خاوکردنەوە یا ئیدارەدانی میلەت؟

AM:10:48:13/11/2020 ‌
بە سەرنجدان لە هەڵوێستی خەڵک لە سۆشیاڵ میدیا، هەست دەکەم لەم بڕیارە هەتککەرەی عەرەبدا، خەڵکی کوردستان ئامادەیە پشتیوانیی هەر بڕیارێک بکات کە غروریان بۆ بگێڕێتەوە، بەڵام بە خاوەخاو و پاڕانەوە و کڕنووشبردن بۆ  ئەو پێپەتییانە و درێژەدان بە کۆبوونەوە و دانوستانی بێ ئەنجام، ئەو حەماسەی خەڵکیش دەکوژرێت کە ماوەیەکە نەماوە و ئەمڕۆ گەرم بووەوە.

ئەمە بچێتە سەر بێ هەڵوێستی رژدی کوردستان، لە داهاتوو پێپەتی داوا دەکەن ئاڵاکەشمان داگرین، بۆیە هیوادارم سەرۆکایەتییەکان و لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان لە ئاست خواستی خەڵک بڕیار بدەن و وەک کوردستانیی بەرانبەر عێرقیی، نەک هەر بڵێین ئەمە غەدرە و دەبێ گفتوگۆ بکەین، غەدر هەڵوێستی دەوێت.

ئەگەر یەکگرتوو بین، پیلانەکە تا ئێستە ترسناک نییە و رادەگیرێ یان بەهێزمان دەکات، بەڵام پشتەوەی پیلانەکە سامناکە، کاتێک نەوت و داهات بەدەستەوە دەدەین و ئەوانی عەرەبیش دوای دوو مانگ دەڵێن تەنیا 300 ملیار دەدەین کە بۆ هەر فەرمانبەرێک مانگانە 200 هەزار دینار دەکات.

ئیتر ناتوانین ململانێش بکەین و یەکگرتووییش فلسێک ناکات
کە شتەکان تەسلیم کرابوون، ئیتر ناتوانین ململانێش بکەین و یەکگرتووییش فلسێک ناکات، بەدوایدا عەرەبەکان بەزۆرینە بڕیار دەدەن کە چیتر لە بەغداوە بڕیاری ئاڵوگۆڕی فەرمانبەر و بەڕێوەبەرەکانیش لە کوردستان بدرێت، بەوەیش هیچ مانایەک بۆ تاکە هەرێمەکەی کورد نامێنێ.

لە دۆخێکی وادا ئەگەر  دزی سنوورەکان رابگیرێت و  هەندێک چاکسازی لە کەرتی نەوتدا بکرێت و راستگۆیی حزبەکان بۆ دەستکێشانەوە لە تاڵانی مسۆگەر بکرێت، لەپێناو ئەوەی حکوومەت ئیدارەی هەموو شت و داهاتێک بدات، پێم وایە ئەوەندەش لاواز نین ئەم هەموو ستەمە قبووڵ بکەین و خەڵکیش رازی دەبن بەوەی چی هەیە بە یەکسانی دابەش بکرێت تا ئەم قۆناغە تێ دەپەڕێنرێت.

بەغدا ناچارە سەر دانوێنێت و وەک کیان دانوستانمان لەگەڵ بکات
رێیەکی خێراتریش هەیە کە رای گشتیی بچێتە پاڵ حکوومەت و پەرلەمان بۆ ئەوەی هەرکەس قاچاخچێتی کرد لەم دۆخەدا یان بۆ بەرژەوەندیی خۆی و حزبەکەی داهاتی گشتیی قۆستەوە، ناوی ئاشکرا بکرێت و ڕسوا بکرێت، بە رسواکردنی ئەو تاکانەی باکیان بەهیچ نییە و خۆیشیان ناکەنە بەرپرس لە هیچ کاتێکدا و بگرە دژی حکوومەتیش دەردەکەون، شکۆ بۆ میلەت دەگەڕێتەوە، میلەتی شکۆمەندیش خۆی خاوەنداریی کێشەکانی دەکات، بەوەیش بەغدا ناچارە سەر دانوێنێت و وەک کیان دانوستانمان لەگەڵ بکات، نەک هاووڵاتی پەراوێزخراو.

هەرێمی کوردستان هێشتا پێگەیەکی بەهێزی هەیە و وڵاتانیش بە بایەخەوە لێی دەڕوانن و چانسی ئەوەی هەیە بە دەست لەناو دەستیی بەهێزتریش بێت، چونکە بڕیارەکەی عێراقیش راستە شۆڤێنیەتیی تێدایە، بەڵام لە بەهێزیەوە نەهاتووە، بەڵکو لە قەرزاری و تەنگیی حاڵیانەوە هاتووە کە تەنیا لە پێنج مانگدا 35 تریلیۆنیان قەرز کردووە و خستوویانەتە سەر قەززە 135 تریلۆنییەکەی پێشتریان کە بە ڕوونی پێمان دەڵێ، داهاتووی ئەوان لێڵە و با کوردستان خۆی بۆ داهاتوویەکی باشتر رێک بخاتەوە.

هەرچەند دەستی تەباییان بۆ رابکێشی، ئەوان لەپی ژەهراوی دێننەوە پێشمان
لایەنی کەم ئەم بڕیارە دڵنیای کردین کە ئەمانەی عێراق بەڕێوە دەبەن بە شیعە و سوننەوە دۆست نین و هەرچەند دەستی ئاشتیی و تەباییان بۆ رابکێشی، ئەوان لەپی ژەهراوی دێننەوە پێشمان.

هیچیش نابێ ئەگەر یەکجار حزبەکان راستگۆیانە پشتیوانیی حکوومەت بن و سەرەڕای ناخۆشیی دۆخەکە، بە موزایەدە و خۆسووککردن بۆ بەغدا خەڵک تووشی دڵەڕاوکێی زیاتر نەکەن، ئاخر من وادەزانم ئەوانەی دەڵێن یاساکە مەجالی تێدایە، راستگۆ نین لەگەڵ خەڵک و جۆرێکیشە لە خۆسووککردن و یاریی بەهەستی گەل دەکەن، ئەگینا راستگۆیی ئەوەیە ئەوانەی دەستەبژێری سیاسیی و حوکمڕانی عێراقن، نیەتیان زۆر لەمە خراپترە.