سمكۆ محه‌مه‌د
له‌وه‌ته‌ى بزووتنه‌وه‌ى كوردایه‌تى هه‌یه گره‌و له‌سه‌ر كه‌ركووك ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وانى تر‌ى ده‌سه‌ڵات و به‌رده‌وامیش ده‌یدۆڕێنێ، ئه‌مجاره‌یان جگه له ده‌سه‌ڵاتى عێراقى، كورده‌كان گره‌و له نێوان خۆیان ده‌كه‌ن له‌سه‌ر كه‌ركووك، كه‌ركووكیش له‌ده‌ستى ئه‌وانیتره كه چاودێرى ئه‌و گره‌وه ده‌كه‌ن، هه‌ر لایه‌نێكیش بدۆڕێت كه‌واته كورد دۆڕاوه، بۆیه ئه‌وانیش چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامى گره‌وه‌كه ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر پارێزگار كورد بێت، ئیتر شاره‌كه بۆ كورده. له كاتێكدا كورد له‌وێ حاكم بوو به‌ر له 16ى ئۆكتۆبه‌ر. 14 ساڵ پارێزگار كورد بوو، كه‌چى شاره‌كه هه‌ر له عێراق ده‌چوو نه‌ك مۆركى كوردستانى.
له سه‌ره‌تاى رزگاركردنى كه‌ركووكدا ئێمه‌ومانان هه‌ستمان به‌وه ده‌كرد كه له‌رووى كردنییه‌وه ئه‌وه بۆ كورد ناكرێت له كه‌ركووك، هه‌م به یاسا و هه‌م به دروشم له‌باره‌یه‌وه ده‌گوترێ، ئه‌مه‌ش له‌وكاته‌وه ده‌ستی پێ كرد كه باس له‌وه ده‌كرا گوایه شارێكه ململانێى نه‌ته‌وه‌یى و سیاسى تێدایه و شوبهێنرا به عێراقێكى بچووك و ده‌بێت بۆ هه‌مووان بێت، هه‌ر ئه‌وكاته مه‌ترسى بۆ سه‌ر شاره‌كه زیاتر له شاره‌كانى تر‌ى عێراقى گرته‌وه و جارێكى تر خه‌ڵكه‌كه كرا به‌قوربانى ململانێیه‌كى نادیارى سیاسه‌ت.
سه‌ره‌تاى ململانێكه به‌وه ده‌ستی پێ كرد كه نابێ ئه‌و شاره ته‌نیا مۆركى كوردى پێوه دیار بێت و كردیشیان، ئێسته‌یش جارێكى تر له ئه‌نجامى ململانێى نێوان كورده‌كان خۆیان و عێراقیش وه‌ك لایه‌نێكى هاوبه‌شى دژ به پڕۆژه‌ى به كوردستانیكردنى، جارێكى تر گره‌و له‌سه‌ر دۆڕاندنى حه‌تمیى كه‌ركووك ده‌كرێت.
سووكایه‌تیكردن به كه‌ركووك له‌وكاته‌وه ده‌ستی پێ كرد كه بوو به جێى تاقیكرنه‌وه هه‌مه چه‌شنه‌كانى سیاسه‌ت و ئابوورى و فه‌رهه‌نگى و ته‌ناهی و هتد، له حاڵێكدا رژێمى دیكتاتۆری نه‌ما و ده‌بوو ده‌رگه‌یه‌كى نوێ به رووى شاره‌كه‌دا بكرایه‌ته‌وه، چونكه كۆمپانیاى دنیا روویان كرده عێراق به‌مه‌به‌ستى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى، كه‌چى به بیانووى ئه‌وه‌ى كه‌ركووك گرێكوێره‌ى نێوان هێزه ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه، هه‌موو چاره‌نووسه‌كه‌یان به ماده‌ی 58 و دواتر 140 گرێ دا، به‌وه‌یش ئاینده‌ى نه‌ك هه‌ر دیار نییه، بگره كورده‌كان خۆیشیان به‌م شێوه ململانێیه رووه یاسایى ده‌ستوورییه‌كه‌یش له‌ناو ده‌به‌ن.
سه‌ره‌تاى دۆڕاندنى گره‌وه‌كه ئه‌وه‌بوو كه خه‌ڵكه‌كه‌یان به‌قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى 10 ملیۆن دیناری رازی كرد و 40%یان قه‌ره‌بووه‌كه‌یان وه‌رنه‌گرت، هه‌رچى زیاتریش دواى ئه‌مه شاره‌كه له جیاتى ئاوه‌دانكردنه‌وه، وێران كرا، تا ئه‌و ئاسته‌ى هه‌رچى كه‌له‌پوور و كولتوورى مێژوویى شاره‌كه هه‌بوو، شوێنه‌واریشى نه‌ما، تاكه شتێك ماوه‌ته‌وه بۆ كورد، زمانه‌كه‌یه‌تى و ئه‌ویش له سیما و دیمۆگرافیاى شاره‌كه دوور خراوه‌ته‌وه و كه‌سیش ناوێرێ قسه‌ى له‌سه‌ر بكات، چونكه كورده‌كان خۆیان له رقى یه‌كتر دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه له به موڵكایه‌تیكردنى شاره‌كه، كه راستییه‌كه‌ی شارێكى عێراقییه و سه‌ره‌نجام ده‌بێت به هه‌رێمێكى سه‌ربه‌خۆ.
ئێسته جۆرێكى تر‌ى سووكایه‌تیكردن به‌و شاره سه‌ری هه‌ڵداوه و به یاسا به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌وه‌یش له‌رێى پیاوه توركمانه‌كانه‌وه ده‌كرێت و عه‌ره‌به‌كانیش پاڵپشتى ده‌كه‌ن، یاسایه‌ك كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى شاره‌وانى عێراقه‌وه ده‌ركراوه و ماڵه كورده‌كان ده‌رده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها گۆڕینى نووسینى سه‌ر تابلۆ جۆراوجۆره‌كانى شاره له‌سه‌ر دووكان و شوێنه گشتییه‌كان و هتد، له حاڵێكدا نووسین به زمانى كوردى له ده‌ستوورى عێراقدا هاتووه و له‌سه‌ر تابلۆى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقیشدا به فه‌رمى ددانی پێدا نراوه و له‌سه‌ر پاسپۆرتیش هه‌یه، كه‌چى قبووڵكردنى ئه‌م سووكایه‌تییه به خه‌ڵكى كه‌ركووك، به‌شێكى له‌وێوه سه‌رچاوه‌ى گرتووه كه ژیانى سیاسى له كه‌ركووك، له سه‌رتاپاى عێراق جیاوازتره، له كاتێكدا ئه‌م ئه‌زموونه شكستخواردووه زیاتر له 13 ساڵ ده‌بێت كاری پێ ده‌كرێت و هیچ فشارێكیش نییه له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه كه به‌ر به‌م سووكایه‌تیكردنه بگرێت، ئه‌مه له كاتێكدا سه‌رۆك كۆمارى عێراق كورده و كورده‌كانیش بۆ خۆیان گره‌و له‌سه‌ر دۆڕاندنى ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌رچى درێژه‌دان به ئیداره‌یه‌كى خراپ كه بریتییه له بێ كاره‌بایى و پیسى ژینگه و نه‌بوونى سیستمێكى ته‌ندروستى مۆدێرن و خراپترین شێوه‌ى رێگه‌وبان و هتد تا ئێسته قبووڵ كراوه، ته‌نیا ده‌رهه‌ق به كورد ناكرێت، چونكه شاره‌كه له فره‌یى نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زه‌ویدا ده‌ژى، به‌ڵام سڕینه‌وه‌ى زمانى كوردى هیچ بیانوویه‌ك قبووڵ ناكات بۆ ئه‌وه‌ى ئیداره‌ى شاره‌كه شانى خۆى لێ خاڵى بكاته‌وه.
ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا زۆرینه‌ى كورده و ته‌نیا بۆ ده‌نگدان له دژى یه‌كتر ده‌چن بۆ ده‌وام یان بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌یی یاسایى ته‌واو نه‌بێت ده‌وام ناكه‌ن، ئه‌م بابه‌ته‌یش بۆ خۆیان ده‌زانن كه به‌بێ یاساش چاره‌سه‌رى هه‌یه، ئه‌ویش رێگرییه به ڕێى سیاسى و دیپلۆماسى, نه‌ك یاسایى ده‌ستوورى كه هه‌رگیز نایبینین.
جۆرێكى تر‌ى سووكایه‌تیكردن به خه‌ڵكى كه‌ركووك، ئه‌وه‌یه له رێى به‌ناو رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووسه‌وه، خراپترین رووى رۆشنبیرى شاره‌كه‌یان پێشان داوه له رێى ئه‌و سه‌نته‌ر و رێكخراوانه‌ى كه به ناوى رۆشنبیرییه‌وه ده‌زگه‌كان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، ناتوانن رووبه‌ڕووى ئه‌و رۆشنبیرییه شۆڤێنییه كۆنه‌په‌رستانه‌یه بووه‌ستنه‌وه كه كاریگه‌رى خراپى كردووه‌ته سه‌ر تاكى كورد له شاره‌كه و ئینتیماى لاواز كردووه.
گۆڕینى دیمۆگرافیاى شاره‌كه كه له سه‌رده‌مى رژێمى به‌عسدا، به‌شێكى زۆرى پێوه‌ندى به زمانى كوردییه‌وه هه‌بوو، ئێسته ئه‌و ته‌عریبه جارێكى تر گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ى سووكایه‌تى بێت به شارێك، سووكایه‌تییه به نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه رۆشنبیره‌كانى زووتر هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن و له‌به‌ر ئینتیماى حزبى نا‌وێرن قسه بكه‌ن و كورده‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌م شاره گره‌و ده‌كه‌ن.