کۆرمۆر و خورمەلە لە باتی كەركووك

AM:11:57:30/06/2022 ‌
لە یەک سەدە لەمەوپێشەوە تا ئێستە، کرۆکی ململانێ و ناکۆکی کوردستان لەگەڵ عێراق و هەروەها دراوسێکانی و بگرە چەند وڵاتێکی زلهێزی نێودەوڵەتیش، خۆی لە بابەتی کەرکووکدا بینیوەتەوە، هەرچەندە باشتر و دروستترە بڵێین سنووری 140. ئەم کارەکتەرانە لەوە گەیشتوون ئەگەر ئەم سنوورە لەژێر دەستی کورددا بێت، توانای ئەوەی پێدەبەخشێ لەسەر قاچی خۆی بوەستێ، لەڕووی سەربازییەوە خۆی بگرێ و قۆناغەکانی بە دامەزراوەییکردن و نیشتمانسازی زۆر خێراتر ببڕێ. تەنانەت پێی دەکرێ هێزی پەنگخواردووی کوردایەتی بتەقێنێ و بەربەستەکانی بەردەمی بشکێنێ. لە ئەنجامیشدا مەترسی بخاتە سەر جۆری دابەشبوونی جیۆگرافی و سیاسی بەشی زۆری ناوچەکە و کورد لە ئەکتەرێکی ژێرچەپۆکەی بندەستەوە، بکات بە یاریزانێکی دیاری شەتڕەنجی هێز و سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

واتە کەرکووک مۆتەکەیەک بووە خەوی ئاسوودەی لێ زڕاندوون و هەمیشە وەک سەرچاوەیەک پێناسە کراوە كە چارەنووس و هێز و پێگەی کورد ئاڵوگۆڕ پێ دەکات.

بۆ ئەوە سیاسەتێکی تایبەتیان جێبەجێ کردووە، ئەگەر نەتوانن شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی کوردایەتی لە باشوور بوەستێنن کە داوای مافە رەواکانی خۆی دەکات، بە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی 140یشەوە، باشتر وایە هێزی کوردایەتی بکرێتە دەرەوەی ئەم سنوورە و لەو ناوچانە قەتیس بکرێ لەڕووی جیۆئێکۆنۆمی و تەنانەت جیۆپۆڵەتیکییەوە نرخییان لە سنووری 140 کەمترە. بەم جۆرە هەم کورد لەولاوە سەرقاڵ دەکرێ، هەم پەرژینێکی قایمیش بەدەوری ناوچەكانی جێ ناكۆكیدا دەکێشن. 

ئەگەر سەرنجێک بدەین و بچینە مێژووی هاوچەرخمانەوە و خێرا بگەڕێینەوە، ئەوا دەبینین، لە رێکەوتنی ١١ ئاداری ١٩٧٠، بەعس و دۆستەکانی لەوە گەیشتبوون ناتوانن کوردایەتی بوەستێنن، وای لێهات ناچار بوون ددان بە دەسەڵاتی کورددا بنێنن لە هەولێر و سلێمانی و بەشێکی زۆری بادیناندا. بەڵام بۆ کەرکووک سیاسەتی دەستی دەستیکردنیان بەڕێوە دەبرد، بۆ ئەوەی نەکەوێتە ژێر دەستی کوردەوە و چاوەڕێی کات بوون تا مەبەستی خۆیان جێبەجێ بکەن. 

هەر ئەم فۆرمولایە لە ساڵی ١٩٩١ دووپات بووەوە. دوای ٢٠٠٣ و بەتایبەت لە ١٦ ئۆکتۆبەریشدا ئەمە بە وردی رەنگی دایەوە. 

ڕاستییەكەی کورد خزێنرایە سنوورێکی بەرتەسکەوە و کاریگەری کەم کرایەوە و لەبەر نەبوونی سەرچاوەی ئابووری پێویست، رەوتی گەشەکردن و پەرەسەندنی خاوبوویەوە. لەڕووی تەناهییشەوە نەیدەتوانی باش خۆی بپارێزێت. ئەم دۆخە بۆ کورد زۆر کارەساتبار بووە، بەڵام تا ئاستێك ئاسوودەیی بۆ چواردەوەی کورد گەڕاندەوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە کورد جارێ و بەمزووانە و خێرا دەستی بە سەرچاوەی گەورەی دارایی ناگات خۆی پێ رێکبخاتەوە.

 لە بەرانبەردا کورد پێشانی داوە لە کاتێکدا هیچ رێگایەک نییە دەتوانێ رێگایەکی تازە بدۆزێتەوە یا خۆی دەستپێشخەر بێت و رێیەکی تازە بکاتەوە. ئەوەبوو لە دوای ٢٠٠٣ کورد لەوە تێگەیشت تاکە رێ بتوانێ وەک ئەکتەر بمێنێتەوە و خاوەن بڕیار و ئیرادەی خۆی بێت ئەوەیە سەرچاوەی داهاتی مسۆگەر بۆ خۆی دروست بکات. 

لەم چوارچێوەیەدا بەرەبەرە دەستی بۆ نەوت و گازی ژێر دەسەڵاتی خۆی برد، لە کارێکی لەکردن نەهاتوو و پێشبینینەکراودا پیشەسازی نەوت و گاز دروست کرا و تا ڕادەیەکیش خۆماڵی کرا. کورد چەندان کێڵگەی گەورەی نەوت و غازی دۆزییەوە کە دەیتوانی هاوکێشەی سەرەوە پێچەوانە بکاتەوە. کورد لەو ناوچانەی لەڕووی ئابوورییەوە بە کەم بایەخ هەژمار دەکران، سەرچاوەی گەورەی دەست کەوت. 

ئەمە وایکرد سیاسەتی بەغدا و هاوپەیمانەکانی دژ بە کورد کاریگەریان کەم ببێتەوە. ستراتیجەکەیان تووشی قەیران بوو، بومەلەرزەیەکی گەورەی بەرکەوت. ناچار بوون بە پلانەکانیاندا بچنەوە و رێکاری تازە بگرنە بەر، دژ بە هەنگاوەکانی کورد. 

لە ئەنجامدا گەرێکی تری گوشار و پاڵەپەستۆی تاقەتپڕووکێن خرایە سەر کورد، بۆ ئەوەی دەستبەرداری سیاسەتەکانی ببێت. گەمارۆی ئابووری و سیاسی و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەی سەربازی، دەستی پێ کردەوە. گەرچی لەم قۆناغەدا بەغدا و دۆستەکانی سنووری ١٤٠یان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام ئیدی ئەمەش ئاسوودەییان پێ نابەخشێت. چاک لەوە گەیشتوون وەبەرهێنانەکانی کورد ئەنجامی باشی پێکاوە و دەتوانن بە ئاسانی جارێ بەشێک لە ئاستەنگەکانی نەبوونی کەرکووک قەرەبوو بکاتەوە و رێی بەرەوپیشچووونی دۆزی کورد و پەرەسەندنی هەرێمی کوردستان، هەم بە قووڵایی و هەم بە پانایی زیاتر بکاتەوە. 

ئەوان بۆ ئەوەی کورد لەم سەرچاوە تازانەیش بێبەش بکەن، دەستیان بە هەوڵ و دەستپێشخەری و مانۆڕی تازە کردووە. بە ئاشکرا کار بۆ ئەوە دەکەن دەست بەسەر کۆرمۆر و خورمەلەدا بگرن و باکیشیان لەوە نییە داوای بازگەی ستراتیجی زنانە و خورماتوو و قادرکەرەم بکەن.

ئێستە ئێمە چووینەتە قۆناغێکی نوێوە و ئەمجارە کۆرمۆر و خورمەلە ناونیشانی بابەتەکەن، ناوەڕۆکیشی ئەمەیە: هەر شتێک هەر سەرچاوەیەک هەر داهاتێک هەرێمی کوردستان سەربەخۆ و بێ منەت بکات، لە بەغدا و دراوسێکانی، دەبێ وشک بکرێت و کوێر بکرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا سیاسەتی ئەوان بۆ کورد ئەوەیە دەبێ لەڕووی ئابوورییەوە دڵۆپ دڵۆپ شتێکی پێ بدرێت بەس بۆ ئەوەی هەژارانە پێی بژی، نەک ئەوەی ئەوەندە بەهێز ببێت بتوانێ سامان کەڵەکە بکات و وەبەرهێنانی پێ بکات و لە دەرئەنجامیشدا لەسەر قاچەکانی بوەستێت. 
پاش کەرکووک، کێڵگە نەوتی و غازییەکانی خورمەلە و کۆرمۆر، بووە بە مۆتەکەی بەغدا و خەوی لەخۆی و هاوپەیمانەکانی زڕاندووە. 

بەغدا کار بۆ ئەوە دەکات قۆناغێکی تری پشتشکاندنی کورد دەست پێ بکات، هەوڵی سەیر و ئاماژەی زۆر ترسناکیش بەدی دەکرێ، لەوەی سیناریۆیەکی تری هاوشێوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر دووپات بکەنەوە، ئەگەر ئەمەش نەچێتە سەر بۆیان، کار بۆ ئەوە دەکەن بە شەڕ و تێکهەڵچوون پەلاماری کورد بدەن.

راستە خورمەلە و کۆرمۆر ناتوانن جێی کەرکووک و عەین زالە و نەوتخانە بۆ کورد بگرنەوە، بەڵام سەرچاوەی جێگرەوەی کاتی زۆر پڕ بایەخی ستراتیجین، لەم قۆناغەدا چارەنووسی کوردستان گرێ دراوە بەم دوو کێڵگە نەوتی و غازییەوە، ئەگەر سیاسەتی بەغدا لەم بوارەیشدا سەربگرێت، هەرێمی کوردستان پاش ددانکێشانی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری 2017، ئەمجارە نینۆکیش دەکرێ. واتە هەم مەترسی نامێنێ هەمیش رێی پێشکەوتن و مانەوەی بەسەردا دادەخرێ، دادەماڵرێ لە سەرچاوەی دابینکەری هێز و وەک ئەکتەری بایەخدار ناخوێندرێتەوە و بەگشتی دەچێتە قۆناغی پاشەکشێ و پووکانەوەی زیاترەوە.