جەبەڕووتی زمان و کوشتنی جیاوازی!

PM:06:51:14/03/2017 ‌

ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە هەر وڵاتێکدا بە مەبەستی جێگیرکردنی کۆڵەگەی سیستەمە قۆرخکار و دەسەڵاتگەراکەی لە بەرامبەر سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین دەیکات، لەگەڵ ئەو ڕەهاییەی لە بەشینەوەی حەقیقەتدا کە گوتارێکی ڕۆشنبیری لە ئاست بەرامبەرەکانیدا بە مەبەستی سڕینەوە، یان لە کەمترین حاڵەتدا، لەپێناو ناچارکردنی بەرامبەرەکەی بۆ چوونەژێرباری بێ چەندوچوونی بۆچوونەکانی پەخشی دەکات، هەردووکیان دوو دیوی یەک جەبەڕووتن. جەبەڕووتی بێ بەهاکردنی عەقڵ و بێڕێزیکردن بە بوون و بەها و ئازادیی بەرامبەر، لە چۆنێتیی بیرکردنەوە و بڕیاردان.
لەو نێوەدا، تەنیا جیاوازیهک لە نێوان پێڕۆکردنی ئەو دوو جەبەڕووتەدا هەبێت، یەکەمیان تا ئاستی پەنابردن بۆ هێز و زەبروزەنگ، هەوڵی خۆسەپاندن دەدا. هەرچی ئەوەی دووەمە لە ڕێگەی زمانەوە ئەو کارە ترسناکە دەکات. دواجار لە هەردوو حاڵەتدا و هەردووکیان، بە جیاوازی ئەو میکانیزمانەی لە پرۆسەکەدا بەکاری دەبەن، کۆمەڵگە لە سروشتی جیاوازییەکانی دادەماڵن و کار بۆ یەکڕەنگکردنی دەکەن. 
ئەوەی کە لەم نووسینەدا ئامانجی ئێمەیە، شێوازی دووەمی جەبەڕووت و خۆسەپاندن و کوشتنی جیاوازی و سڕینەوەی بەرامبەرە. واتە ئەوەی گوتاری میدیایی، یان ڕۆشنبیریی کوردی (بەتایبەت بەناو سەربەخۆ و ئازاد و بێلایەن و گوتاری ڕەخنەیی فڵان و فیسار!)  لە میانی زمان و ئاماژەدا دەیکات.
بەداخەوە، لەمڕۆی ناو ژیانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا، زۆرێک لەوانەی گوایە دژی جەبەڕووتی سیاسی قسە دەکەن، بە دیوەکەی تردا، ڕۆژانە لە میانی گوتارەکانیان کە بە حەقیقەتی ڕەها بارگاوین و لە بڕوایەکی تاکرەهەندانەی بینین و خوێندنەوەوە موتوربە کراون، جەبەڕووتی خۆیان بۆ سڕینەوەی بەرامبەر و سفرکردنەوەی، پێڕۆ دەکەن.
ئەوان دێن و هاتوون بە جەبەڕووتی خاوەندارێتیکردن لە حەقیقەتی ڕەها، لە میانی بەلاغەتی زمان و بە کۆد و گەمەکانی زمان خۆی، جیاوازییەکان ژێرپێ دەخەن. بێ پەروا و ڕووقاییمانە لە هەوڵی ئەوەدان، قەناعەتمان پێ بێنن ئەوان فریشتەن و بەرامبەرە جیاواز و ناکۆکەکانیان دڕندە و شەیتان. وەک ئەوەی کەس نەزانێ (با!)ی ئەوانیش لە چ (کون)ێکەوە هەڵدەکات و دێ.
ئەمجۆرە لە دنیابینی و تێڕوانین، جگە لەوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر کوێرکردنی هۆشیاریی خەڵک، هاوکات ڕۆڵێکی ترسناک دەگێڕێ لە تێکدانی شیرازەی پێوەندیی نەک تەنیا ناو دنیای  سیاسیمان، بەڵکو خەریکە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشمان لەبار دەبات و بە ئاقارێکی ترسناکیی یەکترسڕینەوەمان دەبات.
کاتێکیش سروشتی پێوەندیی ئاسایی نێوان تاک و گرووپەکان لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی تێک دەچێ و درز و کەلێن و بۆشایی نێوانیان زیاد دەکات و لەیەکتری دوور دەکەونەوە، هێندە زیاتر بوار بۆ بەریەککەوتنی نەرێنی و ململانێی زبر دەکرێتەوە.
ئەو گوتارە میدیاییە - ڕۆشنبیرییە کە لە پشت دەیان ناو و دەمامکی ساختەوە خۆی حەشار داوە و بە دەیان دروشمی ئاڵوواڵا خۆی نمایش دەکاتەوە، بیری دەچێت، یان ڕاستتر لە بیری خۆی دەباتەوە کە هیچ کاممان بەبێ ئەویتر هیچ نین و لە خاڵێکدا هەموومان پێویستیمان بەیەکە. 
بە مانایەکی دیکەی ڕوونتر. ئەم گوتارە ساختە و فریودەرە پۆپۆلیستییە دێت و لە بری وەبەرهێنان لە لۆژیکی (من بەبێ تۆ هیچ نیم و تۆش بەبێ من هیچ!)، ڕێک دێت و بوون و بەردەوامیی (من و ئێمە و تۆ و ئێوە و هەموومان) لە خۆیدا کورت دەکاتەوە و کۆی حەقیقەتەکان لەسەر خۆی تاپۆ دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە بوون و مانەوە و بەردەوامیی هەر یەکێک لە ئێمە وەک تاک و گرووپ (سەرەڕای هەموو ئهو جیاوازییانەی لە نێوانیشماندا هەن) پێوەستە بە بەردەوامیی پێوەندیمان بە یەکترییەوە. واتە لۆژیک پێمان دەڵێ جیاوازی دەبێ هۆکارێک بێت بۆ یەکتری خوێندنەوە و لەگەڵ یەکتری هەڵکردن، نەک پێچەوانەکەی. کەچی ئەم گوتارە پۆپۆلیستییە تاکڕەهەندبی و بانگەشەکارەی حەقیقەتی رەها هاتووە و دێت لە بۆتەی ڕەنگ و بیرکردنەوە و ڕوانینەکانی خۆیدا بمانتوینێتەوە و هەرچی تایبەتمەندی و جیاوازیی خۆمان هەیە لەدەست بدەین. 
بەداخەوە، گرفتی سەرەکیی و پەتای نێو جەستەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد کە بڕێکی زۆری هۆکار و سەرچاوەکەی لەمڕۆدا ئەو گوتارە پۆپۆلیستییەیە، تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت، ئەو ترسەیە لە پێوەندیگرتن لەگەڵ بەرامبەر.. پێوەندیێک دواجار ڕق و کینەی نێوانمان کاڵتر و هەڵکردنمان لەگەڵ یەکتر بە کۆی جیاوازی و ناکۆکییەکانمان تۆختر دەکاتەوە.
ئەم دۆخە شێواوەی ئەو گوتارە ئەنارشیست و هەلپەرستە بەشێکی سەرەکییە لە دروستکردن و بەرهەمهێنانی، ئەگەر لە ئاستە کولتوورییەکەیدا پێداچوونەوەی بۆ نەکرێ، ئایندەی پێکەوەژیانمان هەمیشە لەبەردەم ئەگەری بەریەککەوتنی زبر و نەخوازراو دەبێ. لەم ڕوانگەیەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و لەپێناو زەوینەسازی بۆ پێکەوەژیانێکی تەندروستی نەوەکانمان، بۆ ئێمەی کورد (تاک و گرووپ) تەنیا دروشمی شانازیی دەستگرتن بە شووناسی کوردبوونەوە بەس نییە، ئەگەر ئەو شانازیی دەستگرتنە بەری هۆشیاریهکی نێوکۆیی و تەواوکەری یەکتری نەبێت. 
بە مانایەکی تر، ئەگەر لەناو پرۆسەی شانازیکردن بە کوردبوونمانەوە بەهایەک بۆ بوون و بەهای مرۆییانەی یەکتری و جیاوازییەکانمان دانەنێین. کەواتە پێویست دەکات بۆ ئەوەی ئەو شووناسەمان لە ئاستە مێژوویی کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی هەلا هەلا نەبێت، پەند لە ئەزموونەکانی یەکتری سڕینەوەی هێزە کۆمەڵایەتی و گرووپە سیاسییەکانی ناو هەناوی مێژووی دوور و نزیکی خۆی وەرگرین.
بە کورتی و کرمانجی، کوردبوونمان لەوێ دروستە کە یەکتری بخوێنینەوە، گوێ بۆ یەکتری شل بکەین، جیاوازییەکانمان بکەینە فاکتەری پێوەندی و لەیەک تێگەیشتن و بەیەکەوە هەڵکردنمان.
کریشنا مۆرتی دەڵێ: پێوەندی ئەو ئاوێنەیەیە کە مرۆڤ خۆی تێدا دەبینێتەوە. بێ پێوەندی، مرۆڤ بوونی نییە. بوون، واتە لە پێوەندیدابوون. لە پێوەندیدابوون، واتە هەبوون. مرۆڤ تەنیا لە پێوەندیدا بوون پەیدا دەکات. ئەگەر وانەبێت، بوونی نییە و لەوکاتەدا بوون بێ مانا دەبێت”. 
کەواتە وەک کورد، بوون و مانەوە و بەردەوامیمان لە بەردەوامیی پێوەندی نێوانماندایه. تا لەو بورجی عاجەی کەللەڕەقیی یەکتری نەخوێندنەوە و یەکترسڕینەوەیەشدا دانەبەزین، کوردبوون هەمیشە شووناسێکە بریندار، نێچیرێکە، دەستەپاچە لەبەردەم سێرەی نەیار و دوژمنەکانی!