جیاوازی ئه‌و چه‌مكه‌ی كه هیچ تاك و گرووپێكی سیاسی و رۆشنبیری نییه باسی لێوه نه‌كات، به‌ڵام چونكه به‌بێ تێگه‌یشتنێكی ته‌واو خزاونه‌ته ناو ئه‌ده‌بیاتی نووسین و مۆدێلی موناقه‌شه‌ی فكری و سیاسی، له كرده‌نیدا تا ئه‌و جێیه بڕی كردووه كه به سوودی گرووپ یان ئایدۆلۆجیایه‌كی سیاسی كه‌وتووه‌ته‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه و سنووره دیاریكراوانه، هیچ به‌هایه‌ك بۆ جیاوازی و بۆچوونی ئه‌وی تری سه‌ربه‌خۆ دانانرێت.
بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر كێبه‌ركێ و موناقه‌شه‌یه‌ك له نێوان دوو كه‌سی سه‌ربه ئایدۆلۆجیای جیاواز هاته پێشه‌وه، كه‌سی سێیه‌م بۆچوونێكی جیاواز له‌و دوو بۆچوونه‌ی هه‌بوو، یان به‌پێی بیركردنه‌وه و ئاراسته فكرییه‌كانی ئه‌وان موناقه‌شه‌ی نه‌كرد، ئیتر یان ئه‌وه‌تا پشتی تێده‌كرێت، یاخۆ به‌هه‌ردوو بۆچوونه جیاوازهكهوه هێرشی ده‌كرێته سه‌ر. ئه‌مه چه‌ند جار به‌سه‌ر خۆمدا هاتووه و كێشه‌ی بۆ دروست كردووم، یان پێیان گوتووم رۆشنبیری كلاسیكی، یان ئه‌وه‌تا تۆمه‌تیان بۆ هه‌ڵبه‌ستووم، ئه‌مه له كاتێكدا ده‌می هه‌ر كه‌سێكی ئایدۆلۆجی یان لیبراڵی یاخۆ مه‌زه‌وی یا نه‌ته‌وه‌یی بكه‌یته‌وه، بڕوای به‌جیاوازی بیروبۆچوون هه‌یه.
ئێسته مۆدێلێك له موناقه‌شه دروست بووه له‌باره‌ی سیاسه‌ت، نه‌ك هه‌ر نالۆجیكی و بێ بناغه‌یه، به‌ڵكو هیچ بنه‌مایه‌كی فكری تێدا نییه, ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ كه كۆمه‌ڵێك چه‌مك و زاراوه‌ی سیاسی و فكری فێر بوون و ماناكه‌یشی به‌ته‌واوه‌تی نادرێ به‌ده‌سته‌وه, ته‌نانه‌ت له زۆر كاتدا سه‌رچاوه‌ی ئه‌و چه‌مك و زاراوه سیاسی و فكرییانهیش به‌هه‌ڵه به‌كار ده‌هێنن و هاتووشنهته ناو دنیای رۆشنبیری و سیاسی كوردی، ئه‌م مه‌هزه‌له به‌ناو رۆشنبیرییه نه‌ك هه‌ر جیاوازی كوشتووه، به‌ڵكو توندوتیژیشی به‌رهه‌م هێناوه، چونكه به سوودی ئایدیایه‌كی دیاریكراو ته‌واو ده‌بێ.
من له پشت ئه‌م جیاوازی كوشتنه‌وه چه‌ند هۆكارێك ده‌بینم، یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌م دووڕووییه به‌شێكی زۆری پێوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌ژاره له‌ڕووی فكرییه‌وه، به‌شێكی تری ئه‌وه‌یه كورد هه‌میشه له په‌راوێزی فه‌رهه‌نگی گه‌لانه‌وه موماره‌سه‌ی ژیانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی كردووه، به‌شێكی تری پێوه‌ندیی به‌وه هه‌یه كه ده‌سته‌بژێرێكی سیاسی و رۆشنبیری هه‌ن، ئه‌و كه‌سانه هان ده‌ده‌ن كه به‌ناوی به‌رگری له گرووپ و حزب و ئایدۆلۆجیایه‌ك، هه‌م به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بپارێزن، هه‌م خه‌ڵك دهسهنهخواری ئه‌وان بێت، هه‌م هۆشیار نه‌بنه‌وه له كێشه‌كان.
ئه‌م مۆدێله له به‌كارهێنانی جیاوازی، هێنده‌ی كاریگه‌ری نه‌رێنی به‌سه‌ر سایكۆلۆجیای تاكه‌كانه‌وه جێهێشتووه، ئیتر هه‌ر له ستایلی قسه‌كردن و گفتوگۆی یه‌كتره‌وه، بگره تا ده‌گاته شێوه‌ی ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی رۆژانه له هه‌موو بواره‌كاندا، هێنده قبووڵ نه‌كراوه.
هۆكارێكی تر ئه‌وه‌یه تا ئێسته كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ناوه‌ندی رۆشنبیریشه‌وه، نه‌ك هه‌ر هه‌وڵی نه‌داوه ره‌خنه بكاته كولتوور، بگره ره‌خنه‌ی وه‌ك چه‌مك و پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌رێنی و دژ و وه‌ك كرده‌یه‌كی دوژمنكارانهیش ته‌ماشا ده‌كات، له حاڵێكدا كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌ندروست ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه كه جیاوازی و فره‌یی له كولتوور و ئاین و بیروبۆچوونی تێدابێت، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه كه گوتارێكی ئاینی و كولتووری زاڵ نه‌كات به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا، فه‌زڵی هیچ شارێك نه‌كات به‌سه‌ر شارێكی تردا، شێوه‌زاری هچ شارێك زاڵ نه‌كات به‌سه‌ر ئه‌ویتردا، كه‌چی هه‌موو ئه‌مانه زه‌قترین دیارده‌ن كه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا به‌ئاشكرا ده‌بینرێ.
مه‌ترسیترین حاڵه‌تی جیاوازی كوشتن ئه‌وه‌یه كه به ده‌گمه‌ن كه‌سێكی رۆشنبیر ده‌بینی بۆچوون و ره‌خنه‌ی بهرانبهركهی قبووڵ بكات، ئه‌گه‌ر به زاره‌كیش بێت، كه‌چی زۆرترین موناقه‌شه له‌سه‌ر تیۆر و چه‌مكه فكرییه‌كان ده‌كرێت. به‌ده‌گمه‌ن كه‌سێكی ئیماندار ده‌بینی ئاینی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی قبووڵ بكات و رێز له سرووت و پیرۆزییه‌كانی بگرێت، كه‌چی هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوایه ئیماندارن باس له فره‌یی كولتوور و ئاین و خواپه‌رستی ده‌كه‌ن. به‌ده‌گمه‌ن ههڵوسووڕاوێكی رێكخراوه‌كانی به‌ناو كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ده‌بینی تاكگه‌رایی قبوڵ بێت، له حاڵێكدا كرۆكی چه‌مكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، ئازادی تاكه. به‌ده‌گمه‌ن خه‌ڵكی شارێكی كوردستان ده‌بینی رێز له كولتوور و شێوه‌زاری شارێك بگرێت، كه‌چی زۆرترین قسه له‌سه‌ر كوردبوون و كوردستانیبوون ده‌كرێت.
ئه‌م دۆخه سایكۆلۆجییه كه یه‌كێكه له گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، دۆخێكی هێنده ناسروشتییه تا ئه‌و ئاسته‌ی كه وێنه‌یه‌كی نه‌شازی به‌خشیوه به‌و چاو‌دێر و رۆژنامه‌نووسانه‌ی سه‌ردانی كوردستان ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌ی زۆر جار له دیمانه‌ی بیانییه‌كاندا رووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره ده‌بینه‌وه كه جێی شه‌رمه بۆی خه‌ڵكی كوردستان یه‌كتر قبووڵ ناكه‌ن، ئیتر هه‌ر پاساو و بیانوویه‌ك مانایه‌كی نییه، جگه له‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ڕووی هۆشیارییه‌وه هه‌ژاره و هیچی تر، جیاوازی و ئه‌ویتریش نه‌ك هه‌ر جێیه‌كی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه، بگره له‌ناو میدیاكانیشدا، بوارێك بۆ ئه‌و كه‌سانه نییه كه له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی بیركردنه‌وه‌ی باو و به‌زۆر سه‌پاو و جیاواز بیر ده‌كاته‌وه.
ئه‌م دۆخه له كاتێكدا به‌ڕێوه ده‌چێت كه هه‌ر له رۆشنبیری ئۆرگانییه‌وه بگره تا كه‌سانی حزبی و كه‌سانی عه‌وامیش، باسی ئازادی و دیموكراسی و جیاوازی و ئه‌وانی تر ده‌كه‌ن.