بڕیاره باڵه‌خانه‌ی ئه‌وسه‌ری كۆڵانه‌كه‌مان بكه‌ن به كتێبخانه، ده‌ڵێن ڕێكخراوێك كڕیویه‌تی به‌پێی قسه‌كان بێت ده‌كرێته كتێبخانه، چه‌ند ڕۆژه من چاودێریی ئه‌م شوێنه ده‌كه‌م، هێشتا ته‌نیا كتێبێكیشم نه‌بینیوه له‌و كه‌ره‌ستانه‌ی براونه‌ته ژووره‌وه، زیاتر كورسی و مێز و چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌كی سه‌ره‌تاییم بینیوه، هیچ كتێبێك و ڕه‌فه‌یه‌كم نه‌بینی كه وا پێشان بدات ئه‌م شوێنه ده‌كرێته كتێبخانه.
له كۆتادا ڕۆژی كردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كه هات و ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو، له جیاتی كتێبخانه ئه‌م شوێنه بوو به باره‌گای سیاسی، له‌ویش سه‌یرتر ناوی باڵه‌خانه‌كه‌یان ناوه باره‌گای كۆمه‌ڵه‌ی بێ باوه‌ڕان، له‌م و ئه‌وم بیست 400 نه‌فه‌رێكن و ڕێبازێكی تازه‌یان دامه‌زراندووه، له‌ژێر سێبه‌ری ڕسته‌یه‌ك كه ده‌ڵێن ئێمه بێ باوه‌ڕین، به‌ڵام بڕوامان به یه‌كسانی هه‌یه.
ڕۆژێك هه‌روا سه‌ردانم كردن تا بزانم چه‌ند باوه‌ڕ و متمانه‌یان به‌و ڕێیه هه‌یه كه هه‌ڵیانبژاردووه، یه‌كێك له‌وان ده‌یگوت ئه‌گه‌ر ئێمه جیاواز نه‌بین له كه‌سانی تر و بیروباوه‌ڕمان جیا نه‌بێت، بارودۆخی شار تێكده‌چێت. ئه‌وه‌م بۆ ده‌ركه‌وت كه پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بۆ ئه‌م كاره‌یان ئه‌وه‌یه ته‌نیا ده‌یانه‌وێ جیاوازبن و ته‌واو.
چه‌ند مانگێك وا تێپه‌ڕی كرد و منیش جارجار سه‌ردانم ده‌كردن، به‌ڵام ڕۆژێك له پڕ ناوی باڵه‌خانه‌یان گۆڕی بۆ یانه‌ی شه‌وانه، ئیتر باره‌گای سیاسی نه‌ما و بووه جێیه‌ك كه هه‌موو كه‌سێك ڕووی تێده‌كرد بۆ قومێك مه‌ی، دووباره سه‌ردانم كردنه‌وه تا بزانم چی هۆكارێك یان پاڵنه‌رێك هه‌بوو ئه‌م كاره بكه‌ن و واز له سیاسه‌ت بهێنن و ده‌ست بده‌نه بازرگانی. دووباره له هه‌مان كه‌سی پێشووم پرسی ئه‌م گۆڕانه له ناكاوه بۆچی، به ڕووخۆشییه‌كه‌وه سه‌یری كردم گوتی، بۆمان ده‌ركه‌وت جیاوازبوون له كه‌سانی تر، ناتوانێ ئێمه به‌ڕێوه ببات و سه‌روه‌ت و سامانێكمان بۆ په‌یدا بكات، بۆیه بڕیارمان دا ئیتر جیاواز نه‌بین.
دوای چه‌ند مانگێك له‌م كاره‌شیان، موختاری تازه هاته گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان و له‌گه‌ڵ بینینی ئه‌م باڵه‌خانه‌یه، ته‌واو ڕه‌نگی ڕووخساری گۆڕا، من پێشتر بیستبووم موختاره تازه‌كه‌مان، كه‌سێكی ئایندار و باوه‌ڕداره، دڵنیاش بووم كاردانه‌وه‌ی باش نابێت بۆ ئه‌م ڕووداوه. هه‌رزوو بڕیاری دا ئه‌م باڵه‌خانه چۆڵ بكرێت و یانه‌ی شه‌وانه له‌م كۆڵانه‌دا نه‌مێنێ، له‌گه‌ڵ بیستنی ئه‌م هه‌واڵه له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی یانه‌ی شه‌وانه‌كه‌یان دانابوو، ده‌ستبه‌جێ یانه‌ی شه‌وانه‌یان لابرد و پاش هه‌فته‌یه له لابردنی، ناوێكی تازه‌یان بۆ باڵه‌خانه‌كه دانا كه له هه‌موو جاره‌كانی تر زیاتر جێی سه‌رسوڕمان بوو. ناوی تازه‌ی ئه‌و شوێنه كرایه ماڵێك بۆ بڕواداران، به‌جۆرێك باڵه‌خانه‌یان گۆڕی، نه شوێنه‌واری بێ باوه‌ڕی و نه شوێنه‌واری مه‌یخانه‌ی پێوه دیار بوو.
موختاری نوێش به‌م كاره خۆشحاڵ بوو و وه‌ك یه‌كه‌م ده‌ستكه‌وتی خۆی سه‌یری ده‌كرد، ڕۆژ به ڕۆژ لایه‌نگرانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه زیاتر ده‌بوو، به جۆرێك موختاری نوێش بوو به‌یه‌كێك له شوێنكه‌وتووانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه، پێشوو ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك بوون، به‌ڵام ئێسته وا خه‌ریكه ڕێبازیی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه ته‌واوی شار داگیر ده‌كات، ناوبانگیان به پیاوانی ڕاستگۆ و ده‌ستپاك و باوه‌ڕدار ده‌رچووه و كه‌س ئه‌وه‌ی بیر نه‌ماوه پێشتر بێ باوه‌ڕ و مه‌یفرۆش بوون.
چه‌ند مانگێك تێپه‌ڕی كرد و وه‌ك جاره‌كانی پێشتر، بڕیارم دا دووباره سه‌ردانێكیان بكه‌م و بزانم ئاخۆ چی وایكرد ئه‌م گۆڕانه گه‌وره‌یه ڕوو بدات، به‌ڵام وه‌ك پێشوو نه‌بوو كه ده‌بوو چاوه‌ڕێ بم بۆ ئه‌وه‌ی چاوم به‌یه‌كێكیان بكه‌وێت، نۆره‌م هاتوو چوومه ژوور، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌مناسێت به ساردییه‌كه‌وه گوتی فه‌رموو چۆن یارمه‌تیت بده‌م؟ منیش زۆر به ڕووقایمییه‌وه وه‌ڵامم دایه‌وه ها چییه نامناسی؟ بێ باوه‌ڕی مه‌یگێڕ گوێی له‌مه بوو ڕاچڵه‌كی، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رێك ڕه‌گی ژیانی ببڕێت، دووباره پێم گوته‌وه چی وایكرد، زۆر به‌ساده‌یی وه‌ڵامی دامه‌وه و گوتی، له‌م ڕۆژگاره‌دا به هه‌موو ئاوازێك سه‌ما نه‌كه‌یت، ژیانت به‌ڕێوه ناچێت، لێمان گه‌ڕێ ئیتر ژیان وایه، كارێك مه‌كه ئه‌م ئاواز و سه‌مایه‌مان له ده‌ست بچێت.