کوردستانییەکان و ئەزموونێکی دیکەی حوکمڕانی!

PM:05:06:16/12/2018 ‌
نووری بێخاڵی

یەکێک لەو دەسکەوت و پرەنسیپانەی، کە وەک کورد بەگشتی و سیاسی و حوکمڕانەکانی بەتایبەتی، لە هەرێمی کوردستاندا شانازی پێوە دەکەین، پرسی بەیەکەوەژیانی ئیتنی و ئایینییە. لەڕاستیشدا یەکێک لەو شتانەی جوانی و جیاوازیێکی دیکەی بە کوردستان بەخشیوە، ئەم مۆزایکە ڕەنگینەی (کورد، تورکمان، کلدۆئاشوور، موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی و کاکەیی)یە، کە ساڵانێکی دوور و درێژە لەسەر ئەم خاکە بەیەکەوە دەژین.

بۆ ئەوەی ئەو پرەنسیپە ببێتە بنەمایەکی کۆنکرێتیی حوکمڕانی. ئەم بەیەکەوە ژیانە ببێتە هەوێنی ئەوەی، کە هەمووان بە جیاوازیی ئینتیمای نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیی، خۆیان بە هاووڵاتیی کوردستان بزانن.. ئەم شانازییە ببێتە سەروەریێکی مێژوویی و بۆ سبەیش درێژ ببێتەوە، پێویست دەکات ئەم پێکهاتانە بەشی شایستەی خۆیان لە پلە و پۆستەکانی حوکمڕانیدا ببەن، تەنانەت بە پۆستە سیادییەکانیشەوە.  

ئەگەر ڕاستیمان بووێت، لە بری پشک پشکێنەی حیزبی حزبە کوردییەکان لەسەر پۆست و دەسەڵات، ئەوا دەبێ پرەنسیپی دیموکراسیەتی تەوافوقی لە کوردستاندا لە بواری حوکمڕانیدا لەناو پێکهاتە جیاوازەکانیدا جێبەجێ بکرێت، نەک لەنێو حزبەکاندا، چونکە بە گوێرەی کتێبە پڕ بایەخەکەی (ئاڕنت لیبهارت)یش بێت، لە بنەڕەتدا چەمکی دیموکراسییەتی تەوافووقی بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی بوون و ئامادەیی و بەشداریی سیاسیی پێکهاتە جیاوازە ئیتنی و ئایینی و مەزهەبییەکانی نێو جوگرافیایەکی دیاری کراوە، نەک هاوسەنگیی دەسەڵات و هێز و پلە و پۆستی حزبە سیاسییەکان.

لەم گۆشەنیگایەوە، بەبۆچوونی من وەک هاووڵاتییکی کورد، پێویستە حزبی براوەی هەڵبژاردنەکان، کە چانسی ئەوەی هەیە لە پێکهێنانی حکوومەت و دابەشکردنی پۆستەکاندا، زیاتر لەهەر هێزێکی تر بەسەر تەواوی بەرانبەرەکانیدا بکرێتەوە، هەق وایە زیاتر لەوەی خەریکی ڕاگرتنی دڵی حزبەکان بێت، دەبێ ئەو هەست و متمانەیە لای ئەو پێکهاتە جیاوازانەی کوردستان دروست بکات، کە بەڵێ ئەوانیش کوردستانی و هاووڵاتیی ئەم هەرێمەن.

ڕۆشنتر بڵێین، چی دەبێت ئەگەر ئەمجارە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکمانەکان (کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی تورکمانەکان بکات)، پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت بۆ مەسیحییەکان (بە ڕێککەوتنی نێوان کلدۆئاشوور و سریانیەکان)، پۆستی وەزیری شەهیدان بۆ ئێزدییەکان و وەزارەتێکیش بۆ کاکەییەکان بێت؟.

مەگەر ناڵێین کوردستان موڵکی هەموو ئەوانەیە، کە لەسەری دەژین؟ ئێ بۆ ئەوەی ئەم هەست و ئینتمایە، ئەم بڕوا و متمانەیە لای پێکهاتەکان دروست بکەیت، دەبێ ئەوەیشیان پێ ڕەوا ببینیت، کە لە جومگە هەستیارەکانی حوکمڕانی، لە بڕیاری سیاسیی وڵاتدا بەشدار بن ، بۆ ئەوەی هەست بکەن لەم نیشتمانەدا هاوبەشن.. نەک بەشدار، هاووڵاتین، نەک غەوارە. بە هەنگاوێکی لەم چەشنەش مانا و بەهاکانی دیموکراسییەت لەناو ئەزموون و پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیی کوردستاندا قووڵتر دەکەینەوە، هەمووان دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتیی خاوەندارێتیی کردن لە شووناسی کوردستانیبوون، هەنگاوێکی دیکە لە چەمکی حکوومەتی هاووڵاتی نزیک دەبینەوە.

پێدانی ئەم پۆستە سیادییانە بەم پێکهاتانە، نەک هەر مەترسی نییە لەسەر پرۆسەی سیاسی، بەڵکو قەڵا و قەڵغانێکیشە لە بەرانبەر هەموو ئەو تیر و ڕمانەی لە دەروەڕا ئاراستەی جەستەی سیاسیی کوردستان دەکرێن. هەوڵێکە بۆ ئەوەی نەوەکانمان بە کردەنی لەسەر ئەوە ڕابێنین، کە ئەم نیشتمانە هی هەمووانە و دەبێ هەمووانیش بەیەکەوە خۆیان بە خاوەنی بزانن. ئەمە بۆ هەنگاوەکانی سبەی ڕۆژی داڕشتن و بڕیاردان لە دەستووری کوردستانیش هەر ڕاستە، دەستوورێک کە مەدەنی بێت و لە دابەشکردنی ئەرک و مافەکاندا، بە پلەی یەکەم ڕەچاوی بوونی مرۆیی مرۆڤەکان و چەمکی هاووڵاتی بکات، نەک زۆرینە و کەمینەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی. دەستوورێک پێش نەتەوە و ئایین، شکۆ بۆ مرۆڤ، سەروەری بۆ نیشتمان، مانا و بەها بۆ دادی کۆمەڵایەتی و وەک یەکی هاووڵاتییان لەبەردەم یاسادا بگەڕێنێتەوە.