زامدار ئه‌حمه‌د
دڵگه‌ش.. خوشكم ده‌زانم له یادی 21ـه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی سووتانت، برژان و هه‌ڵقڕچانت، چاوه‌ڕوانی هاتنی من و وشه شكاوه‌كانم بوویت، ئه‌م وشانه‌ی له وه‌سفی تۆدا لێكده‌بنه‌وه و هه‌نجن هه‌نجن ده‌بن، ئه‌مێستا خۆم و سیپاڵه شڕه‌كه‌م وه‌دیار گۆڕه ماندووه‌كه‌ت دانیشتووین، هێدی هێدی فرمێسك ده‌ڕێژین و كێلی مه‌زاری پیرۆزت ده‌سڕینه‌وه، فرمێسكی چاوان ناوه‌ستن، مردووه‌كان و گۆڕه‌كان، مردوو شۆر و كێله‌كان، ئه‌شك ده‌ڕێژن.
به سیپاره‌ی قورئان، 21 ساڵه هاوار ده‌كه‌م، 21 هه‌زار جاره بانگت ده‌كه‌م، "خوشكێ، خوشكێ"، ده‌ڵاڵێمه‌وه و ده‌پاڕێمه‌وه، ئه‌وه‌ی له یادگه‌مدایه ده‌یهێنم و ده‌یبه‌م، چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی تۆم، نازانم ده‌نگی من ناگاته لای تۆ، یا وه‌ڵامی تۆ ناگاته لای من، بێده‌نگی تۆ ده‌مگرێنێ، فرمێسكی چاوم وشك ده‌كات. بۆ تۆ هه‌میشه له نۆستالۆجیادا ده‌ژیم، به‌خودا شه‌ش ساڵ به‌یه‌كه‌وه‌بوون و 21 ساڵ بێ تۆیی فره سه‌خته، دووری تۆ سانا نییه، ژیان به تۆوه مانایه‌كی تری هه‌بوو، شه‌ش ساڵ به‌یه‌كه‌وه‌بوون و هاوڕێیه‌تی كه‌مه، خودا كه‌مه! خودا كه‌مه! ئاخر تۆ باڵێك بووی له ڕۆح و جه‌سته‌م.
خوشكێ گیان، ده‌زانی كه ده‌نگی باڵنده كێوییه‌كان ده‌بیستم ته‌زوو به جه‌سته‌مدا دێ و ده‌چێ، شتێ ده‌ڵێ: گه‌ڕاوه‌ته‌وه. ئاخر منی په‌ژمورده بێ تۆ چۆن ده‌گه‌مه مه‌كۆی شادی و خۆشی و دڵخۆشی و چێژستان؟. ڕۆژه و ڕۆژ وه‌ك حه‌زره‌تی یه‌عقووب چاوه‌ڕوانم له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ئه‌ستێره وه‌دیار كه‌وی، یا له‌گه‌ڵ زه‌رده‌په‌ڕی به‌یانیاندا بگه‌ڕێیته‌وه. بێ تۆیی له‌م ژینه بێ سه‌واده، جه‌سته هه‌ژێنه، خه‌ریكه وه‌ك حه‌زره‌تی ئه‌یووب، گۆشت له جه‌سته‌م جیا بێته‌وه. گۆشت و ئێسقان، ده‌مار و خوێن له یه‌كتر هه‌ڵبه‌زنه‌وه. توخودا بگه‌ڕێوه، با خودا‌ش نه‌تۆرێ، ئاسمانه‌كان نه‌خزێن و گه‌ردوون نه‌ڕه‌نجێ، بگه‌ڕێوه، بگه‌ڕێوه، ئای له‌م چاوه‌ڕوانییه به‌ده، بێ تۆ نامۆ و غه‌ریبم، ته‌نیایی واته بێ تۆیی.
هه‌ناسه‌ی من، ئه‌ی فانۆسه دره‌وشاوه‌كه‌م، سه‌فه‌ری ته‌نیایی خۆشه؟ تكایه تكات لێ ده‌كه‌م بگه‌ڕێوه، ده‌زانی من تكا له كه‌س ناكه‌م، ته‌نانه‌ت به‌ره‌و په‌تی سێداره‌شم ببه‌ن، تكا ناكه‌م. تكایه بگه‌ڕێوه و كۆتایی به‌و سه‌فه‌ره دوور و درێژه‌ت بهێنه، جوانییه‌كانی ژیانم پێ ببه‌خشه، منی نابه‌ڵه‌د له دووری تۆ، چ بكه‌م؟ چ ده‌بوو وه‌ك حه‌زره‌تی ئیبراهیم له‌ناو ئاگره‌كه‌دا نه‌سووتابای و به سه‌لامه‌تی بهاتیتایه‌ته ده‌ره‌وه. ئه‌ی مریه‌می پاكیزه‌ی "ئایه‌ت" ئاوابوو. ده‌زانی 21 ساڵه وه‌ك ئاگری ناو ئاته‌شگه‌ی زه‌رده‌شتی و ئاگری باوه‌گوڕگوڕ ده‌سووتێم.
دڵگه‌شی ناو دڵماتی من، تۆ كچێ بووی له به‌ژنی سنۆبه‌ر، له ڕه‌گی دارهه‌رمێ، له ئاوی كه‌وسه‌ر، له جوانی قه‌ندیل. دڵگه‌شی ناو دڵشكاوی من، تۆ كچێ بووی له پاكی مریه‌م، له قاره‌مانی، مه‌لاله، له به‌هێزی بێنه‌زیر بۆتۆ، له زیره‌كی ئانا فرۆیددا، دڵگه‌شی خێر له ژیان نه‌دیوه‌كه‌ی من، به ئه‌نداره‌ی ڕووبارێ جوان بوویت، به ئه‌ندازه‌ی به‌فری به‌سته‌ڵه‌ك به‌رز و هێنده‌ی شاخ خۆڕاگر بوویت. تۆ گه‌ردوونێكی له گه‌وره‌یی و شاخێكی له مه‌زنی.. تۆ، ئا تۆ، شارێكی له مرۆڤدۆستی.
خوشكێ گیان، ده‌بێ چ بیره‌وه‌رییه‌ك له شه‌ش ساڵی ته‌مه‌نت له یادگه‌ی مندا مابێ، جگه له دوا دیداری كۆچت، ئاگر و مه‌نجه‌ڵ و ئاو و گه‌رمی كه بوونه‌ته مۆته‌كه‌ی ژیانی من، چۆن هه‌ست به نامۆیی نه‌كه‌م؟ 21 ساڵه، 21 هه‌زار جاره پڕ به ده‌نگ هاوار ده‌كه‌م، "خوشكێ، خوشكێ"، لێم تۆراوی و لێم زیز بووی؟ بۆ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه، یا وه‌ڵام ده‌ده‌یته‌وه و نابیستم؟ به‌ڕاست بانگت ده‌كه‌م، یا وڕێنه ده‌كه‌م، ده‌خوازم جارێك شه‌ماڵ و بای وه‌شت و بای باران، یا بای واده، ته‌نیا بۆنی تۆم بۆ بهێنن، ده‌زانم ئارامبه‌خشه، خه‌م ڕه‌وێنه، هێز و توانایه!
مه‌نجه‌ڵی گه‌وره‌ی دیمه‌ن قێزه‌ون، كوفری كرد جه‌سته‌ی پیرۆزی سووتاندیت، چۆن توانی ئه‌و دڵه ڕوون و گه‌شه له‌ناو به‌رێ! ئه‌و پێسته سپیی ناسك و جوانه بسووتێنێ و داخێكی پڕ له ئازار له دڵی مندا بڕوێنێ. له‌وێدا تۆی شلكه نه‌مام سووتایت و گڕت به‌ردایه من، چزه‌ت له جه‌رگم به‌ردا، ئاگر له دڵم هه‌ڵده‌ستێ، جه‌سته‌م برژاوه، ده‌بم به ژیله‌مۆ و سووته‌ك!
توخودا پێم مه‌ڵێن: زیندووكوژی مردوو په‌رست. خوشكێ قه‌سه‌م به‌خودا، هه‌میشه به زیندوویی و به مردوویی له یادمی، هه‌میشه جوانییه‌كه‌ت له به‌رچاومه، به‌خودا قه‌سه‌م، خه‌م سه‌راپای گیانی گرتووم، خه‌ریكه تینی گه‌رمی ده‌مسووتێنێ، من و ئاگر بووین به دوژمنی عه‌میشه‌یی قین له دڵی یه‌كتردا تۆمار ده‌كه‌ین. ده‌زانی هه‌میشه له سه‌فه‌رم و به‌رده‌وام ته‌نیام، ده‌خوازم به‌یه‌كه‌وه سه‌فه‌ر بكه‌ین، ده‌شێ سه‌فه‌ر له‌گه‌ڵ تۆ به ئه‌ندازه‌ی چوونه به‌هه‌شت به‌چێژ بێ.
خوشكێ گیان بگه‌ڕێوه، له دووری تۆ، رووباره‌كان مانیان گرتووه، ئاوه‌كان له جووڵه كه‌وتوون، گوڵه‌كان خۆیان سووتاند، كارنگی له خه‌می تۆدا كتێبه‌كانی سووتاند. هاوكینگ به خۆی و كورسییه‌كه‌یه‌وه خۆی كوشت، كینگ خۆی كرده خواردنی ماسییه‌كان، بكوژانی عیسا تۆبه‌یان كرد و زه‌مه‌نیان گه‌ڕانده‌وه و عیسایان له دار هێنایه خوار و برینه‌كه‌یان بۆ ساڕ‌ێژ كرد، ده‌خوازن ئاینه‌كه‌ی بۆ بڵاو بكه‌نه‌وه. ئاخ، ئه‌گه‌ر ده‌متوانی هه‌موو باڵاخانه‌كانی دنیام ده‌ڕووخاند، هه‌موو وڵاتانم ده‌سووتاند، هه‌موو داهێنانه‌كانم له‌ت و په‌ت ده‌كرد تا تۆ ده‌گه‌ڕایته‌وه.
مردوویه‌ك شك نابه‌م له گۆڕ بێزار بێ و جێیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵم بگۆڕێته‌وه؟ 21 ساڵه له 12ی كانوونی دووه‌مه‌وه دڵم كه‌وته خواره‌وه. هه‌ی له‌به‌ر خۆت و قردێله سووره‌كه‌ی سه‌ر سه‌رت مرم، وه‌ره بمده‌ره‌وه به‌خۆم.
12ی كانوونی دووه‌می ١٩٩٨، ڕۆژمێژووی لێكنانی چاوه‌كانی دڵگه‌شی خوشكه، 21 ساڵه، له بێ تۆیی غوربه‌ت ده‌نۆشم.. دڵگه‌ش پیرۆزی، هه‌میشه به‌رزی، له بن هه‌وردایت. تۆ گشت كه‌سوكاری زامداری برا بوویت، برای داماو و كزومات، كه 21 ساڵه وه‌ك حه‌زره‌تی یاقووب به‌دوای تۆدا ده‌گه‌ڕێم.