شەڕی براکان.. برینی ساڕێژنەبووی نیشتمانێک

AM:11:45:20/04/2020 ‌
شەڕی ناوخۆیی لەناو گەلانی جیهاندا دیاردەیەکی نوێ نیە، هەندێ لە گەلانی دیکەی جیهانیش لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی خۆیاندا بۆ ماوەیەک ئەم دیاردەیەیان تاقیکردووەتەوە وەک شەڕی ناوخۆیی ئەمەریکا، ئیسپانیا، ئیتالیا و هتد، بەڵام لەو وڵاتانە ئەم شەڕە بۆ ماوەیەکی کاتی و کورت بووە، نەک وەک مۆتەکەیەکی هەمیشەیی و درێژخایەن سێبەر بەسەر کۆمەڵگادا بکات. شەڕی ناوخۆیی، کە لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردستان لەبەر قێزەونیی دیاردەکە بە شەڕی براکوژی ناوبانگی دەرکردووە، مێژوویەکی دێرینی هەیە وەک شەڕی نێوان ئیمارەتەکانی بابان و ئەردەڵان و شەڕی ناوخۆیی ئیمارەتی بۆتان و شەڕی ناوخۆیی هۆز و خێڵە کوردییەکان لەگەڵ یەکتر و دوا سکانسی ئەم شەڕانەش شەڕی ناوخۆیی نێوان پارت و حیزبە سیاسییەکانی کوردستانە.

دیارە حیزبی سیاسی وەک بەشێک لە نوێگەری لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان بۆ ئەو ئامانجە سەری هەڵدا، کە ببێتە فاکتەری سەقامگیریی لە کۆمەڵگا، هەربۆیە ئەڵقەی پەیوەندیی و بە یەکگەیاندنی حکوومەت و خەڵک بووە و ڕەگوڕیشەی لەناو کەلێنە کۆمەڵایەتییەکاندا بووە و بە ئیدارەدانی دروستی ئەو کەلێنانە زمانی دیالۆگ و گفتوگۆی کردووەتە جێگرەوەی زمانی زبر و جەنگ و توندوتیژیی.

لە کوردستان، بە هۆی ژێردەستەیی ئەم کۆمەڵگایە و گەشەنەکردوویی سیاسی، ئابووریی، کۆمەلایەتی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگا و هەڵکەوتەی جوگرافی، حیزبی سیاسی بۆ ئامانج و مەبەستێکی جیاوازتر دروست بووە و کارکردێکی جیاوازتری هەبووە. گرنگترین ئامانجی حیزبی سیاسی لە کوردستان ڕزگاریی نیشتمانی، نەتەوەسازی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ستەمە نەتەوەییە بووە کە ڕووبەڕووی ئەم گەلە بووەتەوە، هەربۆیە حیزبی سیاسی لەم کۆمەڵگایە، سیاسەتی تێکەڵ بە کاری سەربازیی کردووە و ئەمەش وایکردووە کە حیزبی سیاسی کوردی بەردەوام حیزبێکی چەک لەشان بێت. 

پاش دەیان ساڵ لە دەقگرتن بەم سروشتە، تەنانەت پاش سێ دەیەش لە دروستبوونی حکومەتی هەرێم، هێشتا حیزبی کوردی نەیتوانیوە واز لەم سروشتەی خۆی بهێنێت و لە بری تەسلیم کردنی چەک بە حکومەت و بەهێزکردنی دامەزراوە سەربازیی و ئاسایشییەکانی حکومەتی کوردستان، بە داخەوە هەتا ئێستا ئەو دامەزراوانە هەر لەژێر کۆنترۆڵ و فەرمانی حیزبەکاندان. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە دامەزراوە سەربازییەکان تێکەڵ بە کاری سیاسی بکرێن و وەک ئامرازێک بۆ یەکلاییکردنەوە ململانێ سیاسییەکان بەکاربێن. هەربۆیە ئەمەش وایکردووە هەندێ جار، سروشتی ململانی سیاسییەکان لە کوردستاندا بگۆڕدرێت بە سروشتێکی سەربازیی و شەڕی لێ بکەوێتەوە. 

زۆر لە گەلانی جیهان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە، کە جەنگ ڕێگەیەکی دروست و شیاو نییە بۆ چارەسەرکردنی ململانێ و ناکۆکییەکان، هەر بۆیە ژاپۆنییەکان لەم بارەیەوە بیرۆکەی "فەرهەنگی ململانێی ناتوندوتیژ"یان خستووەتە ڕوو کە بەو پێیە ئاشتی بە واتای یەکسانسازیی کۆمەڵگا نییە و ناکۆکی و ململانێ بەشێکن لە هەلومەرجی سیاسی ناوخۆ و دەرەوەی دەوڵەتان، بەڵام جەنگ تەنیا ئامرازێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژیی سەربازیی و ئامرازێکی ڕەوا نییە لە بواری سیاسیدا.

پاش دواقۆناغی شەڕی ناوخۆیی لە نێوان پدک و ینک (١٩٩٤-١٩٩٧)، سەرئەنجام هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتن و ئاشتبوونەوەیان ڕاگەیاند و ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی لەنێوان هەر دوو حیزب واژوو کرا. لەم چەند ساڵەی دوایی و بە تایبەت پاش کۆچی دوایی مام جەلال و نەمانی یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە، هەست دەکرێ ئەم ڕێککەوتنە بە تەواویی لەق بووە و لاسەنگی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا هاتووەتە ئاراوە. ئەم دۆخە نوێیە، چەندین جار هەر دوو حیزبی هەتا لێواری شەڕی ناوخۆ بردووە و ئەگەرچی شەڕی لێنەکەوتۆتەوە، بەڵام ساردیی و ململانێیەکی سیاسی و سەربازیی ناتەندروستی لەنێوان هەر دوو حیزبدا دروست کردووە، کە لە وێستگە سیاسییە جیاوازەکاندا زیانی ماڵوێرانکەری بە باشووری کوردستان گەیاندووە، کە زیانەکانی لە شەڕی ناوخۆیی کەمتر نەبوون وەک ململانێکانی سەردەمی ڕێفراندۆم، کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەر، سیاسەتی دژ بەیەک لە بەغدا بە تایبەت لە کاتی دانانی سەرۆککۆماری عێراق، شەڕی میدیایی و هەڵکشانی دۆخی سەربازیی و هتد. بەردەوامیی ئەم دۆخە تەنانەت ململانێکانی نێوان هەر دوو حیزبی هەناردەی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش کردووە. 

خەڵکی کوردستان، پاش کۆتاهاتنی شەڕی براکان وای چاوەڕوان دەکرد، کە ئیتر قۆناغی شەڕ و مەینەتییەکان کۆتایی هاتووە و کاتی ئەوە هاتووە کە برینەکانی ڕابردوو ساڕێژ بکرێنەوە. بەڵام بە داخەوە، لە قۆناغی ئەمڕۆ کە خەڵک دەستەویەخەی پەتای کۆرۆنایە و لە دۆخێکی سایکۆلۆژیی ناخۆشدایە، ڕۆژانە بینەری هەڕەشە و گوڕەشە و تانە و تەشەردانی پارتی و یەکیتین لە یەکتر لە ڕێگای میدیا، سوشیال میدیا، جمووجووڵی سەربازیی و هەڕەشەی دووئیدارەیی و هتد. گەلۆ، ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە کە پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەو قۆناغە تێپەڕێنن و لە جیاتی بیری تەسکی حیزبایەتی، براکان دەست لەناو دەستی یەکتر بنێن و بیر لە ئامانجە ستراتیژییە نیشتمانییەکان بکەنەوە و چەکەکان بێدەنگ بکەن؟ ئایا ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە حیزبە سیاسییەکان چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت بکەن و لەژێر ڕۆشنایی بیرۆکەی ئاسایشی نیشتمانی یەکگرتوو، هێزێکی سەربازیی نیشتمانی بنیات بنێن و ئەوان لە ڕێگای سیاسی و لە چوارچێوەی یاسادا ململانێ سیاسییەکانیان بەڕێوە ببەن؟ 

بە میلیتاریزەکردنی سیاسەت، ئابووری، میدیا و هەموو کایەکانی تر، کۆمەڵگا بەرەو کارەسات دەبات. چەک دەبێ تەنیا لە دەستی هێزێکی یەکپارچەی نیشتمانیدا بێت بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و بەرگریکردن لە نیشتمان، نەک پارچەکردنی هەرچی زیاتری خاکی کوردستان. با شەڕی براکان ببێتە بەشێک لە مێژوو و فرەحیزبی و فرەڕەنگی لە بری ئەوەی ببێتە پاژنەی ئاشیلی کوردستان، ببێتە هۆکارێک بۆ پێکەوەژیان و بەهێزکردن و یەکگرتوویی هەرچی زیاتری کۆمەڵگا و وەک دەرفەت سەیر بکرێت نەک هەڕەشە. بە پێچەوانەوە، بەردەوامیی ئەم ململانێ ناتەندروستە دەبێتە هۆی لەدەستچوونی هەرچی زیاتری سەرچاوە مادی و مرۆییەکانی کوردستان، کە لە ئەنجامدا بێکاری، هەژاری، بێبەشی، ناڕەزایەتی زیاتری خەڵک و لە دەستدانی ڕەوایی ناوخۆیی ئەو حیزبانە و هەرێمی کوردستانی لێدەکەوەێتەوە، کە دواجار هەرێم دەکاتە ناوچەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشە لەسەر قەوارە و ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دروست دەکات.