هه‌ژار ره‌شید كاكه‌یی
هه‌مه‌جۆری یان فره‌یی له پێكهاته‌ی هه‌ر وڵاتێك شتێكی نامۆ نییه له كو‌لتووری سیاسیی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان، به‌ڵكو به پێكهاته‌ی ره‌نگاڵه دیموكراسی ناو ده‌برێت كه واتای راسته‌قینه‌ی دیموكراسیی تێدا ده‌رده‌كه‌وێت به ئه‌رێنی یان نه‌رێنی، ده‌كرێت جێی شانازی پێكه‌وه‌ژیان بێت، نموونه‌ی وڵاتان زۆرن كه فره‌پێكهاته‌ی و یه‌كتر قبووڵكردن له ناوانیاندا له ئاستێكی زۆر به‌رزدایه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا فره‌پێكهاته‌ی تیغێكی دوولایه‌نه زۆر مه‌ترسیدار ده‌بێت ئه‌گه‌ر نه‌زانرێت ره‌فتاری سیاسی گونجاوی له‌گه‌ڵدا بكرێت، یان ئه‌گه‌ر نه‌توانرێت له چوارچێوه‌یه‌كی یاسای سیاسی داڕێژراو دابنرێت. به‌بۆچوونی من چه‌ند خاڵێك كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له فره‌پێكهاته‌یی، له‌وانه: نه‌بوونی ئه‌قڵێكی سیاسی ئه‌رێنی، بێ به‌رنامه‌یی ده‌سه‌ڵات له پێدانی ماف، هه‌روه‌ها ده‌ستی ده‌ره‌كی.
له هه‌ردوو ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی فره‌پیكهاته‌ی زۆر كاریگه‌ره. له ئاستی ناوخۆدا ده‌بێته هۆی پشێوی ئه‌گه‌ر یه‌كتر قبووڵكردن له ئاستێكی گونجاو‌دا نه‌بێت یاخۆ یه‌كتر قبووڵكردن به زۆر یان به فرتوفێڵ بچه‌سپێنرێت به‌سه‌ر پێكهاته‌كان یا به‌دووفاقی هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بكرێت. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌ره‌كی راده‌كێشێت به‌هه‌ردوو باڵی ته‌رازوو كه ده‌كرێت ئه‌رێنی یان نه‌رێنی بێت.
له ئاین و ئاینزاكان فره‌ڕه‌نگی و جیاوازی له بیروبۆچوونه‌كان بابه‌تێكه زۆربه‌ی زۆری ئاینه‌كان، ئه‌گه‌ر هه‌موویان نه‌بێت، دووپات ده‌كه‌ن له‌سه‌ری، بگره باس له ره‌وشتبه‌رزی لێوه ده‌كرێت، یه‌كتر قبووڵكردن به‌رز ده‌نرخێنێت به ئه‌ركی ئاینی ده‌یناسێنێت له كۆمه‌ڵگه‌دا.
لێره‌دا شتێكی روون و ئاشكرایه كه عێراق پێكهاته‌یه‌كی هه‌مجۆره له رووی فره ئاینی و فره‌نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام پرسیار له‌وه‌دایه ئایا عێراق توانیویه‌تی سوود له فره‌پێكهاته‌ی و جیاوازی ئاین و ئاینزا و نه‌ته‌وه‌كان وه‌ربگرێت؟ هه‌ڵبه‌ته پرسیاره‌كه‌ی من بۆ عێراقی دوای 2003یه كه گه‌وره‌ترین رژێمی دیكتاتۆری به‌سه‌ریدا زاڵ بوو. له‌وه وردتر مه‌به‌سته‌كه‌ی من له ئاماده‌كاری بۆ خولی چوارمی هه‌ڵبژاردنی 2018.
هه‌رسێ فاكته‌ره نه‌رێنییه‌كه له عێراق زۆر به زه‌قی ده‌بینرێت له هه‌موویان زیاتر ده‌ستی ده‌ره‌كی.
نادادپه‌روه‌ری له سیسته‌می عێراق به‌رانبه‌ر به پێكهاته‌كان كارێكی وای كردووه پێكهاته‌كان خۆیان ده‌ستی ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات بگرن بۆ ناو عێراق، به‌داخه‌وه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م كێشكردنه هه‌رێمی كوردستانیشی گرتووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌تا ده‌بینین هه‌ڵبژاردنی عێراق له كۆی 329 كورسی په‌رله‌مان كه حه‌وت هه‌زار 187 به‌ربژێر و 508 به‌ربژێر له هه‌رێمی كوردستانه‌وه، 204 پارتی سیاسی و 27 هاوپه‌یمانیی پێكهاتووه، كه‌چی هیشتا زۆر به زه‌قی پشتگوێخستنی پیكهاته‌ی كاكه‌یی ده‌بینرێت له مسۆگه‌ركردنی كورسیی كۆتا.
ره‌سه‌نایه‌تی پێكهاته‌ی كاكه‌یی (یارسان) وه‌ك به‌شێك له كۆمه‌ڵگه‌ی كورد داده‌نرێت و مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هه‌زار ساڵێك كه خاوه‌ن كو‌لتوور و داونه‌ریتی تایبه‌تی خۆیانن، كاكه‌یی باجی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌یان داوه له زۆربه‌ی ناكۆكییه‌كان له عێراقدا كراونه‌ته ئامانج، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی كاكه‌یین، خێره ئێسته له كورسیی كۆتا پشتگوێی ده‌خه‌ن؟
جێی ده‌ستخۆشییه ده‌بینین پێكهاته‌ی كریستیان پێنج كورسیی كۆتا، هه‌ریه‌كه له پێكهاته‌ی ئێزیدی و سابیئه‌ی مه‌ندائی و شه‌به‌ك و فه‌یلی بوون به خاوه‌ن كورسیی كۆتا، به‌ڵام ده‌بێت له حكوومه‌تی عێراق بپرسین ئه‌ی پێكهاته‌ی كاكه‌یی؟
من وه‌ك كاكه‌یییه‌ك زۆر نیگه‌رانی به‌رانبه‌ر عێراق ده‌رنابڕم، چونكه چه‌ندان ساڵه مافی گه‌لی كورد پێشێل ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌رانی كردووم هه‌رێمی كوردستانه كه هیچ رۆڵێك به كاكه‌یییه‌كان نادات له نوێنه‌رایه‌تیكردنی خۆیان، نه له په‌رله‌مانی كوردستان، نه له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف نه له هیچ داوده‌زگایه‌كی هه‌رێم، به‌ڵكو زیاتر هه‌وڵ ده‌درێت بۆ دابه‌شكردنیان له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سانێكه‌وه. كاكه‌یی (یارسان) دڵنیان له‌وه‌ی ئه‌مه به‌رنامه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نییه، به‌ڵام فه‌رامۆشكردنیان جێی گومان و نیگه‌رانی هه‌موو كاكه‌یییه‌كه. بۆیه لێره‌دا هیچ ناڵێم ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بێت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان، ئه‌م سته‌مه‌ی له كاكه‌یی كراوه، ئێوه مه‌یكه‌ن و مافیان بۆ بگێڕنه‌وه. چونكه ئێمه‌ی كاكه‌یی وه‌ك پیكهاته‌كانی تر نین كه له ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان له‌كه‌دار كرد به راپۆرتنووسین له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، ئه‌وه به ئێمه مه‌كه‌ن تكایه، له‌و هه‌سته نیشتمانییه تێبگه‌ن كه كاكه‌یی ناتوانن غه‌در له حكوومه‌ته‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن و به ماڵی خۆمانی ده‌زانین، بۆیه هیوادارین حكوومه‌ته‌كه‌یشمان نه‌توانێت غه‌در له كاكه‌یی بكات. مافی كورسی كۆتا بده‌ن به كاكه‌یی له نوێنه‌رایه‌تیكردنی خۆیان له هه‌رێمی كوردستان.
وه‌ك كاكه‌ییه‌كان داوا ده‌كه‌ین له هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردندا كورسی كۆتا بۆ كاكه‌یی دابنرێت له په‌رله‌مانی كوردستان، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش له‌م دۆخه‌دا ناكرێت، نوێنه‌ری كاكه‌یی به فه‌رمی بناسرێت و له چه‌ند داوده‌زگایه‌كی سه‌ره‌كی كوردستاندا هه‌بن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرس بن له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی كاكه‌ییه‌كان.