هه‌رچه‌ند له چه‌ندان هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا، وا چاوه‌ڕوان ده‌كرا كه به‌هۆی سه‌رقاڵیی دنیا به‌م گرفته، ئاستی ململانێ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان خاوتر ببنه‌وه، به‌ڵام له گۆڕه‌پانی سیاسی عێراقدا وا پێ ده‌چێ دۆخه‌كه پێچه‌وانه بێت. عێراق وه‌ك یه‌كێك له ناوچه گه‌رم و تهنگژاوییهكانی دنیا كه بووه‌ته گۆڕه‌پانی سه‌ره‌كی ململانێی تاران-واشنتن، له چه‌ندان ڕۆژی ڕابردوو بینه‌ری توندتربوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و جموجووڵه سه‌ربازیی و سیاسییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته بوو.
جموجووڵه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق وه‌ك گواستنه‌وه‌ی هه‌ندێ له هێزه‌كانی بۆ بنكه‌ی سه‌ربازییه‌كانی هه‌ولێر و عه‌ین ئه‌سه‌د، جێگیركردنی سیستمی دژهمووشكی پاتریۆت له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، گواستنه‌وه‌ی دیپلۆمات و كارمه‌ندانی ئه‌مه‌ریكی له به‌غدا و هه‌ولێر، گواستنه‌وه‌ی دیپلۆماته ئه‌وروپییه‌كان و كارمه‌ندانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق و ئاخاوتنه تونده‌كانی ئه‌مدواییه‌ی تره‌مپ و هه‌روا ئاماده‌باشیی سه‌ربازیی ئێران و سه‌ردانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودس بۆ به‌غدا و هه‌ڕه‌شه و مووشه‌كبارانی هێزه پرۆ-ئێرانییه‌كان بۆ سه‌ر بنكه ئه‌مه‌ریكییه‌كان، ترس و گومانه‌كانی له ئه‌گه‌ری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تاران-واشنتن زیاتر كرد. ئه‌م دیمه‌نانه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان زیاتر كرد، كه ڕه‌نگه له ماوه‌ی داهاتوودا زیاترین ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتن له نێوان ئه‌مه‌ریكا و هێزه پرۆ-ئێرانییه‌كان له گۆڕه‌پانی عێراقدا بێته ئاراوه و دوور نییه ئه‌مه‌ریكا به نیاز بێت گورزێكی كوشنده له‌و هێزانه بوه‌شێنێ، كه له‌وانه‌یه كاردانه‌وه‌ی لایه‌نی به‌رانبه‌ری لێ بكه‌وێته‌وه.
هه‌رچه‌نده پێكدادانی نێوان هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان و ئێران و هێزه پرۆ-ئێرانییه‌كان له ڕابردوو نموونه‌ی هه‌بووه، كه به كوشتنی فه‌رمانده‌ی سوپای قودس قاسم سلێمانی له ٣/كانوونی دووه‌م/٢٠٢٠ ئه‌م پێكدادانه گه‌یشته لووتكه، به‌ڵام ئه‌مه به واتای كۆتایی گه‌مه‌كه نییه و هێشتا دوئیلهكه نه‌گه‌یشتووه‌ته دواپه‌رده‌ی خۆی.
پاش هاتنه‌سه‌ر كاری تره‌مپ، ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌تێكی نوێی به‌رانبه‌ر به ئێران گرته‌به‌ر و له ئایاری ٢٠١٨ له ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی كشایه‌وه و سیاسه‌تی ئه‌وپه‌ڕی گوشاری دژ به ئێران پێڕه‌و كرد. پاشان به خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكی له‌لایه‌ن ئێران، هێرشكردنه سه‌ر كه‌شتییه‌كان له كه‌نداو به هۆی مینی ده‌ریایی، هێرش بۆسه‌ر كۆمپانیای ئارامكۆ له به‌قیق و ئاراسته‌كردنی چه‌ندان مووشك بۆ سه‌ر بنكه‌ی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان و باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق دۆخه‌كه ئاڵۆزتر بوو. بۆیه ئه‌مه‌ریكاش له هه‌نگاوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا په‌یامێكی توندی به ئێرانییه‌كان گه‌یاند كه ئه‌ویش كوشتنی قاسم سلێمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس بوو. پاش كوشتنی سلێمانی وا هه‌ست ده‌كرێ ستراتیجی ئه‌مه‌ریكا بۆ چۆنێتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران و هێزه پرۆ-ئێرانییه‌كان توندتر بووه، ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستڕۆیشتوویی ئێران له عێراق وه‌ك ستراتیژیترین ناوچه‌ی ململانێی تاران-واشنتن و هه‌روا هێنانی ئێران بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و ناچاركردنی بۆ ملدان به داواكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئێسته پرسی دانانی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق له ئارادایه و هه‌ریه‌ك له ئێران و ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌سانی نزیك له خۆیان له‌م پۆسته‌دا جێگیر بكه‌ن و بژارده‌ی لایه‌نه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ڤێتۆ بكه‌ن، ئه‌ویش به كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و ناكۆكییه‌ی كه ڕووی كردووه‌ته ناوماڵی شیعه و هه‌روا گوشاركردن له ڕێی هێزه كورد و سوننه‌كانه‌وه، وه‌ك چۆن له سیناریۆی پاڵاوتن و شكستهێنانی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاویدا بینیمان. ئێسته ستراتیجی سه‌ره‌كی ئێران بریتییه له وه‌ده‌رنانی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عێراق و چه‌سپاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانێكی نزیك له خۆی و، ستراتیجی ئه‌مه‌ریكاش جگه له دانانی سه‌رۆك وه‌زیرانێكی پرۆ-ئه‌مه‌ریكی بریتییه له لاوازكردنی ئێران له عێراق و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تا ئه‌وپه‌ڕی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رچه‌رخانێكی جیۆپۆلیتیكی نوێ له ناوچه‌كه بێته ئاراوه كه هاوئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانی واشنتن بێ و كه‌مترین سه‌رئێشه‌یان بۆ ئه‌و وڵاته هه‌بێت.
هه‌روا ئه‌گه‌ر جموجووڵ و هێرشی هێزه پرۆ-ئێرانییه‌كان دژ به ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا كارتێكی تری گوشار به ده‌ست ئه‌مه‌ریكاوه هه‌یه كه ئه‌ویش دروستكردنی گوشار و سزای ئابوورییه له‌سه‌ر عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م له ئێران دووری بخاته‌وه و هه‌م ڕێ له‌وه‌ش بگرێت كه ئێران، عێراق وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ هه‌ناسه‌دانی ئابووریی خۆی به‌كار بهێنێت. بازرگانی نێوان ئێران و عێراق ئێسته 12 ملیار دۆلاره له ساڵێكدا و هه‌ردوو وڵات هیوادارن بۆ ساڵی ٢٠٢١ ئه‌م ڕێژه‌یه بۆ 20 ملیار دۆلار به‌رز بكه‌نه‌وه. دۆخی له‌رزۆكی ئابووری عێراق به‌تایبه‌ت پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا، وا ده‌كات كه هه‌ر جۆره گوشار یا سزایه‌كی ئابووریی واشنتن له‌سه‌ر ئه‌م وڵاته كاره‌ساتی زۆر گه‌وره‌ی به‌دواوه بێت.
ئه‌وه‌ی له‌م جموجووڵانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌خوێنرێته‌وه ئه‌وه‌یه، كه كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ندێك له بنكه سه‌ربازییه‌كان وه‌ك كه‌یوان، قایم و هتد، كشانه‌وه‌یه‌كی تاكتیكییه و به واتای كشانه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی ئه‌و هێزانه له عێراق یا چۆڵكردنی گۆڕه‌پانه‌كه نییه بۆ ئێران، به‌ڵكو پتر بۆ خۆڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانیان و دهستكراوهبوونی ئهمهریكییهكانه له ئه‌گه‌ری هه‌ر كرده و جموجووڵێكی سه‌ربازیی لایه‌نی به‌رانبه‌ر. پێ ده‌چێ دوئیلی دوور و درێژی تاران- واشنتن به‌مزووانه كۆتایی نه‌یه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ململانێی 40 ساڵه‌ی ئێران و ئه‌مه‌ریكا ڕه‌چاو كراوه ئه‌وه‌یه، هه‌ر دوو وڵات حه‌ز ده‌كه‌ن كێشه‌كانی خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی سنووری وڵاته‌كانیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه و وڵاتانی خۆیان له ئاگری شه‌ڕه‌كه به دوور بگرن. به سه‌رنجدان له نزیكبوونه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و په‌ره‌سه‌ندنی په‌تای كۆرۆنا له دنیا، سیناریۆ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان له‌م دۆخه‌ی ئێسته ده‌توانێ به‌م جۆره بێت: یه‌كه‌م، هێشتنه‌وه‌ی دۆخه‌كه وه‌ك خۆی هه‌تا كۆتاهاتنی په‌تای كۆرۆنا، دووه‌م وشاندنی گورزی سه‌ربازیی له‌و هێزانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن. سێیه‌میش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ بژارده‌ی گفتوگۆ له نێوان لایه‌نه‌كانی ململانێ.