د. تۆڵه فه‌رج
مامۆستای كۆلێژی پزیشكی/ زانكۆی هه‌ولێری پزیشكی
كۆرۆنا نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی گواستراوه‌ی كوشنده‌یه كه ئێسته سه‌رتاپای دنیای ته‌نیوه، ڕۆژانه هاونیشتمانیان له چاوه‌ڕوانی پێكوته یا چاره‌سه‌ری ئه‌م ڤایرۆسه كوشنده‌یه‌ن. هاوكات له پۆلێنبوونی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بۆ كۆمه‌ڵێك كه پابه‌ندن به ته‌واوی ڕێنوێنییه‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له به‌كارهێنانی ده‌مامك، ده‌ستكێش، كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ركه‌وتن له شوێنی جه‌نجاڵ، ده‌ست شووشتنی به‌رده‌وام و ده‌ست لێنه‌دان له ده‌م و لووت و چاوه‌كان به مه‌به‌ستی خۆپارێزی و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژی تووشبوون، له كاتێكدا كه به ته‌نیا ڕێچاره داده‌نرێت بۆ پاراستنی ژیانی كه‌س و خێزان و كۆمه‌ڵگه. هه‌روه‌هـــا له بوونی كۆمه‌ڵێكی تر كه به‌ربلاَوی و كوشنده‌یی ڤایرۆسی كۆرۆنا هێنده به هه‌ند وه‌رناگرن، ژیانی ئاسایی به‌ر له بوون و ئێسته به بوونی ئه‌م ڤایرۆسه به هه‌مانشێوه به‌سه‌ر ده‌به‌ن، وێڕای باسی ڕۆژانه‌یان له‌باره‌ی كۆرۆنـــا له ناو خێزان و شوێنی كار به به‌رده‌وامی، به‌و واتایه‌ی كه كۆرۆنا ترسێكه لای هه‌مووان.
ئاماره‌كان كوشنده‌یی كۆرۆنا به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌و كه‌سانه ده‌خه‌نه‌ڕوو كه نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان له‌گه‌ڵدایه وه‌ك نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه و فشاری خوێن و دڵ و شه‌كره و قه‌ڵه‌وی، یا كه‌سانی به‌سالاَچوون، هاوكات به ئاستێكی كه‌متر له چینه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه، ئێسته ڕێژه‌ی تووشبوون و مردن له دنیادا به‌رده‌وام له هه‌ڵكشاندایه وه‌ك په‌تایه‌كی جیهانیی گوازراوه له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر، وێڕای هه‌وڵدان له جێبه‌جێكردنی رێنوێنییه‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی بۆ خۆپارێزی، له زۆرینه‌ی ولاَتان باری نائاسایی ته‌ندروستی و بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه دراوه، ئه‌مه‌ش به واتای كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ركه‌وتن بۆ نزمترین ئاست له نێوان هاونیشمانیان.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ تیشك بخه‌مه سه‌ر ترسێك كه ته‌واو لێی بێ ئاگاین یا هه‌ڵه‌یه‌ك كه زۆرینه‌مان تێی كه‌وتووین، كۆرۆنا نه‌ك ته‌نیا وه‌ك نه‌خۆشی كوشنده‌یه، به‌ڵكو تایبه‌تمه‌ندی سه‌یر له‌خۆ ده‌گرێت كه ڕه‌نگه تۆ كه‌سێكی تووشبوو بیت به ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌بێ بوونی هیچ نیشانه‌یه‌ك له به‌رزیی پله‌ی گه‌رمی جه‌سته و كۆكه و توندی هه‌ناسه و بێ هێزی، به‌و واتایه‌ی هه‌ركات كه پابه‌ندی رێنوێنییه‌كان نه‌بوویت، تۆ ده‌بیت به سه‌رچاوه‌ی بلاَوبوونه‌وه، هیچ كات به خه‌یاڵت هاتووه كه تۆ ڕه‌نگه وابیت؟ ڕه‌نگه وابیت و له ناو خێزان و له‌گه‌ڵ دایك و باوكی به‌ساڵاچووت و خزمانت وه‌ك پێشتر ڕه‌فتار ده‌كه‌یت، سه‌ردانیان ده‌كه‌یت، ده‌مامك به‌كار ناهێنیت و له شوێنی داخراو و ته‌واو لێك نزیك كات به‌سه‌ر ده‌به‌یت و نانێك به‌یه‌كه‌وه ده‌خۆن و هه‌مان ده‌ستماڵ به‌كار ده‌هێنن و زۆری تر، بیری لێ بكه‌ره‌وه و پرسیار بكه؟
بۆچی زۆرینه‌مان له‌و هه‌ڵه‌یه بێ ئاگاین؟
ده‌كرێت هه‌ستی ته‌نیایی و بێزابوون بێت و دوور له پێوه‌ندیی كۆمه‌لاَیه‌تی به به‌راورد له‌گه‌ڵ پێشوودا، ده‌كرێ ناهاوسه‌نگی بێت له هه‌ردوو فاكته‌ری ترس و خۆشه‌ویستی، ئه‌مه‌یان چۆن؟ ترس و گومان و دڵه‌ڕاوكێ له تووشبوون به په‌تای كۆرۆنا له بازاڕ و قوتابخانه و زانكۆ و شوێنی كار و سه‌رتاشخانه، به پێچه‌وانه‌وه ده‌ڕبڕینی خۆشه‌ویستی به كۆبوونه‌وه‌ی خێزانی و نانخواردن و گفتوگۆ و هتد. یا ده‌كرێ هه‌ستكردن به ئارامی و پارێزراوی بیت له نێوان تاكه‌كانی خێزان كه ئه‌مه‌ش ته‌نیا هه‌سته نه‌ك دروستی له دووربوون له په‌تای كۆرۆنا، یا ده‌كرێ شێوازێك بێت له پێشاندانی گرینگی‌دان به كه‌سی به‌رانبه‌ر، ئه‌سته‌مه باوكێك ڕێگر بێت له ئامێزگرتنی باپیر و نه‌وه‌كه‌ی، له دڵسۆزیی كوڕێك/كچێك بۆ باوانی به له باوه‌شگرتنێك، یا ڕه‌نگه به‌شێك بێت له كولتووری شه‌رمكردن، یان زۆریی كاته‌كانی كاركردن كه جارێكی تر هه‌ستی متمانه له نێوان هاوپیشه‌كان دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش جارێكی تر هۆكاری كه‌وتنه هه‌ڵه‌یه، هه‌موو ئه‌گه‌ره ئاماژه پێكراوه‌كان ده‌كرێت له تۆدا هه‌بێت، كه‌واته وا ڕه‌فتار بكه كه ژیانێك بپارێزیت و هۆكار نه‌بیت له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تایه‌كی كوشنده به پاساوی خۆشه‌ویستی و شه‌رم.. هتد.
بۆیه پێویسته كه هه‌موو كات كوشنده‌یی په‌تای كۆرۆنا و ته‌ندروستبوونی خۆت و خۆشه‌ویستانت له یاد بێت، خۆشه‌ویستی نه‌كه‌ین به پاساوێك بۆ لێك نزیكبوونه‌وه و ڕه‌چاوی رێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان نه‌بین، بۆیه بیركردنه‌وه و ڕه‌فتاركردنمان ده‌بێ به جۆرێك بێت كه هه‌ر تاكێك له ئێمه به‌رپرسه له تووشبوونی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه و به‌پێچه‌وانه‌وه.