سه‌رباز ساڵح
ده‌وڵه‌تی كوردستان نزیك بووه‌ته‌وه له راگه‌یاندن و ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشییه، تا رۆژه‌كانی كۆتایی كه‌م ده‌بینه‌وه له ناوخۆ دانیشتوانی كوردستان به جیاوازییه‌كانیانه‌وه، گه‌متر به‌ره‌و رووی رووداوه گه‌وره‌كه ده‌ڕۆن، جوانترین دیمه‌نی ئه‌م تابلۆیه‌ش ئه‌وه‌یه خه‌ڵك كه‌وتووه‌ته پێش حزبه‌كان و حه‌ماسی زۆرتره بۆ دروستكردنی داهاتوویه‌كی جێگیر. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ژماره‌یه‌ك كه‌سن كه لایه‌نی كه‌م له 10 ساڵی رابردوودا دژی هه‌موو شتێكی كوردستان ده‌ركه‌وتوون، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه پارتی دیموكراتی كوردستان پێشڕه‌وایه‌تی كردبێت، ئه‌وه‌ی پێوه‌سته به ململانێی سیاسیی پێشتر تا ئاستێكی زۆر ئاسایی و ره‌وایه، به‌ڵام له بابه‌تی دروستكردنی ده‌وڵه‌تدا، ناڕازییبوونیان جێی سه‌رسوڕمانه، به‌و پێیه‌ی هه‌رێمبوون به‌رده‌وام هۆكاره بۆ جۆرێك له نادادی و تێپه‌ڕین به‌سه‌ر یاسادا، به‌ڵام له ده‌وڵه‌تدا ئه‌مانه كاڵ ده‌بنه‌وه و دواجار نامێنن، بگره ده‌بێت نموونه‌یه‌كی جوانی حوكمڕانی پێشكه‌ش بكرێت، بۆیه به لۆجیك ده‌بوو ناڕازییه‌كانی دوێنێ، سه‌رسه‌خته‌كانی ئه‌مڕۆ بن بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ی كوردستان.
ده‌وڵه‌ت خواستی ناڕازییه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و ئه‌گه‌ر وا نه‌كات، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌نگانه‌ی له ناوخۆ دژی كه‌موكورتییه‌كانن له حاڵه‌تی ده‌وڵه‌تداریدا، ده‌نگی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش وه‌ك رێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی و ئاژانسه‌كانی سه‌ربه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، به‌دیاریكراوی چاو ده‌خه‌نه سه‌ر كوردستان و چیتر هیچ هۆكارێك نامێنێ بۆ شاردنه‌وه‌ی عه‌یب و عاره‌كان كه پێشتر له سێبه‌ری عێراقدا ده‌یان پاساو هه‌بوو بۆ بوونی ئه‌و كێماسییانه، بۆیه له‌و حاڵه‌ته‌دا ناڕازییه‌كان به‌هێز ده‌بن و پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرن بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و بۆشایییانه‌ی له حوكمڕانی كوردستاندا دروست ده‌بێت، له‌و روانگه‌وه ئه‌گه‌ر كه‌سانی ناڕازی به هه‌موو شتێك خه‌مه‌كه‌ی نیشتمانیی و دروستكردنی سیسته‌م بێت، پێویسته پاڵنه‌ر و وزه‌ی سه‌ره‌كی هاندانی خه‌ڵك بن بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی نوێی دنیا به ناوی "كوردستان".
به‌ڵام وه‌ختێك ئه‌م راستییانه ده‌زانن و هێشتا دژ ده‌وه‌ستنه‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌م پڕۆژه نیشتمانییه، گورزی كوشنده له خۆیان ده‌ده‌ن، به‌وه‌ی خه‌ڵك تێده‌گات ئه‌م ناڕازییانه دژی هه‌موو شتێكن و باكیان به‌وه نییه چی ده‌بێت یاخۆ نابێت، گرنگ ئه‌وان دژی هه‌موو شتێك بن، له دۆخی وادا به‌رده‌وامبوون له سه‌نگیان كه‌م ده‌كاته‌وه و هه‌ڵوێسته‌كانیان بایه‌خی نامێنێ، له‌وێوه ده‌بێت وردتر بیر بكه‌نه‌وه و خۆیان به‌خاوه‌نی هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بزانن كه له رێیه‌وه كوردستان ده‌چێته ناو سیسته‌می جیهانی و ره‌نگه بۆ یه‌كه‌م جاریش بێت بچێته ناو مێژووه‌وه. ئه‌و مێژووه‌ی ئێمه پێمان وابوو به قوربانیدان و شه‌هید و جینۆساید ده‌نووسرێت و به‌م دره‌نگانه بۆمان روون بووه‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندی ده‌ینووسێته‌وه.
ناڕازییه‌كان ئه‌وانه‌ن كه به‌رده‌وام به‌سه‌ر شاشه‌كانه‌وه‌ن و دژن له‌گه‌ڵ هه‌رچی هه‌یه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و بیرۆكه و پڕۆژه‌یه پارتی له پشتییه‌وه بێت، هه‌ندێك حاڵه‌تی 12 ساڵی رابردوو بۆ نموونه ده‌خه‌ینه روو كه زۆر ناكۆكی تیادایه ئه‌گه‌ر به وردی لێی بڕوانی.
یه‌كێتی و پارتی له 2005 كه ئه‌وكات زۆرینه بوون، رێك كه‌وتن له‌سه‌ر حوكمڕانی كوردستان و به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنیش هه‌روا ده‌بوو، تاڵه‌بانی بۆ عێراق و بارزانی بۆ كوردستان، ناڕازییه‌كان سه‌یری ئه‌وه‌یان نه‌كرد ئه‌و رێككه‌وتنه خۆشگوزه‌رانی و نه‌مانی ئاژاوه له كوردستان به‌رهه‌م دێنێ، یه‌كسه‌ر كه‌وتنه تانه‌لێدان به‌وه‌ی یه‌كێتی خۆی دا به‌ده‌ست پارتییه‌وه. له‌و بۆردمانانه‌ی توركیا و ئێران بۆ سنووری كوردستان ده‌یكه‌ن، ئه‌گه‌ر تۆپی توركیا مه‌ڕێكی كوشتبێ و هی ئێران ده‌یان كه‌سی كوشتبێت و هه‌زاران دۆنم گه‌نم ده‌یان هه‌زار پاوان و باخی سووتاندبێ، ئه‌وان ته‌نیا ئه‌و مه‌ڕه‌یان بینیوه و قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه پارتی كوردستان داوه‌ته ده‌ست توركیا و سوپای هێناوه‌ته ناو كوردستان، له كاتێكدا سوپای تورك رژێمی پێشووی عێراق هاورده‌ی كردووه، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا بارزانی له 2007 چووه زاخۆ بۆ شه‌ڕ دژی توركیا، به‌ڵام ئه‌مه هیچ سه‌رنجی ناڕازییه‌كانی رانه‌كێشا، هه‌رچه‌نده توركیا ده‌یان هه‌زار جه‌ندرمه‌ی هێنابووه سنوور.
به‌دوایدا كه‌وتنه تانه‌دان له پۆسته‌كه‌ی بارزانی كه خه‌ڵك ده‌نگی پێ نه‌داوه و له په‌رله‌مان وه‌ریگرتووه، چونكه بارزانی ناوێرێ خۆی له تاقیكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بدات، له 2009 یاساكه‌یان گۆڕی له په‌رله‌مان و بارزانی به ده‌نگی خه‌ڵك سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی تۆمار كرد، هه‌رچه‌نده یه‌كێتیش ده‌نگی پێ نه‌دا، ئه‌گه‌رچی لیستی هاوبه‌شیشیان هه‌بوو، دواتر كه له‌وه‌یشدا شكستیان هێنا، بێ هیچ دوودڵی و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له بۆچوونی پێشوویان گوتیان با چیتر سه‌رۆك له په‌رله‌مانه‌وه بێته‌وه هه‌ڵبژاردن.
ده‌ستووری كوردستان 96 په‌رله‌مانتار ده‌نگیان بۆ دا، گوتیان ئه‌و ده‌ستووره بۆ باڵای پارتی و بارزانی نووسراوه و نامانه‌وێ، دواتر ره‌شنووسی ده‌ستوور هاته‌وه په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی نوێ، به‌ڵام ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ی پێشوویشیان له‌بار برد و هیچ نه‌هاته‌وه جێی، هه‌رچه‌نده ئه‌وه سه‌رپێچییه‌كی روونی یاسایی بوو، له‌وكاته‌ی ئه‌وان داوای سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ن. له 2012 بارزانی له گوتارێكدا له به‌رده‌م سه‌تان هه‌زار كه‌س له‌سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر هۆشداری به عێراق دا ئه‌گه‌ر هه‌وڵی سڕكردنی كورد بده‌ن، عێراق هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ده‌وڵه‌تی كوردستان له دایك ده‌بێ، گوتیان ئه‌وه موزایه‌ده‌ی حزبییه، ساڵانی دواتر باسی ریفراندۆم له زاری بارزانییه‌وه كه‌وته ناو میدیا، دیسان تانه‌یان لێ دا به‌وه‌ی ئه‌و ورووژاندنه ته‌نیا بۆ مانه‌وه‌یه‌تی له پۆسته‌كه‌ی، كه رۆژی ریفراندۆم دیاری كرا، كه‌وتنه دژایه‌تی و بێ هیچ دڵه‌ڕاوكێیه‌ك گوتیان ناكرێ ته‌نیا بۆ له‌بیربردنه‌وه‌ی ته‌نگژه‌كانه.
له هه‌ڵبژاردنه‌كان كه پارتی یه‌كه‌م ده‌بوو له هه‌ولێر، گۆڕینی شوێنی پایته‌ختیان ده‌ورووژاند، دواتر گوتیان سلێمانی جیا ده‌كه‌ینه‌وه و راسته‌وخۆ سه‌ربه به‌غدا ده‌بین، سه‌ری نه‌گرت، گوتیان لامه‌ركه‌زی بۆ سلێمانی و هیچ پێوه‌ندی به هه‌ولێره‌وه نه‌بێت. زۆریتر كه جێی نابێته‌وه لێره‌دا ریزیان بكه‌ین. به‌ڵام مرۆڤ شۆك ده‌كات ئه‌م هه‌موو دژایه‌تییه به‌یه‌ك ئاراسته چییه و ئامانجی پشته‌وه‌ی چییه.
ئێسته هه‌موو ئه‌و هۆكار و ناكۆكییانه له ده‌وڵه‌تدا ده‌ڕه‌وێنه‌وه و ده‌بێت یاسا و سیسته‌م و ده‌ستووری مه‌ده‌نی بنووسینه‌وه، به‌شداری بكه‌ن، چونكه ده‌وڵه‌ت وه‌ك گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی به‌ر خۆره دنیا روون ده‌یبینێ ئه‌گه‌ر جوان حوكم نه‌كرێ، سه‌رۆكایه‌تی بۆ دوو خول، لامه‌ركه‌زی و تا ئاستی فیدراڵی پارێزگاكانیش، سیسته‌می په‌رله‌مانی، سنووری پارێزراو به یاسای نێوده‌وڵه‌تی، ئاسۆیه‌ك بۆ 35 ملیۆن كوردی پارچه‌كانی تر. ئه‌ی ئێوه‌ش هه‌ر داوای ئه‌وانه ناكه‌ن؟ فه‌رموون با سه‌ری بخه‌ین و دواتر پێكه‌وه تانه‌ی لێ ده‌ده‌ین ئه‌گه‌ر كه‌موكورتی هه‌بوو. به‌ڵام جارێ با هه‌نگاوێك بنێین، ئینجا ده‌وه‌ستین له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كانی.