كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌رچی درێژه‌پێده‌ری كابینه‌كانی تری حكوومه‌ته، به‌ڵام له سه‌ره‌تای ڕاگه‌یاندنیدا سه‌رۆكی حكوومه‌ت وتارێكی له‌باره‌ی چاكسازی و گۆڕانكاری له هه‌رێمه‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد، گرینگترینی به‌شی چاكسازیی دارایی و ئابووری و په‌ره‌دان به زیادكردنی سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆری دارایی بوو، له‌ناویاندا گرینگی‌دان به كه‌رتی كشتوكاڵ و گه‌شتیاری.
دوای نزیكه‌ی ساڵێك له دروستبوونی كابینه‌ی نۆیه‌م، ده‌بینین چه‌ندان قه‌یران به‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی گرت كه له هه‌ندێكیان حكوومه‌ت توانی زۆرباش به‌سه‌ریاندا زاڵ بێت و هه‌ندێكیشیان به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌یرانه ئابوورییه‌كانی پێشوو، نه‌توانراوه به‌سه‌ریدا زاڵ بن، بۆیه رۆژی ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٠ سه‌رۆكی حكوومه‌ت وتارێكی تری گرنگی دا.
له وتاره‌كه‌دا ئاماژه به كار و پڕۆژه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌مساڵدا كرا، له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی كێشه‌كانی ئابووری و په‌تای كۆرۆنا. سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم وێڕای ده‌ستخۆشی بۆ كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ره‌كانی، باسی كێشه‌ی مووچه‌ی كرد و ڕێكاره‌كانی ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌غدا خسته ڕوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌سه‌ری ده‌دوێم زیاتر ڕێكاره‌كانی گرنگیدان به هه‌ردوو سه‌رچاوه‌ی نوێی داهات، كه‌رتی كشتوكاڵ و گه‌شتیارین.
چۆن په‌ره به كه‌رتی كشتوكاڵ بده‌ین؟
ده‌بێ بڵێین به‌داخه‌وه له ماوه‌ی 30 ساڵی ڕابردوو تا ئێسته، كه‌رتی كشتوكاڵی هه‌رێم به‌ره‌و دواوه چووه و بێ بایه‌خ كراوه، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حزبه كوردییه‌كان كه خه‌ڵكێكی زۆریان له كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری دوور خسته‌وه و خستیانه ڕیزی چه‌كداری له وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه و ناوه‌خۆ. هه‌بوونی هێزی به‌رگری وه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ناوخۆ ئه‌گه‌رچی رۆڵی بینیوه له سه‌قامگیری و ئارامی هه‌رێمه‌كه‌ماندا، هاوكات به‌هۆی ڕێژه‌ی كه‌می گه‌نج له ساڵانی ڕابردوودا خه‌ڵكێكی زۆر له گوند و ناوچه دووره‌كان، مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌روبوومی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری دروست بوو.
بۆیه تا ئه‌م كاته‌ی ئێمه تێیدا ده‌ژین، ته‌واوی سه‌رچاوه‌كانی خۆراك له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هاورده ده‌كرێن، چینێكی زۆری گه‌نجیش بێ كارن و چاوه‌ڕێی ده‌ستی حكوومه‌تن به خێویان بكات. به بڕوای من باشترین ڕێكار بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم په‌ره به كه‌رتی كشتوكاڵ بدات و توانای گه‌نجه‌كان بقۆزێته‌وه و به‌كاری بێنین، بریتییه له‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه :
1 - به‌روبوومی ناوخۆیی په‌ره‌ی پێ بدرێت و سنووره‌كان سانسۆریان بخرێته سه‌ر كه تا به‌روبوومی خۆمان هه‌بێت، رێ به هیچی ده‌ره‌وه نه‌درێ هاورده بكرێن، یان به‌پێی پێویست و سنووردار بێت، نه‌ك به‌و بێسنوورییه‌ی هه‌یه.
2 -حكوومه‌ت كێشه‌ی ئاو و ئاودێری زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و له قازانجی به‌روبوومه‌كه تێچووه‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت.
3 -هه‌مان ئه‌زموونی كابینه‌كانی پێش خۆی دووباره نه‌كاته‌وه و هاوكاری جووتیاری ڕاسته‌قینه بێت، نه‌ك ئه‌وانه‌ی به ناوی زه‌ویی كشتوكاڵییه‌وه پاره له حكوومه‌ت وه‌ربگرن و له شتی تردا خه‌رجی بكه‌ن.
4 -دروستكردنی كۆگای گه‌وره‌ی تایبه‌ت به هه‌ڵگرتنی به‌روبوومی كشتوكاڵی، بۆ هاوسه‌نگی نرخ و نه‌ڕزینی به‌رهه‌مه‌كان.
5 -وه‌رگرتنی هاوكاری پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی له‌و وڵاتانه‌ی له‌ڕووی كشتوكاڵه‌وه پێشكه‌وتن و به‌رهه‌می ناوازه‌یان هه‌یه.
6 -دابینكردنی ئامێره پێشكه‌وتووه‌كانی كشتوكاڵ بۆ وه‌رزه‌كانی دروێنه و گه‌شه‌ی به‌روبووم.
ئه‌مانه و چه‌ندان بڕٍگه‌ی تر كه ده‌توانن ببنه هاوكار بۆ په‌ره‌دان به كه‌رتی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری و بێگومان ده‌یان بیرۆكه‌ی تریش لای جووتیاری راسته‌قینه هه‌ن بۆ سوود لێبینین.
چۆن په‌ره به گشتیاری بدرێت؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره هه‌ر تاكێك ده‌توانێ ئاماژه به چه‌ندان ڕێكار و بیرۆكه‌ی گونجاو بدات كه لایه‌نه پێوه‌نداره‌كان سوودی لێ ببینن. ڕه‌نگه كۆمه‌ڵێك كاربه‌ده‌ستی حكوومه‌ت هه‌بن دیدی جیاوازتر و باشتریان هه‌بێ بۆ گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه له ناوچه گه‌شتیارییه‌كاندا ده‌ژین، ده‌بینین چه‌ندان سێكته‌ر هه‌ن به‌پێی پێویست نه‌توانراوه سوودیان لێ ببینرێ، بۆیه ناچارین جار جار له ڕێی نووسینه‌كانمانه‌وه بیرۆكه‌ی خۆمان بخه‌ینه ڕوو.
كه‌رتی گه‌شتیاری ده‌بێ موڵكداری حكوومی بێت نه‌ك كه‌س، واته ده‌بێت حكوومه‌ت خۆی چاودێری شوێنه گه‌شتیارییه‌كان بكات، به كرێ یان به ساڵانه بیدات به كه‌رتی تایبه‌ت یاخۆ باج و ڕسووماتی فه‌رمی هه‌بێ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی دووره‌ده‌ستن و ناتوانێ خۆی سه‌رپه‌رشتییان بكات، له‌و رووه‌وه ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه گرینگن كاریان له‌سه‌ر بكرێ:
1 -پێویسته گشت شوێنه گه‌شتیارییه‌كان پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكرێت و حكوومه‌ت له ڕێی دامه‌زراوه‌كانی خۆیه‌وه له‌ژێر ده‌ستی كه‌سه‌كانی ده‌ربێنێ، چونكه زۆربه‌ی شوێنه‌كانی گه‌شتیاری داگیر كراون.
2 -دانانی باج له‌سه‌ر ڕێی ناوچه گه‌شتیارییه‌كان و دابینكردنی ڕێوشوێنی شیاو له به‌رانبه‌ر ئه‌و باجه‌ی لێیان وه‌رده‌گیرێت.
3 -دروستكردنی به‌نداو له ناوچه شاخاوییه‌كان كه ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی كاره‌با و سامانی ماسی، جیا له سووده گه‌شتیارییه‌كه‌ی.
4 -سوودوه‌رگرتن له توانا و بیرۆكه‌ی وڵاتانی خاوه‌ن ناوچه‌ی گه‌شتیاری ناوازه و هاوكاری وه‌رگرتن لێیان.
5 -وه‌رگرتنی باج و ڕسووماتی فه‌رمی له‌و خاوه‌ن شوێنه گه‌شتیارییانه‌ی كه موڵكی گشتییان وه‌ك زه‌وی و ئاو به‌كار هێناوه.
ئه‌مانه و چه‌ندان ڕێكار كه ده‌كرێ به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ كه‌سانی خاوه‌ن ئه‌زموون، پڕۆژه‌یان بۆ دابنرێت و هه‌م حكوومه‌ت سوودمه‌ند بێت هه‌م ده‌رفه‌تی هه‌لی كار زۆرتر ده‌ڕه‌خسێت، نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی ئێسته كه گه‌شتیاریی كه‌سیمان هه‌یه و ساڵانه ئه‌گه‌ر یه‌كجار بڕێك پاره بده‌ن، ئه‌ویش به فڕوفێڵ و خۆیان له داهاتی حه‌قیقی ده‌شارنه‌وه، له كاتێكدا ده‌بێت ئه‌و داهاتانه حكوومه‌ت رۆژانه تێیدا سوودمه‌ند بێت. بۆیه ده‌بێت ددان به‌وه‌دا بنێین كه ناوچه گه‌شتیارییه‌كان ئێسته داگیر كراون و ناوچه‌ی زۆر هه‌ن كه ته‌نیا یه‌ك خێزان سوودیان لێ ده‌بینێت و به‌ڕێوه‌بردنه‌كه‌یشیان له لووتكه‌ی عه‌شایه‌ریدایه.
ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت بیه‌وێت هه‌نگاوی مه‌زن و ستراتیجی بۆ دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی نوێ دابنێ، پێویسته ڕێكاره‌كان وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكات و نه‌ترسێ له هیچ هێز و لایه‌نێك كه تا ئێسته سوودیان بۆ خۆیان و زیانیان بۆ حكوومه‌ت و وڵات هه‌بووه، ئه‌وه‌ش بڵێم كه دامه‌زراوه‌كانی حكوومی چه‌ند رژد بن، پێشكه‌وتن و چاره‌سه‌ر و چاكسازییه‌كان خێراتر ده‌بن.