سه‌رباز ساڵح
یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی له چه‌ند ساڵی رابردوودا له به‌رده‌م هه‌موو پرسه سیاسی و كارگێڕی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی كورددا قووت بووه‌ته‌وه سلێمانییه. ئه‌م شاره له سایه‌ی ململانێی ناشه‌ریفانه و حزبایه‌تیی كرچوكاڵ و دروشمئامێز و دوور له به‌رنامه و ستراتیج، هه‌میشه پێچه‌وانه‌ی ئاوازه گشتییه‌كه ده‌ركه‌وتووه، زۆرتر رۆڵی ده‌نگێكی نه‌شازی بینیوه له‌ناو سیمفۆنیایه‌كی نیشتمانیدا. هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردووه شاره‌كه ئێسته وه‌ڵامی خواستی خه‌ڵكه ره‌سه‌نه‌كه‌ی و مێژووه پرشنگداره‌كه‌یشی ناداته‌وه، بۆیه پرسیارێكی گرنگه بۆچی سلێمانی ناگات به ئامانج؟. ئه‌ی بۆ ناتوانێ نوێنه‌رێكی راستی بخاته روو كه شاره‌كه له‌سه‌ری كۆك بێ؟ ئه‌و نائومێدییه چییه كه ئێسته خه‌ڵكه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه له دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق؟ كه هه‌ر له ئێسته‌وه دیاره ئه‌میش ناگات به ئامانج و تێده‌په‌ڕێ.
راستییه‌كه‌ی له‌و شاره ترسێكی شاراوه به خه‌ڵك و حزبه‌كانه‌وه دیاره كه نه ئاشكرای ده‌كه‌ن نه كاردانه‌وه‌كانیان تا سه‌ر ده‌چن، ترسه‌كه روونه له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه، به‌ڵام روون نییه له چی ده‌ترسن و له بنه‌وه چی ده‌گوزه‌رێ؟ تۆ سه‌یركه له سه‌عاته سه‌ره‌تایییه‌كانی ژماردنی ده‌نگه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌موو حزبه‌كان جگه له یه‌كێتی، كه‌وتنه تانه‌دان له ئه‌نجامه‌كان و ره‌تیان كرده‌وه و باسیان له‌وه كرد كه ده‌نگه‌كانیان دزراوه و بۆ لایه‌نی تر حیساب كراوه. كێشه‌كه له كوێدایه؟ هه‌ر لێره‌وه ده‌چینه ناو وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی سه‌ره‌وه.
حزبه‌كان و خه‌ڵكی سلێمانیش ده‌زانن ده‌نگه‌كانیان یه‌كێتی بردوویه‌تی و به‌شێوه‌ی "به‌رنامه‌سازیی" له‌و ئامێرانه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن وه‌ك موعجیزه‌ی دیموكراسی پێی ناساندین و ده‌ركه‌وت هه‌تكی دیموكراسیی پێ ده‌كرێ نه‌ك هیچی تر. به‌ڵام نایه‌ن له ئامانج بده‌ن و ده‌ست بخه‌نه سه‌ر برینه‌كه، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی مافی خۆیان و ده‌نگده‌رانیش ون بكه‌ن له‌بری ناوهێنانی یه‌كێتی وه‌ك هه‌تككه‌ری پرۆسه‌كه، تێكڕا ده‌ڵێن "ده‌سه‌ڵات ساخته‌كاری كردووه". ده بێگومان بن ناگه‌ن به ئامانج و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی سلێمانی به‌و شێوه‌یه ده‌ڕوات كه راگه‌یه‌نراوه و هی هه‌موو حزبه‌كان بۆ یه‌كێتی هاتووه‌ته ژماردن. ئاخر هه‌ی ساده‌ی ناسیاسیی ده‌سه‌ڵات له سلێمانی له رووی كارگێڕیی و سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كه‌ی كارگێڕییه‌وه لای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه، به‌و پێیه‌ی پارێزگار كه كه‌سی یه‌كه‌ی شاره، له گۆڕانه. ئێ باشه خۆ گۆڕان خۆیشی قوربانی یه‌كه‌مه و چاوه‌ڕوان ده‌كرا ئه‌وان یه‌كه‌می پارێزگاكه بن و ته‌قه‌یشی لێ كراوه و هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌سیش له به‌رپرسه‌كانیان كراوه. بۆیه ئێوه كه ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵات ساخته‌كاری كردووه، ترسێكی قووڵ به رووخسارتانه‌وه دیاره كه نا‌وێرن یه‌كێتی تۆمه‌تبار بكه‌ن. بێگومان شۆڕش و هیچ پرۆسه‌یه‌كی دروستكردنی پاڵه‌وان به پیاوی ترسنۆك نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌نجام، بۆیه نه یاریی به خۆتان بكه‌ن نه به ده‌نگده‌ره‌كانتان. له كاتێكدا ئێوه دزه‌كه ده‌بینن، بۆ ده‌ست بۆ شوێنی تر درێژ ده‌كه‌ن؟.
یان هه‌ڵه‌یه‌كی تری ناسیاسیبوونی ئه‌و حزبانه كه راسته‌وخۆ گوزارشت له نه‌بوونی به‌رنامه و داوده‌زگه‌ی تۆكمه‌ی حزبی ده‌كات، ئه‌وه‌یه تا ئێسته‌یش نازانن ئه‌وه‌ی رووی داوه چییه و چۆن ده‌نگه‌كانیان دزراون، بۆیه هه‌ر ئه‌و قسه باوه ده‌كه‌ن كه له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ربڵاوه "ئامێره‌كان هاك كراون". لێره‌وه گرنگه به خۆتاندا بچنه‌وه و وانه‌یه‌ك وه‌رگرن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو و دامه‌زراوه‌ی تایبه‌تمه‌ند دروست بكه‌ن تا روونكردنه‌وه‌تان بداتێ له‌باره‌ی پرۆسه‌كان. ئاخر ئامێر هاك ناكرێ، ئه‌مه ئامێرێكی ئه‌لیكترۆنییه و ده‌كرێ به كۆد و به‌رنامه‌سازیی ده‌سكاری پرۆگرامه‌كانی بكه‌ی و ئه‌و ئه‌نجامه‌ی تیادا تۆمار بكه‌یت كه ده‌ته‌وێ، له‌وكاته‌ی كۆده‌كانت زانی یان پرۆگرامسازی لێهاتوو خۆی به‌رنامه‌ی بۆ دروست بكات. ئه‌مه خۆ دروستكردنی ئه‌تۆم نییه له مامۆستایه‌كی ئای تی بپرسن هه‌موویتان بۆ روون ده‌كاته‌وه.
ئه‌مه‌ش هۆیه‌كی تره كه وای كردووه سلێمانی نه‌گات به ئامانج، چونكه ناڕازیی و حزبه‌كان نازانم به ئه‌نقه‌ست یان له نه‌زانییه‌وه وا ده‌كه‌ن، به‌ڵام له هه‌موو رووداوه‌كاندا یه‌كسه‌ر ئامانجه‌كه ون ده‌كه‌ن و یه‌خه‌ی شتی تر ده‌گرن. دێته‌وه بیرتان له‌وه‌ته‌ی بودجه دێته كوردستانه‌وه، پارتی سلێمانی به ته‌نیا هێنده‌ی هه‌ولێر و دهۆكه، به‌ڵام له شاره‌كه‌دا ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه و بۆ گیرفان چووه. ئۆپۆزسیۆنی جاران كه تووشی شكستی قووڵ بووه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌هۆی ناڕوونی سیاسه‌تیان، به خۆڕایی كه‌وتبووه پینه‌كردنی دۆخه‌كه بۆ یه‌كێتی و ده‌یگوت حكوومه‌ت له‌به‌ر هه‌ولێر سته‌م له سلێمانی ده‌كات. ئه‌ی تۆ نه‌ته‌وێ تێبگه‌یت هه‌ر شایانی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌نگه‌كانت ببات. ئاخر ئه‌م نۆكه‌رییه به‌لاشه بۆ كێ ده‌كه‌ی، راستی له به‌رچاوته و ده‌ترسی له گوتنی، بێگومان په‌تی درۆش كورته و خه‌ڵك رۆژێك تێده‌گات و به‌م ئه‌نجامه‌ت ده‌گه‌یه‌نێ كه وا شۆكی كردوون تا هه‌ڵبژاردنی داهاتووش ره‌نگه تێنه‌گه‌ن چی رووی داوه.
له خۆپێشاندانه‌كانی 17ی شوبات و دواتر خۆپێشاندانی ره‌وای مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران له سێ ساڵی رابردوودا، هه‌مان كێشه به به‌رچاومانه‌وه بوو، دزه‌كه و پاره‌كه‌یش له ته‌نیشت ناڕازیی و مووچه‌خۆران وه‌ستا بوو، كه‌چی حزبه‌كان خه‌ڵكه‌كه‌یان ئاراسته ده‌كرد جنێو به هه‌ولێر بده‌ن. رۆژێك به یه‌كێك له‌و هه‌ڵسووڕێنه‌ری خۆپێشاندانه‌م گوت بۆ خۆتان ماندوو ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌یكه‌ن 10 ساڵی تریش ناگات به ئه‌نجام. گوتی بۆچی؟ هه‌ر ئه‌وه‌م گوت كه ئێوه گاڵته به خه‌ڵك ده‌كه‌ن و پینه‌ی عه‌یبه‌كانی یه‌كێتی ده‌كه‌ن به خۆڕایی و ده‌تانه‌وێ پارتی ناشیرین بكه‌ن، له كاتێكدا پارتی نه‌ك به‌شدار نییه له هیچی سلێمانیدا، بگره خه‌ڵكی خۆیشی له‌و سنووره له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی جۆراوجۆردایه هه‌موو رۆژ. دواتریش هه‌روا ده‌رچوو. نه‌گه‌یشتن به هیچ ئامانجێك.
دیمه‌نێكی تر كه سه‌ری له خه‌ڵكی سلێمانی شێواند و به ته‌واوی بۆیان روون بووه‌وه نوێنه‌ریان نییه، رێك له 16ی ئۆكتۆبه‌ردا هه‌ستی پێ كرا، یه‌كێتیی نیشتمانی به ددان پێدانانی خۆیان و دیمه‌نی ڤیدیۆیی و به به‌رچاوی دنیاوه كه‌ركووك ده‌فرۆشێت و له خیانه‌تێكی مێژوویی‌دا بێ ته‌قه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌دات بۆ میلیشیای سه‌رسه‌ری و بێ ناسنامه، له‌بری سه‌ركۆنه‌كردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی مێژووی بۆ سلێمانی، له 17ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه هێرۆخان به‌رنه‌ده‌كه‌وت له‌به‌ر سه‌ردانی سه‌ركرده و حزبه‌كان، وه‌ك بڵێی ئێوه‌ش ده‌مێكه ئاواته‌خوازی رۆژێكی وا مێژوویین ئه‌و شكانه‌ی كورد ببینن، پێتان وابوو خه‌ڵك گه‌مژه‌یه و بیری چووه كه باپیرانی 97 ساڵه دژی حوكمی سه‌ربازی عێراق ده‌جه‌نگێت و قوربانی ده‌دات؟ فه‌رموون ئه‌نجامه‌كه‌یتان پیرۆز بێت.
نوێنه‌ره‌كانتان له به‌غدا كه له خانووی قوڕه‌وه چوون بۆ مووچه‌ی 31 ملیۆن دیناری، ئه‌م كوڕی هه‌ژارانه كه شانازییه‌كه‌یان هه‌ژاری بوو، ژیانیان بوو به فیرعه‌ونی و نه‌یانهێشت هه‌تاو له جامی ئۆتۆمبێله‌كانیشیانه‌وه لێیان بدات، شه‌ریفترینیان بوو به گومڕاترین، شه‌و و رۆژ له‌و شاشه عه‌ره‌بییانه‌وه هه‌تكی كوردایه‌تی و ئامانجه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی كوردیان ده‌كرد، ئێسته‌یش دانه‌یه‌كتان سزا نه‌دا هه‌ر له‌به‌ر خه‌ڵكیش نا، رێزتان له‌و مێژوووه‌ی خۆتان بگرتایه كه له شاخدا خه‌باتتان كردووه له پێناو كورد. هه‌ر به‌وه‌یشه‌وه نه‌ده‌وه‌ستان عێراقتان له‌به‌رچاو كردین به سویسرا و سوید و كوردستانیش به مۆزه‌مبیق. سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی عێراقتان پێ دیموكراسیترین بوو و كۆمسیۆنه خۆماڵه‌كه‌ی خۆیشمان كه نوێنه‌ری هه‌مووتانی تیادایه، كرد به ده‌زگه‌یه‌كی سووك و رێسوا، فه‌رموون هۆشیاره‌كانتان بنێرن بۆ به‌غدا داوا بكه‌ن به هاناتانه‌وه بێن و شه‌رحی حاڵتان بۆ بكه‌ن.
ئێسته‌یش دره‌نگ نییه به‌خۆتاندا بچنه‌وه و گوڕێك بده‌نه‌وه به‌ر كاروباری حزبی و دنیابینی سیاسیتان، حزب یانی دامه‌زراوه‌ی تۆكمه و خه‌ڵكی پاك و به‌رنامه‌ی جێگیر، كه‌مێك دوور بكه‌ونه‌وه له فه‌یسبووك و به‌پێی رۆژ سیاسه‌ت مه‌كه‌ن، چونكه رۆژه‌كان هه‌ندێك جار پێچه‌وانه‌ی یه‌ك رووداوه‌كان تۆمار ده‌كه‌ن، به‌ڵام خۆ نابێ حزبه‌كان پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی هه‌فته‌ی پێشوویان بن.
راستی ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گرنگترینه و كاتتان له به‌رده‌سته، سلێمانی له‌و بێ خاوه‌نییه رزگار بكه‌ن و ده‌ست بخه‌نه سه‌ر برینه‌كان و كه‌مێك خوێشی پیا بكه‌ن به‌ڵكو بزانن ئازاری دابڕان له خه‌ڵك، دژایه‌تی ئامانجه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی میله‌تێكی خه‌باتكار، شاردنه‌وه‌ی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی و ده‌ستدرێژكردن بۆ شوێنی تر، پرسی سه‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌كه‌تان بناسن و بوێرانه به به‌رنامه‌ی خۆتان كار بكه‌ن، نه‌ك به‌رنامه‌ی لایه‌نی تر بێ ئه‌وه‌ی بزانن به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه له كوێدایه.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یش خاوه‌نی سلێمانی یه‌كلا ناكاته‌وه، چونكه روونه ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگی خه‌ڵك نین و هی كلیكن. بۆیه ده‌رفه‌ت ماوه بۆ ده‌رخستنی خاوه‌ن و نوێنه‌ری سه‌ره‌كیی شاره‌كه، به تایبه‌ت كه مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا له گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا نه‌ماون. ئێسته كاتی ئه‌وه‌یه ده‌ستبه‌كار بن بۆ داهاتوویه‌كی باشتر، ئه‌وه ئه‌گه‌ر بڕیار بێت تێبگه‌ن كێشه‌كانتان له كوێدان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م ساخته‌كارییه تێبپه‌ڕێ كه درێژكراوه‌ی قبووڵكردنی گۆڕانه بۆ سازشكردن له‌سه‌ر ده‌نگی خه‌ڵك و گۆڕینه‌وه‌ی پارێزگار دوو ساڵ به دووساڵ له 2014 و داپۆشینی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و تانه‌دان له ریفراندۆم وه‌ك بابه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی و له به‌رانبه‌ردا پێشوازیكردن له خیانه‌تكاران، ئه‌وه دڵنیابن له داهاتوو قسه‌ی سیاسیش بكه‌ن به دڵی یه‌كێتی نه‌بێ، باجه‌كه‌ی شه‌ق و رفاندنه.