نووری بێخاڵی
(تاگوور)ی فه‌یله‌سووف له شوێنێكدا ده‌ڵێ "خۆر هێشتا هه‌ڵدێ". بێگومان وه‌ك ڕۆتینی ڕۆژانه‌ی ناو سیسته‌می گه‌ردوونی، واته خولی وه‌رگه‌ڕانی ئاسایی ڕۆژ و شه‌و و هه‌فته و ساڵ و مانگ و وه‌رزه‌كان، خۆر هێشتا هه‌ڵدێ و له ده‌ركه‌وتن و ئاوابوون نه‌كه‌وتووه و ناشكه‌وێ، به‌ڵام ئه‌فسووس، ئه‌و خۆره زێڕینه له ده‌ركه‌وتنیه‌وه تا ئێواره، له خوێنی مرۆڤایه‌تیدا ده‌گه‌وزێ. له زه‌رده‌په‌ڕه‌وه تا ئاوابوون، شه‌ڕ ڕووخساری ده‌كاته قه‌ره‌برووت و ئیتر ڕه‌نگی زێڕینی خۆی ون كردووه.
(تاگوور) جوانی فه‌رموو كه "هێشتا چرای ئه‌ستێره‌كان به ساپیته‌ی شه‌وه‌وه‌ن"، وه‌لێ ئیتر شه‌وه‌كان هێند تاریكن، به مانگی چوارده‌ش رووناك نابنه‌وه. ئاخر كوا چرای ئه‌ستێره‌كان ده‌توانێ ته‌می خه‌ستی بێئومێدی ژیان ببڕێ؟ كوا ئه‌ستێره ده‌توانێ دڵی تاریكی ڕق ڕۆشن بكاته‌وه؟ كوا ترووسكایی ئه‌ستێره ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و هه‌وره ڕه‌شه‌ی كوشتن دێ؟
(ڕه‌نگه گومانمان له ڕاستگۆیت نه‌بێت كه ده‌ڵێیت "مه‌نزڵ نییه، ڕێگه هه‌یه". وه‌لێ (تاگوور)ی مامۆستا، تۆ ئیتر گومانت نه‌بێت كه چیتر ڕێگه‌كان نامانبه‌نه‌وه سه‌ر ئاوه‌دانی. نامانگه‌یه‌نن به هیج كوێ. ته‌نانه‌ت ناشمانبه‌نه‌وه بۆ سه‌ر هه‌واری خاپوور و مه‌نزڵه وێرانه‌كانمان. گه‌وره‌م، ڕه‌نگه بۆ یه‌قین و سه‌رده‌می تۆ وابووبێت كه "له‌دایكبوونی هه‌ر منداڵێك، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، هێشتا خودا له مرۆڤ نا‌ئومێد نییه"، به‌ڵام ئه‌رخه‌یان به، هه‌نووكه له‌دایكبوونی هه‌ر منداڵێك: ئاماژه‌یه بۆ تیژكردنه‌وه‌ی شمشێرێكی تری فه‌توا.. هێمایه بۆ داهێنانی چه‌كێكی تری كوشنده و فیشه‌كێكی تری بكوژ.. نیشانه‌ی هه‌ڵكردنی باهۆزێكی تری توندڕۆیی، تۆفانێكی تری كوشتن و ته‌قینه‌وه‌ی بوركانێكی نوێی شه‌ڕه.
(تاگوور)ی ئازیز ببووره، چیتر نه خۆر وه‌ك جاران هه‌ڵدێ، نه ئه‌ستێره‌كان به هه‌مان بریسكانه‌وه ده‌ڕژێنه نیگامان، نه ڕێگه‌كان جێی متمانه و دڵنیایین و نه له‌دایكبوونی منداڵێكیش شایسته به به‌شینه‌وه‌ی نوقڵ و شیرینی هۆزه‌بانه‌یه. ئیتر له سای به‌رچاوته‌نگیی سه‌رمایه، كه‌له‌ڕه‌قی سیاسی، كوێریی ئایدیۆلۆجی، توندڕۆیی ئاینی، په‌ڕگیری تایه‌فی و مه‌زه‌وی. هه‌ر له‌دایكبوونێكی نوێ، ئاماژه‌یه بۆ كوشتنێكی نوێ و مۆدێرنتر.
له كاتێكدا خه‌ریكی شه‌نوكه‌وكردنی ئه‌م دنیا ڕه‌نگاڵه‌یه‌ی (تاگوور) و خۆشبینییه‌كانی بووم، خه‌یاڵم چووه سه‌ر ڕۆمانی (دادگایی)ی (كافكا) و له خۆمم پرسی: ئه‌م هه‌موو ئومێدبه‌خشی و گه‌شبینییه‌ی (تاگوور) له كوێ و چۆن و به چیدا پێوه‌ست به چه‌مكی (تاوان - تاوانكاری - تاوانباری)ی ناو ڕۆمانه‌كه‌ی بكه‌مه‌وه؟ له نێوان گه‌شبینیی ئایدیالیی (تاگوور) و جه‌بری (تاوانباریی) مرۆڤ له‌ناو ڕۆمانه‌كه‌دا، ئاخۆ مرۆڤ چۆن بتوانێ نهێنی و كۆدی هه‌میشه تاوانباركردن (نه‌ك تاوانباریی خۆی) بكاته‌وه؟
ئه‌م كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌ی ناو سه‌رم ناچار به‌وه‌ی كردم ڕاگوزه‌رێكی خێرا به‌ناو دنیای ڕۆمانه‌كه بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سروشتی تاوان و تاوانباركردن (نه‌ك تاوانكاریی مرۆڤ) نزیكتر ببمه‌وه. به‌و پێیه‌ی (كافكا) له ئاسته كولتووری و سۆسیۆ - سیاسییه‌كه‌یدا، زۆر به قووڵی له‌سه‌ر پرسی تاوانباریی (یان ڕاستتر، جه‌بری تاوانباركردنی مرۆڤ) وه‌ستاوه.
(كافكا) له ڕۆمانی (دادگایی) و له میانی گه‌مه‌ی زمان و ئاماژه‌كاندا، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێ: دادگا یاسایی بێت یان نا. دادوه‌ره دادپه‌روه‌ر بێت، یان بێداد. مرۆڤ چه‌نده له بێتاوانی خۆی دڵنیا بێت، ده‌بێ هه‌میشه ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بێت له‌ناو خۆیدا توانای تاوانباركردنی هه‌ڵگرتووه. به مانایه‌كی تر، مرۆڤ له سای سیسته‌می نوێ‌دا (سیسته‌مه سه‌رتاسه‌رییه جیهانی و گه‌ردوونییه‌كه)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌وپه‌ڕی بێتاوانیشدا بێت، به‌ڵام دواجار بێ‌تاوان نییه!
ئه‌و سیسته‌مه نوێیه پێمان ده‌ڵێ، نه پۆلیس كه ده‌تگرێت، نه لێكۆڵه‌ر كه لێت ده‌پرسێته‌وه، نه جه‌للاد كه ناچار به ددانپێدانانت ده‌كات و نه دادوه‌ر كه دادگاییت ده‌كات و بڕیاری حوكمت ده‌دا، به‌ڵگه‌یه‌كی تاوانباریی تۆیان پێ نییه، وه‌لێ هێشتا به‌هۆی بونیادی سیسته‌مه‌كه، كه‌لێنێك، شتێك، كارێك، گوفتارێك، ره‌فتار و هه‌ڵوێستێكی ئه‌گه‌ر بچو‌وكیش بێت، بۆ سه‌لماندنی تاوانباریت ده‌دۆزنه‌وه (چونكه له‌هه‌ر شوێنكاتێك و ژینگه و سه‌رزه‌وینێك بێت، مرۆڤ تاوانبار كراوه، ڕه‌نگه جۆری تاوانه‌كه و شێوازی تاوانباركردنی جیا بێت).
له‌م نێوه‌دا و له‌و جه‌بری به تاوانباركردنی یان تاوانباریی مرۆڤه‌كان، به‌رپرسیارێتیی گه‌وره و گوناهی مه‌زن له ئه‌ستۆی سیسته‌م، یان ئه‌و ده‌سه‌ڵات، یان ئه‌و هێزه شه‌یتانییه‌دایه كه له پێناوی به‌رده‌وامی خۆی، هه‌موو ناشیرینییه‌كی به جوانی سواق داوه، هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌كی له ده‌مامكی ڕاستیدا وه‌رپێچاوه، هه‌موو بێدادییه‌كی له كراسی یه‌كسانیدا هه‌ڵكێشاوه، هه‌موو سته‌مێكی له تابلۆی پاراستنی یاسادا نه‌خشاندووه. ئیتر با (جۆزێف)ـه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه و ئه‌وانه‌ی ناو واقیعی ئێره و ئه‌وێش هه‌ر بڵێن: "من تاوانبار نیم، باوه‌ڕ بكه‌ن هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یه".
ڕاستییه‌كه ئه‌وه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵه‌یه‌ك نییه، به‌ڵكو هه‌مان ئه‌و واقیعه تاڵه سه‌پێندراو و ئه‌و سته‌مه به ڕه‌وایی ناسێندراوه‌یه كه له ڕۆمانی (سه‌عات 25) هاتووه و له‌سه‌ر زاری كاراكته‌رێكیدا ده‌ڵێ: ئه‌و گه‌مه‌یه كۆنه، بۆ ئه‌وه‌ی بێتاوانێك تاوانبار بكه‌ن، ده‌یخه‌نه نێوان دوو تاوانبار. له (كافكا)وه فێر ده‌بین، ئه‌وه سه‌دان ساڵه گیرۆده‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ی تاوانبار كردنه‌ین كه ده‌سه‌ڵاتێك، ڕێكخراوێك، دامه‌زراوه‌یه‌ك، به‌ناوی دادوه‌رییه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی هێز به‌كار دێنن بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی واقیعی تاوانباركردن و گرتن و لێپرسینه‌وه و ئه‌شكه‌نجه‌دان و دادگاییكردن و دواجاریش حوكمدانی هه‌ر كه‌سێك كه بیانه‌وێ. ئه‌مه و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌مان بیر بچێته‌وه كه ئامرازه‌كانی ده‌ستی سیسته‌م، له پۆلیس و لێكۆڵه‌ر و جه‌لاد و دادوه‌ر، هه‌ر هه‌موویان دواجار، له شوێنكات و دۆخێكی تردا، ده‌بنه‌وه تاوانباری به‌رده‌م سیسته‌مه‌كه خۆی و به ئامراز و شێوازی تر تاوانبار ده‌كرێن!
به كورتی و به كوردی، له‌وه‌ته‌ی مرۆڤایه‌تی ئاشنای به‌ناو یاسا و ڕێسا و سیسته‌م بووه و تا ئێسته‌ش، سه‌ره‌ڕای جیاوازیی سه‌رزه‌وینی كولتووری و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌زای سیاسی، مرۆڤه‌كان قوربانی سیسته‌م و ده‌زگه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵن.
مرۆڤ له سایه‌ی ئه‌و سیسته‌مه گه‌ردوونییه سه‌رتاسه‌رییه‌دا كه ڕه‌نگه ته‌نیا زمان و ته‌كتیك و ته‌كنیك و ئامرازه‌كانی تاوانباركردنیان له شوێنكاتێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر، له كولتوور و ژینگه‌یه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكی تر، له دۆخ و هه‌لومه‌رجێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر جیاواز بێت، له ڕۆژهه‌ڵاتی زه‌وییه‌وه بۆ ڕۆژئاوای، له باكورییه‌وه بۆ باشووری، له به‌رده‌م مه‌ترسی تاوانباركردندایه و مه‌حكوومه به تاوانباری.
بۆیه دواجار ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر دنیا خۆشبینییه‌كه‌ی و به ناچاری و له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێ، "له‌دایكبوونی هه‌ر منداڵێك، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه هێشتا خودا له مرۆڤ نا‌ئومێد نییه"، به بڕێكی زۆر له به‌دبینییه‌وه به (تاگوور) ده‌ڵێین: ببه‌خشه كه نه‌ك هه‌ر به مرۆڤ، ڕه‌نگه ئیتر و بۆ له‌مه‌ودوا، خوا ئومێدی به خۆیشی نه‌مێنێ!