفتێكی نوێ سه‌رهه‌ڵده‌دات. رۆژێ مووچه نییه و رۆژێ ده‌رمان نامێنێت، رۆژێ زبڵ و خۆڵ كۆ ناكرێته‌وه و رۆژێ خزمه‌تی پارك و باخچه و شوێنه گشتییه‌كان ناكرێ.. تاد.
ئه‌وه‌ی تا ئێسته رووی داوه به‌رهه‌می ئه‌وه‌یه، ده‌ستبه‌ژێری كورد هه‌نگاوی به‌پێچه‌وانه‌ی ره‌وتی گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌سه‌ندن ناوه و تیۆرییه‌كانی هزری سیاسیش به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتوون كه مه‌شخه‌ڵی رووناكین و رێی به‌ره‌وپێشچوونی وڵاتان دیاری ده‌كه‌ن. ئێسته‌ش كات دره‌نگ نه‌بووه، كورد تا به‌رده‌وامی بدات به‌م دۆخه، زیاتر له هه‌ڵدێر نزیك ده‌بێته‌وه و كاتێ له ئاوێنه‌ش سه‌یری خۆی ده‌كات، له‌بری هه‌رێمی كوردستانی پێشكه‌وتوو، سۆماڵێكی تر ده‌بینێت و ئه‌گه‌ر پێداچوونه‌وه‌ش بكات به‌م دۆخه و ده‌رگای یه‌كخستنی زۆنه‌كان بكاته‌وه، له ڕاسته‌ڕێی به‌ختیاری نزیكتر ده‌بێته‌وه.