هه‌موو ئه‌و ڕووداو و پێشهاتانه‌ی له عێراق و كوردستان ده‌گوزه‌رێن، یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن. هاوكات به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له رووداو و ده‌ركه‌وته سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه دابڕاو نین، ئیتر ئه‌وه ڕاستییه‌كه نابێ خۆمانی لێ ببوێرین. به‌یه‌كه‌وه گرێدراوی ڕووداوه‌كانیش پێوه‌سته به سروشتی ئه‌و ململانێ سیاسییه‌ی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی ناوچه‌كه و له‌سه‌ر خاكی وڵاتانی ئێره و له‌سه‌ر حیسابی چاره‌نووس و ئاینده‌ی گه‌لانیان به‌ڕێوه ده‌برێ، ململانێكه‌یش زیاتر ڕه‌هه‌ندی ئابووری و جیۆستراتیژیی درێژخایه‌ن و ڕاگرتنی باڵانسی هێزیان هه‌یه، تا ڕه‌هه‌ندی سیاسیی كاتی و هه‌نووكه‌یی.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، ده‌توانین بڵێین واژووكردنی یاداشتی لێكتێگه‌یشتن له نێوان به‌غدا و تاران له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووك بۆ ئێران. هه‌ڵكوتانه سه‌ر كۆمپانیای نه‌وتی باكور له كه‌ركووك و ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌لایه‌ن هێزیكی تایبه‌تی یه‌كێتی (له نائاماده‌یی پارێزگاری كه‌ركووك كه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و حزبه‌یه و تێبینیی زۆریشی له‌سه‌ره له پێوه‌ست به دۆسیه‌ی نه‌وت له‌و شاره‌دا!)، پیلانی ده‌وڵه‌تی یاسا و په‌رله‌مانتارانی بۆ ده‌ركردنی حزب و هێزه تێكۆشه‌ر و شۆڕشگێڕه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له باشوور، چاوسووركردنه‌وه به‌رده‌وامه‌كانی قه‌ندیل له حكوومه‌تی هه‌رێم، دانانی بازگه و لێدانی قه‌ره‌قۆڵ له مه‌خموور و چیای قه‌ره‌چووخ له‌لایه‌ن په‌كه‌كه، شه‌ڕفرۆشی و ته‌شقه‌ڵه‌كانی كلكه‌كانی په‌كه‌كه له شنگال و سنونێ و خانه‌سۆر به هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان. ئه‌مانه و زۆر ڕووداو و ده‌ركه‌وته‌ی تر، شتی هه‌ڕه‌مه‌كی و له‌ناكاو نین، به‌ڵكو ڕووداوی سیسته‌ماتیك و به‌یه‌كه‌وه گرێدراون. ڕووداوگه‌لێك، ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندییان به ململانێ و ناكۆكییه‌كانی ناوچه‌كه به گشتی و دابه‌شبوونی به‌ره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌نگه‌ربه‌ندی هێزه‌وه هه‌یه. ئه‌و دۆخه‌ش چاوه‌ڕوانكراو بووه، چاوه‌ڕێش ده‌كرێ ڕۆژ دوای ڕۆژ، پێشهاتی تری نوێ و هاوشێوه، ده‌ربكه‌ون. چونكه سروشتی ململانێ و ناكۆكیی هێزه‌كانی ناوچه‌كه ئه‌وه ده‌سه‌پێنێ.
له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، ئه‌وانه‌ی له باشووری كوردستان بۆ لێدانی پارتی، به گوتار و نووسین، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ چوونه به‌ره‌ی كلكه‌كانی په‌كه‌كه، له شه‌ڕفرۆشی و ته‌شقه‌ڵه‌كانی یه‌په‌شه (كه باڵێكی تری چه‌كداری په‌كه‌كه‌یه و له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه مووچه‌ی ده‌درێتێ و كۆمه‌كی دارایی و لۆجیستی ده‌كرێ)، شتێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو (دیاره باسی منداڵبازاڕی و كه‌فوكوڵی هه‌رزه‌یی فه‌یسبووكچییان ناكه‌م!).
ئه‌گه‌ر به‌شێكی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه له‌و هێزه سیاسی و نێوه‌نده میدیایی و گوتاره ڕۆشنبیرییه‌ی باشووری كوردستان كه هاوسۆزی چه‌كدارانی یه‌په‌شه بوون، جۆرێك بووبێت له ته‌سفیه‌ی حیسابات له‌گه‌ڵ پارتی، به‌ڵام دیوه هه‌ره ڕاسته‌قینه و ڕه‌هه‌نده هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌و پاڵپشتی و هاوسۆزییه، پێوه‌ندی به‌و دابه‌شبوونی به‌ره و سه‌نگه‌ربه‌ندییانه‌وه هه‌یه كه پێشتر باسمان كرد.
ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌دا مایه‌ی پێكه‌نین بوو، ئه‌و هه‌راوزه‌نای فرۆشتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و وڵاتپارێزییه بوو كه ئه‌و هێز و كه‌س و نێوه‌ندانه به پارتییان فرۆشته‌وه. به‌تایبه‌تی كۆمیدیای ئه‌وه‌ی گوایه ئه‌وان له دڵسۆزیان بۆ نه‌ڕشتنی خوێنی مرۆڤی كورد به ده‌ستی كورد و خه‌مخۆرییان بۆ ڕوونه‌دانی شه‌ڕی ناوخۆ، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان نواندووه، به‌ڵام نووسین، ده‌ربڕین، ده‌ربڕینی گوتاره‌كان، زمانی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ، شێوازی ڕووماڵ و شرۆڤه‌ی لایه‌نه‌كانی ڕووداوه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و هێز و كه‌س و نێوه‌ندانه، شتێكی جیاوازیان پێ گوتین.
قسه‌ی ئێمه لێره له‌سه‌ر میدیای فه‌رمی و نافه‌رمی (پارتی و په‌كه‌كه) نییه كه له‌و گه‌مه‌یه‌دا چۆن ڕووداوه‌كه‌یان وێنا كردووه و گواستوویانه‌ته‌وه بۆ وه‌رگر، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌و ژه‌هره‌یه كه (ئه‌وانی تری كۆمبارس، ئه‌وانی تری كۆرس له باشووری كوردستان!)، به ئاگایی و هوشیارییه‌وه، به ئاماژه و چرپه‌وه ده‌یجوونه‌وه و ده‌یخه‌نه زه‌ین و مێشكی وه‌رگر.
ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌دا زۆر گرنگه كه هێزه كوردستانییه‌كانی باشووری كوردستان و نێوه‌نده‌كانی میدیا و ڕۆشنبیران (سه‌ره‌ڕای ناكۆكیی سیاسیی نێوانیان، وێڕای جیاوازیی تیڕوانینی ئه‌و نێوه‌ند و ڕۆشنبیرانه بۆ دۆخی باشووری كوردستان) له‌م پێشهات و ڕووداوه و ڕووداوه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی سنونێ و خانه‌سۆردا په‌ندی لێ وه‌ربگرن ئه‌وه‌یه، خراپ سوود له ململانێ و جیاوازییه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتی وه‌رنه‌گرن و به لۆژیكێك مامه‌ڵه و سه‌ره‌ده‌ره له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه نه‌كه‌ن كه دواجار به زیانی پرۆسه‌ی سیاسی و ئاشته‌وایی و سه‌قامگیری و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بشكێته‌وه، له‌ولایشه‌وه په‌كه‌كه هێنده‌ی تر ئه‌و خراپ مامه‌ڵه‌یه‌ی ئه‌وان بۆ كه‌ڵه‌گایی و قۆرخكاریی و مه‌یل و ئیراده‌ی پاوانخوازانه‌ی خۆی بقۆزێته‌وه.
كه‌ڵه‌گایییه‌ك كه سبه‌ی ڕۆژ به‌ر له پارتی، ئه‌وان باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن و ماكینه‌ی جیاوازیی كوژی ئه‌و حزبه ده‌یانهاڕێ، ئه‌وكاته‌ش گه‌زینی په‌نجه‌ی په‌شیمانی دادی هیچ كامیان نادا. چونكه سروشتی په‌كه‌كه وایه كه له ده‌ره‌وه‌ی خۆی، هیچ هێزیكی تری قبووڵ نییه، ئه‌زموون و مێژووی ئه‌و حزبه‌ش له ڕۆژی ده‌ركه‌وتنیه‌وه تا ئه‌مڕۆ، ده‌یان نموونه‌ی له‌سه‌ر ئاستی نه‌ك ته‌نیا باكوری كوردستان (ته‌سفیه‌كردنی ڕزگاری و ئاڵای ڕزگاری و كاوه و كۆك و…..)، به‌ڵكو له باشوور (دوای ڕاپه‌ڕین شه‌ڕفرۆشتن به پارتی و یه‌كێتی، دواتریش قوتكردنه‌وه‌ی پاك و یه‌نده‌ك و په‌چه‌ده‌كه.. دوای هاتنی داعش‌یش یه‌به‌شه و یه‌په‌شه و ………) و له ڕۆژئاوا (دوای ڕووداوه‌كانی سووریا، ڕاوه‌دوونانی هێزه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی كوردی و پاراستنی په‌یكه‌ره‌كانی ئه‌سه‌د و دامه‌زراوه و دروشمه‌كانی به‌عس له قامیشلۆ و شاره‌كانی تر و سه‌پاندنی كه‌ڵه‌گایی په‌یه‌ده و یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه) و له ڕۆژهه‌ڵات (ترووكاندنی هێلكه‌ی پژاك و كۆدار و چی و چیتر و شه‌ڕفرۆشییه‌كانی به پێشمه‌رگه‌كانی دیموكرات و هێزه تێكۆشه‌ره‌كانی تر)ی تێدایه. ئه‌زموون و نموونه‌گه‌لێك كه ئه‌و هێزه سیاسی و نێوه‌نده میدیایی و كه‌سایه‌تییه ڕۆشنبیرانه‌ی باشووری كوردستان له‌گه‌ڵیدا هاوسۆزن، له هه‌موومان زیاتر و باشتر پێی ئاشنان، به‌ڵام ململانێ و ناكۆكی و جیاوازییان له‌گه‌ڵ پارتی، به‌رچاوی گرتوون و وێده‌چێ باكیان به‌وه نه‌بێ كه به‌م هه‌نگاوه‌یان، سبه‌ی ڕۆژ شه‌مه‌نده‌فه‌ری خه‌ونی كوردان له‌م پارچه‌یه‌ی كوردستان له ڕێگه ده‌ربچێ و هه‌پڕوون به هه‌پڕوون بێت.
وه‌ك چۆن برایه‌تیی كوردان شتێكه و لێدان له به‌رژه‌وه‌ندیی برایه‌تیی شتێكی تره. ئاواش واقیعیه‌تی بوونی كوردستانی گه‌وره‌ی پارچه پارچه‌كراو له باری جیۆگرافی و زه‌ینی ده‌سته‌جه‌معی كوردیدا شتێكه و كوردستانی مه‌زن (كوردستانی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و یه‌كگرتوو - ئه‌و دروشمه‌ی به درێژایی 40 ساڵ، په‌كه‌كه خه‌ڵكی پێ فریودا و دواجار نه‌ك هه‌ر به كه‌متر له ئۆتۆنۆمیش ڕازییه، به‌ڵكو له‌و پێناوه‌دا ده‌ستیش له‌گه‌ڵ فاشیسته‌كانی توركیا تێكه‌ڵ ده‌كات). شتێكی تره كه ناكرێ ته‌نیا له باری سۆزدارییه‌وه ئیراده‌ی خۆمان ڕاده‌ستی ئه‌و خه‌یاڵاتانه بكه‌ین.
ڕاستیی برایه‌تیی كوردان ئه‌وه‌یه، ڕێز له تایبه‌تمه‌ندییه جیۆسیاسی و مێژوویییه‌كانی یه‌كتری بگرین و هاوپشتی چاره‌سه‌ریی دۆزی یه‌كتری بین. ڕاستیی به‌رزڕاگرتنی یه‌ك پارچه‌یی كوردستانیش له‌وێدایه، هه‌رگیز نه‌چینه ژێر باری ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ده‌یه‌وێ پێمانی بسه‌لمێنێ، پارچه‌كانی كوردستان له باری جیۆگرافی و كولتووری و فه‌رهه‌نگییه‌وه، به‌شێكی دانه‌بڕاون له خاكی وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان و نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كان.
په‌رچه‌كرداره نابه‌رپرسه‌كانی په‌یه‌ده و یه‌په‌گه له دوای ڕووداوه‌كه‌ی سنونێ، به هه‌ڵكوتانه سه‌ر بینا و باره‌گاكانی په‌ده‌كه‌سه و ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردی و سووتاندنیان و بێ ڕێزیكردن به ئاڵای كوردستان (كه چه‌ندان جاره پاشكۆكانی په‌كه‌كه ئه‌و بێ ڕێزییه به‌رامبه‌ر ئاڵای كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌و ئاڵایه‌ی هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و زیندانه سیاسییه‌كانی حزبه كوردییه‌كانی باشوور له شاخ و شاردا له پێناویدا شه‌هید بوون و چوونه‌ته به‌ر په‌تی سێداره‌ی به‌عس) و گرتن و بێ سه‌روشوێنكردنی سه‌ركرده و كادرانی ئه‌و حزبانه و هه‌ڕه‌شه لێكردنیان به به‌جێهێشتنی زێدی باوباپیرانیان له ڕۆژئاوای كوردستان. هه‌موو ئه‌وانه و كاردانه‌وه‌ی پڕ له هه‌ڵچوونیان له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدا نییه ڕێز له ئیراده‌ی ئه‌وانی تری جیاواز له خۆی بگرێ. بۆیه چاوپۆشین لێیان، ئاكامه‌كه‌ی بۆ دواڕۆژی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له كوردستان باش نابێت.
من جیاواز له تێڕوانینی خه‌ڵكێكی تر سه‌یری پرسی ئاڵا ده‌كه‌م، به جۆرێك پێم وایه ئاسایییه هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان به‌رمه‌بنای مێژوو و دۆخه سیاسی و كولتوورییه‌كه‌ی، ئاڵایه‌كی خۆی هه‌بێ. وه‌لێ به هیچ كلۆجێك ناكرێ سووكایه‌تیكردن به ئاڵای پارچه‌یه‌كی تر قبووڵ بكرێ (ئه‌وه بیست و دوو وڵاتی عه‌ره‌بی، هه‌ریه‌كه و ئاڵای خۆی هه‌یه و هیچیش له دۆزی عه‌ره‌بی نه‌گۆڕیوه، كه‌واته كوردستانیش وێران نابێت ئه‌گه‌ر هه‌ر پارچه‌یه‌ك و ئاڵایه‌كی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت. چونكه بنیاتنانی كوردستانی یه‌كپارچه و یه‌كگرتوو، له وه‌هم و درۆیه‌كی گه‌وره زیاتر نه‌بووه و نییه كه ساڵانێكیش ئێمه به‌و دروشمانه‌ی په‌كه‌كه فریومان خوارد و ڕه‌دووی هاشوهووشه‌كانی كه‌وتین و دواجاریش ئه‌و هاته سه‌ر داواكردنی كه‌متر له ئۆتۆنۆمی بۆ كورد له توركیا!)، وه‌لێ ئه‌و ئاڵایه‌ی لێره به ئاڵای كوردستان ناسراوه و له ڕۆژئاوای كوردستانیش حزبگه‌لی سیاسی كوردی باوه‌ڕیان پێی هه‌یه، پێویست ده‌كات ڕێز له‌و باوه‌ڕ و ویسته‌یان بگیرێت. بۆیه هاوسۆزی كوێرانه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه و هه‌ر لایه‌نێكی تر و خۆبواردن له نادروستی ئه‌و په‌رچه كردارانه، پێش هه‌موو شت، خزمه‌ت به پرۆسه‌كانی ئاشته‌وایی و ڕێكخستنه‌وه و یه‌كخستنه‌وه‌ی ماڵی كورد له باشوور ناكا، چ جای یه‌كڕیزی كوردانی هه‌ر چوار پارچه. كه‌واته تێكه‌ڵكردنی كارته‌كان لێره به بیانووی ته‌سفیه‌ی حیساباتی سیاسی و حزبی، نه‌ك هه‌ر ناچێته خانه‌ی كاری سیاسیی ژیرانه، به‌ڵكو له‌وه زیاتر، یاریكردنه به ئاگرێك كه په‌ڕه‌ی هه‌موو ئومێده‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌هه‌ڵكردن ده‌سووتێنێ و دواجاریش په‌كه‌كه و كلك و پاشكۆكانی به دیارمانه‌وه قاقایان دێ.
دواجار ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه بزانین، هه‌رگیز، نه ئه‌مڕۆ و نه له ئاینده‌ش، پارتی و په‌كه‌كه، یان هه‌ر حزبێكی تری ناكۆك له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ی تر له كوردستان، ناتوانن یه‌كتری بسڕنه‌وه، به‌ڵام به به‌رده‌وامیی شه‌ڕ و ململانێ چه‌كدارییه‌كانیان زیان له گه‌لی كورد ده‌كه‌وێ و ئاسۆی ئامانجه‌كانی كوردیش له ژیان به ئازادی له‌سه‌ر خاكێكی ڕزگاركراو و سه‌ربه‌خۆدا، لێڵ و تاریكتر ده‌بێ. واته ئه‌وه حزب نییه له‌و قوماره‌دا ده‌یدۆڕێنێ، به‌ڵكو ئه‌وه گه‌لی كوردستان و كورد و دۆزه ره‌واكه‌یه‌تی باجی قومار و گه‌مه‌ی ئایدیۆلۆژی حزبه‌كان ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ی ئێسته‌ش كه هه‌ندێ حزبی سیاسی و نێوه‌ندی میدیایی و كه‌سایه‌تیی ڕۆشنبیری له باشووری كوردستان به‌رمه‌بنای ململانێ و جیاوازییان له‌گه‌ڵ پارتی، له خوێندنه‌وه و ته‌فسیر بۆ ڕووداوه‌كه ده‌یكه‌ن، به‌شێكه له‌و قوماره‌ی به‌هۆیه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیاندا، ماڵی كوردیش ده‌فه‌وتێنن!
نووری بێخاڵی