نووری بێخاڵی
ئاوڕێكی خێرا له (فه‌رهه‌نگی صادق)
یه‌كێك له كۆڵه‌گه‌كانی پاراستن و گه‌شه‌پێدانی زمان، فه‌رهه‌نگه. دانانی فه‌رهه‌نگیش هونه‌رێكه هه‌موو كه‌س ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ت، به‌تایبه‌تی له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆمان كه له‌سه‌ر ئاستی دنیادا، فه‌رهه‌نگسازیی یه‌كێكه له دیارترین بواره گرنگه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی زمانه‌وانی. ئینجا ئه‌گه‌ر ئه‌مه بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ریی و شارستانییه‌ته‌كان گرنگ بێت، ده‌بێ بۆ ئێمه‌ی كورد كه زمانه‌كه‌مان گرنگترین هۆی مانه‌وه‌مان بووه، چه‌نده گرنگ و پڕ بایه‌خ بێت؟.
ئێوه سه‌یری مێژوو و گه‌ل و شارستانییه‌كانی میزۆپۆتامیا بكه‌ن، چۆن به‌هۆی له‌ناوچوونی زمانه‌كانیان بوونه ئاردی ناو دڕك و له بیر و خه‌یاڵاندا چوونه‌وه. كورد كه زیاتر له 100 ساڵه وه‌ك نه‌ته‌وه و ناسنامه و كولتوور و فه‌رهه‌نگ كراوه‌ته ئامانجی له‌ناوبردن، داگیركه‌رانی كوردستان و دوژمنانی تا ئه‌مڕۆیش ده‌ستبه‌رداری ئه‌م سیاسه‌تی له‌ناوبردن و تواندنه‌وه‌یه‌ی كورد نه‌بوون، ئه‌گه‌ر ده‌ستی به زمانه‌كه‌یه‌وه نه‌گرتایه، ئێسته له كوێی هاوكێشه‌كان بوو؟ بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت چیاكان هۆكاری مانه‌وه‌ی كوردن، ڕاستییه‌كه‌ی كه‌متر نزیكه له ڕاستیی، چونكه خاوه‌ندارێتیكردنی كورد له زمان و فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی، له فۆلكلۆر و ئه‌ده‌به میلییه‌كه‌ی، هۆی ڕاسته‌قینه‌ی مانه‌وه و به‌رده‌وامیی كوردن له‌ناو ئه‌م به‌رداشی زبری هه‌وڵه‌كانی تواندنهوهیدا.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ئه‌وانه‌ی ڕۆژگارێك وه‌ك سه‌ربازی ون له‌ناو كورددا بایه‌خیان به دانان و نووسینی فه‌رهه‌نگ دا، ڕۆڵێكی مه‌زنیان له پاراستنی زمان و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كورددا بینی و ده‌بێت به چاوی ڕێز و ستایش و په‌سنه‌وه سه‌یر بكرێن. فهرههنگسازه كورده‌كان له‌ناو هه‌موو ئه‌و كوێرهوهرییانهی نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا، جه‌نگاوه‌ری پشوودرێژ بوون بۆ به‌رگریی له زمانه‌كه‌یان.
وه‌ك ده‌ڵێن زمان سروشتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه، به‌و مانایه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریی و پێشكه‌وتنه كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ژیاریی و زانستییه‌كاندا، ئه‌ویش خۆی نوێ ده‌كاته‌وه و به‌گوێره‌ی پێشكه‌وتنه‌كان خۆی به‌رهه‌م دێنێته‌وه و زاوزێ ده‌كات. ئه‌م خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه، نوێكردنه‌وه و زاوزێكردنه‌ی زمانیش، پرۆسه‌یه‌كی زمانكرد و خۆڕسك نییه. به‌و مانایه‌ی ئه‌وه زمان خۆی نییه، خۆی نوێ ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی له خه‌می زمان و فهرههنگدان، ده‌بنه مامانی پرۆسه‌كه كه فه‌رهه‌نگسازیی دیوێكی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی زاوزێی زمانه.
فه‌رهه‌نگسازیی له‌باری مێژوویی و له‌ناو مرۆڤایه‌تیدا ته‌مه‌نداره، گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان به‌گوێره‌ی قۆناغه مێژووییه‌كان و گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌كان، بایه‌خێكی زۆریان به فه‌رهه‌نگسازیی داوه، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگریی له مانه‌وه‌ی زمانه‌كه‌یان بكه‌ن و له فه‌وتان بیپارێزن، هه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك زمانێكی زیندوو كه له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریی و پێشكه‌وتنه‌كان بێته‌وه و ده‌ره‌قه‌تیان بێت، ئه‌و كاره‌یان كردووه.
دیاره كوردیش له‌م بواره‌دا كه‌م و زۆر و به‌گوێره‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی پێیدا تێپه‌ڕیوه، كه‌مته‌رخه‌میی نه‌كردووه. له‌م ڕووه‌وه په‌رتووكخانه‌ی كوردی ئه‌گه‌ر زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندیش نه‌بێت، به‌ڵام له‌و هه‌ژارانه نییه كه نه‌توانرێ نه‌وه دوای نه‌وه له شاره‌زا و پسپۆڕانی زمانه‌وانی، پڕۆژه‌ی نوێ و هه‌مه‌لایه‌ن و ده‌وڵه‌مه‌ندتریان له‌سه‌ر هه‌ڵچنن.
ئه‌گه‌رچی پڕۆژه‌ی هه‌مه‌لایه‌ن و گشتگیر و زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندیش نه‌بن له‌باری زاراوه و پێداویستیی فه‌رهه‌نگ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فه‌رهه‌نگی كوردی - كوردی، كوردی - فارسی، فارسی - كوردی، كوردی - عه‌ره‌بی، عه‌ره‌بی - كوردی، كوردی - توركی، توركی - كوردی، كوردی - ئینگلیزی ، ئینگلیزی - كوردی، كه‌م و زۆر به‌رده‌ستن و ده‌توانرێ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه په‌ره به پرسه‌كه بدرێت و خزمه‌تێكی رژدتر به زمانه‌كه‌مان بكه‌ین. به‌تایبه‌تی كه هه‌نووكه مرۆڤی كورد پێویستی به‌وه‌یه له سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیاندا و به‌گوێره‌ی ئه‌و پێشكه‌وتنه خێرایه‌ی له ته‌واوی بواره‌كاندا هه‌یه، سوود له كه‌ره‌سته‌ی زمانه‌كه‌ی وه‌ربگرێت و چه‌مكسازیی تێدا بكات. چونكه زمانی كوردی نه‌ك هه‌ر هه‌ژار نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌نده، ئه‌گه‌ر دهستكورتیی، نه‌خوێنده‌واری، خۆبه‌كه‌مزانیی و خه‌مساردیی كورد خۆی نه‌بێت، ده‌توانێ به زمانه‌كه‌ی ده‌ره‌قه‌تی هه‌موو ئه‌و پێشكهوتانه بێت و له‌ناو فه‌رهه‌نگی خۆیدا شوێن و مانا و ده‌ربڕینی شیاویان بۆ بكاته‌وه.
زۆریی دیالێكت و دهڤۆك، یان شێوه‌زار و بنزاره‌كانی ناو زمانی كوردی كه ئاماژه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندیی زمانهكهن، به‌سن بۆ كه‌سی خه‌مخۆریی زمان، تا به سوودوه‌رگرتن لێیان، ده‌ستی وه ناونان و پێناسه‌كردنی ته‌واوی بواره كۆمه‌ڵناسیی، سیاسیی، ئابووریی، ته‌نانه‌ت فكری و زانستیی، فه‌لسه‌فیی و تهكنهلۆجییهكانیش ڕابگات و بۆ زۆرترین چه‌مك و ده‌ربڕینی ناو زمانه‌كانی تر، هاوواتای كوردی بدۆزێته‌وه.
به‌هه‌رحاڵ، یه‌كێك له نوێترین هه‌وڵه‌كانی فه‌رهه‌نگسازیی كوردی كه چه‌ند مانگێكه كه‌وتووه‌ته به‌ر دیده‌ی خوێنده‌وارانی كورد، فه‌رهه‌نگی (صادق)ـه، كه فه‌رهه‌نگێكی (عه‌ره‌بی - كوردی)یه.
ئه‌و فه‌رهه‌نگه وه‌ك دانه‌ره‌كه‌ی باسی ده‌كات و خۆیشم زۆر له نزیكه‌وه ئاگاداری بووم، به‌ری ڕه‌نج و ماندووبوون و شه‌ونخوونیی ٣٠ ساڵ ته‌مه‌نی دانه‌ره‌كه‌یه‌تی. كارێك كه جگه له دڵسۆزیی و خه‌مخۆریی بۆ زمانی دایك، حه‌وسه‌ڵه و ئارامگرتن و قوربانیدانی ده‌وێت، به‌تایبه‌تی دوای ٣٠ ساڵ بێنه و به‌رده، كه‌چی ده‌زگه و دامه‌زراوه‌یه‌كی كولتووری و فه‌رهه‌نگیی كوردی نه‌بێت خۆی له چاپكردنی بكاته خاوه‌ن و دانه‌ره‌كه‌ی ناچار بێت، قه‌رز و قۆڵ بۆ چاپه‌كه‌ی بكات.
به قسه‌ی من نا، به قسه‌ی دانه‌ره‌كه خۆیشی نا كه باس له‌وه ده‌كات چه‌ند شه‌و و ڕۆژی به هه‌ڵگێڕ و وهرگێڕكردنی فه‌رهه‌نگه كوردی و عه‌ره‌بییه‌كان كردووه، چه‌ند پرس و ڕاوێژی ئه‌كادیمیی به‌م و به‌و كردووه، تا ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی خستووه‌ته به‌رده‌ستمان، به‌ڵكو به گه‌ڕانه‌وه بۆ قسه و گه‌واهیی ئه‌و كه‌سه‌ی پێشه‌كیی بۆ فه‌رهه‌نگه‌كه نووسیوه و پێیدا چووه‌ته‌وه و بژاری كردووه، كه‌سێك كه یه‌كێكه له لووتكه دیاره‌كانی ناو مێژووی ڕووناكبیریی و زمانناسیی كوردستان، ئینجا له بایه‌خ و گرنگیی فه‌رهه‌نگه‌كه و ئه‌و كاره جوانه‌ی دانه‌ره‌كه‌ی ده‌گه‌ین.
فه‌رهه‌نگی (صادق) كه فه‌رهه‌نگێكی (عه‌ره‌بی - كوردی)یه، له نووسین و دانانی (صادق جه‌وهه‌ر ڕواندزی) و پێداچوونه‌وه و بژاركردنی مامۆستا (جه‌لال زه‌نگابادی). چاپی یه‌كه‌می له سه‌ره‌تای ٢٠١٩ و له توێی (٨٥٠) لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره مامناوه‌ند، به دیزاینێكی جوان و ههڵهچنییهكی ورد و چاپێكی قه‌شه‌نگ كه‌وته به‌رده‌ستی خوێنه‌ران.
فه‌رهه‌نگێكه خوێنه‌ر ته‌نیا له میانی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ردوو پێشه‌كیی دانه‌ره‌كه‌ی و مامۆستا زه‌نگابادی، باشتر ئاشنای ئازاری قورسی به‌ره‌ژانی له‌دایكبوونی فه‌رهه‌نگه‌كه ده‌بن. به‌و پێیه‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگه كه ڕۆژانه وشه و ده‌سته‌واژه‌ی بۆ زیاد كراون و هێشتا هه‌ر ده‌ستنووس بووه و تا به‌م ڕۆژه گه‌یشتووه ڕۆشنایی چاپ ببینێت، چه‌شنی خاوه‌نه‌كه‌ی، كورد گوته‌نی "هه‌زار سه‌راو و ده‌راو"ی بینیوه. له‌گه‌ڵ دانه‌ره‌كه‌یدا ئاواره بووه، ئه‌م قوژبن و ئه‌و ده‌لاقه‌ی كردووه، سه‌رما و گه‌رمای چه‌شتووه. چونكه فه‌رهه‌نگسازیی و خاوه‌ندارێتیكردن له زمانی دایك و پاراستن و گه‌شه‌پێدانی لای دانه‌ری فه‌رهه‌نگه‌كه، عه‌شق و ئامانج بووه، بۆیه تا ئه‌وپه‌ڕی هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتیی، وه‌ستایانه كاری له‌سه‌ر كردووه و له‌گه‌ڵیدا پشوودرێژ بووه.
دواجار وه‌ك زه‌نگابادی له پێشه‌كییه‌كه‌ی و له‌سه‌ر زمانی (سامۆئیل جۆنسن) ئاماژه‌ی پێ داوه، "هه‌ر كه‌سێ كتێبێك بنووسێت، چاوه‌ڕێی پێداهه‌ڵگوتنه، به‌ڵام كه‌سێك فه‌رهه‌نگساز بێت، ئه‌وا له ڕه‌خنه ده‌ربازی نابێت". بۆیه ڕه‌نگه ئه‌م كاره‌ی كاك (صادق)یش له دیدی پسپۆڕ و شاره‌زایانی زمانه‌وانیی و فه‌رهه‌نگسازیی، بێ كه‌موكورتی و بۆشایی نه‌بێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌ر تێبینی و ڕه‌خنه‌یه‌كیش، فه‌رهه‌نگی (صادق) فه‌رهه‌نگێكه هه‌موو زانستخوازان، شه‌یدایانی زمان و فه‌رهه‌نگ، ته‌نانه‌ت ئه‌دیب و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نووسان، كه‌سێكی ئاسایی، ده‌توانن سوودی لێ ببینن.
صادق جه‌وهه‌ر ڕواندزی به‌م كاره‌ی كه‌لێنێكی باشی له ده‌لاقه‌ی په‌رتووكخانه‌ی زمانه‌وانیی و فه‌رهه‌نگسازیی كوردی پڕ كردووه‌ته‌وه و جێی ده‌ستخۆشییه.