‏لە قەیرانەوە بۆ سەرکەوتن

AM:11:38:18/09/2020 ‌
‏ھەرچی خراپی رابردووی حوکمرانیە لە هەرێمی کوردستان، وەک میراتی بۆ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران ماوەتەوە، هەندێک بە مەبەست خۆیان لەم راستییە دەشارنەوە و بە ترشوخوێوە زۆربەی گلەیی و تیرەکانیان روو لەو کەسایەتییە دەکەن، چونکە پیاوێکی تەکنوکرات و پشوودرێژە، بەڵام ئەو لەبری کاردانەوە و هەڵچوون، شانی داوەتە بەر کەموکورییەکان و بە ھێمنی خەریکی چارەسەرکردنیانە.

 مەسرور بارزانی ئەزمونێکی دەوڵەمەند و لێزانانەی لە ململانێی سیاسیدا ھەیە و تاقیکردنەوەی لە بەرپرسیارێتی و پێگەی دبلۆماسیدا لە رابردووی وەک کەسێکی پشوودرێژ وێنای دەکەن، ئەوەش پێمان دەڵێ لە بەرپرسیارێتیدا جوان بیر دەکاتەوە و کاری بنەمایی دەکات نەک رووکەش و میدیایی، کەواتە بەشێکی گرنگی کەسایەتیی سەرۆکی حکوومەتی کوردستان ئەوەیە ک کەسایەتییەکی پتەو و جێگیری ھەیە و مێژووی سیاسیی ئەو هی سەرکردەیەکی سەنگینی لێهاتووە، ئەوەش نیشانی دەدا کە لە ژیانی سیاسی و بەرپرسیارێتییەکانی بەرانبەر کوردستان هەرچەند دۆخەکان سەختیش بووبن، تێیپەڕاندووە و ئاسۆی داهاتووی رووناک کردووەتەوە، بۆیە ئەم قۆناغەی پەتا و گەمارۆدانی دارایی کوردستانیش لەلایەن نەیارانەوە، بە لێهاتوویی ئەو تێدەپەڕێت و داهاتووی باشمان لە پێشە.

ئێستە کاری سەرەکی ئەو جمووجوڵە بە ئاراستەی دەربازبوون بۆ قوناغیکی نوێ و هەولدان بۆ چارەسەری کێشە ناوخوییەکانی هەریم و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ ناو پێوەندی هەموو هێز و لایەنە سیاسیی و داراییەکان کارکردن بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.

هاوکات لەگەڵیدا لە رووی دبلۆماسییەوە کار دەکات بۆ گەراندنەوەی هەرێم بۆ ریزی شایستەی خۆی بەرانبەر وڵاتانی هەرێمی و هاوسەنگڕاگرتنی پێوەندییەکان، بە بەهێزکردنی پێگەی هەرێمەکەی.

هەر لەو متمانە گەڕاندنەوە بۆ پێگەی کوردستان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاریگەریی خۆی بەگەڕ خستووە بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێمەکەی بە دامەزراندنی کارگەی بنیاتنەر و سوودوەرگرتن لە بەروبوومی ناوخۆیی و راکێشانی وەبەرهێنەر و کۆمپانیای بیانی بەرەو کوردستان، ئەوانە بێگومان سیاسیی زۆر بەتوانای دەویست ئەگینا کوردستان بەرگەی ئەو قەیرانانەی نەدەگرت کە ئێستە خەریکە تێدەپەڕن و بەخێر بۆ داهاتووی نەوەکانمان دەشکێنەوە. چونکە لە مێژە گوتراوە ئەگەر بنیاتنەر بیت، قەیران دەرفەتە بۆ هەستانەوەیەکی باشتر. ئەو هەنگاوانەش هەموویان پێوەندارن بە ژیان، بەڵام رەنگە درەنگتر ئەنجامەکانیان دەرکەوێت، بەهۆی ئەوەی کارەکان بنەمایین نەک رووکەش.

‏لەو زانیارییانەوە روون دەبێتەوە کە ئەرکی مەسرور بارزانی زۆر قورسە، بەڵام چونکە بە بەرنامە کار دەکات و ھەنگاوەکانی پتەو و تۆکمەن، هەرچەندە زۆر زوو دژایەتی بۆ دروست بوو کە هەندێک لایەن و گرووپ دڵنیابوون بە راستگۆیی هەوڵی دروستکردنی داودەزگا دەدات، بەڵام ئەم بێ کاردانەوەی نابەجێ خەریکی راستکردنەوەی وڵات و تێپەڕاندنی قەیرانەکان بوو، بۆیە لە دەستپێکی کابینەکەیەوە تا ئێستە لە ھەوڵەکانی سەرکەوتوو بووە. 

رووبەڕووبوونەوەی هەموو تەحدیاتەکان و ئیدارەدانی قەیرانی جۆراوجۆر و هاوکات، بەرچاوڕوونیی تەواو دەدات بەوەی داهاتوو باشترە و کوردستان دەبووژێتەوە.