له‌م ڕۆژانه‌دا كوردستان سه‌رقاڵه به بابه‌تی پیاهه‌ڵپژانی سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتاری كۆنه توندڕۆی ئیسلامیی سیاسیی، به كارمه‌ندانی بازگه‌ی "پردێ"دا. ئه‌وه وه‌ك هه‌ر دۆخێكی تری له‌ناكاو كه له وڵاتمان روو ده‌دات، چاو‌دێر و قسه‌كه‌رانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر دوو بۆچوونی هاوسۆز بۆ رووداوه‌كه و دژ به رووداوه‌كه. به‌ڵام هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه پێوه‌ندی به ناجێگیری حوكمی یاساوه هه‌یه كه تا توند بێ هێشتا كه‌مه.
توند به‌و مانایه‌ی یاسا كه‌لێن نه‌هێڵێته‌وه بۆ ده‌ستوه‌ردان و قسه‌ی ناشایسته، هاوكات ده‌ست نه‌پارێزێ له هیچ كه‌س و لایه‌نێك له كاتی سزادا. به‌و پێیه‌ی كه‌سێكی وه‌ك په‌رله‌مانتاره كۆنه توندڕۆكه له بۆشایی یاسایییه‌وه، ده‌بێت به پاڵه‌وانی شاشه و پێشبڕكێی سووككردنی وڵاتی پێ ده‌كرێ له شاشه‌كانه‌وه، ئه‌گه‌ر نا ئه‌مه له‌كاتی خۆیدا حوكم بدرایه به‌هۆی سه‌رپێچییه زۆره‌كانی، ئێسته به موحته‌ره‌می ده‌چووه به‌رده‌م بازگه‌كان و رێگه‌ی ده‌دا ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بێته پشكنین.
لێره‌وه به ده‌رفه‌تی ده‌زانم ئه‌م رووداوه بۆ داواكردنی حوكمی یاسا بقۆزمه‌وه، تازه دره‌نگه گفتوگۆی ئه‌وه بكه‌ین كه كوردستان ده‌بێ به دیموكراسی یان نابێ. به‌ڵام گرنگه بۆشایی نێوان ئه‌و گفتوگۆیه به یاسا و خاڵ دانان له‌سه‌ر پیته‌كان پڕ بكرێته‌وه له‌كاتی خۆیدا. به‌و پێیه‌ی سۆرانه‌كان زۆرن كه ده‌رفه‌تی وا بۆ خۆده‌رخستن ده‌قۆزنه‌وه و وڵات به مێژووه‌كه‌یه‌وه ناشیرین ده‌كه‌ن.
كوردستان خه‌ریكه له ناوخۆدا له‌ناو ده‌چێ به‌هۆی موجامه‌له و خاترانه، به‌سه ئیتر ناكرێ هه‌ر منداڵێك هه‌ستا سووكایه‌تی به‌هه‌موو به‌هاكانمان بكات و ده‌رفه‌تیشی هه‌بێ له شاشه‌كانه‌وه له‌ژێر ریشیه‌وه تۆمه‌ت ببه‌خشێته‌وه. چونكه ئه‌و دۆخه لووتكه‌ی ئاواته‌كانی هه‌ر ئیسلامییه‌كی سیاسییه كه نائارامی دروست بكات بۆ سووككردنی هه‌موو شته‌كان.
له نێوان گفتوگۆی دیموكراسین یان نا، پێویستمان به پۆلیسی توند هه‌یه حوكم جێبه‌جێ بكات و هه‌ر كه‌س گوتی ئه‌وه ناحه‌قییه، ئه‌ویش قۆڵبه‌ست بكات، به‌ڵام به دادپه‌روه‌ری و له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌یه‌ك یاسا كه هێڵه گشتییه‌كانی یه‌كسانی پاراستبێت و ئه‌و خاڵانه‌یشی ده‌ستنیشان كردبێت كه قه‌ده‌غه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی چیتر كه‌س بوێریی نه‌بێ تانه له پێشمه‌رگه و شه‌هید و ئاڵا و جێبه‌جێكارانی یاسا بدات.
حوكمی یاسا، دادوه‌ر ده‌ستكراوه ده‌كات و حزب و كه‌سایه‌تییه‌كانیش له موجامه‌له ده‌پارێزێ كه دیومانه هه‌ڵاتوو یاخۆ بكوژ به‌هۆی ده‌ستڕۆیشتووی حزبه‌كه‌یه‌وه به ئازادی ده‌سووڕێته‌وه. ئه‌م حاڵه‌ته‌شیان هه‌ر قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و فشاره زۆرانه‌یه كه له‌سه‌ر دادگا و یاسا دروست كراوه به‌و ئامانجه‌ی نه‌توانن كاری خۆیان بكه‌ن و گۆڕه‌پانه‌كه بۆ فه‌وزا به كراوه‌یی بمێنێته‌وه.
له‌م كوردستانه‌ی خۆماندا ناپاك "خائین" گیراوه به‌هۆی گێچه‌ڵی ئۆپۆزسیۆن و هه‌رای شه‌قام، دادگا ناچار بووه سزای نه‌دات، چونكه فشاره‌كان تا لێكهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی وڵاتمان خه‌ست كرابوونه‌وه. له كاتێدا له پێشكه‌وتووترین سیسته‌می حوكمڕانی دنیادا، ناپاكی نیشتمانی سزای قورسی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێ.