پارتی و گۆڕان هێزی سەرەكین

AM:10:21:25/05/2017 ‌

كۆچی دوایی نەشیروان مستەفا، زۆر لێكدانەوە و هەڵوەستەی تازەی خستووەتە گۆڕەپانی كوردستان و هەندێك بۆ بەرژەوەندی بەكاری دێنن و ئەوانی تریش وەك تەماشاكەر ماونەتەوە و چاوەڕوانی داهاتوون. لەم رووداوە كۆمەڵایەتییە سیاسییەدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر ناشیرین دەردەكەوێت و گۆڕان خۆیشی رێكخەرەكەی خراپ بەكار دێنێ و هەندێك رەفتار دەنوێنێ كە وامان لێدەكات بڵێین یان ئەمان بازاڕكاری دەكەن، یان خەڵك هەڵە بووە لە ناسینی رێكخەری گشتیی گۆڕاندا. بەڵام دەركەوتەیەك هەیە كە گرنگە، ئەویش پێداچوونەوەیە بە پێوەندییەكانی پارتی و گۆڕاندا.
یەكێتی دوور لە هەموو نەریتێكی كوردەواری و لە دەرەوەی هەموو ئەتەكێتێكی سیاسیی، لە كاتی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا و دواتر لە رێوڕەسمی ناشتنیدا، هەردوو بۆنەكەی قۆستەوە بۆ سووكایەتیكردن بە سەركردایەتیی گۆڕان و نیو ملیۆن دەنگدەر كە دژ بە گەندەڵییەكانی یەكێتی لە دەوری گۆڕان بوونەتەوە، لەوكاتەی لە هەردوو بەیاننامەكەیدا داوای "یەكگرتنەوەی گۆڕان"ی كرد وەك دیارییەك بۆ رێكخەری كۆچكردوو.
ئەو گوتارانەی یەكێتی بە ئاراستەی گۆڕان لەكاتی ئەو دڵتەنگییە قووڵەدا، رێك ئەو مانایە دەدات بە گۆڕانخوازان كە چیتر ئێوە هیچ نین، پێشتر كە شتێك بوون خۆتان نەبوون و هی نەوشیروان مستەفا بوو، ئەوە ئەویش ماڵئاوایی لێكردن، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ نەتوانەوەتان لەناو بێ ئیرادەیی خۆتاندا وەرنەوە ناو یەكێتی. ئەم گوتارە نەك هاوخەمی نەبوو، بگرە سووكایەتییەكی گەورە بوو لە ماڵی خۆیاندا بە گۆڕان كرا. ئەو نیازەیشیان روون بووەوە كە یەكێتی وەك چوار ساڵە نەیتوانیوە هیچ بڕیارێكی رژد بدات و هەر یاریی كردووە و باڵەكانی فش كردووەتەوە، ئاواش رێككەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان تاكتیكی و فریودان بووە. ئاخر كوردستان هیچ كێشەیەكی نییە جگە لە بێهەڵوێستی و ناڕوونی یەكێتی كە سەری لە هەموو لایەك شێواندووە و خەڵكیش قوربانی یەكەمی ئەم سیاسەتە گاڵتەجاڕانەی حزبە سەوزەكەیە. بۆ هەر كات رەوایە بۆ پرسە و بۆنەی كۆچی دوایی سەركردەیەك، هیچ پاساوێكی نییە كە بەو زمانە روونە بە شوێنكەوتووانی بڵێی ئیتر ئێوە هیچ نین.
نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی ناسیویەتی و خوێندویەتییەوە یاخۆ ئەوانەیشی هەر نەیانزانیوە لەبارەیەوە، تەنیا لە تیڤی بینیویانە، دركیان بەوە كردووە پیاوێك بوو بڕوای بە كۆمەڵێك كەش و فش نەبوو، تا ئاستێك سادە دەژیا، بەڵام گۆڕان بە ناشتنی لە گردی زەرگەتە مێژووەكەی ژیان و تایبەتمەندییە كەسییەكانی ئەویشی ناشیرین كرد، هیچ گومانم نییە ئەو وەسیەتە درۆیە و رێكخەری گۆڕان نەیگوتووە لە گردەكە بمنێژن، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان بۆ مانەوەی خۆیان و داگیركردنی گردەكە، ئەو سەركردەیەیان كرد بە مرۆڤێكی گوماناوی، ئێستە یان ئێمە هەڵە بووین نەوشیروان خاكی نەبوو، یان گۆڕان درۆ دەكات هیچ وەسیەتێك نەكراوە بۆ داگیركردنی ئەو گردە، ئاخر ناشێ نەزانن كە ئەو موڵكایەتی و داگیركارییە بۆ 250 هەزار مەتر زەوی راستەوخۆ گومانی ئەوەی دروست كرد كە گۆڕان هەرگیز خەمی ئۆپۆزسیۆنی نەبووە، بەڵكو خەمی بەشەگەندەڵی و داگیركاری زەوی و موڵكی گشتیی هۆی جیابوونەوە لە یەكێتی بووە. بۆیە گرنگە پێش هەركەس و لایەنێك گۆڕان خۆی رێزی رێكخەرەكەیان بگرێت و رێگە بەو هەلپەرستانەیش نەدا كە بەناوی نەوشیروانەوە حیكایەت دەهۆننەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان وەك كەس نەك حزب و پرسی سیاسیی.
لێرەوە ئەوەی گرنگە، پێداچوونەوەی پارتییە بە پێوەندییەكانی لەگەڵ گۆڕان، بەو پێیەی پارتی گرێ مێژوویییەكەی كرایەوە و ئەو ململانێ درێژخایەنەی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا هەیبوو كە تا ئاستێكی زۆر ئاسایی بوو بۆ دوو روانگەی سیاسیی جیاواز، بڕایەوە. پێم وایە پێشتر پارتی حەزی دەكرد گۆڕان و یەكێتی یەك بگرن بۆ ئەوەی نەوشیروان مستەفا ببێت بە كەسی بڕیاردەری سلێمانی، بەو پێیەی پارتی چوار ساڵە كێشەی ئەوەی هەیە نازانێ روو لە كێ بكات لەو دەڤەرە و ناو یەكێتیش، ئاخر هەمووی خۆی بە خاوەن بڕیار دەزانێت و كەسیش هیچ نییە. 
مادام یەكیان نەگرت و نەوشیروان كۆچی دوایی كرد، دەكرێ لە لاپەڕەیەكی نوێدا پارتی و گۆڕان پێداچوونەوە بكەن و لەسەر بنەمایەكی باشتر و بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی رابردوو بكەونەوە گفتوگۆ، ئەمە زۆر گرنگە بۆ كوردستان بە تایبەت هەردوولا یەكێتی دەناسن و دڵنیان هیچ بڕیارێكی پێ نادرێت و تەنیا كات دەكوژێ، ئومێد هەڵچنین لەسەر روونبوونەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك دانیشتنە بە دیار هێلكەی پیسەوە. هاوكات یەكێتی هێشتا هێزێكی جێگیر نییە و لە هەر ساتێكدا جیابوونەوەی تر لێی چاوەڕوان كراوە. لە رووی جەماوەریشەوە هەرگیز یەكێتی ناتوانێ لە هیچ بۆنەیەكدا هێندەی پرسەكەی نەوشیروان مستەفا خەڵك كۆ بكاتەوە.
پارتی لەم دۆخەدا باشترین دەركەوتنی ئەوەیە وەك باوكێكی میهرەبان لە دڵتەنگی گۆڕان تێبگات و یارمەتی بدات و هەر ئەوەیشی لێ چاوەڕوان دەكرێ، گۆڕانیش دەبێت تێگەیشتبێ كە سیاسەتكردن لە كوردستان، یانی گونجان لەگەڵ پارتی و سەرەڕۆیی لەگەڵ ئەو هێزە هیچ ئەنجامێك نادات بە دەستەوە. لەم دۆخەدا گرنگە بە ئەزمونەكان قسەكەری گۆڕان بن نەك موراهیقەكان، چونكە ئەمانەی دووەم لەپێناو دیمانەیەكی تیڤی ئامادەن هەموو كوردستان بسووتێنن. هەردوو حزب پێویستە ستراتیجی بیر بكەنەوە و لە جەماوەر و میدیا سڵ نەكەنەوە لەپێناو كوردستانێكی ئارام. خۆ ئەگەر لە ئەزموونێكی نوێدا نەگەنەوە بەیەك و ئەم رووداوە پێوەندی هەردوو حزب ئاسایی نەكاتەوە، ئەوە بۆ هەمیشە دەبن بە تەنی نامۆ بەیەكتر و كوردستانیش سەقامگیر نابێ.

سەرباز ساڵح