سمكۆ محه‌مه‌د
كێشه یان گرێیه‌ك له نێوان ئاین و هونه‌ردا هه‌یه كه من به دیكتاتۆریه‌تى رۆحى له قه‌ڵه‌مى ده‌ده‌م، چونكه سته‌مێكه له رێى بابه‌تى رۆحییه‌وه له جه‌سته ده‌كرێ. ئه‌م دیكتاتۆرییه‌ته له‌وێوه نه‌هاتووه كه هه‌ڵگرانى گوتارى ئاینى خاوه‌نى فكرى دواكه‌وتوون، به‌ڵكو له‌وێوه سه‌رچاوه‌ى گرتووه كه هه‌ڵگرى فكرى ئیدیالیزمى، ئه‌فسانه‌یان وه‌ك كارتێكى به‌رجه‌سته و وه‌ڵام بۆ هه‌موو شتێك به‌كار هێناوه.
ئه‌م كارته ئیلهامهكهى له ئاسمانه‌وه وه‌رگیراوه ده‌رهه‌ق به‌و هێزه زهوینییهى ژیاندۆسته، واته كارتێكه دژ به‌و هێزه سروشتییه‌ى كه مرۆڤ به‌بێ ده‌ستكارى خاوه‌ندارێتى ده‌كات، بۆیه پشت به‌و خه‌یاڵه ده‌به‌ستن كه هێزێكى ئاسمانى ده‌ره‌كى له پشت عه‌قڵى مرۆڤه‌وه‌یه. ئه‌مه به‌پێى تێڕوانینى ئیدیالیزم بێت، هێزى زه‌وینى تابعێكى ئاسمانى و میتافیزیكى وه‌رگرتووه، له كاتێكدا هیگڵ پێی وایه فكرى لاهووتى له‌مێژه وه‌ستاوه و دوور كه‌وتووه‌ته‌وه له دژایه‌تیكردنى هونه‌ر، به‌ڵام ئه‌م نه‌خۆشییه ریالیستییه بۆ هونه‌ر كه وه‌همى بۆ دنیا دروست كردووه، سیستمێكى ناجۆرى بۆ ره‌گه‌زه‌كان داناوه كه بریتییه له شوێن و كات.
خاوه‌نى ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه و تێڕوانینه بۆ هونه‌ر، له‌وێدا كۆ كراوه‌ته‌وه كه ئه‌و نمایشه‌ى له‌سه‌ر زه‌ویندا هه‌یه، پێوه‌رێكى ره‌هایه بۆ هێزه‌كانى نازهوینى كه ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا ده‌شكێت، بۆیه به‌رانبه‌ر ریالییهتى هونه‌ر دوورترین سنووریان بۆ پێوه‌ره مرۆییه‌كان داناوه كه هه‌ر ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئیدیالیزم.
دیكتاتۆریه‌تى رۆحى به‌بێ ئه‌وه‌ى حیساب بۆ عه‌قڵى به‌شه‌رى بكات به‌رانبه‌ر ئیدراك بۆ فهلهكێك كه داخراوه، له‌و دۆخه‌دا ماوه‌ته‌وه كه له سه‌رده‌می خۆیدا بڕوا كرز بووه به لۆجیك و زانست، ئه‌وكاته‌ى پهیكهرییان ته‌نیا بۆ په‌رستن قبووڵ ده‌كرد، ئێسته‌یش به‌هه‌مان مانا ته‌ماشاى هونه‌ر و لیریك و رۆمانسیی ده‌كه‌ن، نه‌ك وه‌ك كرده‌یه‌كى هونه‌رى له په‌رستگه و مۆزه‌خانه‌كان به‌هاى مێژووییان وه‌رگرتووه، یان ئه‌وه‌ى پێشتریش شانۆ ته‌نیا بۆ نوێكردنه‌وه‌ى سرووتى خوداپهرستى قبووڵ ده‌كرا، یان هه‌ڵواسینى تابلۆ ته‌نیا وه‌ك راگرتنى خه‌یاڵى ئینسان قبووڵ ده‌كرا نه‌ك خه‌یاڵى پشت ئاین و خوداكانى په‌رستگه، بۆیه ئه‌م تێگه‌یشتنه سووكایه‌تى به ئامانجه‌كانى مرۆڤ ده‌كات كه هه‌موو ئاینه‌كان به‌و مێژووه‌دا قۆناغیان بینیوه و په‌شیمانیش بوونه‌ته‌وه.
من لێره‌وه كێشه‌كه ده‌بینم، چونكه ئامانجى ئه‌م تێگه‌یشتنه ئه‌وه‌یه مرۆڤ به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ گوناهێكى كردبێت، به‌پێى چالاكییه‌كانى گوناهبار ده‌كرێ، له كاتێكدا پێوه‌ندیى جه‌وهه‌رى نێوان ئاین و هونه‌ر، له‌وێدا كۆ بووه‌ته‌وه كه هونه‌ر سیستمى مرۆڤی له به‌رجه‌سته‌كردندا ده‌بینێته‌وه، له به‌رانبه‌ردا ئاین به دیارده‌یه‌كى خودایى ده‌یبینن و رێیهكیان نه‌هێشتووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى دانه‌به‌زێته ئاستى پێوه‌ره‌كانى به‌شه‌ر. وه‌ك ده‌بینین تێڕوانینى ئیسلامى به‌رانبه‌ر داهێنانى ئه‌ده‌بى و به‌تایبه‌تیش ده‌قى شیعرى، له زۆربه‌ى ئایه‌ته قورئانییه‌كاندا كارپێكراوه، بۆیه به فۆتۆكردنى جه‌سته له تێكستدا حه‌رام كراوه له وڵاتانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى گوتارى ئاینى ئیسلام، هه‌ڵوێستێكى نه‌رێنییه ده‌رهه‌ق به هونه‌رى نووسین و فۆتۆ.
هۆى بنه‌ڕه‌تى بۆ قبووڵنهكردنى هونه‌ر له‌لایه‌ن پیاوانى ئاینییه‌وه كه دیكتاتۆریهتێكى شه‌رعى رۆحییه، بۆ ئه‌و ترسه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ده‌بێته دیكیۆمێنت به‌سه‌ر به‌شدارانى شه‌یتانه‌وه ده‌رهه‌قه به گوناهه‌كانى ئینسان، لێره‌وه بیرۆكه‌ى به‌رجه‌سته‌كردنى هه‌سته‌كانى مرۆڤ وه‌ك نهبینراوێك، به‌دواى سهرچاوهكهیدا ده‌گه‌ڕێت كه سه‌ده‌هایه چاره‌سه‌رى بۆ نه‌كراوه، ئه‌مه وه‌ك عه‌یبێك ته‌ماشا كراوه كه شانۆ و تابلۆ و په‌یكه‌ر و ته‌نانه‌ت موزیكیش، دژایه‌تییه‌كى ناڕاسته‌وخۆى سیستمى په‌رستگه‌یه، به‌و مانایه‌ى په‌رستگه وه‌ك خاوه‌ن ئیدیۆلۆجیایهكى نه‌گۆڕ و بێ خه‌وش و بێگه‌رده، پڕوپاگهندهكهیش ئه‌وه‌یه هونه‌ره كێشه بۆ مرۆڤ ده‌خوڵقێنێ، نه‌ك ئاین و موژدهبهخشهكانى ناو ئاین، هه‌ر ئه‌مه‌یه رێى له گه‌شه‌سه‌ندنى هونه‌ر و داهێنان و دیالیكتیكى ئه‌ده‌بى گرتووه له دنیاى عه‌ره‌بیدا.
پرسیارى بێ وه‌ڵامى به‌رده‌م دیكتاتۆریه‌تى رۆحى، لێره‌وه‌یه نادیده‌گرتنى جوانى و چێژوه‌رگرتن له هه‌ست و ئایكۆنه ئیستاتیكییهكانى ئینسانه كه له ئه‌نجامى چالاكییه‌وه به‌رهه‌م هاتووه، له جه‌وهه‌رى ئایندا نییه كه له تێكسته‌كاندا باسى ده‌كات، بۆیه وه‌ك حه‌رام نه‌فره‌تى لێ كراوه، ئه‌م هه‌وڵه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نه‌بێ، ده‌توانێ له‌رێى قه‌ناعه‌ت پێكردنى مرۆڤه ساده‌كان، جوانبینییهكان دوور بخاته‌وه له بایه‌خی هونه‌ر، له كاتێكدا هونه‌ر ته‌نیا نیازى وێناكردنه‌وه‌ى واقیعییانه‌ى فكرى لاهووتی هه‌یه نه‌ك دژایه‌تیكردنى، خۆ ئه‌گه‌ر هونه‌ر نه‌بووایه دیزانى ته‌لارسازى په‌رستگه‌كان ئه‌و ریاڵێتییهى وه‌رنه‌ده‌گرت كه ئێسته پێى گه‌یشتووه، تێكسته‌كان ئه‌و چاپه‌یان به‌خۆیانه‌وه نهدهبینیى كه ئێسته تێكه‌ڵ به ئه‌لیكترۆنیی و داتاى نوێى میكانیكى بووه.
ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ى گه‌یاندن نه‌بووایه وه‌ك ئینته‌رنێت و ته‌له‌ڤزیۆن و رادیۆ و هتد، خه‌ڵك به‌گشتى بێ‌ئاگا ده‌بوون له هه‌واڵى نوێ، كه‌واته ئه‌م بازنه ئایدیۆلۆجییه چییه سنوورى بۆ تێگه‌یشتنى خه‌ڵك داناوه و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه رێى داوه خه‌ڵك له زانكۆكان زانست بخوێنن كه هونه‌رى لۆجیكییه به‌ر له‌وه‌ى زانستى وشك بێت، گفتوگۆى ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و پنته وه‌ستاوه كه مادام هونه‌ر به‌رانبه‌ر هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانه، ناكرێ فشار له‌سه‌ر خه‌ڵك دابنرێت ببن به هێزێك دژى چالاكییه‌كانى خۆیان و ببن به دیكتاتۆریه‌تى رۆحى.