عه‌لی حه‌رب/ وه‌رگێڕانی- سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان
1- رێساكانی گه‌مه‌كردن
ئه‌و بزووتنه‌وه شۆڕشگێڕییانه‌ی زۆربه‌ی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانی گرته‌وه، بووه هۆی گۆڕینی ده‌ستكه‌وت و پێچه‌وانه‌كردنی هاوكێشه‌كان. به‌هه‌مان ئاست بووه هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ندان ئاسۆی نوێی بیركردنه‌وه و ده‌ربڕین و پێوه‌ندی و گۆڕینه‌وه بێته كایه‌وه. بۆیه پاش روودانی هه‌ر رووداوێك گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه مه‌حاڵه.
ئه‌و رووداوانه‌ی كه روویان دا چالاكانی مه‌ده‌نی و سه‌ركۆنه‌كه‌رانی نه‌وه‌ی نوێ ئه‌نجامیان دا. ئه‌وانه‌ی له رێی شاشه و مه‌یدانه‌كانه‌وه هه‌ستان به به‌رپاكردنی جووڵانه‌وه و شۆڕ‌شیان هه‌ڵگیرسان. ئه‌وانه‌ی یاساكانی گه‌مه و پێوه‌ندییه‌كانی هێزیان گۆڕی، به‌هه‌مان ئاست هه‌ستان به رێخۆشكردن بۆ كردنه‌وه‌ی ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی راست و دروست و ده‌رگه‌كانی ئازادیان به‌ڕووی ده‌سته و گرووپه‌كان كرده‌وه به هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه:
هاووڵاتی ساده و شه‌قامه‌كان توانای ئه‌وه‌یان لا خوڵقا هه‌ڵوێست و بۆچوونی خۆیان هه‌بێت.
ژن كۆتی سه‌رپه‌رشتی تێك‌شكاند و له‌گه‌ڵ پیاواندا به یه‌كسانی به‌شداری له خۆپیشاندانه‌كان كرد، به‌و هیوایه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وانه ببن به‌هۆی ئازادكردنی له‌و گرێ و ترسانه‌ی تووشی بووه ئه‌و داوه یاسایانه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پاوه.
ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی پڕۆژه‌ی ئازادیخوازییه‌كانیان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا، له شوێنێكه‌وه شۆڕش هه‌ڵده‌گیرسێ ئه‌وان حیسابیان بۆ نه‌كردبوو، ئه‌و شۆڕشه هه‌ڵده‌گیرسێت تا ئه‌وان له گرتووخانه‌ی ئایدیۆلۆجی و مێرده‌زمه‌ی سیسته‌می سه‌ركوتكاری ئاسایش و دێوه‌زمه‌ی ده‌سه‌ڵات رزگار بكات.
دواجار ئه‌م شۆڕشه بووه هۆی رزگاركردنی ئیسلامییه‌كان و گۆڕینی هه‌موو گرووپ و ده‌سته‌كانیان هه‌ر له ئیخوانه‌وه تا ده‌گات به سه‌له‌فی و نه‌هزه‌یییه‌كان. ئه‌م شۆڕشه ده‌رگه‌ی به‌ڕوویاندا كرده‌وه تا له‌وێوه له رێی سندووقه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست، واته به شێوازێكی دیموكراتی، نه‌ك به‌پێی دامه‌زراوه‌ی شووراكان، هه‌ر ئه‌م شۆڕشانه سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا به‌و جۆره‌ی وا له ئیسلامییه‌كان بكه‌ن ده‌ستبه‌رداری ئه‌و بۆچوونانه‌یان بن كه به‌موو لێی ده‌رنه‌ده‌چوون، هیچ نه‌بێ له ئاستی وتاردا ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نییان پێ باش بێت و ناچاریان بكات واز له‌وه بێنن شه‌ریعه‌تی ئیسلام بخه‌نه ناو ده‌ستووره‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی پارتی نه‌هزه‌ی ئیسلامی له توونس ئه‌نجامی دا، هه‌ر ئه‌م شۆڕشه ناچاری كردن نه‌هێڵن پارته سیاسییه‌كان له‌ژێر دروشمی ئاینیدا كار بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی پارتی ئیخوان موسلمین له میسر هه‌ستان به دامه‌زراندنی پارتی ∀ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی∀ .
بۆیه نیازی پارته ئیسلامییه‌كان و ستراتیجیان پرسیار و گومان ده‌ورووژێنێ، له‌ناو وڵاتانی عه‌ره‌بی و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه ترسی ئه‌وه هه‌یه هه‌ستن به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت و به ئیسلامیكرنی ژیان، ئه‌مه‌ش به‌رجه‌سته‌كردنی دروشمه‌كه‌یانه كه ده‌ڵێ: ئیسلام چاره‌سه‌ره. ئه‌مه وای كرد دووباره وتووێژ و مشت‌ومڕ دامه‌زرێ، له‌سه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ی ده‌كرێ ئیسلامی سیاسی له رێڕه‌وه‌ی شۆڕش و چاره‌نووسی كۆمه‌ڵگه‌كاندا بیبینێت.
روانگه‌ی من له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ كه نابێ وا ته‌ماشای دروشم و لێدوانه‌كان بكرێ ته‌نیا بریتین له كۆمه‌ڵێ شێواز و ده‌مامك بۆ شاردنه‌وه‌ی رووداوه‌كان و تێكه‌ڵكردنی گرفته‌كان، یان بۆ هێنانه‌وه‌ی بیانوو له موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات و تۆپزیدا.
ئه‌گه‌ر مرۆڤ له رێڕه‌وی پرسه‌كان و مه‌به‌ستی پڕۆژه و ئه‌زموونه‌كان ورد بێته‌وه، ده‌بینێت ئیسلامییه‌كان له‌و شتانه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن و داوای ده‌كه‌ن جێی متمانه نین، چ له رووی پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئاین و به‌هاكانی، یان ناسنامه و پرنسیپه نه‌گۆڕه‌كان و ده‌وڵه‌ت و سروشتی ده‌وڵه‌ت.
2− برسێتی ده‌سه‌ڵات
با تۆزێ له ئاستی به‌هاكانی ئایندا بوه‌ستین، وه‌ك ئیمان و پێكه‌وه‌بوون، یه‌كترناسین، لێبورده‌یی، هاوكاری و به‌زه‌یی و هه‌موو ئه‌و به‌هایانه‌ی كه سه‌رچاوه‌ن و له‌وێوه شه‌ریعه‌ت و حوكمه‌كانی تایبه‌ت به پاراستنی ماف و ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادایی و كه‌رامه‌ت هه‌ڵده‌قوڵێت. ئه‌م به‌هایانه دوا شتن كه ئیسلامییه‌كان بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان وه‌ك بوونه‌وه‌رگه‌لێكی سیاسی له پشت ئه‌و دروشمه ئاینییانه‌وه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌شی ده‌یانجووڵێنێت برسێتییه‌كی كوشنده‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات، ئه‌و دروشمانه ته‌نیا توێكڵێكی ئایدیۆلۆجین و به ئاسانی ده‌توانن هه‌ڵیوه‌شێنن و پێشێلی بكه‌ن. خه‌می سه‌ره‌كیی ئه‌وان بریتییه له‌وه‌ی: به هه‌ر نرخێك بووه ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و بیپارێزن، نموونه‌مان له‌سه‌ر ئه‌مه ئه‌و ئه‌زموونانه‌ن كه تێیدا ئیسلامییه‌كان حوكمڕانیان كردووه یان ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته ده‌ست. ده‌بینین له‌وه زیاتر نازانن كه پرنسیپه‌كان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه، داونه‌ریته جێگیره‌كان بگۆڕن و له ناكۆكییه‌كه‌وه بڕۆن بۆ ناكۆكییه‌كی تر.
بۆیه ترسه‌كه ئه‌وه نییه كه ئیسلامییه‌كان ده‌یانه‌وێ شه‌ریعه‌تی ئیسلام جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش نییه كه جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت به‌بێ دژه‌كه‌ی نایه‌ته دی، به‌ڵكو ئه‌وان ئه‌وه‌یان پێ ناكرێ، ئه‌مه ته‌نیا شێوازێكه بۆ ختووكه‌ی هه‌ستی جه‌ماوه‌ر و به‌ده‌ستهێنانی لایه‌نگیری. ئه‌وه‌ی جێی ترسه ئه‌وان ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان پاوان بكه‌ن و هه‌رچی ئازادی بیر و ده‌ربڕین هه‌یه له خه‌ڵكی بسه‌ننه‌وه، هه‌ستن به دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتداره سه‌ركوتكه‌ره‌كان به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی خراپتر.
3− ساخته و گومڕایی
ئیسلامییه‌كان وا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن گوایه پارێزه‌ر و پاسه‌وانی شوناسی ئاینی ئیسلامین له به‌رانبه‌ر كولتووری رۆژئاوای هاوچه‌رخدا. به‌ڵام ئه‌مه‌ی ده‌یڵێن دووره له راستییه‌وه و له كۆتادا زۆربه‌ی ئیسلامییه‌كان به‌رهه‌می رۆژئاوای هاوچه‌رخن به خۆیان و بڕوانامه‌ی دكتۆراكانیان، به جلوبه‌رگ و بۆینباخ و ته‌نانه‌ت ئه‌و زانست و زانین و ئامرازانه‌ی كه هه‌ڵگرین، زانسته‌كان نه‌ك ته‌نیا له بواره‌كانی بایه‌لۆجی و ماتماتیك و ته‌كنیكی، به‌ڵكو له بواره‌كانی فه‌لسه‌فه و مرۆڤناسیش. سه‌ره‌ڕای ره‌گه‌زنامه‌كانیان، زۆر له رابه‌ره ئیسلامییه‌كان هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مه‌ریكایین، خۆیان یان باوك و كوڕه‌كانیان، هه‌روه‌ك به‌ڵگه‌نامه و رووداوه‌كانی پێوه‌ست به زانیاری له مه‌ڕ هه‌ندێ له پاڵیوراوانی سه‌رۆكایه‌تیی میسر ئه‌م راستییه‌ی ده‌ریخست.
ئه‌گه‌ر هه‌رچی ده‌سكه‌وته‌كانی مۆدێرنیزم و به‌رهه‌مه‌كانی مۆدێرنه هه‌یه له ئیسلامییه‌كانی بسه‌نیته‌وه، ئه‌وه هیچ نامێنێته‌وه ته‌نیا هه‌ندێ نموونه‌ی كۆن و هه‌ڵسوكه‌وتی دیكتاتۆری و تیرۆریستانه، كه سه‌له‌فییه‌كان وه‌ك مژده‌یه‌ك بۆمان دێنن، ئه‌و سه‌له‌فییانه‌ی ده‌رچووی قوتابخانه‌ی دایك، واته كۆمه‌ڵه‌ی برایانی مسوڵمانن، هه‌رچه‌نده له بنه‌ڕه‌ته‌وه له رێبازه‌كه‌ی ئه‌وانیش لایان داوه، بۆیه سه‌یر نییه رابردوو یان وه‌ك گاڵته‌جاڕی ده‌گه‌ڕێته‌وه یان به‌شێوه‌ی تیرۆریزمی.
ده‌با ئیسلامییه‌كان واز له خه‌وی سڕبوونی ئیمانداری بێنن. سه‌له‌فییه‌كان به بیره پڕوپووچ و هه‌ڵسوكه‌وته دڕنده‌كانیان شۆكیان خستووه‌ته گیانیانه‌وه و ئه‌وانیش پێیان وایه سه‌له‌فییه‌كان ∀زیان به ئیسلام و مسوڵمانان∀ ده‌گه‌یه‌نن، هه‌روه‌ك رابه‌ری پارتی راپه‌ڕینی توونسی شێخ را‌شد ئه‌لغه‌نووشی وه‌سفیان ده‌كات، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ بنه‌ڕه‌تی په‌یام و بناغه‌ی بیریان بزانن، ئه‌وان به‌رهه‌مێكی خراپی ساڵانێكن له خوێندن و فێربوون و راگه‌یاندن، با ددان به راستییه‌كاندا بێنین: به‌راستی سه‌له‌فییه‌كان رێك و راست هه‌ڵده‌ستن به جێبه‌جێكردنی ئیسلامی فیقهی و شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی. لێره‌دا نموونه‌ی گارودی عه‌ره‌بی ئه‌و رۆشنبیره عه‌لمانییانه‌م بیر ناچێت ئه‌وانه‌ی باسی مزگێنی ئاینیان كرد و هه‌لهه‌له‌یان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی لێ دا و سواری شه‌پۆله‌كه‌ی بوون، ره‌دووی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆكه‌كانیان كه‌وتن، كه‌چی ئاین به شێوه‌یه‌كی ترسناك ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌شی كه ده‌یبێت ده‌رئه‌نجامێكی پڕ له كاره‌سات و كاریكاتێرئامێزه.
ئه‌گه‌ر نه‌توانین موماره‌سه‌ی بوونێكی ساخته‌ئامێز بكه‌ین و هه‌موومان بووبێتین به كه‌سانێك خاوه‌نی ناسنامه‌ی تێكه‌ڵی گۆڕاو، وا باشه ددان به گۆڕانكارییه‌كاندا بنێین. كه‌سی هۆشمه‌ند ئه‌و كه‌سه‌یه ده‌بێته به‌شێك له سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی، تا به سوودوه‌رگرتن له ده‌ستكه‌وتی ئه‌و مرۆڤانه‌ی وه‌ك ئه‌و مرۆڤن ئیتر گرنگ نییه سه‌ربه چ ناسنامه‌یه‌كن به‌شداری بكات له دروستكردنی دنیای خۆیدا. ئه‌ی ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ین چۆن ئه‌مڕۆ دێینه ناو واقیعی گه‌ردوونییه‌وه ئه‌و واقیعه‌ی سیفه‌ته‌كه‌ی بریتیه له پشت به یه‌كتربه‌ستن و تێكه‌ڵبوونی به‌رژه‌وه‌ندی و چاره‌نووسه‌كان. ئه‌م كردارانه‌ش پێویستیان به بیری به پیتی ئه‌وانه هه‌یه كه هه‌ڵده‌ستن به داهێنان و له ده‌رئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی بڕینی سنووره‌كان و دروستكردنی هه‌لومه‌رجێكی نوێ بۆ باشكردنی ئاستی بژێوی و به‌رزكردنه‌وه‌ی چۆنیه‌تیی ژیان.
4. پڕوپووچی جێگیرییه‌كان
لێره‌وه زاراوه‌ی جێگیره‌كان یان نه‌گۆڕه‌كان كه پارێزه‌رانی ناسنامه‌ی ئاینی به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه، یه‌كێكه له هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رترین ده‌سته‌واژه و رێ ون ده‌كات. جێگیرێتی به‌راستی ئه‌فسانه و حیكایه‌ته، له‌به‌رئه‌وه‌ی واقیع بریتییه له بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وام و له‌و میانه‌شدا بیر هه‌میشه له دڵه‌ڕاوكێدایه. مانای وایه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ جێگیرییه‌كان پێوه‌ندییه‌كی راوه‌ستاو نییه، به‌ڵكو پێوه‌ندییه‌كه هه‌میشه له گۆڕاندایه. ئه‌گه‌ر له ئاستی ئاینی ئیسلام هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین، ده‌بینین به‌درێژایی مێژوو گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، ئه‌گه‌ر رێوڕه‌سم و فه‌رزه‌كانی وه‌ك نوێژ و رۆژو و حه‌جی لێ ده‌ربكه‌ین، ئه‌وانی تر هیچیان وه‌ك خۆیان نه‌ماونه‌ته‌وه، هه‌ر هه‌موو شته‌كانی تر له رووی مانا و ده‌لاله‌ت و به‌ها و به‌ده‌سته‌وه‌دانه‌كانی گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه، ئیتر ئه‌م گۆڕِانه به‌شێوه‌ی بێده‌نگ و سست رووی دابێت یان راگه‌یاندراو و راسته‌وخۆ، له‌پڕ و ره‌شه‌بائاسا.
وا باشه ئیسلامییه هاوچه‌رخه‌كان، ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی پڕۆژه‌گه‌لی راپه‌ڕینخواز و ریفۆرمخوازن، خۆیان له گرێی شێخ محه‌مه‌د عه‌بده رزگار بكه‌ن، واته خۆیان رزگار بكه‌ن له گرێی ناسنامه و پارێزگاریكردن له جێگیرییه‌كان. شێخی ئه‌زهه‌ر دكتۆر ئه‌حمه‌د ئه‌لته‌یبت به ته‌واوی ئه‌مه‌ی كرد، ئه‌و نه‌یگوت له‌به‌رئه‌وه‌ی شوورامان هه‌ن دیموكراتیمان بۆ چییه، به‌ڵكو دووپاتی كرده‌وه كه دیموكراتی، ئه‌لته‌رناتیڤی شوورایه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌كه‌ین ئه‌وه ئێمه پێشێلی شه‌رع و پره‌نسیپه‌كانی شه‌رع ده‌كه‌ین و ئیسلامیش به شتێك بارگران ده‌كه‌ین كه ناتوانێ ته‌حه‌مولی بكات. یان ئه‌وه‌تا ده‌ست به‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی رۆژئاوا ده‌گرین و به ساخته ده‌یده‌ینه پاڵ قورئان.
5− ریزبه‌ندی و كورتهێنان
لێره‌وه ده‌گه‌مه گرێییه‌ك كه ره‌وشت و بیری ئیسلامییه‌كان به ئاره‌زووی خۆی رێنوێنی ده‌كات، ئه‌و گرێیه‌ش گرێی ریزبه‌ندییه كه سیفه‌تێكی هاوبه‌شی نێوان ئاینه ئاسمانییه‌كانه، هیچیان خۆیان وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی مرۆیی و به‌رهه‌می عه‌قڵ و ئه‌زموون پێشكه‌ش ناكه‌ن، به‌ڵكو وا خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن ئه‌وان سه‌رچاوه‌ی خودان و پیرۆزی و مه‌زنایه‌تین.. به‌ڵام ئاینه‌كانی ئیبراهیم هه‌ر هه‌موویان له یه‌ك سه‌رچاوه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه، كه‌چی یه‌كیان ئه‌وی تر ره‌ت ده‌كاته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر ئاینێ پێی وایه هه‌ر ئه‌و خۆی به‌بێ ئه‌وانی تر كلیكی بڕوا‌و و راستی و دروستییه. له‌ناویاندا ئیسلامییه‌كان پێیان وایه خوا ئه‌وانی هه‌ڵبژاردووه و ئه‌وان ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌تن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ی خوا كۆتای پێ بێنن و بیگه‌یه‌نن به به‌شه‌كانی تری دنیا.
به‌ڵام خۆویستی كولتووری نابێ په‌لكێشمان بكات، ریزبه‌ندی روویه‌كی تری هه‌یه. ئه‌گه‌ر له روویه‌كی تره‌وه بمانه‌وێ دیارده‌كه شی بكه‌ینه‌وه، ریزبه‌ندی مانای وایه كه پێغه‌مبه‌ر و نێردراوه‌كان، به پێچه‌وانه‌وه له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا ده‌ركه‌وتوون كه پێویستیان به كه‌سێ بووه به‌خێویان بكات، هۆی ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه یان نه‌یانتوانیبێت خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن یان بۆ به‌ڕێوه‌بردینی ژیانیان نه‌یانتوانیوه به چاكی سوود له عه‌قڵیان وه‌رگرن. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و گه‌ل و كۆمه‌ڵگایانه‌ی نه‌یانزانیوه دیارده‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی چییه، یان پێویستیان به‌مجۆره دیارده‌یه نه‌بووه، له‌به‌رئه‌وه نییه كه رێی راستیان ون كردووه، به‌ڵكو راستییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێَته‌وه كه ئه‌وان زانیویانه چۆن به‌رپرسیاری خۆیان بن، چۆن عه‌قڵیان به‌كار بێنن و یاسا و شه‌رع بۆ ژیان و كۆمه‌ڵگه‌كانیان دابنێن، به‌بێ پێویستی بوونی به‌خێوكه‌رێكی خوایی یان پێغه‌مبه‌رایه‌تی یاسا، هه‌روه‌ك له یۆنان و رۆمان رووی دا، له‌وێ فه‌لسه‌فه و زانست و لۆجیك و دیموكراتی و یاسا دانراوه‌كان دروست بوون، ئه‌مه‌ش له‌وه‌دا به‌رجه‌سته بوو كه توانییان خۆیان زانست بنێرنه دنیا و ده‌ست بكه‌ن به عه‌قڵانیكردنی وتار و ده‌سه‌ڵاتی پشتاوپشت و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رایه‌تی دابنێن، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو زانست و به‌هاو سیسته‌مانه كه بوون به به‌شێك له كه‌له‌پوورمان، كه پێویستمان پێیه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته ئاینییه‌كانمان.
كاتی ئه‌وه هاتووه خۆمان له بڕوای ریزبه‌ندی رزگار بكه‌ین، ره‌نگه له رابردوودا سیفه‌تێكی چاك بووبێ (وه‌ك تایه‌فه‌گه‌ری له لبنان) پاشان بوو به نه‌خۆشی و ده‌رد، بگره میكرۆب، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵده‌ستێ به مینڕێژكردنی پێوه‌ندی نێوان تایه‌فه و مه‌زه‌وه‌كان له‌سه‌ر ناو و سیمبول و ده‌قه‌كان، هه‌روه‌ها ده‌بێت به رێگرێك و كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه‌كان به‌ره‌و دواوه ده‌بات و ناتوانن پێش بكه‌ون و گه‌شه بكه‌ن، تا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌كانی تردا هه‌نگاو به‌هه‌نگاو بڕۆن و له رووی پیشه‌سازی هاوچه‌رخه‌وه گه‌شه بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌بێ هیچ خه‌ونێكی خۆپه‌رستانه و به تارماییكردنی بڕواخوازی، به‌جۆرێك وه‌ك باقی كه‌سانی تر هه‌ڵسوكه‌وت بكات، نه مه‌زنتر و نه پووچتر، نه باشتر و نه خراپتر.
6− ئاین بۆ خاوه‌نه‌كانی گرفته
له مه‌ڕ پێوه‌ندی ئیسلامییه‌كان به ده‌وڵه‌ته‌وه، وه‌ك عه‌لمانی و لیبراڵه‌كان ئه‌م كاره ده‌كه‌ن هه‌ڵناستم به ساده‌كردنی پرسه‌كان و ساخته‌كاری راستییه‌كان، ئه‌وان بڕوایان وایه به دووپاتكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئیسلام ئاینه و ده‌وڵه‌ت نییه، به‌ڵگه‌ی ئیسلامییه‌كان ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌ڵێن به پێچه‌وانه‌وه ئیسلام ئاین و ده‌وڵه‌ته، هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه‌یه تا ده‌وڵه‌تی ئاینی و خه‌لافه‌تی ئیسلامی دامه‌زرێنن.
وا باشتره ددان به راستییه‌كاندا بنێین. ئیسلام هه‌ر به ته‌نیا بڕوا و رێوڕه‌سمی ئاینی و فه‌رزه‌كان نه‌بووه، بگره حوكم و شه‌ریعه‌تیش بووه، واته ئه‌و یاسایانه‌ی له دنیای ئیسلامی‌دا ده‌وڵه‌تی پێ به‌ڕێوه براوه و هه‌ر له خه‌لیفه‌كانی راشدینه‌وه تا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به هه‌موو شێوه و سیسته‌م و جۆره‌كانی كاری پێ كراوه. بۆیه به شاردنه‌وه‌ی راستی و ئاڵۆزاندنی گرفته‌كه ناتوانین ئه‌مه ره‌ت بكه‌ینه‌وه. ئه‌وه‌یشی ئه‌مه بكات ئه‌وه له‌سه‌ر ئه‌رزی سه‌له‌فی و ئسوڵییه‌كان ده‌مێنیته‌وه، پێش ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی ده‌ست پێ بكات، دۆڕاوه.
به‌ڵام كاتێ ئیسلامییه‌كان دروشمی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و ده‌سه‌ڵاتی خوایی و ویلایه‌تی فه‌قێ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، وه‌ك رای ده‌گه‌یه‌نن ئه‌وان له‌گه‌ڵ سه‌له‌فدا یه‌ك شت نین، له‌به‌رئه‌وه‌ی له ئیسلامدا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت درابێته پاڵ شه‌ریعه‌تی ئاین و بڕیاره‌كانی، ئه‌وا رۆژێ له رۆژان شتێك نه‌بووه پێی بگوترێ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، به‌ڵكو ده‌وڵه‌ته‌كان به‌ناوی ئه‌وانه‌وه ناو نراون كه حوكمیان كردووه. بۆ نموونه گوتراوه خه‌لافه‌تی عه‌باسی، ده‌وڵه‌تی سه‌لجووقی، به‌و پێیه‌ی كه ده‌وڵه‌ت هه‌ڵه ده‌كات و له‌وكاته‌دا هه‌ڵه‌كان ده‌درێنه پاڵ خاوه‌نه‌كانیان نه‌ك مه‌رجه‌عه ئاینییه‌كه كه به پیرۆزی داده‌نێن. له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وان حاكمه‌كانیان له زاناكان جیا كردووه‌ته‌وه، واته جیاكارییان كردووه له نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سیمبولی تا سنوورێك دانێن بۆ سته‌م و زۆرداری، به‌ڵام هاوچه‌رخه ئیسلامییه‌كان ده‌یانه‌وێ ئه‌م دوانه پێكه‌وه كۆ بكه‌نه‌وه، تا هه‌ستن به موماره‌سه‌كردنی لووتبه‌رزی سیاسی و ئاینی زیاتر.
له‌و كاته‌وه‌ی ئیسلام دامه‌زراوه هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی ئاین و ده‌وڵه‌ت پێكه‌وه بوون، به‌ڵام ئه‌م شێوه حوكمه به كه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه نایه‌ت، مه‌حاڵه بتوانرێ ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه به روانگه‌ی دنیای رابردوو و نموونه‌كانی دنیای رابردوو بنیات بنرێ، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنیاته‌ش شێوه‌كانی ژیانیان و نموونه‌كانی فه‌قێیه‌تی دامه‌زرێنن. پاش زیاتر له دوو سه‌ده تێكه‌ڵبوون و سوودوه‌رگرتن له ده‌ستكه‌وته‌كانی دنیای هاوچه‌رخ ناكرێ ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی ساخته و موماره‌سه‌كردنی تیرۆر بگه‌ڕێینه دواوه. لێره‌وه به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمه ئاینییه‌كان، یان هه‌وڵدان بۆ به‌ئیسلامكردنی ژیان، پڕۆژه‌یه‌كه دژ به ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه و ژیانه.
له‌مه‌شدا زیاتر ده‌وڵه‌تی ئاینی به پله‌ی یه‌كه‌م بووه به گرفت بۆ خاوه‌نه‌كانی، رێكخستنی ژیان و بنیاتنانی نیشتمان له‌سه‌ر بناغه‌ی بڕوا و شه‌ریعه‌ته ئاینییه‌كان به هه‌موو سیمبول و بڕواكانییه‌وه، ده‌بێته هۆی وریاكردنه‌وه‌ی بیری ده‌مارگیری، دووبه‌ره‌كی خه‌واڵ و بێ‌دار ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها لۆجیكی ده‌مارگیری و ناسنامه لاوه‌كییه‌كان به گشتی سه‌رده‌كه‌وێ به‌سه‌ر لۆجیكی نیشتماندا. به‌مه‌ش تونێلی جه‌نگی ناوخۆ ده‌كاته‌وه به‌تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی كه له‌ڕووی تایه‌فی و مه‌زه‌وییه‌وه پێكهاته‌یه‌كی زۆر په‌رشوبڵاویان هه‌یه.
لێره‌وه ده‌توانین بڵێین، ئه‌مڕۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی، عیلمانی، بێلایه‌ن كه له‌سه‌ر بناغه‌ی هاوڵاتیبوون بۆ هه‌مووان دامه‌زرابێت و ته‌نیا ده‌ربڕی هۆز و لایه‌نێكی تایبه‌ت نه‌بێ بووه‌ته كارێكی حه‌تمی و ده‌ربازبوون لێی مه‌حاڵه، ناشكرێ دوا بخرێت، ئه‌م شێوه ده‌وڵه‌ته هۆزه‌كان له یه‌كتر دوور ده‌خاته‌وه، به هه‌مان ئاستیش رێ‌یان پێ ده‌دات هه‌ستن به موماره‌سه‌كردنی تایبه‌تمه‌ندییه كولتوورییه‌كانی خۆیان، به‌ڵام له سایه‌ی یاسادا نه‌ك ئه‌وان له‌سه‌رووی یاساوه بن. به‌مجۆره رێ خۆش ده‌كات كه كاروباری ئاینی به‌ڕێوه بچێت، نه‌ك وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵكو وه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك به‌سوودی تاك و رزگاركردنی تاك بێت، سیسته‌مێكی ره‌وشتی گشتی بێت. ببێت به به‌شێك له به‌شه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كارلێكردن له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تردا بكات. هه‌ر ئه‌مه و به‌س نه كه‌م و زیاد. ئه‌مه‌ش بۆ خه‌ڵكی و هه‌موو مرۆڤایه‌تی باشترین چاره‌سه‌ره.
7− دوو رووی دراوێك
كاتێ ئه‌م ره‌خنه‌یه ئاراسته‌ی ئاین ده‌كه‌ین، مانای ئه‌وه نییه ئه‌و شتانه ئاشكرا بكه‌ین كه ئاین ده‌توانێ بیكات و ئه‌وانه‌شی ناتوانێ بیانكات. هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه به راست بزانین كه له هاتنی ئیسلامییه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌ترسن و به‌مه‌ش ده‌چنه پاڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه پێی ده‌گوترێ عه‌لمانی.
سه‌رنه‌كه‌وتنی وڵات و ئه‌و پڕۆژانه‌ی له ژێر دروشمی سكولاریزم و پێشكه‌وتن و مۆدێرنیزم به‌رز ده‌كرێنه‌وه، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه دووانه‌ی ئاین و ده‌وڵه‌تمان تێپه‌ڕاندووه. هه‌ندێ وڵاتی سكولاریزم هه‌ن بوونه‌ته هۆی به‌رهه‌مهێنانی رژێمی تۆتالیتاری و به هه‌مان ئاستیش بوون به ئاینی هاوچه‌رخ و خراپترین جۆره‌كانی سه‌ركوتكاریان موماره‌سه كردووه.
ناونیشان و دروشمه‌كان هه‌رچییه‌ك بن، گرنگ ئه‌وه‌یه چۆن ده‌سه‌ڵاته‌كان موماره‌سه ده‌كرێـن. ره‌نگه ده‌وڵه‌ت به عه‌قڵی مه‌ده‌نی، فره‌ییی، دیموكراتی، ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات و هاوبه‌شخوازی به‌ڕێوه بچێت، یان به پێچه‌وانه‌وه به عه‌قڵی ئسووڵی، هه‌ڵبژارده‌یی، عه‌قڵی تاكڕۆیی، تۆلیتاری بڕواته ڕێوه كه به‌رهه‌مهێنه‌ری شێوه‌یه‌كی نوێی كۆیلایه‌تی بێت، ئه‌مه‌یشیان زۆر ترسناك و خراپتره، به هه‌مانشێوه‌یش ده‌بێته هۆی كۆكردنه‌وه‌ی تاقه سه‌رۆكی به بت بوو له‌ناو بۆته‌قه‌ی پیرۆزی بیروبڕوادا.
توتالیتاری روویه‌كی تری ئسووڵییه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وام لێ ده‌كات هه‌میشه وه‌ك ئسووڵی باس له تۆتالیتاری و وه‌ك توتالیتاری باس له ئسووڵَی بكه‌م. هه‌ردووكیان تڕۆی راستی ده‌كه‌ن و له‌ژێر دروشمه‌كانی ره‌ها و پیرۆزدا كار ده‌كه‌ن، هه‌ردووكیان به لۆجیكی هه‌ڵبژاردنی خۆی و ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌ویتر كار ده‌كه‌ن، بۆیه هه‌ردوولایان به‌رده‌وام و تا ده‌مێنن بۆ ئه‌وه كار ده‌كه‌ن له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه دوژمن دروست بكه‌ن تا شه‌ڕی له‌گه‌ڵدا هه‌ڵگێرسێنن. به‌كورتی هه‌ردووكیان لافی ئه‌وه لێ ده‌ده‌ن له شیری به‌ردایك پاراوترن.
له ئه‌وروپا له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌نگژه‌ی رژێمه دیموكراتییه‌كان تۆتالیتاری لاف و گه‌زافی ئه‌مه‌ی لێ ده‌دا، رژێمه‌كانی عه‌ره‌ب كه شوێنپێ هه‌ڵگری نموونه‌ی سیسته‌می تۆتالیتاری سه‌رده‌می سۆڤیه‌ت بوون، ئه‌و دیموكراتییه‌ی له سه‌رده‌می ئیمپریالیزمییه‌وه به میراتی بۆیان مابووه‌وه بۆ خراپترین شێوه‌ی رژێمی تۆتالیتاریان گۆڕی.
ئسووڵییه ئیسلامییه‌كان لای خۆیانه‌وه پاش سه‌رنه‌كه‌وتنی پڕۆژه سكیولاریزمه نه‌ته‌وه‌یی و چه‌په‌كان، ئه‌مه‌یان راگه‌یاند. به‌ڵام له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا كۆتاكه پێچه‌وانه‌ی لافوگه‌زاف بوو.
چاره‌نووسی دروشمه پیرۆز و بڕوا هه‌ڵبژارده و ئایدیۆلۆجیا هاوچه‌رخه‌كان شایه‌دی له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌ده‌ن كه بوونه‌ته هۆی به‌رهه‌مهێنانی خۆوێرانكردن و ناكۆكی خۆیی، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی مارسیل گۆشییه ناوی لێ نا میحنه‌تی تۆلیتاری یان كۆبوونه‌وه‌ی خراپییه‌كانی هه‌موو پڕۆژه‌كانی پێشووی نه‌ته‌وه‌یی و چه‌پڕۆیی، هه‌روه‌ها لای خۆمه‌وه ته‌ڵه‌زگه‌ی ئسووڵییه ئیسلامییه‌كان له‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌كه‌م كه ئه‌وان هه‌ستاون به كۆكردنه‌وه‌ی خراپترین شتی كۆن و خراپترین شتی تازه: ده‌سه‌ڵاتی ئۆتۆكراتی و رژێمی تۆتالیتاری، رێكخراوی فاشیزم و تیرۆری ئاینی.
ئه‌گه‌ر تاقه رابه‌ر له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان به‌رجه‌سته‌كه‌ری رژێمی تۆتالیتاری و مورشید به‌رجه‌سته‌كه‌ری پڕۆژه‌ی ئسووڵیی بێت، ئه‌وه هه‌ردووكیان دوو رووی یه‌ك دراوی ئایدیۆلۆجین، به‌شداریان كردووه و تا ئێسته‌ش به‌شدارن له وێرانكاری كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه‌كان و ده‌بنه هۆی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نده‌ڵی و سه‌ركوتكاری و تیرۆر، به مه‌به‌ستی پیلانگێڕی، یه‌ك بانگه‌شه‌ی ئه‌ویتر ده‌كات به‌هه‌مان ئاستیش به‌شدار ده‌بن له به‌رهه‌مهێنانی یه‌كتر، چه‌نده جه‌نگی یه‌كتری ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ش پێویستیان به یه‌كتره.
8−به‌هه‌شتی ده‌سه‌ڵات یان دۆزه‌خی ده‌سه‌ڵات؟
له‌م كاته‌دا كه ده‌رگه‌ی به‌هه‌شتی ده‌سه‌ڵات به‌ڕووی ئیسلامییه‌كاندا كراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ به‌پێی شه‌ریعه‌ت حوكمڕانی بكه‌ن، ئه‌وه ده‌یسه‌لمێنن كه ئه‌وان نه‌زان و ناته‌واون، ده‌رئه‌نجامی ئه‌م كاره‌یان دۆڕانه و هه‌رچییه‌ك له‌ژێر به‌ڕه‌یاندایه دێته‌وه سه‌ر به‌ڕه، بۆیه له‌م سه‌رده‌مه‌دا مه‌حاڵه به بیری ئه‌وانه‌ی له رابردوودا بوون به یاسا و پێوانه و ئامرازه‌كانیان وڵاتێك دابمه‌زرێنرێ یان كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌ره‌و پێشه‌وه ببرێت یان به بیریان وڵاتێك پێش بخرێت. با ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌نده لووتبه‌رز نه‌بن، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له میسر ده‌ریخست قه‌باره‌ی ئه‌وان سووكتره له‌وه‌ی خۆیان مه‌زه‌نده‌یان ده‌كرد و دوژمنه‌كانیان لێیان ده‌ترسان. بۆیه ناتوانن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا سه‌ربكه‌ون، ئه‌گه‌ر ئێمه له‌گه‌ڵ دیموكراسین ئه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسی وه‌ك گه‌وره‌ترین هێز ده‌مێنێته‌وه له‌چاو هه‌موو هێز و ره‌گه‌زێكی تری ئه‌و وڵاته. به پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی تۆلیتاری ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كه‌سێ، یان پارتێ، یان هۆز و ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراو ده‌مێنێـته‌وه.
لێره‌وه ئه‌وان ده‌بێ خۆیان ساغ بكه‌نه‌وه، یان ده‌بێ له پشت مه‌ته‌رێزه‌كانی یاسا و رێسا جێگیره‌كانی ئایندا خۆیان مڵۆز بده‌ن تا بتوانن به ئاره‌زووی خۆیان به‌كاری بێنن و بیگۆڕن بۆ كۆمه‌ڵێ ته‌گه‌ره و خراپه‌كاری و كاره‌سات، یان ئه‌وه‌تا به‌پێی گۆڕانكارییه‌كان خۆیان بگۆڕن و ئه‌و شتانه داهێنن كه كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌ب ده‌یه‌وێ، بۆ ئه‌وه‌ی له رووی چه‌مك و ناونیشان و ده‌سته‌واژه و نموونه و سیسته‌م و كه‌ره‌سته‌كان و.. تاد گه‌شه بكه‌ن و پێش بكه‌ون و به‌شداری له به‌ڕێوه‌بردنی دنیا بكه‌ن. بۆ به‌دیهێنانی ئه‌مه‌ش ده‌بێ فێری زمانی داهێنان و خوڵقاندن بن، بوار بڕه‌خسێنرێ تا وزه زیندووه‌كان بكه‌ونه كار، عه‌قڵه په‌ككه‌وته‌كان ئیش بكه‌ن، تا ئه‌و پێویستییانه‌ی نین, دروست بكرێن و بگۆڕێن بۆ كۆمه‌ڵێ نموونه‌ی گه‌شه‌كردوو سه‌نته‌ری به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه و پێكهاته‌یه‌ك بۆ ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات و گه‌شه‌پێدانی دیموكراسی.
9−چاوی ره‌خنه‌یی
لێره‌دا به كورتی ده‌ڵێم: كارێكی منداڵانه و نه‌فامییه ئه‌گه‌ر پشت به‌هه‌ر دروشم و راگه‌یاندنێك ببه‌ستین، جا ئیتر له هه‌ر كه‌س و ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه ده‌رچووبێت. به‌پێی وه‌همی جان جاك رۆسۆ, گوایه مرۆڤ به ئازادی له دایك ده‌بێت، وا نییه. هه‌روه‌ها مرۆڤ كه‌یفی به ئازادی و دادپه‌روه‌ری و راستی نایه‌ت، به‌پێی وه‌همی ئه‌و كه‌سانه‌ی دروشمه‌كانیان به دژه‌كانی وه‌رگێڕا و وه‌ك كۆمه‌ڵێك دروشمی ئاسایی یان راستی پێشینه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كرد، كه‌چی خۆی له راستیدا رووداوگه‌لێكن ده‌خوڵقێنرێن و به‌رهه‌م ده‌هێنرێن، به هه‌مانشێوه پیشه‌سازی و گۆڕانكارییه، بونیادنان و پێكهێنانه.
ره‌نگه كه‌سێك بێت و بڵێ به‌راستی ئازادی و راستیم خۆش ده‌وێ، به‌ڵام مرۆڤ خاوه‌نی خۆی نییه و ئازادیش هی ئه‌و نییه، به تایبه‌ت له‌م رۆژگاره‌دا، تاك بڕێكی زۆر له ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی له ده‌ست داوه، ده‌سه‌ڵاتی نه‌ماوه به‌سه‌ر خۆی و ئه‌و شتانه‌ی كه ماڵ‌وموڵكی ئه‌ون. به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌یڵێ یان رای ده‌گه‌یه‌نێت گرنگ نییه، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و شتانه‌یه كه ده‌یانشارێته‌وه یان په‌رده‌پۆشیان ده‌كات یان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان هه‌ڵدێت، یان له‌و شتانه ناگات كه له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی عه‌قڵن.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه سروشتی ده‌سه‌ڵات هه‌رچۆنێك بێت و خاوه‌نه‌كانیان بانگه‌شه‌ی ئازادی یان دیموكراتیش بكه‌ن، ئه‌وه ده‌ست هه‌ڵناگرن له به‌رهه‌مهێنانی جیاوازی و سه‌ركه‌وتكاری و ره‌تكردنه‌وه و پێشێلكاری. شایه‌دی له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و ته‌نگژه‌یه كه دیموكراتی رۆژئاوا و به‌تایبه‌ت دیموكراتی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان به‌خۆیانه‌وه ده‌بینن. كۆتای دڵته‌زێنی پڕۆژه هاوچه‌رخه‌كان ئه‌وانه‌ی پێوه‌ندییان به راپه‌ڕین و چاكسازی و پێشكه‌وتن هه‌یه چ له‌سه‌ر ئاستی مۆدێرنیزم یان له سه‌ربازگه‌ی ئایندا.
به‌بێ بوونی ∀چاوێكی ره‌خنه‌گرانه∀ كه كۆمه‌ڵگه خۆی پێ كونترۆڵ ده‌كات، دیموكراسی بوونی نابێت. ئه‌و چاوه‌ی له فه‌زا گشتی و ده‌زگه‌كاندا هه‌یه ئه‌وه‌ی له‌رێی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نییه‌وه وه‌گه‌ڕ ده‌خرێ، یان ره‌خنه‌گرتنی خه‌ڵكی ئاسایی، سه‌ره‌ڕای رۆڵی ره‌خنه‌ی شیكاری و رۆشنكاری كه رۆشنبیران به هه‌موو جۆره پسپۆڕی و بواره‌كانی كاركردنیانه‌وه ده‌یكه‌ن.
به‌مجۆره دیموكراتی ∀په‌رله‌مانی∀ نوێنه‌رایه‌تی تێده‌په‌ڕێنین و هه‌نگاوێك زیاتر به‌ره‌و شێوه‌یه‌كی تری دیموكراتی ده‌ڕۆین، ئه‌مجۆره‌یان راسته‌وخۆیه، به‌ڵام جیاوازه و رۆژانه به زیندوویی له ∀مه‌یدانه∀كان یان له رێی میدیا و رۆژنامه‌كانه‌وه روو ده‌ده‌ن، ئه‌مه دیموكراتی میدیایییه، ئه‌م جۆره دیموكراتییانه دیموكراتی هاوبه‌شخوازین، چالاك و ئاوێته‌بوون، شێوه و ئاستی جۆراوجۆریان هه‌یه. ئه‌مه كاری رۆژانه‌یه ته‌نیا به‌وه راناوه‌ستێ خه‌ریكی كاری سانسۆر و ره‌خنه و خۆتێقورتان بێت.. به‌ڵكو ∀زنجیره‌یه‌كی∀ به‌رده‌وامه، به فراوانبوونی رووبه‌ر و چوارچێوه و میكانیزمه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ند و نوێ ده‌بێته‌وه.
هه‌ره‌سی ناونیشانی ئیسلامی
له حوزه‌یرانی ساڵی 2012 پاش سه‌ركه‌وتنی محه‌مه‌د مورسی له هه‌ڵبژارده‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی میسر و هاتنی پارته‌كه‌ی برایانی مسوڵمان بۆ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، وتارێكم نووسی به ناونیشانی (باری ناهه‌مواری پارته ئیسلامییه‌كان) له په‌راوێزیدا نووسیبووم. پارته‌كه‌ی مورسی دوای ساڵێك له گرتنی ده‌سه‌ڵات سه‌لماندیان له به‌ڕێوه‌بردن و رێكخستندا سه‌ركه‌وتوو نین. ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی به ئاینده‌ی ده‌گه‌یاندن له ده‌ستیاندا، یه‌كه‌م ئه‌وان به عه‌قڵیه‌تی داگیركردن و غه‌زه‌وات هاتنه پێش و به لۆجیكی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و دوورخستنه‌وه موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان كرد. دووه‌م ئه‌وان له چاوگه‌ی بڕِِواوه پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵ دیموكراتی و هاووڵاتیبوون و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و چه‌مك و چوارچێوه هاوچه‌رخه‌كان دانه‌مه‌زراندبوو. ئه‌وان ته‌نیا بۆ كاتێكی دیاریكراو ئه‌و شتانه‌یان قبووڵ كرد ته‌نیا وه‌ك شێوازێك بۆ گرتنی ده‌سه‌ڵات و كۆنترۆڵكردنی تواناكانی وڵات و خه‌ڵكه‌كه‌ی.
به‌مشێوه خه‌ونی ئه‌وان بریتی نه‌بوو له‌وه‌ی نموونه‌یه‌ك دابهێنن بۆ ئه‌وه‌ی به به‌شداری هه‌موو هێزه چالاك و زیندووه سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵگای میسری وڵاته‌كه‌یان به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رن و گه‌شه‌ی پێ بده‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش شتێكی ئاسایی بوو كه پڕۆژه‌كه‌یان كۆتاییه‌كی دراماتیكی به‌خۆیه‌وه بینی.
له 30 حوزه‌یرانی 2013 ئه‌وه‌ی روویدا روویدا، له‌ژێر دروشمی ∀یاخیبوون∀ ناڕه‌زاییه‌كی زۆر دژ به ∀برایانی مسوڵمان∀ هاته ئاراوه و ئه‌و برا مسوڵمانانه‌ی ویستیان ده‌وڵه‌ت بكه‌ن به ∀ئیسلام∀، له رێی ∀برایانی∀ مسوڵمانه‌وه، كۆپیه‌كی هه‌ژار و ئاڵۆز به‌رهه‌م بێنن كه هیچ ره‌سه‌نایه‌تی و رژدیه‌كی تێدا نه‌بێت، هه‌روه‌ها زمانی دوورخستنه‌وه جێی زمانی ناسیاوی بگرێته‌وه. به‌مه‌ش هه‌ر خێرا وڵاته‌كه‌ی خۆیان به‌ره‌و هه‌ره‌سێكی گشتی و پارچه پارچه‌كردن برد، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو به نێرسسیه‌تی بیروبڕوا و ئاماژه ئاینییه‌كانیان زانكۆ بۆ مزگه‌وت بگۆڕن، ده‌زگا فه‌رمییه‌كان له‌وانه په‌رله‌مان بگۆڕن بۆ شوێنی خواپه‌رستی و جێی فه‌رز و رێوڕه‌سمه ئاینیه‌كان.
ئه‌وه بوو بزووتنه‌وه‌یه‌كی یاخیبوونی گه‌وره سه‌ری هه‌ڵدا ملیۆنه‌ها مرۆڤ له قاهیره و شاره‌كانی تری میسر به‌شداریان تێدا كرد، به‌جۆرێك به‌پێی تێبینی چاوه‌دێره عه‌ره‌ب و غه‌یره عه‌ره‌به‌كان میسر و جیهان پێشتر شتی وایان به‌خۆیانه‌وه نه‌بینیبوو، ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو حكوومه‌تی ∀برایانی مسوڵمان∀ ی ئسوڵی لابرا، رێك وه‌ك ئه‌و شۆڕشه‌ی بووه هۆی لابردنی رژێمی موباره‌كی دیكتاتۆر له 25 كانوونی دووه‌می 2011.
ئه‌م رووداوه له زۆر ئاستدا ده‌لاله‌تی زۆر و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بوو: له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سی حوكمی ∀ئیخوانی∀یه‌كان، پرۆژه‌ی ئیسلامی سیاسی هه‌ره‌س دێنێ كه ئامانجی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ته، له‌گه‌ڵیشدا ئه‌و دروشمه ئایدیۆلۆجییه هه‌ره‌س دێنێ كه ده‌ڵێ ∀ئیسلام چاره‌سه‌ره∀.
ئه‌وه‌ی روویدا له رووی كرداره‌وه ئه‌گه‌ر وه‌ریبگێڕین، بریتی بوو له هه‌ره‌سی ده‌سه‌ڵاتی ئاینی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پاش سه‌ركه‌وتنی ته‌وژمه ئیسلامییه‌كان له‌سه‌ر شانۆی كاردا پێكهات. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی مورشید و بانگه‌شه‌كاران به‌رجه‌سته‌یان كرد، ئه‌وانه‌ی هه‌وڵیان دا هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی تری ئه‌هلی و مه‌ده‌نی و سیمبولی تایبه‌ت به باوك و مامۆستا و رۆشنبیر و ساندیكا و ... تاد هه‌یه بۆ خۆیان قووتی بده‌ن. دیاره ئامانجه‌كه بریتی بوو له ده‌سه‌ڵاتداری به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و رامكردنی خه‌ڵك، كاركردن له‌سه‌ر هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی عه‌قڵی خه‌ڵكی و مۆركردنی جه‌سته‌كان به‌و نموونه كۆن و وتاره پڕوپوچ و هه‌ڵسوكه‌وته ناوازه و فتوای بێهێز و كاریكاتۆریی و شه‌رمهێنه‌رانه. سه‌ره‌ڕای هه‌ژاری له بواری رۆشنبیری و دژایه‌تیكردنی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و فیكری سكولاری و ره‌خنه‌یی كه له سه‌رده‌مه‌كانی گه‌شه‌كردنی شارستانی ئیسلامی‌دا زانا و فه‌یله‌سوف موماره‌سه‌یان كردووه و داهێنانیان تێیدا ئه‌نجام داوه.
ده‌رئه‌نجام، مه‌به‌ستی پڕۆژه‌ی ∀برایانی مسوڵمان∀ بریتی بوو له‌وه‌ی ده‌سته‌ی نابینا پێك بێنن، تاكه‌كانی ئه‌و ده‌ستانه بریتیبن له كۆمه‌ڵێ كه‌سانی لاسایكه‌ره‌وه و كۆیله‌ی گوێڕایه‌ڵ، بلیمه‌ت بن له گوێڕایه‌ڵی و جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و فرمان و وته‌كان به‌بێ پرسیار و وتوووێژ. بۆیه له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون و تۆڕی پێوه‌ندییه‌كانه، ئه‌و لاسایكه‌ره‌وه‌ی دواتده‌كه‌وێ و نازانێ داهێنان چییه، ناتوانێ واقیع بگۆڕێت، كۆمه‌ڵگا بنیات بنێت، پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنێك به‌دی بێنێت.
به‌مجۆره، بیری ئوسوڵی ئابڕووی چوو، بیرێكه وه‌ك میكرۆبێكی كوشنده وایه، به‌و ئاسته‌یش خه‌ونی كۆمه‌ڵه‌ی برایانی موسڵمانیش بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ره‌سی هێنا، پاش مێژوویه‌كی دوورودرێژ له بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی ئیسلامی و ئاماده‌كاری و جۆشدان و رێكخستن.
ئه‌م راستیه‌ش دكتۆر محه‌مه‌د به‌دیع، مورشیدی پێشووی باڵای كۆمه‌ڵه‌ی برایانی مسوڵمان هه‌ستی پێ كرد، ئه‌و پێی وابوو دابڕینی دكتۆر مورسی وه‌ك ئه‌وه وابوو دیوارێك له دیواره‌كانی كه‌عبه بڕووخێ، دیاره ئه‌مه‌ی وتوویه‌تی سه‌یر نییه، وه‌ك ده‌زانین كۆمه‌ڵه‌ی برایانی مسوڵمان، قوتابخانه‌ی دایكه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆربه‌ی زۆری رێكخراو و ته‌وژم و پارته ئیسلامییه‌كانی جیهان و وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌بووه، بۆیه به‌گشتی كه‌وتنی حوكمی ∀برایان∀ شكاندنی هێز و شكۆ و ده‌سه‌ڵاتی ئاینی ئیسلامی بوو، ئیتر گرنگ نییه كێ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بریتی بوو له به‌رجه‌سته‌بوونی پاراستنی ده‌ق و پیرۆزكردنی سه‌له‌ف و حوكمی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و لۆجیكی فه‌توا و شێوازی تووندوتیژی و تیرۆر. ئه‌وه‌ش ده‌رئه‌نجامی هه‌وڵه‌كانی به ئیسلامكردنی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا بوو له‌م سه‌رده‌مه‌دا: كاركردن به سیاسه‌تێكی سه‌رنه‌كه‌وتووانه‌ی نه‌زۆك و تێكده‌ر، به‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه كه به‌شێوه‌یه‌كی تاكڕه‌وانه موماره‌سه‌ی حوكم ده‌كات، هه‌ڵده‌ستێ به پێشێلكاری و دوورخستنه‌وه و بنبڕكردن، تا ئاستی ئه‌وه‌ش ئه‌و په‌یامانه‌ی به‌رزی ده‌كاته‌وه، جێبه‌جێكردنی مه‌حاڵه. ئه‌و په‌یامانه مینڕێژن به بڕوای بژاركردن و هه‌ڵبژاردن و عه‌قڵی ته‌كفیری، به چه‌مكگه‌لی پوچ و به‌تاڵ و بیروبۆچوونی ره‌ق و وشك، رێكخراوی فاشیزم و نه‌خشه‌ی نهێنی.
با زیاتر واقیع بخوێنینه‌وه و گرفته‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ین، ئه‌و چالاكییه ئاینیانه‌ی خۆی ده‌بینێته‌وه له لێسه‌ندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئیسلامی له وڵات و نیشتمانان له پارت و حكوومه‌ته‌كان، بۆ كاری شارستانی و مه‌ده‌نی و سیاسی و گه‌شه‌پێدان ده‌ست ناده‌ن. بگره كاركردن له‌ژێر ئه‌م ناونیشانه ده‌بێته هۆی زیانگه‌یاندن به خاوه‌نه‌كه‌ی، به‌ڵاو و موسیبه‌ت بۆ مسوڵمانان و هه‌موو مرۆڤایه‌تی، ئه‌وه‌ی گه‌واهی له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌دات كار و ره‌فتاری حكوومه‌ته ئیسلامی و رێكخراوه جیهادییه‌كانه: سه‌رنه‌كه‌وتنیان له پرۆسه‌ی چاكسازی و نوێخوازی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بیه‌كان له رێگای بڵاوكردنه‌وه‌ی دووڕوویی مه‌زه‌وی و جه‌نگی ناوخۆ، بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقین له رێگای رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا، ئه‌و رێكخراوانه‌ی پێیان وایه ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌وان بیر نه‌كاته‌وه ده‌بێ به‌بێ تاوان و گوناه به بارمته بگیرێت، یان وه‌ك كه‌نیزه‌یه‌ك بڕفێنرێ، یان ده‌ستدرێژی بكرێته سه‌ری و ئازار بدرێ یان بكوژرێت.
به‌راستی ئه‌مه گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاینه هه‌روه‌ك نووسه‌ری فڕه‌نسایی ئاندریه مالرۆ (1901− 1976) پێشبینی كردبوو، به‌ڵام چ گه‌ڕِانه‌وه‌یه‌كی ترسناك، شایه‌دی له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌ده‌ن كۆتاییه كاره‌ساتباره‌كانی پرۆژه‌ی ئاینی له‌سه‌ر ده‌ستی مورشید و بانگه‌شه‌كه‌ران و پارت و كۆمار و حكوومه‌ت و دادگا و ئه‌ستێره و پاڵه‌وان و ژنان و سه‌رباز و ئه‌و لاوانه‌ی ده‌ستڕه‌نگینن له به‌جێهێنانی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی كوێرانه، توڵه‌كردنه‌وه‌ی ترسناك و دڕندانه، له‌م وڵاتی عه‌ره‌بی و له‌و پایه‌ته‌ختی بێگانه‌دا، به ته‌قینه‌وه‌كانیان به كاره خۆكوژییه‌كان و كرداره به‌ڕبه‌ڕیه‌كانیان كه ته‌نیا به‌دوای خۆیدا ته‌رم و سووتان و وێرانكاری به‌جێدێڵێ، هه‌موو ئه‌مه‌ش به‌ناوی خودا یان سه‌ركه‌وتنی ئیسلام یان جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ئه‌نجام ده‌درێت.
با تۆزێ له ئه‌زموونی وڵاتان وردبینه‌وه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه‌س ناونیشانی ئاینی به‌كار ناهێنێت بۆ پێناسه‌كردنی ناسنامه و نیشتمان و وڵاتان. باشه بۆچی ئێمه ده‌ستبه‌رداری نابین؟ بۆ پێداده‌گرین له‌م كاره‌دا ده‌بێ ئێمه جیاواز بین؟ ئایا بۆ ئه‌وه‌یه تا دوابكه‌وین و پاشه‌كشه بكه‌ین و له خراپه‌كاری و كاره‌ساته‌كاندا به‌ری ژان بدورینه‌وه؟
ئه‌گه‌ر پێمان خۆشه وانه و په‌ند هه‌ڵهێنجین له سه‌رنه‌كه‌وتنی شه‌رمه‌زارانه‌ی پارت و حكوومه‌ت و رێكخراوه ئیسلامییه‌كان، ئه‌وانه‌ی حوكمیان كرد یان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی فێر بین له ته‌ڵه‌زگه‌كان بێینه ده‌رێ، ده‌كرێ خۆمان هه‌ڵنه‌واسین به‌و بیر و چه‌مك و رێبازانه‌ی گرفت به‌رهه‌م دێنن. به‌ڵكو ده‌بێ له‌و قوڕه‌ی تێی كه‌وتین بێینه ده‌رێ، عابای مورشیده به‌خوابووه‌كان هه‌ڵماڵین، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پڕووپووچخوازان، ئازاد بین. ئیتر به‌هیچ جۆرێك ئاین به‌كار نه‌هێنین بۆ پێناسه‌كردنی وڵات و نیشتمان، یان بانكه‌كانمان به ئاینی نه‌كه‌ین و یاسا و ده‌ستووری ئاینییانه دانه‌ڕێژین. ئیتر به‌س بێ له به‌ئیسلامكردنی زانست و فه‌لسه و مه‌عریفه‌كان، ئه‌وه‌ی هه‌یه پێناسه‌كه‌ی پێناسه‌یه‌كی جیهانییه.
كه‌واته گره‌وه‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر نه‌مانه‌وێ په‌ككه‌وته‌یی و ناته‌واوی خۆمان ببینین ده‌بێ ناونیشانی نوێ بۆ ژیان و گه‌شه‌كردن دابهێنین، ئه‌و ناونیشانه‌ی رێگا به كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بیه‌كان ده‌ده‌ن خۆیان دروست بكه‌ن، به‌و جۆره‌ی بتوانن واقیعی خۆیان بگۆڕن و ئێسته‌یان بنیات بنێن و به‌ره‌و ئاینده رێی خۆیان بدۆزنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به دۆزینه‌وه و داهێنان به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌ل و میله‌تاندا به‌شدار بێت له دروستكردنی شارستانێتی جیهان.
كاتێ عه‌ره‌به‌كان بۆ چه‌ندان سه‌ده له‌گه‌ڵ زۆر له‌و وڵاتانه‌ی خزانه ناو پیشه‌سازی شارستانی ئیسلامی روویه‌كی گه‌ش بوون، ئه‌م كارانه‌یان كرد: له پرسه‌كانی وه‌ك بڕوا و به‌شه‌كانی مه‌عریفه و هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن و شێوازه‌كانی كار شتی نوێیان داهێنا. ئه‌وروپای هاوچه‌رخیش ئه‌مه‌ی كرد، له سه‌رده‌می رێنیسانسه‌وه تا ئه‌مڕۆ خاوه‌نی سه‌دان ناونیشانی داهێنان و كاری هاوچه‌رخه، ئه‌وان بێ‌وچان و به‌بێ وه‌ستان به‌رده‌وامن له نوێكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كان و بواره نوێیه‌كانی زانست و مه‌عریفه، ئه‌زموون پاش ئه‌زموون و ته‌نگژه پاش ته‌نگژه.
كلیلی ژێر ده‌رگا
پێموایه كاتێ باس له كۆتایی پڕۆژه‌ی ئیسلامی ده‌كه‌م زیاده‌ڕۆیی و زوڵم نییه. پێش ده‌یان ساڵ كاتێ ئسوڵیه‌ت هه‌موو مه‌یدانه‌كانی بیر و كاری داگیر كرد، ئه‌م كاره‌یان هه‌ڵچوونێكی بنه‌ڕه‌تی بونگه‌رایی نه‌بوو، سه‌رچڵیه‌كی داهێنه‌رانه و ئه‌زموونێكی كه‌موێنه نه‌بوو. ئه‌وان هاتن بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نگێكی ماته‌ریالیانه و سیمبولیانه‌ی پیرۆز رابگه‌یه‌نن به مه‌به‌ستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، دادگایكردن، تۆڵه و جینۆساید و گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه. ئه‌مه‌ی ئه‌وان به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌كی نه‌رێنی و هیچێتی بوو، وێرانكاری بوو، ئه‌وه‌ی ئه‌وان ته‌وژمێكی شارستانی بنیاتنه‌رانه نه‌بوو. بۆیه جێی سه‌رسوڕمان نییه كاتێ ئسوڵیه‌كان به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه تووشی نووشستی بن. ئه‌وه ده‌گه‌ینێت ئیسلامییه‌كان قوربانی ده‌ستی خۆویستی و ئه‌و بیروبۆچوونانه‌ن كه كاتیان به‌سه‌ر چووه، ئه‌وان قوربانی ده‌ستی خۆیانن نه‌ك قوربانی دوژمنكاری و كوده‌تا یان قوربانی ئه‌هریمه‌ن و فرتوفێڵی مێژوو.
بۆ شایه‌دی ئه‌مه‌ش بڕواننه ئه‌و وڵاتانه‌ی مورشیده‌كان تێیدا ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست وه‌ك ئێران و سوودان و میسر و تونس.
له سودان ئیسلامییه‌كان له‌گه‌ڵ دیكتاتۆردا هاوپه‌یمانیان به‌ست و به‌م رێگایه توانیان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست. به‌ڵام پاشان لێی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو دواكه‌وتوانه و دڕندانه موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن. مورشیدی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سودان حه‌سه‌ن تورابی پاش ئه‌وه‌ی رووداوه‌كان تووشی شۆكی كرد و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه خرایه زیندان، وای لێ كرد له ئایدیۆلۆجیای خۆی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه و له‌گه‌ڵ دوژمنی سه‌رسه‌ختی خۆی پارتی كۆمۆنیستی سوودان هاوپه‌یمانی ببه‌ستێت. ئه‌مه‌ش وای له بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سوودانی كرد ببێت به نێچیری ململانێ و دووبه‌ره‌كی نێوان پۆله هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی خۆی، به‌مه‌ش سه‌لماندیان ئه‌هلی یه‌كێتی ئیسلامی ته‌نیا له به‌رهه‌مهێنانی دووبه‌ره‌كی و په‌رشوبڵاویدا ده‌ستڕه‌نگینن.
له ئێران ئه‌زموونی ولایه‌تی فه‌قێ و مورشیده‌كانی كه سه‌ره‌تاكانی ساڵی 1979 ده‌ستی پێكرد، گه‌یشتووه‌ته ئه‌و په‌ڕی ته‌نگژه، له كاتێكدا ئێران خاوه‌نی گه‌وره‌ترین سامانه، كه‌چی به ئه‌زموونێكی ئابووری سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێ، بۆیه ئه‌مه‌ی روو ده‌دا شتێكی سه‌یر نییه. له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌می سه‌ره‌كی ئه‌و ئه‌زموونه بریتی نه‌بووه له داهێنانی نموونه‌كانی گه‌شه‌كردن و بنیاتنان. به‌ڵكو خه‌می سه‌ره‌كییان هه‌نارده‌كردنی بڕوا و شۆڕشه، گه‌ڕانه به‌دوای رۆڵ و جێپێ له‌سه‌ر گۆڕه‌پان و بواره‌كانی تر. تا له‌ژێر دروشمی به‌رگری ئه‌م كاره بكه‌ن، ئه‌و به‌رگریه‌ی تووشی ئابڕووچوون و سووتان بوو، پاش ئه‌وه‌ی بووه هۆی وێرانكردنی سووریا و مینڕێژكردنی لبنان.
دیاره شێوازی گه‌یشتن به‌م مه‌رامه به‌دوو رێگا بووه، یان تیرۆر له رێگای موماره‌سه‌كردنی پاڵه‌په‌ستۆ و هه‌ڕه‌شه‌وه، یان سه‌روه‌ت و سامان، به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، بۆ راگرتنی دڵی ئه‌م رێكخراو و ئه‌و وڵات، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ش بریتی بووه له له‌ده‌ستدانی ده‌رفه‌ت و به‌هه‌ده‌ردانی سامان و دارایی.
با ساڵی 1979 به‌راورد بكه‌ین له نێوان چین و ئێران، واته له هه‌مان ئه‌و ساڵه‌ی پیاوانی ئاینی له ئێران ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست. له چین پیاوێك به ناوی ∀بیساو بینگ∀ له په‌كین ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست. ئه‌م پیاوه یه‌كسه‌ر تێگه‌یشت نهێنی پێشكه‌وتن چییه و ئه‌و كلیله زێڕینه چییه كه ده‌رگاكانی مۆدێرنیزم و گه‌شه‌پێدانی بۆ ده‌كاته‌وه. دیاره ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو چین بازدانێكی بێوێنه‌ی هاویشت یه‌كسه‌ر بوو به وڵاتێكی زلهێز، ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، شمه‌ك و ئه‌زموونه‌كانی ده‌نێرێته ده‌ره‌وه. (بۆ نموونه بۆ جه‌زائیر و هه‌ندێ له وڵاتانی ئه‌فه‌ریقا)، ئه‌مه‌ش بڕێكی گه‌وره‌ی پول و پاره بۆ وڵاته‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. ئه‌وه‌ی ئێرانیش كردی بریتی بوو له بیركردنه‌وه‌یه‌كی سه‌رمه‌قوڵاتانه و و رێكردن دژ به ئاڕاسته‌ی قیبله‌نما: كاركردن به زمانی موشه‌ك و لێدان، هه‌رچی سامان و پول و پاره‌یان هه‌یه ده‌یبه‌نه ده‌ره‌وه و به‌بێ سوود به‌فیڕۆی ده‌ده‌ن، له جیاتی پێشكه‌وتن ناته‌واویی و هه‌ژاری ده‌چننه‌وه، دیاره ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی سیاسه‌تی خۆبه‌زلزانین و لوتبه‌رزی و تۆقاندنه. ئه‌مه‌یه جیاوازییه گه‌وره‌كه. به‌مجۆره رژێمی ئێران روویه‌كی تری سیاسه‌تی شه‌یتانی گه‌وره‌یه، به‌ڵام روویه‌كی دیكتاتۆری، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا (كه ئێران پێی ده‌ڵێ شه‌یتانی گه‌وره....وه‌رگێڕ) به داهێنان و دۆزینه‌وه‌كانی له بواره هه‌مه‌چه‌شنه‌كاندا وڵاتێكی به‌رهه‌مهێنه‌ر و ده‌وڵه‌مه‌ند و كاریگه‌ره.
هه‌روه‌ك پێشتر روونكرایه‌وه له میسر ئه‌زموونه‌كه بووه كۆی زوخاڵ. له تونس به‌ده‌ست ئاژاوه و خراپ به‌ڕێوه‌بردنه‌وه ده‌ناڵێنێ. هۆی ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه خه‌ون و خه‌یاڵی ئیسلامییه‌كان ته‌نیا بریتی نییه له به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات به‌ڵكو پاراستنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه به هه‌رنرخێك بووه. ئه‌و حوكمه‌ی مورشیده‌كان ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌ته. مورشیده‌كان ده‌ستڕه‌نگینن له ته‌لقین و ته‌علیم و جێبه‌جێكردنی پره‌نسیپه‌كانی ئیسلام و به‌رگریكردن له‌و پرنسیپانه. ئه‌م ئه‌ركانه جێبه‌جێكردنیان له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع محاڵه و چاره‌نووسی پێشێلكارییه، رێك وه‌ك ئه‌و بانگه‌شانه‌ی كه بانگه‌شه‌ده‌رێ به‌رزیان ده‌كاته‌وه. كه‌چی سیاسی كارامه ده‌توانێ رووداوه‌كان دروست بكات و شێوازه‌كان دابهێنێت. هه‌روه‌ها ده‌توانێ مه‌رجه‌كان پێشێل بكات و له یاسا و رێساكان بچێته ده‌رێ و جێگیره‌كان تێكبشكێنێ و گرفته‌كان چاره‌سه‌ر و بارودۆخه‌كان باش بكات، دیاره ئه‌مانه كه ده‌یكات به مه‌به‌ستی گۆڕان و ئاڵشتكارییه. جیاوازییه‌كی گه‌وره هه‌یه له نێوان عه‌قڵیه‌تی دواكه‌وتن و لاسایكردنه‌وه، زمانی خوڵقاندن و داهێنان، كه به‌پێی بۆچوونی خاوه‌ن بڕوای هه‌ڵبژارده‌یی زمانی بیدعه و لادان و كفره، له روانگه‌ی عه‌قڵی تۆتالیتارییه‌وه خیانه‌ت و به‌كرێگیراویه.
به‌مجۆره، ئه‌زموونی ئیسلامییه‌كان هه‌ره‌سی هێنا، له‌به‌رئه‌وه‌ی كلیلی گه‌شه‌كردن و بنیاتنان لای ئه‌و كه‌سانه نییه كه له رابردوودا بوون، هه‌روه‌ها له‌و رێكه‌وتنانه‌دا نییه كه له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا ئه‌نجام ده‌درێ، وه‌ك نموونه ئابڕووبه‌ره‌كانی پێوه‌ندی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئیخوانیه‌كان. هه‌روه‌ها له داواكردنی یارمه‌تی له ده‌ره‌وه نیییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بیه‌كان خاوه‌نی سامان و پاره‌وپولێكی بێشومارن، ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێویستیانه بریتیه له بیری به‌پیت و ستراتیجی چوست و چالاك. بێگومان كلیلی چاره‌سه‌ر به ترس و تۆقاندن نابێت كه هه‌ندێ له حكوومه‌ته فاشیله‌كان له‌م گۆڕه‌پان و ئه‌و گۆڕه‌پاندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. سامانی وڵاته‌كه‌یان به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن و له په‌ره‌پێدان و مۆدێرنكردنی وڵاته‌كه‌یان هیچ سه‌ركه‌وتنێ به‌ده‌ست ناهێنن.
ئه‌وانه‌ی كلیلی ماڵه‌وه ون ده‌كه‌ن و له ده‌ره‌وه بۆی ده‌گه‌ڕێن، پێیان ده‌ڵێن كلیله‌كه له ژێر ده‌رگاكه‌یه. كلیله‌كه له ژووره‌وه‌یه، له لای ئه‌وانه‌ی ده‌توانن خوێندنه‌وه‌یان بۆ گۆڕانكاری هه‌بێت و توانای نوێیان ده‌سته‌به‌ر كردووه، به‌گه‌ڕخستنی عه‌قڵه په‌ككه‌وته‌كان به كارخستنی سامانه به‌هه‌ده‌رچووه‌كان ده‌بێت یان به‌وه ده‌بێت كه بتوانن به‌روبوومی نوێ به‌رهه‌م بێنن.
به كورتی ئسوڵیه‌ت ناتوانێ بارودۆخه‌كه كۆنترۆڵ بكات. به حوكمی لۆجیكی خۆی كۆتایی خۆی ده‌نووسێته‌وه، ئه‌و پێوه‌ندیانه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كات به‌ره‌و رێگری و ته‌ڵه‌زگه و خراپه‌كاری و كاره‌ساتیان ده‌بات چ له رووی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌له‌پوور كه پێوه‌ندی راگه‌یاندن و كۆتایهێنان و شێواندن و وێرانكارییه، یان له رووی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كولتووری عه‌ره‌بی كه پێوه‌ندییه‌كی ساخته و خراپ به‌كارهێنانه، تا ئه‌و ئاسته‌یش هه‌ڵده‌ستێ به دزینی تیۆرییه زانستیه‌كان و ده‌یكات به به‌رهه‌می ئیسلام.
چاره‌نووسی ئسوڵی هه‌رچییه‌ك بێت، هه‌ندێك هه‌ن به‌رگری به‌رانبه‌ر ده‌كه‌ن كه له‌پاڵ هێزه‌كانی كۆمه‌ڵگای دینامیكی و مه‌ده‌نین، ئه‌وانه‌ی به‌شدارن له كاره نوێخوازی و مۆدێرنه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌و ژنانه‌ی شاعیر و هونه‌رمه‌ند و بیرمه‌ندن و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له هه‌موو بوارێكدا هه‌ڵده‌ستن به موماره‌سه‌كردنی پێوه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ بوونیان، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی كرانه‌وه و داهێنان و ده‌ستكه‌وت.
به‌و هیوایه‌ین كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی هۆشی به به‌ردا بێته‌وه، تا ده‌ستپێشكه‌رییه مێژوویه‌كه‌ی ده‌ست بكه‌وێته‌وه، هێزه زیندووه‌كانی بخاته گه‌ڕ، تا به داهێنان و دۆزینه‌وه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رهه‌مدار به‌شداری له دروستكردنی جیهان بكات. سه‌ره‌تای ئه‌مه‌ش به‌وه ده‌بێت لێپرسینه‌وه و پێداچوونه‌وه هه‌بێت، تا وانه و په‌ند وه‌ربگرین، له‌سه‌ر خۆمان و واقیع كار بكه‌ین به تێكشكاندنی لۆجیكی تاك فیكری و سیسته‌می تۆلیتاری و تیرۆری ئسوڵی و هه‌رچییه‌ك ده‌بێته هۆی دروستكردنی ناته‌واوی و رێگری و كاره‌سات و خراپه‌كاری. ناتوانین له به‌ره‌نگاری ته‌نگژه و ته‌حه‌دییه‌كان هه‌ڵبێین، راكه‌ین له ده‌ستی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به داهێنان و دروستكردنی رووداو و راستیه‌كان دێته‌دی، تا ببێته هۆی گۆڕانكاری بونیادانه، به جۆرێ بوار ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ كردنه‌وه‌ی ئاسۆیه‌ك به رووی كاری شارستانی و خزانه ناو پرۆسه‌ی مۆدێرنكردنی ژیان به هه‌موو شه‌پۆل و بازدانه نوێخواز و سه‌ركه‌وتنه‌كانی.