کۆڕۆنا ڤایرۆس لە کوردستان و جیھان

AM:11:44:12/03/2020 ‌
لە دوای سەرەتای سەرھەڵدانی کۆڕۆنا ڤایرۆس لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە چین، ئەم ڤایرۆسە نوێیە، کۆڤید-١٩ تا ئێسته‌ کاریگەری کردووەتە سەر زیاتر لە 100 هه‌زار كه‌س لە ١٠٠ وڵات زیاتر. مردن به‌هۆیه‌وه‌ چوار هه‌زار حاڵه‌تی تێپه‌ڕاندووه‌ و زۆرینەیان لە چینن. 

جیھان لە ھەوڵی خۆپارێزی و زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدایە، بەڵام تەنیا تەندروستیمان نییە کە لەبەرده‌م ھەڕەشەیە، به‌ڵكو ئابووری جیھانیش لەبەر ھەڕەشەدایە بەھۆی ڤایرۆسەکەوە، جگە لە کاریگەرییە نزیک و مامناوەند مەوداکانی، کاریگەریی درێژمەودا و سستی ئابووری و کاریگەری خستنە سەر کار و ئابووری، بەدوای خۆیدا دێنێ. 

ئێسته‌ ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاستی ھەڕەشەی کۆڕۆنا ڤایرۆسی بە "زۆر بەرز" دیاری کردووە. لە زۆر وڵاتی جیھان بەھۆی ئەو ڤایرۆسەوە چەندان بۆنە و کۆڕ و کۆبوونەوە دواخراون. لە ھەرێمی کوردستانیش بەھەمانشێوە ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کراوە، دەوام ڕاگیراوە و گەلێک بۆنە دواخراون و کار تا ئاستێك وه‌ستاوه‌ و ڕێوشوێنی خۆپارێزی توند گیراونەتە بەر. 

بڵاوکراوەی دیپلۆماتی بەریتانیا دەڵێ، دوای ئەوەی ھەریەک فەرمانبەر لە دامەزراوە گرنگەکانی بۆ نموونە وه‌ك کۆمپانیای "ئێچ بی ئێس سی و دیلۆت" و شوێنی تریش پشکنینی پۆزەتیف دەرچووبێ، دەوام لە دامەزراوەکەدا ڕاگیراوە. 

زە یوکەی ئێف تی ئێس ئی،  لە ڕاپۆرتێکدا ڕای گەیاندووە، تا ڕۆژی دووشەم ٩ی ئادار، زیانەکان گەیشتوونەتە ١٤٤ ملیار پاوەند، هاوكات لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە ئەو ڕۆژەی بە خراپترین ڕۆژ بۆ ئابووری داناوە. ئەمە بەریتانیا نموونەیەكه‌ و لە گەلێک لە وڵاتانی دنیا، زیانەکە زیاترە.
 
ھەر لە ڕووی ئابوورییەوە و تایبەت بە کوردستان، کاریگەری ئەو بارودۆخە لەسەر دابەزینی نرخی نەوت، واتە دەستپێکردنەوەی ته‌نگژه‌ی دارایی لە سەرەتاوە، بەپێی ئەوەی ئابووری کوردستان لەسەر نرخی نەوت بەندە. ئەمەش بارەکەی زۆر گرانە. 

ئەگەرچی دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دابەزینەی برخی نەوت بەھۆی گفتوگۆیەکی نێوان رووسیا و سعوودیە و ھەروەھا (ھەواڵی ناڕاست)ـە. ئەمە مانای ئەوەیە زۆر دابەزینەکەی پێ خۆش نییە، ئەوە ئاماژەیەکی باشە، چونکە دواجار ئەمه‌ریکا قوورسایی دەسەڵاتی خۆی لەسەر جێگیرکردنی نەرخی نەوت دادەنێ. بەڵام لە ھەمانکاتیشدا پیرۆزبایی لە بەکارھێنەران کرد بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، ئەمەش ئەمه‌ریکاییەکان زۆریان پێخۆشە. 

ئەوەی گرنگە کە لەبەرچاو بگیرێ، ئابووری سەرچاوە یەک ڕەنگە، لە ھەموو کات و سات و شوێن و تەنانەت لەسەر ئاستی تاکیش ھەر ھەڕەشەیە، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ھەمەڕەنگی سەرچاوەی ئابووری ھەمیشە باشە.
 
لەگەڵ تێبینی ئەوەی کە ئەو بروسکە ڕووداوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا وای لە خەڵکی دنیا کرد مارکێت و بازاڕەکان پاک بکەنەوە لە کەلوپەل، بەتایبەت خۆراکی وشک و ئامرازی پاککەرەوە، بەڵام لە کوردستان تا ئاستێك بەر لەوە گیرا و تەنیا لە ئێوارەیەکدا ھەوڵی ئەوە درا بەزوویی کۆتایی پێ ھات و بازاڕ نیمچە ئاسایی بووەوە. 

لە پلانی کاری ئەمه‌رکا بۆ ڕووبەڕووبوونەووی کۆرۆنا  ڤایرۆس، دۆناڵد ترەمپ گوتی، چونکە پرسەکەمان بە سیاسیی نەکرد، توانیمان ڕووبەڕووی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە ببینەوه‌. بەڵام لە ڕاستیدا بەر لەوەی جارێ ئاسۆی ھێوربوونەوەی تەنگژە تەندروستییەکە دیار بێ، خەریکە ململانێیەکی سیاسی گەورە لە نێوان ھەردوو سەرۆکی ئەمه‌ریکا و چین ڕوو دەدات. 
ھەندێک لە سیاسەتوانی ئەمه‌ریکا بە ڤایرۆسەکە دەڵێن، ڤایرۆسی چینی یان وۆھان. چین ئەمە بە لەکەدارکردنی شکۆی وڵاته‌كه‌ دەزانێ. لە ھەمانکاتدا "واشنتۆن پۆست" نوسیوویەتی ھەردوو سەرۆک شەڕ و ململانێیانە کە کامیان سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسەکەدا ڕادەگەیەنن. 

بۆ ھاووڵاتی ھەموو دنیا و کوردستانیش چی گرنگە؟ 
گرنگە لەناو قووڵایی ئەو بێ بەھابوونی سیاسەت و ڕقی ئاینی و ڕەگەزییه‌ی کە بووە بە باو و بە ھه‌موو شتێک دەگوترێ پیلانە، پێویستە ھاووڵاتی ھەموو شتێک به‌ پیلان نەزانێ، بۆ نموونە لەوانەیە تا چەند ھەفتەیەک خەڵکانێک ھەبن خۆیان نەپاراستبێ بە بیانووی ئەوەی ئەوە پیلانی کۆمپانیا و وڵاتانە تا ڤاکسین بفرۆشن، بەڵام ئەوە ئێسته‌ زۆر ڕوونە وانییە، ئەگەر وابووایە ئێسته‌ باشترین کاتە بۆ فرۆشتنی ڤاکسینەکە، نەک دواتر. 
یان کاتێک لایەنی ئاینی دەڵێ ئەوە بۆ بەشێکە لە مرۆڤ یان کە میدیاکان ھەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، یاخۆ کە خەڵکێکی نابەرپرس لە سۆشیاڵ میدیا ھەرچی بکەوێتە بەردەستیان بڵاوی دەکەنەوە. یا گوێ نەدان بە پاک و خاوێنی و چەندان ڕەفتاری مرۆڤ کە کە زیان لە خۆی و لە ژینگەکەی دەدات. 

ڕاپۆرتەکانیش لەسەر دابەزینی زۆری ئاستی گەشەکردن جیھانی خستووەتە نیگەرانییەوە. 
مەترسی لەبارەی داھاتوویەکی نەزانراوەوە، بووە ھۆی فرۆشتنی زۆر لەلایەن تاکفرۆشەکانەوە بە تایبەتی بابەتی وەک پاککەرەوەی دەست و دەسته‌سڕی توالێت، ئەگەرچی حکوومەتەکانیش ئامۆژگارییان داوە کە ئەم جۆرە کەلوپەلانەی ناوماڵ پێویست نییە. 
بەپێی شارەزایان، لەوانەیە لە زیادەی فرۆشدا دوکان و مارکێتەکان قازانجییان کردبێ، بەڵام ئەو قازانجە کورتمەودایە. 

یەکێکی تر لەو بوارانەی زیانی کردووە، کۆمپانیاکانی گەشتوگوزارن، زۆربەی خەڵکی گەشتەکانیان دواخستووە، لەوانەیە لەگەڵ بەردەوامی ئەم ڕێژەی دابەزینی گەشتکردنە، گەلێک کرێکار کاری خۆیان لە دەست بدەن. ھەروەھا لە مەودایەکی درێژتردا ئەو شوێنانەی جیھان کە پشتیان بە گەشتیاری بەستووە دووچاری گرفت دەبنەوە. 

کاری حکومەتەکان، ڕێگرتن لە ڤایرۆسەکە، دواخستنی بڵاوبوونەوەی، خۆپاراستن و ھێورکردنەوەی کاریگەرییەکانیەتی. لە کوردستانیش ڕێوشوێنی خۆپارێزی چڕوپڕ گیراونەتە بەر بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە،  لەم قۆناغەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، ئەو ھەنگاوانەی نراون تا ئاستێكی باش کاریگەرن، لەوانەیشە دەسنیشانکردنی ئەو کاریگەرییە نەرێنیانەی کە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە ھەیەتی، لە ھەندێک بەشدا ھاوشێوە بێت و لە ھەندێک بەشدا جیاواز بێ لە وڵاتان. 

تەنگژە تەندروستییەکە بەردەوامە و گرفتەکان چین؟ 
یەکەم گرفت ئەوەیە، ئەگەر خوانەخواستە ماوەی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە درێژە بکێشێ و ژمارەیەکی زۆر توشبووی ھەبێ، لەو حاڵەتەشدا ڕێوشوێنەکان لە خۆپارێزییەوە بەرەو توانای چارەسەری بەرفراوان دەچن کە دەبێ کەرتی تەندروستی دەستەبەری بکات، به‌ڵام بە ڕای شارەزایان تواناکە سنووردارە. 

گرفتی دووەم، تا پەتاکە ھەبێ حکوومەت و داودەزگا لە بەردەم ئەولەویەتێکی سەپێنراودان و لە گەلێک ڕووی ترەوە کاری پێویست ھەن کە دوادەکەون و دەمێننەوە، ئەمەش گرفتی زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێ. 

ئابووری و بەشێکی زۆر کەلوپەلی بازاڕ لە کوردستان پێوەستن بە وڵاتانی دراوسێوە، ئەوانیش یەکەم ئێرانە کە دووەم گەورەترین بەرکەوتەی جیھانە بە پەتاکە و سنوور لەگەڵی تا کاتێکی نادیار داخراوە. تورکیاش مامەڵەی لەگەڵ پەتاکە زیاتر شاردنەوەیەتی و لە ھەمانکاتدا ڕێوشوێنی توندی ھاتووچۆ جێبەجێ دەکات. ئەمانەش لە مەودایەکی تردا کاریگەری لەسەر ئابوری و بازاڕ و ژیان بە گشتی دروست دەکەن. 
دراوسێبوون لەگەڵ ئێران و بوونی پێوەندی و ھاتووچۆی پتەو لەگەڵ ئەو وڵاتە کە لە وڵاتە بەرکەوتە سەرەکییەکانە، ھەر خۆی مایەی دڵەڕاوکێیە.

دڵەڕاوکێیەکی زۆر بەھۆی بوونی زانیاری زۆری بێ سەروبەر و سەرچاوەی نابەرپرس بە تایبەتی لە تۆڕەكانی کۆمەڵایەتی دروست دەبێ، ئەمەش ھەر سەرچاوەی ھەڕەشەیە بۆ سەر دروستی دەروونی خەڵک لەو بارودۆخە ھەستیارەدا، ھەر خۆی لە کاتی تەنگژەدا ئەوە بوونی ھۆی زۆری بڵاوکردنەوە و زانیاری بێ دایکوباوک لە گرفتی کۆمەڵگه‌ پێشنەکەوتووەکانن، لەگەڵ ڕێز بۆ زۆرینە، بەڵام لەناو کوردی دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپا ھەیە بە ھەمیشەیی پۆست و زانیاری نادروست لەسەر ئەو پەتایە بڵاو دەکاتەوە، بەڵام بە وشەیەکیش باسی ئەو پەتایە ناکات لەو وڵاتەی لێی دانیشتووه‌، لە کاتێكدا بەرکەوتەی وڵاته‌كه‌ چەند ھێندەی کوردستانە.

یەکێکی تر لە گرفتەکان پابەندنەبوونی بەشێک لە خەڵکە بە ڕێنوێنی تەندروستی. بەردەوامیی پیسکردنی ژینگە، بە سەردانێکی کەمێک دەرەوەی شاری ھەولێر ئەو ڕاستییە دەبینی کە چ دەستدرێژییەک دەکرێتە سەر پاکی و جوانی ژینگە، لە کاتێکدا ھێشتا وەرزی بەھار و سەیران دەستی پێ نەکردووە.

گرنگە ئەوە بیرخەرەوەیەک بێ بۆ مرۆڤ کە خۆی پلە یەکە و تەندروستییەکەی لە ھەموو شت گرنگترە، زیانەکان و ھەڕەشەکان تەنیا ئەوانە نین کە بینراون، بەڵکو زۆر شتی نەبینراو  و پێشبینینەکراویش ھەن گرنگە ھەمیشە پێکەوە بە ھاوکاری ھەوڵ بدەن وڵات و ژینگە و بارودۆخیان باشتر بێ، یەکەمجاریش بە ھۆی ڕەفتاری خۆیانەوە ئەو باشییە دروست بکەن.

ئێسته‌ مرۆڤ لە بەردەم ھەڕەشەیەکی یەکساندایە و ھاوڕێی نییە، جگە لە پاکوخاوێنی. بۆیه‌ پێویستە بە جۆرێک گرنگی بە پاک و خاوێنی بدات وەک ئەوەی ژیانی پێوە بەندە. گرنگیشە، لە یەک سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە زانیاری وەربگرێ. هاوكات ھەموو ئەو بابەتانەی تا ئێسته‌ دەمارگیری کردبووی، لە بیری بکه‌، تەندروستی خۆت یەکەمە. 

وه‌ك ده‌بینین ئەو ڤایرۆسە بەھێزترین وڵات و ئابوورییەکانی جیھانی دەستەوه‌ستان کردووە، بۆیە پێویستە خەڵکی وڵاتانی گەشەنەکردوو، چەندان جار زیاتر خۆیان بپارێزن، لەبەرئەوەی ئەوەتا ئێران نموونەیەکە بۆ ئەو دۆزەخەی کۆرۆنا دروستی کردووە. 

ھەروەھا، نەبوونی سیستمی بیمەی تەندروستی وا دەکات زیانی ئەو ڤایرۆسە زیاتر بێ بۆ خەڵکی ئەو جۆرە وڵاتانە، چونکە تووشبوون بەو ڤایرۆسە تەنانەت ئەگەر چاکبوونەوەیشی لە دوابێت، مانای لاوازبوونی جەستە و بەرگرییە، بەمەش مرۆڤەکە ھێشتا ڕیسکی تری تەندروستی چاوەڕێی دەکات. جگە لەوە، لە وڵاتانی ئێمە ژمارەیەک نەخۆشی بەربڵاوی تر ھەن کە تووشبووانیان پێویستی بە چارەسەر و خەرجی بەردەوامە، واته‌ چەند تەنگژەی لەناکاو و گەورەی وەک کۆرۆنا ڤایرۆس ھەبێ، ئەوان ئەگەری گرنگی پێنەدانیان زیاترە و زیاتر دەکەونە پەراوێزەوە و زیاتر مەترسییان دەکەوێتە سەر. 

زۆربەی جار کە ته‌نگژه‌ لە جێیەکی دیاریکراو دروست دەبێ، داودەزگا جیھانییەکان و وڵاتانی بەھێز دەستکراوەترن ھاوکاری ئەو جێیە بکەن، بەڵام ئێسته‌ ئەوە ناکرێ، چونكه‌ داودەزگای جیھانی فریا ناکەون و وڵاتانیش ھەموو لە خەمی خۆیاندان. 

ھەروەھا زۆربەی جار ھەڕەشەکە ئەگەر لە لایەنێکەوە بێت، قسە و گفتوگۆی لەگەڵ دەکرێ و شەڕی لەگەڵ دەکرێ. یا سروشتی بێ پێشتر ڕوویداوە و زۆربەی وڵاتان پلان و ئەزموونیان ھەیە، بەڵام ئەمە نوێیە و تا ئێسته‌ دەردی بێ دەرمانە و چاوەڕێ ناکرێ لەمساڵدا ڤاکسینەکەی بکەوێتە بەردەست، بۆیە شەڕکردن لەگەڵی تەنیا بە پاکوخاوێنی و خۆپاراستن و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی و جێبەجێکردنی ئەو ڕێنوێنیە تەندروستیانەیە کە لە حکوومەت و ھەروەھا ئەوانەیش کە لە ڕێکخراوە جیھانییە سەرەکییەکانەوە دەردەچن.