سمكۆ محه‌مه‌د
هه‌موو ئه‌و خه‌تایانه‌ى له بارى سۆسیۆلۆجییه‌وه بگره تا ده‌گاته پرسى ئه‌خلاق ده‌رهه‌ق به ژن، دژ به‌ماناى ژیانه نه‌ك به ته‌نیا ژنان، كوشتنیشیان كوشتنى به‌شێكى زۆره له فه‌زاى ژیان، چونكه هۆكارى مانه‌وه‌ى ئه‌و فه‌زا داخراوه نین كه كۆمه‌ڵگه تێیدا ده‌ژى، ئه‌وان هۆكارى ئه‌و جه‌هل و دواكه‌وتنه نین كه به‌شانازییه‌وه قبووڵیان كردووه ببن به كاڵا‌و پله دووى كۆمه‌ڵگه.
له‌باره‌ی نه‌بوونى فه‌رهه‌نگ و رۆشنبیرى، له بوونى كتێبه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌م له ماڵه‌كان، ئه‌م ره‌خنه‌یه له كۆمه‌ڵگه، به‌ماناى پێشكه‌وتن و رادیكاڵیزمى شۆڕشگێڕى نییه كه له‌باره‌ى ژنانه‌وه ده‌نووسم، یان به‌رگرى له ژن بكه‌م گوایه ئه‌وان دوژمنى كتێبن، بۆیه ئه‌و پیاوانه‌ى ماڵه‌كه‌یان كتێبخانه‌ى تێدایه، واته ئاژاوه‌ى تێدایه، نه‌بوونى فه‌رهه‌نگى كتێب را‌گرتن و خوێندنه‌وه‌ى له ماڵه‌وه له‌لایه‌ن ژنانه‌وه، نه‌بوونى فه‌رهه‌نگه كه پیاوان رێگرین.
ئه‌م فه‌زا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى كوردستان تێیدا ده‌ژى، جگه له فه‌رهه‌نگى پێشكه‌وتووخوازى، هیچى مانایه‌كى تر‌ى نییه، هه‌ندێك جار بگره تۆمه‌ت و تاوانیشه ئه‌گه‌ر به‌ژێرزاریشه‌وه بنووسین، گوایه ژنان قینیان له كتێب و بوونى كتێبى زۆره له ماڵه‌وه، چونكه جێ و رێى بێ سوودیان داگیر كردووه، له‌برى ئه‌وه قاپ و قاجاخ و پێداویستى ماڵ به باشتر ده‌زانن، له كاتێكدا پیاوان خۆیان ئه‌و دۆسته‌ى كتێب نین، ئه‌گه‌ر وه‌هاش بێت ته‌نیا فۆڕمى فه‌رهه‌نگییه و هیچى تر، ئه‌گه‌رنا بۆچى له كرده‌وه و ره‌فتارى رۆژانه‌دا ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه؟ ئاخر هیچ مانایه‌كى نییه ژن به به‌رد تێگه‌یشتبین، یان پیاو ئه‌وه‌نده به كراوه بزانین ده‌رهه‌ق به فه‌رهه‌نگ و ژنیش دژ به‌و فه‌رهه‌نگه رادیكاڵیزمه، له كاتێكدا من پێم وایه كۆمه‌ڵگه به‌گشتى پێویستى به‌فه‌رهه‌نگ و پێشكه‌وتنه، نه‌ك ته‌نیا ژنان، بۆیه به‌تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى ژنان قینیان له كتێبه، ماڵى كوردى خاڵییه له كتێبخانه.
بۆ نموونه من نه‌مزانیوه رۆژێك له رۆژان باسى جه‌وهه‌رى كتێبم له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ى خۆم كردبێت و ئه‌ویش به رژدی گوێى له‌و گفتوگۆیه گرتبێت، یان بۆ نموونه ئه‌گه‌ر به نهێنیش بێت زانیبێتم ئه‌و دژى بوونى كتێبه‌كانى من بێت له ژوورێكى ماڵه‌كه‌مان، خۆ ئه‌مه له كاتێكدا كتێبه‌كانى من نه‌ك رۆمانسى و بێ ناوه‌ڕۆكى فه‌رهه‌نگین، بگره زۆر فه‌رهه‌نگى و فه‌لسه‌فین كه زۆرجار خۆم به‌ته‌واوه‌تى لێیان تێنه‌گه‌یشتووم و بۆ جارێكى تر خوێندوومنه‌وه، یان پرسیارم له‌باره‌یانه‌وه كردووه تا تێگه‌یشتووم، ئه‌ى بۆچى رۆژانه گوێم له‌و تۆمه‌ته ده‌بێته‌وه، ره‌نگه هه‌ندێك جار ژنانیش به نائاگایى حه‌زیان له به‌كارهێنانى سیاقێكى وه‌ها بێت ده‌رهه‌قیان، له كاتێكدا ئه‌مه دژ به مافه بنچینه‌ییه‌كانیانه، گوایه له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا حه‌زیان له ئێكسسواراتى رۆمانسى ژیانه كه ئه‌مه مافى خۆیانه، یان به‌مانایه‌كى تر باشتره بڵێین ئه‌گه‌ر ژنى كورد وه‌هابێت، هه‌قه پیاوه‌كان سوپاسیان بكه‌ن كه ئه‌وان به‌ده‌ورى مافه رۆمانسییه‌كانه‌وه‌ن بۆ ژیان كه راستییه‌كه‌ی وانییه، چونكه ئه‌گه‌ر وابوایه، پێویست بوو پیاوه‌كان به‌هه‌موو زبربوونى خۆیانه‌وه سوپاسیان بكه‌ن، گوایه ئه‌وان وه‌ك ره‌گه‌زێكى جیاواز له‌گه‌ڵ پیاو جیاوازییان هه‌یه، چونكه به راستى وه‌ها نین.
به‌پێچه‌وانه‌وه زۆر وشك و بێ فه‌رهه‌نگى رۆمانسی ژیانن و زۆر جاریش پیاوان له دژى ئه‌م ره‌فتاره‌یان زیانى مادى و رۆحیش ده‌كه‌ن، ره‌نگه زۆرجار مافى غه‌ریزه‌یی پیاو ناده‌ن كه ئه‌مه گلله‌یى پیاوانه، راستییه‌كه‌ی ئه‌وان ترسێنراو یان وشك كران به چه‌مكى ئه‌خلاق، بۆیه زۆرجار پیاوان چاو له‌ده‌رن یان ژنى دووه‌م دێنن كه ئه‌مه هه‌مووى بوختانه ده‌رهه‌ق به ژنان.
زۆرجار ئه‌و موناقه‌شه‌یه‌م خستووه‌ته به‌رده‌م خوێنه‌ر و ته‌نانه‌ت ژنانى خوێنه‌واریش، كه پرسى ژنان پرسى كۆمه‌ڵگه‌یه نه‌ك به ته‌نیا ژنان، چونكه گرێیه‌كى سۆسیۆلۆجى نییه ته‌نیا پێوه‌ندیى به ژنه‌وه هه‌بێت و پیاوه‌كان به مێرد و باوك و برا و خاڵ و مام هتد، پێوه‌ندییان پێوه‌ى نه‌بێت، بۆیه ناكرێ باسى ژن بكرێت به ئه‌بستراك وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ته‌نیا، كه‌وابوو ئه‌م واقیعه وشك و تاڵه‌ى كورد له‌رووى سۆسیۆلۆجییه‌وه تێیدا ده‌ژى، پێوه‌ندیى به ترادیشنى كۆمه‌ڵگه و ئاینى زاڵه‌وه هه‌یه.
خۆ ئه‌گه‌ر ژنان به‌و جۆره‌ش بن كه پیاو باسیان ده‌كه‌ن وه‌ك ره‌گه‌زێكى جیاواز و دژ، ئه‌ى سه‌وداكردن پێیانه‌وه، یان گرانكردنیان وه‌ك كاڵا و گرانبوونى كه‌ره‌سته‌ى بازاڕ وه‌ك زێڕ و خشڵ، له ئاستى به‌رزتر له مێشك و ویستى ئه‌وان نییه، ئه‌ى بۆچى ئه‌وان تواناى هه‌ڵبژاردنى راسته‌وخۆى ژیانیان نییه به ده‌نگێكى بڵند بانگه‌واز بكه‌ن، ئه‌ى بۆچى ئه‌و حه‌شاماته ژنه به كچ و قه‌یره و بێوه‌ژنه‌وه زۆر زیاترن له پیاو و چاره‌سه‌ریشیان بۆ ناكرێ؟ بۆیه ئه‌م هاوكێشه‌یه به‌لاى ئه‌واندا ده‌شكێته‌وه به رووه نه‌رێنییه‌كه‌ى، ده‌نا خۆ تاوانه خوێناوییه‌كان له ده‌ستى پیاون نه‌ك ژنان، ئه‌گه‌ر به‌شێكى بچووكى پێوه‌ندیى به‌وانه‌وه هه‌بێت، دیسان ئه‌مه گرێدراوى ترادیشنێكى سه‌پێنراوه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا.
لێره‌وه كێشه‌ى جێنده‌رى سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌گه‌ر ژنان توند و بێ ویژدانیش بن ده‌رهه‌ق به ویستى پیاو یان فه‌رهه‌نگى رادیكاڵى، كه‌وابوو ئه‌وه بیانوویه‌كه بۆ شانخاڵیكردن له فه‌رهه‌نگ و رۆشنبیرى گوایه ژنان قینیان له كتێبه و حه‌زیان له ئیكسسواراته، بوختانى له‌م شێوه‌یه بۆ هیچ ره‌گه‌زێك به قازانج ناشكێته‌وه، ئه‌وان خۆیان بوون به كاڵایه‌ك كه وێنه‌یه‌كى وه‌ها وه‌ربگرن، قبووڵكردنیشیان له‌و ئاسته‌دا ئه‌وه ده‌ره‌نجامه‌كه‌یه‌تى كه رۆژانه ده‌بینیین ژن ده‌كوژرێت و بكوژه‌كه به خاوه‌ن شه‌ره‌ف له قه‌ڵه‌م ده‌درێن، ئایا ئه‌مه‌ش هه‌ر خه‌تاى ژنه؟.