کازمییشمان لێ مەکەن بە دیکتاتۆر

ناوە ناوە دەبینین لە پەیج و گرووپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت لە هەژماری تایبەتیی هاوڵاتییانی خۆمانەوە بە شان و باڵی هەندێ سیاسی هەڵدەدرێت، بۆ نموونە مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ماوەیەك لەمەوبەر ڕاپرسییەک لە یەکێك لە گرووپەکانی فەیسبووك ئەنجام درابوو کە تیایدا پرسیاری ئەوە کرابوو، ئایا لە داهاتوودا دەنگ بە مستەفا کازمی دەدەیت ئەگەر لیستی لە کوردستاندا هەبێت؟.

رێژەی زۆری بەشداربووانی راپرسییەکە دەنگیان بە "بەڵێ" دابوو، بەشکێکیشیان لە کۆمێنت باسی گەورەیی، زیرەکی، لێهاتوویی و ئازایی کازمییان کردبوو، بەبێ ئەوەی بزانن لیستی دەبێت یان نابێت، بەرنامەی چییە، چۆن بیردەکاتەوە، لەوانەشە هەندێکیان هەر گوێیان لە دەنگی نەبووبێت.

هەروەها چەند گرووپێك دانراوە بەناوی پشتیوانانی کازمی و کارەکانی مستەفا کازمی و لایەنگرانی مستەفا کازمی..هتد.

ئەم گەورەکردنە بۆی هەیە بە پێی بەرنامە کرابێت، لەوانەیە ئەو کەسانەی پەیج و گرووپەکان دادەنێن بەشێك بن لە لەشکری ئەلیکترۆنیی کەسێك، بەڵام ئەوانەی کە لایکی ئەو پۆستانە دەکەن و کۆمێنتی بۆ دەنووسن و پشتگیری دەکەن کەسانی ئاسایین.

ئەم هەنگاوەی کە سەرەتاکانی دەبینین لەوانەیە رێخۆشکەر بێت بۆ دروستکردنی دیکتاتۆرێکی نوێ.

ئاشکرایە کە سەرەتای هەموو دیکتاتۆرەکان هەر بەو شێوەیە بووە، لە سەرەتادا بە هەنگاوی بچووك دەستی پێ کردووە.

ئەم هەنگاوە بچووکانەش لە بیروڕاکانی سەردەمی نەزانی دەچن، چۆن لەو سەردەمەدا خەڵکی بە دەستی خۆیان بتێکیان لە قوڕ یان لە دار یان لە هەر کانزایەكی تر دروست دەکرد و پاشان دەیانپەرست، ئێستەش بیرۆکەکە بە هەمان شێوەیە  تەنها لە هەندی ڕووەوە گۆڕاوە، خەڵکی لە بری ئەوەی بە دەستی خۆیان بتەکە دروست بکەن تەنیا دەیدۆزنەوە، بتەکەی ئێستە لە دار و بەرد دروست نەکراوە بەڵکو هەر مرۆڤێکی ئاسایییە، ئەوەتا "بۆتەفلیقە" سەرۆکی پێشووی جەزائیر لە زمان و دەست و پێ کەوتبوو و لە هەڵبژاردنیش سەرکەوتنی بەدەست هێنا، ئاخۆ ئەوە بت نییە؟.

ئێستەش خەڵکی بەکرێگیراو و هەندێکی تری نەزان دەیانەوێت بتێکی ترمان بۆ زیاد بکەن بەبێ ئەوەی هیچ شتێك لەبارەیەوە بزانن.

شایانی باسە، خەڵكی خۆمان دەیان جار هەمان هەڵەیان کردووە، لەکاتێکدا دەبوو پەند لە ئەزموونەکانی ڕابردوودا ببینن.

هیچ دیکتاتۆرێك بە خورسك دیکتاتۆر نەبووە، بگرە زۆریش لە دیکتاتۆرەکان لە سەرەتای حوکمڕانییان شۆڕشگێڕ بوون یان دیکتاتۆر نەبوون، ئەوان تەنیا هەڵگری بیری دیکتاتۆری بوون و خەڵکی هاندەری یەکەمیان بوو بۆ ئەوەی ببنە دیکتاتۆر، ئێمە پێویستیمان بە بتێکی تر نییە.

پێویستە خەڵکی ئەوە بزانن کە لە کۆتاییدا ئەوەی گۆڕانکاری دروست دەکات میللەتە نەك کەسەکان، گەر پاڵپشتی تاکەکان نەبێت هیچ سەرکردەیەك ناتوانێت ببێتە دیکتاتۆر، دڵنیا بن زۆر هەوڵیش هەبووە کەسانێك ببن بە دیکتاتۆر بەڵام هۆشیاری میللەت لەناوی بردوون.

لەم سەردانەی ڕۆژانی رابردووی کازمییش بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان خەڵکێکی هەوڵی جوانکاری ڕووخساری کازمییان دا و موجامەلەیەکی زۆریان کرد و تەنانەت هەندێک کەس پێشوازییان لێی کرد و داواکارییان پێشکەش کرد، وەك بڵێی ئەو گوێ لە داواکاری هەموو تاکێك دەگرێت.

ئەم کارەی کە خەڵکی کردیان هیچ سوودێکی نییە جگە لە زیان، ئێستەش هەندێک کەس لەم کوردستانە چاوەڕێن کازمیی بێت و ڕزگاریان بکات، لە کاتێکدا کازمیی دەسەڵاتی لەناوجەرگەی بەغدادا نییە، سووتاندنی نووسینگەی کەناڵی دیجلەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر لاوازیی دەسەڵاتی کازمی.

تا ئێستە کازمی هیچ دەسکەوتێکی نییە و کارەکانی تەنیا دروشمن، ئێستەش کارەبا و ئاو هەر لە دۆخێکی خراپدایە و خزمەتگوزاریش هەر لە ئاستێکی نزمدایە و میلیشیاکان هەر بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانیان و کوشتنی خۆپیشاندەران بەردەوامە، تەنانەت هیچ بڕە خۆراکێكیش دابەش نەکراوە لە ماوەی چوار پێنج مانگی رابردوودا، هەر تاکێكی کورد پێی وایە بەغدا لە هەولێر باشترە، با سەردانێکی شاری بەغدا بکات کە سێ بەشی تەنها خۆڵ و خاشاك و سکراب و پیسییە.

ئەو سەرکردەیەی نەتوانێت پایتەختی حوکمڕانیی خۆی بە پاکی رابگرێت، چاوەڕێی هیچی لێ ناکرێت بۆ کوردستان.