بۆ گرنگە پرۆسەی ریفراندۆم لەم كاتەدا بەڕێوە ‌بچێت؟

PM:01:44:06/09/2017 ‌
 ئومێد وەلاتی

لە مێژووی گەلی كوردستاندا زۆر جار بوار رەخساوە بۆ ئەوەی داوا رەواكانی خۆی لەناو دەسەڵاتی سیاسیی عێراقدا جێگیر بكات، لە هەموو كاتەكانیشدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە، بەڵام حكوومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق دوای بەهێزبوونیان بەهاوكاری وڵاتانی‌ دراوسێ، هەوڵی لەباردنی هەنگاوەكانی گەلی كوردستانیان داوە، یان هەر دەسەڵاتدارانی بەغدا خۆیان هێزیان بەرامبەر بە گەلی كوردستان بەكار هێناوە.

ئەوكات كە چوار دەوڵەت دەبنە دراوسێمان ئەگەر دوای پرۆسەی ریفراندۆم سەربەخۆیی رابگەیەنرێت، دوو لەو چوار دەوڵەتانە بارودۆخی ناوخۆیان باش نییە و ئەستەمە بتوانن وەك جاران دژایەتی گەلی كوردستان بكەن و بۆیان بچێتە سەر، دەمێنێتەوە كۆماری توركیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێستە لای كاربەدەستانی توركیا ئەوە روون بووەتەوە كە ئەگەر بوونی دەوڵەتێكی تر‌‌ لە ناوچەكە ئەگەر زیانیشی هەبێت بۆی، بەڵام قازانجی زیاترە، بۆیە كە سەربەخۆیی كوردستان بووە ئەمری واقیع، ناچار دەبن مامەڵەی لەگەڵ بكەن، چونكە پێوەندی ئابووری و بوونی دراوسێیەكی باش بۆ توركیا گرنگە نە وەك ساڵانی پێش ٢٠٠٥ تەنیا لەسەر ناوی كوردستان و ئاڵای كوردستان هێز بەكار بێنن.

عێراق و سووریا هەموومان دەزانین ئێستە لە چ بارودۆخێكی ناوخۆیی ناخۆشدان، دەمێنێتەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەویش لەبەر باڵادەستبوونی لە ناوچەكە لەوانەیە دوای پرۆسەی ریفراندۆم راگە‌یاندنی سەربەخۆیی كوردستان كە ئەگەر تۆزێك ببێتە كێشە، ئەوا ئەوكات كێشەكە له ‌نێوان هەرێمێك و وڵاتێك دەبێتەوه كێشەیەكی نێوان چە‌ند وڵاتێك، بۆیە ئێرانیش مامەڵەی وڵاتێك لەگەڵ ئێمە دەكات و نایەوێت دوژمنێكی خراپی یەكتر بین.

بۆیە دیاریكردنی ئەم كاتە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم، باشترین كاتە ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و خەڵكی كوردستان ئەم دەرفەتە لە دەست بدەن دڵنیام دوای سەتان ساڵی تر، هیچ كاتێك وەك ئێستە  گونجاو نابێت بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان.  گەلی كوردستان سەدان ساڵە دەبێتە قوربانی بەدەستی دوژمنانی خۆی، لەهەر ناخۆشییەك كه ‌بەسەر كوردستاندا هاتبێت، هەموو كات چاومان لەوه ‌بوو تا كەی دەنگێك دەبیستین بەهانامانەوە بێت، چونكە خاوەن وڵاتێكی سەربەخۆ نەبووین.  كە عێراق كوێتی داگیر كرد، زۆرترین پاڵپشتی بۆ كوێت پەیدا بوو، چونكە خاوەن دەوڵەتی خۆیان بوون، ئەوەش وای كرد زۆربەی وڵاتان ئامادە نەبوون  پشت لە كوێت بكەن.

لێرە و لەوێ گوێبیستی زۆر دەنگی جیاواز دەبین كە دژایەتی پرۆسەیی ریفراندۆم دەكەن، وەك دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان و دەستبەكاربوونی یەكەم كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا دەگەینە رۆژی بەرزكردنەوەی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە كەركووك كە هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ دەڵێن ئێستە كاتی ریفراندۆم نییە لە هەرێمی كوردستان، ئەوكاتیش ‌هەمان قسەیان هەبوو لەسەر ئەو هەنگاوانەی گەلی كوردستان كە بۆ دامەزراندنی پەرلەمان و یەكەم كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان له ‌كەركووك، ئەمانە هەمووی بوونە ئەمری واقیع قسە و هەڵوێستەكان پێچەوانە بوونەوه، بۆیە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەهەمان شێوە دەبێت و وای بۆ دەچم باشتریش دەبێت، چونكە ئێستە بەرژەوەندیی زۆر لە وڵاتانی زلهێز وا دەخوازێت دەوڵەتێك بەناوی كوردستان لە ناوچەكە هەبێت، هاوكار و هاوپەیمانێكی باش بێت بۆیان، نەك هەرێمێك كە هەركاتێك عێراق ویستی بە ئارەزووی خۆی بچەوسێنێتەوە، وەك ساڵانی رابردوو .
  پێویست ناكات خۆمان بەهەندێك لێدوانی فڵانە بەرپرس و فڵانە وەزیر، چاودێری بیانی، نووسەر، یان كەسایەتییەكی دیار سەرقاڵ بكەین كە لێدوانەكانیان له ‌خزمەتی پرسە نیشتمانییەكانی ئێمەدا نییە، ناحەزمان زۆرە و دۆستمان زۆرتر دەبێت ئەگەر بوێری ئەوەمان هەبێت بڕیاری خۆمان بدەین كە دڵنیاشم ئەو بڕیارە دەدەین و له ‌دوای بڕیاردان، له ‌رۆژی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆم كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكرێت .

له ‌هەموو گرنگتر‌ ئەوەیە پرۆسەی ریفراندۆم جگە لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵیدا لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش ئەنجام دەدرێت، دیاریكردنی ئەم كاتە زۆر گرنگە و پەشیمانبوونەوە لە ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە بەبێ گەرەنتی نێودەوڵەتی خۆ كۆشتنێكە‌ بە ‌دەستی خۆمان.