پێشمەرگە شكۆی كوردستانە

ئەم ناوچەیەی ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێی متمانە و بایەخی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە و دنیایە، بە قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان ناسراوە، لە ماوەی سێ‌ دەیەی رابردوودا سەرەڕای هەموو كۆسپ و ئاستەنگەكانی بەردەمی، بەڵام توانیویەتی بەشێوەیەكی زۆر كارا و كاریگەر، ڕكابەری و ململانێی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و كولتووری جوان بكات و پێكەوەژیانی ئاشتییانەیش پەرە پێ بدات، لە هەمان كاتدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیش هاوسەنگی راگرتووە و سیمایەكی جوان و گەشەسەندووی پێشانی دەرەوە داوە.

هەڵبەتە ئەو پێشكەوتن و سەركەوتنانە هەروا بە سانایی نەهاتوونە دی، بەڵكو لە ئەنجامی سەدەیەك خەبات و قوربانیدان و سازشنەكردنی بێ‌ وچان، لەسەر بەدەستهێنانی مافە رەواكانمان و هەروەها ماندووبوونی تێكۆشەران و رابەرایەتییەكی بەهێز و پێشمەرگە، وە چنگ خراون. بۆیە هەموو ئەو دەستكەوتانەی لە ئەنجامی ڕاپەڕینە شكۆمەندەكەی بەهاری 1991 بەدەست هاتوون، پشكی هەموو كوردستانییانە بەبێ‌ جیاوازی، هەر لە پێشمەرگەیەك تا مامۆستا و فەرمانبەر و هەموو تاكێك، بۆیە پاراستنیشی ئەركی هەموومانە، بەتایبەت كە دوژمنە جۆراوجۆرەكانی كوردستان هەمیشە ساز و ئامادەن بۆ لێدانمان.

ئەگەر بە ویژدانەوە هەڵوەستە لەسەر هەڵگرتنی ئەرك و بەرپرسیارێتی و دڵسۆزی بۆ ئەم خاك و نیشتمانە بكەین، ‬لە تای‮ ‬تەرازووی‮ ‬دڵسۆزی‮ ‬و ئەو خزمەت و كۆششانەدا هەڵیانسەنگێنین، دەبینین ‬هەیە لەپێناو پاراستنی‮ ‬خاكی‮ ‬كوردستان و بەدەستهێنانی‮ ‬مافە رەواكانی‮ ‬خەڵك، فیداكارانە لە سەنگەردا بووە و خەبات و قوربانی‮ ‬داوە‮. هەیشن تا ئەمڕۆیش بە زمانی كوردییەوە، ئامرازن لە دەستی نەیار و دوژمندا و بەردەوام خەونی لەناوچوونی كوردستان دەبینن، ئەویش لەپێناو دەستكەوتێكی كەم و بەرژەوەندیی كەسی و جارجاریش حزبی.‬‬‬‬‬‬‬‬‬

هەروەها شێواندن و لێڵكردنی مێژووی خەبات و تێكۆشانی پڕ شانازی گەلێكی ستەمدیدە، ئامادەن هەموو كارێك بكەن و بەشێوەیەك كە بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەیان، مێژوو و قوربانیدانی دەیان ساڵەیان لەناو مێشك و دەروونیان سڕیوەتەوە، هەر ئەو هەنگاوە نانیشتمانی و نانەتەوەییانەن بەدرێژایی مێژوو، بوونەتە كۆسپی گەورە لە بەردەم خەبات و هەنگاوە گەورەكانی كورددا، بەڵام خۆڕاگری و بەردەوامبوون و سازش نەكردن لە ئامانجە كوردستانییەكە، وایكردووە هەمیشە بە هیواوە بۆ داهاتوو بڕوانین، چونكە ئامانجەكە لە دەستێكی ئەمیندایە و پێشمەرگە دەیپارێزێت و خەونی نۆكەر و نەیار لە گۆڕ دەنرێ.

مەدالیای شەرەفە، چونكە دوژمنانی كورد كاتیان نییە و هەردەم لە بۆسەدان بۆ لێدانمان


بۆیە شەهیدبوون لەپێناو كوردستان لە هەركات و ساتێكدایە، مەدالیای شەرەفە، چونكە دوژمنانی كورد كاتیان نییە و هەردەم لە بۆسەدان بۆ لێدانمان، ئەوەتا تیرۆریستانی داعش كە حەیا نایانگرێت و بیریان چووە لەسەر دەستی پێشمەرگە و كورد ئەفسانەیان تێكشكا و رێسوا كران، ناو بەناو سەر هەڵدەدەنەوە و گورزێكی ترسنۆكانە دەوەشێنن و هەڵدێن، بەڵام ناتوانن لە سەنگەردا بمێننەوە تا پێشمەرگە هەڵیانتەكێنێتەوە، پێیان وایە بەو حیزەفێڵییە ترس دەخەنەوە ناو پێشمەرگە، بەڵام با دڵنیابن كوردستان سەری دوژمنی لەوان گەورەتر و دڕندەتری بە شاخەكاندا كێشاوە.

تیرۆریستان لە هەركوێ بتوانن سەركەوتوو بن و تەنانەت شوێنیش بگرنەوە، لە كوردستان ئەوەیان بۆ مەیسەر نابێت، چونكە كوردبوون باوەڕێكە لە ناخی پێشمەرگەدا، هەزار جار پتەوترە لەوەی دوژمن بیری لێ دەكاتەوە، كوردایەتیش رێبازێكە خوێنی كەس تێیدا بە فیڕۆ ناچێت، بەڵكو بۆ ئامانجێكی پیرۆز رژاوە.