ئایا خودا هەڵدەبژێرێ؟

AM:11:07:10/09/2017 ‌
د. فەرهاد پیرباڵ

ئێوارەیەک، گوێم لە فرید ئه‌تره‌ش ڕاگرتبوو، لە دڵی خۆمدا گوتم: ڕەنگە خودا زۆربەی کەسەکانی بنەماڵەی (ئه‌لئه‌تره‌ش)ی، نابیست (اطرش) کردبێت، یان هێزی بیستنی لە یەک بە یەکی هەموویان کەم کردبێتەوە بۆ ئەوەی پاشان ئەو هێزە پاشەکەوتکراوە ببەخشێتە "فەرید" و بیکاتە مۆسیقاڕێکی هێند هەستیاری داهێ،ن تا بزرنگێنێتەوە هەموو بەستە و بێستانەکانی بیستنمان لە قاهیرەی ڕۆژهەڵاتەوە تا باشووری بەڕازیڵ. 

ئەم قسەیەم، دەزانم، بەو شڕۆڤەکردنانە دەچێ کە حەزرەتی مووسا لە سوورەتی (ئەشکەوت) لە گەنجە هاوسەفەرەکەی، گوێی لێدەبێ. هەموویشمان دەزانین کەس لە حیکمەتی خودا تێناگات خۆ، بەڵام  ڕێگەی لە خەیاڵی کەسیش نەگرتووە تا ئەو ئاسته‌ بڕوات بڵێ: فەرید ئەتڕەش کە پێی دەڵێن (پاشای عوود) هەلبژێردراوێکی خودایە، فەریدیش ڕەنگە تەبای دیکەی هونەرمەردان. 

ئەمەش واتە فرید، بەهرەکەی لە بەشی ئەو کەڕ و کوندانەی بنەماڵەکەی خۆی بۆ ماوەتەوە کە خودا لە ئەوانی کەم کردووە و پاشەکەوتەکەی داوەتە فەرید ئەتڕەش، چونکە خودا بەخۆی دەڵێ لە هەموو شتێک تەنیا میقدارێکمان دروست کردووە و ناتوانین زیادی بکەین: "ان کل شئ خلقناە بقدر".
 
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت وەختێ نیعمەت و توانا دەبەخشرێتە زانایاک ئەوا حەتمەن لە بەشی زانایەکی تر کەم بووه‌تەوە، یان لە هی هونەرمەردێکی تر وەرگیراوە کە خودا لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا نەیهێشت بگاتە 40 ساڵیی خۆی. هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی محمد سدیق المنشاوي.

بەم پێشەکییە دەچمە ناو باسی ئەوەی بڵێم: بیری خودایی، هیچ نەبێ بەپێی ئیسلام، کە قیچەک کەمتری لەچاو دینەکانی تر لێ تێدەگەم، بیرێکی هەڵبژێرچییە  الکسیونیست-  "انتقائی". بیر لە سوورەتی (الکهف) بکەوە، ئایەتی (٤٦).

هەڵبژێرچی، یان هەڵبژێرگەرایی (ئێلێکسیۆنیزم)، کەواتە لە بنچینەدا بریتیە لە فەلسەفەی زۆربەی سوورەتەکانی ناو قوڕئان، کەچی چاڕلس داروین هات کردی بە بیردۆزێکی بایۆلۆجی بۆ تێگەیشتن لە ململانێی ئاژه‌ڵ لەپێناو مانەوە و ناوی لێنا (الانتخاب الطبیعی). ئنجا فردریک نیتشەی شێتی نیهیلیست و کۆمەڵناسانی پاش ئەو هاتن /وەک ئەوەی شتێکی زۆر تازە و عەنتیکەیان دۆزیبێتەوە/ کردیان بە هاتوهاواری ئەوەی سەلماندیان ئەو بیردۆزەی داروین، نەک هەر تازەیە، بگره‌ دەقاودەق دەچەسپێت بەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیشدا. ناو لەوانیش نرا (داروینیە کۆمەڵایەتییەکان). 

بیری هەڵبژێرچی (ئێلێکشنیزم) باشەکانی پێ لەچاو خراپەکان لەپێشەوەترە، چاک چاک چاکەکان دەهێڵێتەوە و لێدەگەڕێ ئەوانەی (نابیستن) و (نابینن) و (هیچ ناڵێن) ڕیسوا و گومڕا کەڕامەتیشیان لەگەڵ شەرەفیان هەپڕوون هەپڕوون ببێ. لەلایەکی تریشەوە بەهێزە خۆڕاگرەکان لە زۆرانبازیی مانەوەکەی داروین باسی دەکات، سەرگەڤاز، سەرکەوتوو، سەربڵند بەناو مێژوودا دەشەکێنەوە.

لە کۆتایی ئەم قسانەمدا دەڵێم: کەواتە، نابێ ئینسان شانازی تا ئەو ئاسته‌ بە خۆیه‌وه‌ بکات کە هەموو بەهرەمەندی و نیعمەت و سەرکەوتنەکانی، لە خۆیەوە بۆ هاتووە و خودا هیچ رۆڵێكی لە هاوکێشەکاندا نیە.

گرەوێک 
لەگەڵ بەڕێز کونسوڵی ئیمارات
ئێوارەی نۆی ئەم مانگە، لە دەزگای بابلیۆن، دەعوەت کرابووم بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی فەرمیی یەکەمین کتێبی تەرجومەکراوی دەوڵەتی ئیمارات بۆ سەر دوو شێوه‌زاره‌كه‌ی سەرەکییەکەی زمانی دایکم، بریتی بوو لە کتێبێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەوڵەتی ئیمارات: محمد بن راشد ال مکتوم، بە ناونیشانی (دیدی من).

کاتێ گەیشتمە ناو هۆڵی بابلیۆن، کونسوڵی ئیمارات لە پێشوازیمدا، پیاوێکی باڵا کۆک و کەمێک خڕی قسەخۆش بوو، زۆر باش ئەوەی سەلماند خاوەن چ کەرەم و نەجابەت و ئەساڵەتێکن ئیماڕاتی. گەلێک دۆستانە مێزێکی تایبەتی پیشان دام و چووم دانیشتم. 

دەفتەرێکی ڕەشم پێ بوو، کە (دکتۆر ڕەزوان عەلی)ی ڕۆژئاوای هاوڕێیەتیم، پاشان، ناوی لێنا "مەسحەفی ڕەشی پیرباڵ" گوێم لێ بوو کونسوڵی ئیمارات لەسەر میکڕۆفۆنی شانۆ، لەبارەی تەرجومەکردنی کتێبەکەیان و چاپکردنی بۆ سەر "زمانی هەژاری کوردی"، خۆی لە ئێمەی کوردی دانیشتووی ناو هۆڵەکە بڵند ڕاگرتر، بە شکۆمەندییەکی دڵبڵندانەوە، کە منی زۆر پێ موعجیبی خۆی کرد، گوتی: الشعب الکوردي یستحق هذا التکریم!

من دانیشتبووم لەناو دەفتەرە ڕەشەکەمدا تەماشای بێدەنگیم دەکرد، بە قەڵەمی زێڕین و سپی و ڕەنگین، ناوی خەڵک و ناوی پێغەمبەرەکانم نووسیبوو، لەگەڵ نیگاراندنی چەندان ئایەتی قوڕئانی پیرۆز..  پێنج تابلۆشم لەناو ئەو دەفتەرەم  ڕەسم کردبوو، لەوانە: شەقامی ئیسکان لە شەوی ڕیفراندۆمدا پێرێ شەو ڕەسمم کردبوو دەتگوت دڵی کوردستانە دەڕەنگێێتەوە. 

دڵم نەهات، لە وەڵامدا بە کونسوڵم گوت: تەنیا ئەم تابلۆیەم بەناونیشانی "شەوی ڕفراندۆم لە کوردستان"، بە پێنج ملیۆن دۆلاریش نایفرۆشم!. کونسوڵ باوەڕی کرد ڕاست دەڵێم کاتێ بە چاوی خۆی دیتی ئەو شەوەی ڕیفراندۆمی شەقامی ئیسکان چۆن لەناو تابلۆکەمدا عەینەن نەورۆز، دڵ و چاوی ئەوی ئارام و تژی ڕەنگ کردووە!.

بە کونسوڵی ئیماراتم گوت: ئەو شتەی نووسیومە لەسەر ئەم کاغەزە ڕەشە، بە عەرەبیش نووسیومە خۆ، ئەگەر زانیت چ نووسراوە من دیارییەکی گەورەت دەدەمێ.  

تەماشای دەکرد و نەیدەزانی چیم نووسیوە!
سێ پیاوی تریش لە دەورمان بوون. عەینەن قسەم بە هەر سێ ڕۆشنبیر و جەنتڵمانی دەوری کونسوڵ گوت: ئەو شتەی نووسیومە لەسەر ئەم کاغەزە ڕەشە، بە عەرەبیشم نووسیوە خۆ، ئەگەر زانیتان چ نووسراوە، من دیارییەکی گەورەتان دەدەمێ!. 
دەرفەتی دەقیقەیەک و نیوم دانێ. کەس هەر نەیزانی. 
خەڵکی تریشمان لێ کۆبوونەوە. بە کونجکۆڵی و سەرسامییەوە، هەر تەماشایان دەکرد و سەریان دەهێنا و برد.. دەیانگوت ئەمە نووسین نییە نەخێر ئەمە تابلۆیە.

تا ئەو کاتەی خۆم بۆم ڕوونکردنەوە، پیشانم دان کە ئەم نیگارەی ئەوان بە تابلۆی تێگەیشتبوون تابلۆ نیە، بەڵکو نووسینێکی حەفت پیتییه‌ و بریتیە لە ناوی خاوەن سموو (ال مکتوم)، بەڵام بە خۆشنووسییەکی "فەرهادانە" نەخشاندوومە.

من تەنیا بە نووسینی حەوت پیت ئەو هەموو بەزمەم دروست کرد کە ئەوانم پێ لەناو زەواق و زەوقدا خرۆشاند! 
بۆ من "سەهرەیەکی سەقافی" خۆش بوو، چونکە زۆرم پێخۆش، کاتێ توانیم (گرەوە هونەری و دۆستانەکەم) لە كونسوڵی ئیمارات ببەمەوە، بەڵام هێشتا دیسان منی تێدا زەرەرمەند دەرچووم، چونکە کاتێ کونسوڵ چاوی بە ناوی خاوەن سموو (ال مکتوم) کەوت کە چەند عەنتیکە و دەگمەن نووسراوە، یەکسەڵەف داخوازیی لێمکرد کە ئەو دەفتەرە ڕەشەم بکەم بە دیاری بۆ سیادەتی خاوەن سموو. 

منیش ڕاستییەکەی لە غەمی ئەو سێ تابلۆیە بووم کە شەوی ڕەنگینی ڕیفرەندۆمی کوردستانم لە شەقامی ئیسکان تێدا نەخشاندبوو، بەڵام لەبەر خاتری ئەو هەموو خۆشەویستی و ڕێزەی کە جەنابیان و دەوڵەتی ئیمارات بۆ خاک و خەڵکی کوردستان هەیانە، دەفتەرەکەم پێشکەشیان کرد و لەسەر لاپەڕەیەکی تایبەتیش نووسیم بە ئاوی زێڕ:
الاماراتیون یستحقون هذا التکریم!