سه‌ره‌تای ناكۆكییه‌كانی هه‌ولێر-به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ٢٠١٢، ئه‌و كاته‌ی كه هه‌ولێر به هۆی نه‌دانی پاره‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وت له لایه‌ن به‌غداوه، هه‌نارده‌ی نه‌وتی له ڕێی هێڵه‌كانی نه‌وتی عێراقه‌وه ڕاگرت. ئه‌مه‌ش وه‌ك بهنزینكردن به‌سه‌ر ئاگری ناكۆكی ده‌یان ساڵه‌یی كوردی-عه‌ره‌بی بوو له عێراق له‌سه‌ر شوناس و ده‌سه‌ڵات و خاك و هتد. به فراوانبوونی بێمتمانه‌یی نێوان هه‌ردوولا، ناكۆكییه‌كان قووڵتر بوونه‌وه، بۆیه هه‌ولێر و به‌غدا نه‌یانتوانی بگه‌نه ڕێچاره‌یه‌ك و هه‌ر لایه‌نێك ئه‌ویتری به پێشێلكردنی ده‌ستوور و یاسا تۆمه‌تبار ده‌كرد.
هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر-به‌غدا، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه ئه‌ده‌بیات و ستراتیجی سیاسی و ئاره‌زووه‌كانی كورد له عێراق به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و دووركه‌وتنه‌وه له ناوه‌ند و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ناوه‌ندگه‌راییه، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌ده‌بیات و ستراتیج و ئاره‌زووه‌كانی به‌غدا به‌رده‌وام دروستكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێزی ناوه‌ندی و خوڵقاندنی عێراقێكی یه‌كپارچه‌یه به شوناسێكی عه‌ره‌بی، كه تێیدا هه‌موو شوناسه‌كانی تر له ناو خۆیدا قووت بدات. بێگومان تێڕوانینه سیاسییه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ستراتیجیی ئابووری حكوومه‌تی عێراقیش هه‌بووه، به درێژایی 100 ساڵی ڕابردوو كوردستان هه‌میشه له ڕووی ئابوورییه‌وه په‌راوێز خراوه. هه‌روا سیاسه‌ت و تێگه‌یشتنی هه‌ردوولا بۆ پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی عێراق، ڕۆڵی هه‌بووه له شكست پێهێنانی گفتوگۆكانی هه‌ردوو لایه‌نی ناكۆك، به جۆرێك كه هه‌ندێ جار هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر وه‌ك ئه‌وه وایه كه دوو ده‌وڵه‌تی جیاواز و سه‌ربه‌خۆ بن. بۆیه ئه‌و جۆره تێڕوانینه كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی كێشه‌كان كه ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ لێك دووركه‌وتنه‌وه و ڕێكنه‌كه‌وتنی هه‌ولێر-به‌غدا. هه‌روا نابێت ئه‌و ڕاستییه‌ش له یاد بكه‌ین كه نه‌وت به‌ر له‌وه‌ی كاڵایه‌كی ئابووریی بێت كاڵایه‌كی سیاسییه، بۆیه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ستراتیجی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ده‌وڵه‌ته نه‌وتییه‌كان هه‌یه.
ماراسۆنی گفتوگۆكانی هه‌ولێر-به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وت، تا ئێسته نه‌گه‌یشتووه‌ته هیچ ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ر و یه‌كلاكه‌ره‌وه. سه‌ره‌تای ناكۆكییه‌كه له‌سه‌ر پڕۆژه یاسای نه‌وت و غاز بوو له ساڵی ٢٠٠٧، به‌ڵام پاش بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له سه‌رده‌می مالیكی له ساڵی ٢٠١٤، ناكۆكییه‌كان له‌مباره‌یه‌وه گه‌یشتنه لووتكه. له سه‌رده‌می عه‌بادی له ساڵی ٢٠١٤ ڕێككه‌وتنێك ئه‌نجام درا به‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل له نه‌وتی هه‌رێم ڕاده‌ستی به‌غدا بكات و ٣٠٠ هه‌رزار به‌رمیلیش له نه‌وتی كه‌ركووك به بۆڕییه‌كانی هه‌رێمدا ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكات، له به‌رانبه‌ردا به‌غدا ١٧% بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه بكات، به‌ڵام ڕێككه‌وتنه‌كه له لایه‌ن هه‌ردوولاوه هیچ كات وه‌ك خۆی جێبه‌جێ نه‌كرا. به دوای ئه‌وه‌شدا چه‌ندان خولی گفتوگۆی تر هاتنه ئاراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه هه‌یه گرفته‌كه هێشتا هه‌ر به هه‌ڵواسراویی ماوه‌ته‌وه. كاریگه‌ریی كێشه داراییه‌كان وایكردووه كه بابه‌ته گرنگه‌كانی تر له پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر-به‌غدا وه‌ك كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه دابڕاوه‌كان پشتگوێ بخرێت و هیچ جووڵه‌یه‌كی پێ نه‌كرێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه، یه‌كێك له‌و كه‌رتانه‌ی كه ده‌رفه‌تی هاوكاریی ئابووریی هه‌ردوولای تێدایه كه‌رتی غازه، كه ده‌كرێ ببێته هۆكاری به‌یه‌كگه‌یشتنی حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی عێراقی، چونكه له‌م كاته‌دا كه نرخی نه‌وت دابه‌زیوه و عێراق له‌ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریكایه بۆ ڕاگرتنی كڕینی غاز له ئێران، بۆیه ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ هه‌ردوولا كه له‌مباره‌یه‌وه هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی هاوكارییه‌كانیان بده‌ن، به تایبه‌ت كه بازاڕی جیهانی غاز بازاڕێكی پڕ ڕكابه‌ره و بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاسان نییه بتوانێ له‌و بازاڕه‌دا به ئاسانی ڕكابه‌ریی بكات. بۆیه به‌كارهێنانی ناوخۆیی ئه‌و غازه بۆ ٤٠ ملیۆن هاووڵاتی له عێراق زۆر باشتره له‌وه‌ی كه هه‌وڵی هه‌نارده‌كردنی بدرێ، چونكه دواجار ئامانج بهپارهكردنی ئه‌و غازه‌یه و ئه‌گه‌ر بتوانی له ناوخۆدا ئه‌و كاره بكه‌ی، باشتره و خزمه‌تی هاوڵاتی و ئابووری خۆتی پێ ده‌كه‌یت، له هه‌مان كاتدا ده‌بێته هۆی وابه‌سته‌بوونی عێراقیش به حكوومه‌تی هه‌رێم.
به سه‌رنجدان له دۆخی ئێسته، سه‌ره‌ڕای گرفته جۆراوجۆره‌كانی تری نێوان هه‌ردوولا و ته‌نگژه‌ی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و ته‌نگژه‌ی كۆرۆنا، به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ولێر-به‌غدا وا ده‌خوازێت كه هه‌ردوولا به‌ره‌و ڕێككه‌وتن هه‌نگاو بنێن و هه‌ڵسن به دانانی ستراتیجێكی نوێ و تۆكمه و ڕێككه‌وتنێكی دوولایه‌نه‌ی براوه-براوه بۆ گه‌شه‌پیدانی كه‌رتی وزه له هه‌ردوو بواری نه‌وت و غاز، به جۆرێك كه بتوانێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا بپارێزێت و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش مسۆگه‌ر بكات، چونكه گه‌شه‌كردنی ئابووریی هه‌رێم به‌و بودجه‌یه به‌ستراوه‌ته‌وه. له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به هۆی خه‌ریكبوونی حكوومه‌تی هه‌رێم به ململانێی بودجه له‌گه‌ڵ به‌غدا، پرسه ستراتیجییه‌كانی تر وه‌ك ناوچه كوردستانییه دابڕاوه‌كان و به‌شداری كارا له ناوه‌ندی بڕیار له به‌غدا له بیر كراون، جگه له‌مه‌ش، ئه‌م ناكۆكییانه ده‌رفه‌تی بۆ هێزه هه‌رێمییه‌كان ڕه‌خساندووه كه ئه‌و ناكۆكییانه له قازانجی خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن. به‌رده‌وامیی ته‌نگژه و ململانێكان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، ئه‌گه‌ر براوهیهكیشی هه‌بێت، ئه‌وا بردنه‌وه‌یه‌كی كاتییه و له درێژخایه‌ندا ده‌بێته هۆی قووڵتربوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان، چونكه هیچ ڕێككه‌وتنێكی براوه-دۆڕاو ناتوانێ درێژخایه‌ن بێت.
له دوا خولی گفتوگۆكانی هه‌ولێر-به‌غدا كه له‌م ڕۆژانه‌دا به‌ڕێوه ده‌چێت، به هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت، ته‌نگژه‌ی ئابووری له عێراق و كوردستان، ته‌نگژه‌ی كۆرۆنا و ناڕوونی داهاتووی ئابووری دنیا، بێمتمانه‌یی هه‌ردوولا به یه‌كتر و پابه‌ندنه‌بوونیان به ڕێككه‌وتنه‌كانی پێشتر، به سیاسیكردنی پرسی نه‌وت و بودجه و تێكه‌ڵكردنی ئه‌م بابه‌ته به ململانێ سیاسییه‌كان، ده‌ستێوه‌دانی ده‌ره‌كی ده‌رفه‌ت و ئه‌گه‌ری ڕێككه‌وتنی درێژخایه‌ن و بنه‌ڕه‌تی دوور ده‌نوێنێ، بۆیه هه‌ر ڕێككه‌وتنێك له‌مباره‌یه‌وه ته‌نیا كورتخایه‌ن و كاتی ده‌بێت.