عه‌ره‌ب و پارادۆكسی چه‌وساوه و چه‌وسێنه‌ر
كۆمیدیایه‌كی به‌رده‌وامی دنیای عه‌ره‌بی ئه‌وه‌یه كه زیاتر له سه‌ده‌یه‌كه ئۆباڵی هه‌موو له‌بارچوون و شكسته‌كانی پڕۆژه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی (یه‌كێتیی خاك و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی) ده‌خاته ئه‌ستۆی ئیسرائیل، هاوكات ساڵانێكی زۆریشه هۆی ته‌واوی نسكۆ و كه‌وتنه‌كانی به عه‌لاگه‌ی ئه‌مه‌ریكادا هه‌ڵده‌واسێ، وه‌ك چۆن له ڕوانگه‌ی زۆر عه‌ره‌به‌وه ئێران باوهكوشتهیانه.
له پێوه‌ست به ئه‌مه‌ریكا، هه‌ر له ڕۆژی 6ی ئه‌یلوولی 2017ـه‌وه، واته له‌و ڕۆژه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئۆرشه‌لیم (قودس) دا، تا ده‌گاته ڕۆژی 25ی كانوونی دووه‌می 2020 كه تێیدا سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا نه‌خشه‌ڕێی ئاشتی یان ئه‌وه‌ی به (ده‌سته‌واره‌ی سه‌ده) ناسراوه، ڕاگه‌یاند و ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت شه‌قامی عه‌ره‌بی و له‌گه‌ڵیشیاندا زۆرینه‌یه‌كی مسوڵمانی خۆشباوه‌ڕ، كه‌ناڵه‌كانی میدیا و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییان پڕ كرد له ناڕه‌زایی، تا ده‌گاته گه‌ف و گوڕ، ته‌نانه‌ت زۆربه‌یان وه‌ك شه‌یتان سه‌یری تره‌مپ ده‌كه‌ن و به كۆپیی (ئارسه‌ر جێمس به‌لفۆڕ)ی به‌ریتانی پێناسه‌ی ده‌كه‌ن.
پێیان وایه چۆن (به‌لفۆر)ی نوێنه‌ری به‌ریتانیا كاتی خۆی ڕه‌وایی به دروستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی جوو دا، (تره‌مپ)یش به بڕیاری گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئۆرشه‌لیم و دواتریش سووربوونی له چوارچێوه‌ی نه‌خشه‌ڕێ ئاشتییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئۆرشه‌لیم به پایته‌ختی ئیسرائیل ده‌مێنێته‌وه و به‌ش به‌ش ناكرێت، هه‌مان ڕه‌وایه‌تیی به ده‌وڵه‌تی جوو دا. ئه‌م هه‌راوزه‌نایه‌ی شه‌قامی عه‌ره‌بی و ده‌سته‌بژێره نه‌ته‌وه‌ییه پان عهرهبییهكهیشی كه له ناوه‌ندی میدیا و ڕووناكبیریدا نایانه‌وه، له‌كاتێكدایه كه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری حوكمڕان و ده‌سه‌ڵاتداره عه‌ره‌به‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی، له‌مباره‌یه‌وه نه‌ك هه‌ر مێش میوانیان نییه، بگره هه‌ندێك وڵاتی عه‌ره‌بی بۆ خۆیان به‌شێكن له پرۆسه‌كه و به ئاشكرا پشتیوانیی خۆیان بۆ نهخشهڕێیهكه ده‌ربڕی.
ده‌ی كه عه‌ره‌ب ئه‌مه مه‌عده‌نه‌كه‌ی بێت، ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا چی بكه‌ن؟
هه‌رچی پێوه‌ندیی به پرسی فه‌له‌ستین و ئیسرائیلیشه‌وه هه‌یه، چش له‌وه‌ی ئاڵای ئیسرائیل له ئاسمانی زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی ده‌شه‌كێته‌وه، وه‌كوتر به‌شێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی ئابووری و هه‌واڵگرییان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا هه‌یه، كه‌چی شه‌قامی عه‌ره‌بی و ناوه‌نده میدیایی و ڕووناكبیرییه عرووبهویی و پان ئیسلامییه‌كه‌ی، ئاراسته‌ی تیره‌كه‌یان هه‌ر به‌ره‌و جووه. ئه‌مه له كاتێكدایه ئه‌و شوێنه‌ی ئێسته پێی ده‌ڵێن فه‌له‌ستین، كاتی خۆی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیزه‌كاندا بوو.
كه‌واته (به‌لفۆڕی به‌ریتانی) ئه‌و خاكه‌ی وه‌ك موڵكی وڵاته‌كه‌ی خۆی داوه‌ته جووه‌كان، به‌ڵگه مێژووییه‌كانیش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه به‌ریتانیا له پشتی ناردنه‌وه‌ی جوو بوو بۆ ئیسرائیل. ئینجا لایه‌نێكی تری مێژووییش كه پێوه‌سته به دروستكردنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و پته‌وكردنی كۆڵه‌گه‌كانی، سه‌رانی عه‌ره‌ب خۆیان ده‌ستپێشخه‌ر بوونه تێیدا و عه‌ره‌ب به هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێت ده‌یه‌وێ خۆی لێ بدزێته‌وه، ئه‌ویش ڕۆڵی سه‌ره‌كیی (شا فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌می هاشمی - یه‌كه‌م پادشای عێراق و سووریا)، كوڕی (حوسێن كوڕی عه‌لی هاشمی)ی شه‌ریفی مه‌ككه‌یه له‌و پرۆسه‌یه‌دا.. چۆن؟
ئه‌گه‌ر به‌لفۆڕ ته‌نیا به‌ڵێنێك بووبێت به جووه‌كان درابێت كه خۆیشی هه‌ر ناوی به‌ڵێنی بهلفۆڕه نه‌ك ڕێككه‌وتنی به‌لفۆڕ، ئه‌وا ڕێككه‌وتنی هاوكاریی نێوان عه‌ره‌ب و جوو له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه له ساڵی 1919 و له كۆنگره‌ی ئاشتیی له پاریس له نێوان (شا فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌می هاشمی) و (حایم وایزمان)ی سه‌رۆكی ڕێكخراوی زایۆنیزم واژوو كرا، ددانپێدانانێكی ڕوون و ڕاشكاو و یاسایی عه‌ره‌به، به ڕه‌وایی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل. وه‌ك ئه‌وه‌ی له خاڵی چواره‌می ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه، "پێویسته سه‌رجه‌م ڕێوشوێنه‌كان بگیرێنه‌به‌ر بۆ هاندانی كۆچی جووه‌كان بۆ فه‌له‌ستین و خێراكردنی كۆچكردنهكه، ئه‌مه‌ش له‌پێناو نیشته‌جێكردنی كۆچبه‌ره‌كان و جێگیركردنیان ........."، وه‌ك چۆن له خاڵی سێیه‌می هه‌مان ڕێككه‌وتننامه‌دا، دووپات له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی خاڵ و بڕگه‌كانی (به‌ڵێنی به‌لفۆڕ - 1917) كراوه‌ته‌وه.
به‌هه‌رحاڵ، عه‌ره‌ب به‌گشتی و فه‌له‌ستینییه‌كان به‌تایبه‌تی، ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی (ئه‌نوه‌ر سادات)ی سه‌رۆكی میسریان بكردایه، ڕه‌نگه هه‌نووكه دۆخی فه‌له‌ستین به بارێكی تردا بگۆڕایه. ئه‌و (سادات)هی توانی (سینا) بگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر میسر. ئاخر له پای سه‌ركێشیی و ڕیسكی (سه‌ڵاح جه‌دید و جه‌مال عه‌بدولناسر) و به‌ره نه‌ته‌وه‌ییه عرووبهوییهكهیان (میسر، سووریا، لبنان و ئوردن)، له شه‌ڕێكی خۆتڕێندا (حوزه‌یرانی 1967) له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، (سینا له میسر، به‌رزاییه‌كانی جۆلان له سووریا، كه‌ناری ڕۆژئاوا له ئوردن)یان له ده‌ست دا و ئیسرائیل چووه ناویانه‌وه و لێی داكوتی.
نسكۆ و شكست و دۆڕانی عه‌ره‌ب له جه‌نگی حوزه‌یرانی 1967 له به‌رانبه‌ر ئیسرائیل، كه تێیدا هێزه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل به‌ر له‌وه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه سووری و میسرییه‌كانی بنیشنه‌وه، هه‌ر له ئاسماندا كردنیانن به قه‌ره‌برووت، برینێكه هێشتا له یاده‌وه‌ریی عه‌ره‌به نه‌ته‌وه‌ییه عرووبهوییهكان ساڕ‌ێژ نه‌بووه.
كاتی خۆی كه (ئه‌نوه‌ر سادات) له ساڵی 1978 گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل واژوو كرد، زۆرینه‌ی عه‌ره‌ب و دنیای ئیسلامی، كه‌وتنه دژایه‌تی سادات و ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، ئه‌مه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ورده‌كاریی ڕێككه‌وتنه‌كه و ناوه‌ڕۆكی گه‌ڵاڵه‌نامه‌كه‌ی نێوان سادات و ئیسرائیل بن.
له به‌رانبه‌ردا (سادات) له ڕێی (شا حه‌سه‌نی دووه‌می شای مه‌غریب) ئه‌و په‌یامه‌ی گه‌یانده هه‌موو سه‌رانی عه‌ره‌ب و دنیای ئیسلامیی به‌ناو داكۆكیكار له فه‌له‌ستین، به‌وه‌ی له‌و خه‌وه قووڵه بێ‌دار ببنه‌وه و به‌م سووربوونهیان له‌سه‌ر كهلهڕهقیی، ئه‌وه‌ی ماویشه له فه‌له‌ستین له ده‌ستی نه‌ده‌ن و بیری خستنه‌وه كه عه‌ره‌ب بڕیاری ساڵی 1947ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی تایبه‌ت به پێكهێنانی دوو ده‌وڵه‌ت (ئیسرائیل – فه‌له‌ستین) به‌و مه‌رجه‌ی قودس له‌ژێر چاودێریی (ویسایه)ی نێوده‌وڵه‌تیی بێت، ڕه‌ت كرده‌وه، كه‌چی ئیسرائیل دههوڵهتهكهی خۆی دروست كرد.
ئینجا 20 ساڵ دوای ئه‌وه (1967) عه‌ره‌ب به بڕیاره‌كه ڕازی بوو، به‌ڵام ئیسرائیل دژی وه‌ستایه‌وه و ئه‌وه‌بوو عه‌ره‌ب په‌نای بۆ شه‌ڕ برد، ئه‌مجاره‌یان كورد گوته‌نی "بۆ ڕیش چوو، سمێڵیشی له‌سه‌ر دانا"، عه‌ره‌ب به‌شێكی تری خاكه‌كه‌ی له میسر، سووریا و ئوردن له ده‌ست دا، ئه‌مه چش له‌و هه‌موو زیانه مرۆیی و ئابوورییه‌ی به‌ریانكه‌وت و (سادات) ئامۆژگاریی عه‌ره‌بی كرد و پێی گوتن، "گرفتی ئێوه ئه‌وه‌یه كه چاره‌سه‌ری ئاشتی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه، به‌مه‌ش زه‌وییه‌كان هه‌ر له ده‌ستی ئیسرائیل‌دا ده‌مێننه‌وه، كه‌چی دوای 10 ساڵ په‌شیمان ده‌بنه‌وه و چاره‌سه‌ره‌كه قبووڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ئیسرائیل ڕه‌تی ده‌كاته‌وه".
)سادات) سینای بۆ میسر گه‌ڕانده‌وه، كه‌چی ئێسته‌یش ئاڵای ئیسرائیل له به‌رزاییه‌كانی جۆلان و كه‌ناری ڕۆژئاوا ده‌شه‌كێته‌وه، چش له‌وه‌ی فه‌له‌ستینی پێش 1947 چۆن بوو و فه‌له‌ستینی 2020 چۆنه.
پارادۆكسێك كه تا ئه‌م چركه‌ساته‌یش له پێوه‌ست به بابه‌تی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل عه‌ره‌ب تێیدا ده‌ژیی، ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێن به‌ریتانیا له‌و ڕۆژگارانه‌دا داگیركه‌ر بووه و خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی خاكه‌كه نه‌بووه، بۆیه ئه‌و مافه‌ی نه‌بوو، فه‌له‌ستین بداته جوو.
ده‌ی خۆ كوردستانیش موڵكی عه‌ره‌ب نییه و داگیری كردووه، كه‌چی نه‌ك هه‌ر دژی ئه‌وه‌یه باشووری كوردستانی به‌زۆر لكێنراو به عێراقی عه‌ره‌بی جیا ببێته‌وه (هه‌ڵوێستی شۆڤینییانه‌ی شه‌قام و ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بمان به ڕاست و چه‌پییه‌وه، به لیبراڵ و ئیسلامییه‌وه، به سوننه و شیعهیهوه له به‌رانبه‌ر ڕیفراندۆمدا بینی)، به‌ڵكو وه‌ك به‌شێكیش له نیشتمانی عه‌ره‌بیی ده‌زانن. ته‌نانه‌ت زۆر وڵاتیش هه‌ن كه ئێسته پێیان ده‌گوترێ عه‌ره‌بی و ئیسلامی، له بنه‌ڕه‌تدا نه عه‌ره‌بی بوون و نه ئیسلامیش، به‌ڵام عه‌ره‌ب له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ئیسلامدا داگیری كردن و بۆ تاهه‌تایه له خاوه‌نه ڕاسته‌قینه‌كانیان زه‌وتیان كردن.
جا خۆ ئه‌گه‌ر له‌م ڕۆژگاره‌شدا عه‌ره‌ب هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌می پێشوویان هه‌بووایه، ئه‌وا هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی له سه‌رده‌می داگیركاریی (فتوحات)ی ئیسلامی و سه‌رده‌می خهلافهتهكانیاندا داگیریان كردن، ئێسته ده‌یانهێنانه‌وه باوه‌شی نیشتمانی عه‌ره‌بی.
دواجار ماوه‌ته‌وه بپرسین، ئایا دوژمنی گه‌لێك ده‌توانێ سته‌مكارییه‌كه‌ی له به‌رانبه‌ر ئه‌و گه‌له به چه‌وسانه‌وه و سته‌ملێكراوی خۆی به ده‌ستی دوژمنی خۆی بشارێته‌وه؟ ئه‌وه چ لۆجیكێكه بانگه‌شه‌ی سته‌ملێكراوی بكه‌یت، كه‌چی به‌درێژایی مێژوو خه‌ڵكی تر بچه‌وسێنیته‌وه و سته‌میان لی بكه‌یت؟ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب ده‌یكات، ڕێك ئه‌وه‌یه. له كاتێكدا دنیا له‌سه‌ر ئه‌وه قه‌رزدار ده‌كاته‌وه كه ساڵانێكه به ده‌ستی ئیسرائیل ده‌چه‌وسێنرێته‌وه، كه‌چی تا ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت، خاكی كوردی داگیر كردووه و سته‌می لێ ده‌كات، هاوكات ئه‌مازیغ و قیبتییه‌كان و گه‌لانی به‌زۆر به عهرهبكراو و خاك لێ زه‌وتكراو، ده‌چه‌وسێننه‌وه.