نووری بێخاڵی
توركیا و ئالنگارییه‌كانی به‌رده‌می
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توركیا هه‌میشه ده‌یه‌وێ وه‌ك كاراكته‌رێكی كارا و كاریگه‌ر له هاوكێشه‌ی ململانێكانی ناوچه‌كه خۆی پێشان بدات، وه‌لێ به دیوه‌كه‌ی تردا ئه‌گه‌ر له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته بڕوانین، ئه‌وا ده‌بینین به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ئاڵۆز گیرۆده‌یه و له به‌رده‌می چه‌ندان ئالنگاری (تحدی)دایه.
دۆزی كورد و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه، شه‌ڕی جه‌ماعه‌تی خزمه‌ت (گوله‌نییه‌كان - ده‌وڵه‌تی ته‌ریب)، ده‌رهاویشته‌كانی كوده‌تای ناوخۆ، هه‌ڕه‌شه‌ی داعش و هه‌ندێ ڕێكخراوی تر، شه‌ڕی له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه، پێوه‌ندییه له‌رزۆكه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌وروپا و هاوپه‌یمانی ناتۆ و ڕووسیا، كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئێران و وڵاتانی كه‌نداو، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كێشه‌كانی عێراق و سووریا به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی، ته‌نگژه‌ی ئابووریی ناوخۆ، ئه‌مانه و چه‌ندان گرفتی تری سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری، ئه‌و وڵاته‌یان گیرۆده كردووه.
له كاتێكدا توركیای ئه‌ردۆگان و ئاكه‌په هه‌وڵی سه‌قامگیریی ناوخۆ و دیاریكردنی جێده‌ستی سیاسه‌ته‌كه‌یان له هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاری ته‌نگژه سیاسییه‌كانی سه‌ر ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، كه‌چی له‌و ده‌مه‌ی خه‌ریكی كردنه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌كی چاره‌سه‌ریی كێشه‌یه‌كه به‌سه‌ر خۆیدا، له‌ولا هه‌ر به ده‌ستی خۆی، ده‌رگه‌ی ته‌نگژه‌یه‌ك به‌سه‌ر خۆیدا ده‌كاته‌وه. تا نه‌یارێك ئاشت ده‌كاته‌وه، دۆستێك له ده‌ست ده‌دات.. تا پێوه‌ندییه‌كی هاوسێیه‌تی پته‌و ده‌كات، دڵی هاوپه‌یمانێكی ده‌ڕه‌نجێنێ و تووڕه‌ی ده‌كات. به‌مه‌ش توركیا خۆی خستووه‌ته ناو گێژاوێك، بۆ خۆیشی نازانێ له كوێی كێشه‌كانه‌وه ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ده‌ربازبوون بدۆزێته‌وه.
به مانایه‌كی تر، جگه له ئاستی ناوخۆیی و ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی رووبه‌ڕووی ئاكه‌په و ئه‌ردۆگان بوونه‌ته‌وه، هه‌نووكه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حزبه و سه‌ری سه‌رۆكه‌كه‌یشی، جه‌نجاڵه و تووشی جۆرێك له شێواوی بووه، به جۆریك نه‌ك ناتوانێ خاوه‌نی ئه‌و كاریگه‌رییه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه بێت له‌ناو هاوكێشه‌ی ململانێ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵكو له‌و بواره‌دا ناتوانێ بچووكترین ڕیسكیش بكات. بۆیه به‌ناچاری هه‌موو هه‌وڵ و توانای خۆی بۆ له‌ناوبردنی ڕه‌وتی خزمه‌ت (ده‌وڵه‌تی ته‌ریب) له ناوخۆ و شكست پێهێنانی پڕۆژه‌ی سیاسیی كورد له ڕۆژئاوای كوردستان، ته‌رخان كردووه.
ته‌نگژه‌ی كه‌نداو و هاوسه‌نگیی هێز له ناوچه‌كه
ئه‌و كێشه ئاڵۆز و ته‌نگژه قووڵه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به دیاریكراوی ناوچه‌ی كه‌نداوی گرتووه‌ته‌وه، ته‌واوی ناوچه‌كه له‌گه‌ڵ خۆی ده‌خاته گێژاوه‌وه. واته هیچ وڵات و هێزێكی ناوچه‌كه، ئه‌گه‌ر نیازیشی نه‌بێت ببێت به به‌شێك له ململانێ، به‌ڵام دواجار به‌ر پریشكه‌كانی ئاگره‌كه ده‌كه‌وێ. به دیوه‌كه‌ی تریشدا ته‌نگژه‌كه خۆی له ئه‌گه‌ری درێژبوونه‌وه و قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتریدا، ته‌رازووی هێز و سروشتی هاوپه‌یمانێتی و سهنگهربهندییهكان له ناوچه‌كه ده‌گۆڕێ. ئه‌م گۆڕان و هه‌ڵكشان و داكشانه له هاوسه‌نگیی هێز و به‌ره‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كان، كاریگه‌ری و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئایندهی پێوه‌ندیی نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌بێت و له‌و هاوكێشه‌یه‌یش پرسی سوود و زیانی وڵاتان له ئاكامی ململانێكه دێته پێشه‌وه. به‌و مانایه‌ی، هه‌ریه‌ك له‌و وڵاتانه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ بوونه‌ته به‌شێك له ته‌نگژه‌كه، به‌گوێره‌ی ڕێژه و ئاستی كێشه و ته‌نگژه ناوخۆیییه‌كانیان، سه‌نگ و قورسایی سیاسی و دیپلۆماسی‌یان له ناوچه‌كه و دنیا، توانای سه‌ربازی و ژێرخانی ئابوورییان، تۆڕی پێوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی زلهێز و بڕیار به‌ده‌ست، له به‌رده‌م ئه‌گه‌ری سوودكردن و زیانمهندیدان كه توركیا یه‌كێكیانه.
وه‌ك ده‌بینرێ، ڕۆژ دوای ڕۆژ ته‌نگژه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی و وڵاتانی كه‌نداو و ناوچه‌كه به‌تایبه‌تی، قووڵتر ده‌بنه‌وه. به‌گوێره‌ی بۆچوونی شاره‌زایانی سیاسی و ستراتیجی، به‌رده‌وامیی ئه‌و ته‌نگژانه كاریگه‌ری به‌سه‌ر هاوسه‌نگیی هێز له ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌بێت. به چاوپۆشین له ڕووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و ئه‌و شه‌ڕه درێژخایه‌نه‌ی له هه‌ریه‌كه له سووریا و یه‌مه‌ن درێژه‌ی هه‌یه، به‌ڵام كاتێك وڵاتێكی بچووكی وه‌ك قه‌ته‌ر و ئه‌و ڕۆڵه‌ی ناڕاسته‌وخۆ له ئاڵۆزكردنی ناوچه‌كه و پشێوییه‌كانی كه‌نداو ده‌یبینێ، بوو به سه‌ر مانشێتی هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان، به چاوه‌كانی خۆمان بینیمان كاردانه‌وه‌كان له ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی و هه‌رێمایه‌تی، چ ئاراسته‌یه‌كیان وه‌رگرت.
ئه‌و ده‌مه‌ی هه‌ریه‌كه له وڵاتانی سعوودیه، ئیماڕات، به‌حرێن و میسر، هه‌ڵوێستی خۆیان له به‌رامبه‌ر قه‌ته‌ردا ڕاگه‌یاند، ڕاسته‌وخۆ هه‌ریه‌كه له ئێران و توركیا، به شێوه‌ی جیاواز، په‌رچه‌كرداریان نواند و هاتنه ناو كێشه‌كه‌وه. به‌و مانایه‌ی گوتار و هه‌ڵوێست و هه‌نگاوی هه‌ریه‌كه له ئێران و توركیا، ڕێك پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاته عه‌ره‌بییانه بوو كه ناومان بردن. ته‌نانه‌ت كاردانه‌وه‌ی توركیا به جۆرێك بوو (ناردنی هێزی سه‌ربازی بۆ پشتیوانی قه‌ته‌ر)، نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی نه‌ك هه‌ر سعوودیه و هاوپه‌یمانه‌كانی، به‌ڵكو نێوده‌وڵه‌تیشی لێ كه‌وته‌وه. ئه‌و نیگه‌رانی و ناڕهزایییانهی سعوودیه‌ش له كاتێكدا بوون، تا پێش ئه‌و ڕووداوه، له‌گه‌ڵ توركیا دوو دۆست و هاوپه‌یمانی نزیك بوون.
قه‌ته‌ر وه‌ك كارتی فشار
ئایا ناردنی هێزی سه‌ربازیی توركیا بۆ قه‌ته‌ر، ئه‌و وڵاته‌ی گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكایی تێدایه، چ مانایه‌ك ده‌به‌خشێ؟ ئایا توركیا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ریكا هاویشتووه، یان هه‌نگاوێك بووه بۆ وروژاندنی ڕه‌هه‌ندێكی تری ململانێكانی ناوچه‌كه؟ له وه‌ڵامی پرسیارێكی ئاوا، خراپ نییه بۆ بۆچوونی شاره‌زایانی سیاسی بگه‌ڕێینه‌وه. له‌م ڕووه‌وه (ئه‌حمه‌د ئه‌لمیسری) نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی تایبه‌تمه‌ند له كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی (DW)ی ئه‌ڵمانی ده‌ڵێ: توركیا ئه‌مه‌ی وه‌ك كارتی فشار بۆ هه‌راسانكردنی ئه‌مه‌ریكا به‌كار هێنا، به‌تایبه‌تی كه واشنتۆن هاوكاری كوردانی سووریا و عێراق ده‌كات و ئه‌م هه‌نگاوه‌یش توركیای سه‌خڵه‌ت كردووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕه‌نگه ئه‌مه‌ریكایییه‌كان بۆیه چاوپۆشیان له‌و هه‌نگاوه‌ی توركیا كردبێت، تا تووشی دۆسیه‌یه‌كی نوێی بكه‌ن و به‌وه‌یش كاریگه‌ریی توركیا له‌سه‌ر هه‌ندێ دۆسیه‌ی تری ناوچه‌كه كه‌م بكه‌نه‌وه.
به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی ساڵی ٢٠١٤ له نێوان توركیا و قه‌ته‌ر كرا، به‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره بتوانێ له كاتی پێویست هێزی سه‌ربازی ببات بۆ ئه‌و وڵاته، هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتنی نێوانیان له ساڵی ٢٠١٥، تایبه‌ت به هاوكاریی سه‌ربازیی و پیشه‌سازیی به‌رگریی، كه‌مێك له‌وه تێده‌گه‌ین كه بۆچی ئه‌مه‌ریكا له ئاست ئه‌م هه‌نگاوه‌ی دوایی توركیا و بردنی هێزێكی ده‌یان هه‌زار كه‌سی (به‌گوێره‌ی زانیاریی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ، نزیكه‌ی سی هه‌زار سه‌ربازی تورك له قه‌ته‌رن)، بێده‌نگی هه‌ڵبژارد. واته ئه‌گه‌رێكی زۆره بێده‌نگییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا، پێوه‌ندیی به بێده‌نگكردنی توركیا خۆیه‌وه هه‌بێت، له پێوه‌ست به هاوكاریی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا بۆ كورد له ڕۆژئاوای كوردستان، كه توركیا به گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی خۆی ده‌زانێت.
به بۆچوونی (سه‌میر ساڵحه، پسپۆڕی پێوه‌ندییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و شاره‌زا له كاروباری توركیا) بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی (ئه‌لعه‌ره‌بییه) خستوویه‌تییه ڕوو: ئه‌م بڕیاره‌ی توركیا كه به‌بێ ڕه‌چاوكردنی نزیكی هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌نكه‌ره و ڕیاز له‌باره‌ی پرسی كورد و گوتاری لێكتێگه‌یشتنی سعوودیه و توركیا له سووریا و عێراق هه‌یانبوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌و پێوه‌ندییه بازرگانییه‌ی له نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه، به‌و مانایه دێت كه ئیتر هاوكێشه‌ی نوێی سیاسی له گۆڕێ‌دا هه‌ن.
به قسه‌ی ئه‌م پسپۆڕه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی، كه له‌وه‌دا (ئه‌لمیسری)ی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسیش هاوڕایه‌تی، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی توركیا دواجار به سوود و قازانجی ئێران ته‌واو ده‌بێت.
له تاك حزبی سیكۆلارهوه بۆ وه‌همی ئیمپراتۆرییه‌تی ئیسلامی!
له ساڵی ١٩٢٣ تا ١٩٤٥، توركیا وڵاتی تاك حزبی فه‌رمانڕه‌وا بوو. پارتی گه‌لی كۆماری كه ئه‌تاتورك له نۆی ئه‌یلوولی ١٩٢٣ دایمه‌زراند، ته‌نیا حزب بوو كه تا ١٨ی ته‌مووزی ١٩٤٥ حوكمڕانی ئه‌و وڵاته‌ی ده‌كرد. دوای ئه‌م هه‌موو ماوه‌یه، حزبێكی تر به ناوی پارتی نیشتمانی له دایك بوو، دوای ئه‌و و له ساڵی ١٩٤٦ پارتی دیموكرات دامه‌زرا. ئیتر بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی كۆماری توركیادا، له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی ڕۆژی ٢١ی ته‌مووزی ١٩٤٦، پارتی گه‌لی كۆماری چووه ژێرباری سیسته‌می فره‌حزبی و ململانێی سیاسیی حزبی تری قبووڵ كرد. هه‌ركه وڵات بوو به گۆڕه‌پانی فره‌حزبی، ئیتر ده‌یان حزب له دایك بوون. بۆ نموونه تا ساڵی ١٩٥٠، ژماره‌ی حزبی سیاسی له توركیا گه‌یشته ٢٥ حزب. دواجار و به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته كه له ١٩ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧ بڵاوی كرده‌وه. لیستی حزبه سیاسییه‌كان كه به‌شێوه‌ی كرده‌نی له ژیانی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌دا كار و چالاكی ده‌نوێنن، گه‌یشته ٨٥ حزب و له ماوه‌ی نزیكی ڕابردووش‌دا، حزبێكی نوێ به سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیری پێشووتری ناوخۆ، میرال ئاكشنار له دایك بوو، به‌مه‌ش لیسته‌كه بووه ٨٦ حزب. وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێ پێش واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠١٩، حزبێكی نوێ به سه‌رۆكایه‌تیی فاتح ئه‌ربه‌كان، كوڕی نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان بێته ڕاگه‌یاندن، به‌مه‌ش لیسته‌كه ده‌بێت به ٨٧ حزب.
ئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌م هه‌ڵكشان و داكشانه سیاسییه‌ی توركیا جێی سه‌رنجه، به جیاوازی دنیابینی سیاسیی حزبه حوكمڕانه‌كان، سه‌ره‌ڕای چه‌ندان كوده‌تای سه‌ربازی له‌و وڵاته، وه‌كوتر به درێژایی مێژووی دامه‌زراندنی كۆماری توركیا تا ئه‌مڕۆیشی له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌م وڵاته كۆڵه‌گه‌ی سه‌ره‌كیی سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر دوو شتی گرنگ بونیاد ناوه، ئاسایشی میلی و بواری ئابووری.
دیاره هه‌مان شت بۆ سه‌رده‌می حوكمڕانێتی ئاكهپهیش ڕاسته. بۆیه كاتێك ده‌گوترێ ئه‌ردۆگان له مامه‌ڵه‌كردنی سیاسی‌دا له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی، باوه‌ڕی به پره‌نسیپی "دۆست و دوژمنی به‌رده‌وام و جێگیر نین" ده‌كات، ئه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و مێژوو و ئه‌زموونه دوور و درێژه‌ی حوكمڕانه‌كانی توركیایه له‌گه‌ڵ كێشه و ته‌نگژه و ڕووداو و پێشهاته سیاسییه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌كی.
له پێوه‌ست به‌م باوه‌ڕه‌ی ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی ناجێگیریی پێوه‌ندیی دۆستایه‌تی و دوژمنایه‌تی، هه‌میشه وا كه‌وتووه‌ته‌وه بكه‌وێته به‌رده‌م دووڕیانێك، یان جۆرێك له پارادۆكس. نموونه‌یه‌كی زۆر ساده، له ساته‌وه‌ختی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیادا، ئه‌ردۆغان زۆر له ڕووسیا نزیك كه‌وته‌وه، له كاتێكدا یه‌كێك له دوژمنه سه‌رسه‌خته‌كانی توركیا له هاوكێشه‌ی سووریا، ڕووسیا بوو.
توركیا كه جه‌مسه‌رێكی گرنگی ئیسلامی سوننییه له ناوچه‌كه‌دا، هه‌رزوو پێوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ دوو جه‌مسه‌ر و ناوه‌ندی تری سوننی له ناوچه‌كه تێك دا، ئه‌وانیش میسر و سعوودیه‌ن. ئه‌وه‌ی میسر له ساته‌وه‌ختی له‌كارلادانی محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆكی میسر. ئه‌وه‌ی سعوودیه‌ش له پرسی قه‌ته‌ردا، تێكدانی ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره دیار و كاریگه‌ره‌ی ئیسلامی سوننه له كاتێكدایه، توركیای ئه‌ردۆغان له خه‌ونی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ژموون و هه‌یبه‌تی ئیمپراتۆریی عوسمانیدایه له ناوچه‌كه‌دا. یان به مانایه‌كی تر، خه‌ون به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و پێشه‌نگی و باڵاده‌ستی و بڕیاربهدهستییهی دنیای ئیسلامی له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان ده‌بینێ، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌ردۆغان و توركیای ئاكه‌په كه میسرییه‌كان به هاوكاری و پشتیوانیكردنی ئیخوان ئه‌لموسلمین تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن، ده‌توانێ ببێت به پێشه‌نگ و ڕابه‌ری سوننه‌كان و له‌و یارییه‌دا، گره‌وی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی ئیسلامی سوننه له سعوودیه و كاریگه‌ریی گوتار و فه‌توای ئاینی سوننه له میسر بباته‌وه؟
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا (ئه‌حمه‌د ئه‌لمیسری) شاره‌زا له كاروباری توركیا ده‌ڵێ: توركیا له هیچ حاڵه‌تێكدا ناتوانێ ببێت به مه‌رجه‌عی مسوڵمانه سوننه‌كان و ئه‌و پێگه‌یه له سعوودیه وه‌ربگرێته‌وه، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆی سه‌ره‌كی، یه‌كه‌میان هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافیی سعوودیه، وه‌ك خاكی دوو شوێنه پیرۆزه‌كه‌ی مسوڵمانان /مه‌كه و مه‌دینه/. دووه‌میش هه‌ڵوێستی عه‌ره‌ب خۆی، به‌و پێیه‌ی تا ئه‌م چركه‌ساته‌یش عه‌ره‌ب وه‌ك هێزێكی داگیركه‌ری كۆن، سه‌یری توركیا ده‌كه‌ن.
ئاكه‌په، له ئاغایهتییهوه بۆ یاساوڵ
جارێكیان و له سه‌روبه‌ندی قووڵبوونه‌وه‌ی ته‌نگژه و ململانێكانی ناوچه‌كه، ئه‌ردۆغان له وته‌یه‌كیدا بۆ فراكسیۆنی حزبه‌كه‌ی له په‌رله‌مانی توركیا گوتی: ئه‌و پێشڤه‌چوونانه‌ی له ناوچه ڕوو ده‌ده‌ن، هه‌روا شتێكی هه‌ڕه‌مه‌كی نین، به‌ڵكو سیناریۆیه‌كه ڕووخسار و چاره‌نووسه‌كه‌ی بۆ سه‌ده‌ی داهاتوو دیاری ده‌كرێت”. ئه‌م لێدوانه‌ی ئه‌ردۆغان ته‌نیا فڕێدانی قسه‌یه‌كی ساده و سواوی دووباره نه‌بوو، به‌ڵكو به دیوه‌كه‌ی تردا ڕوانگه‌ی سیاسیی توركیامان له‌باره‌ی گۆڕانگارییه خێراكانی ناوچه‌كه بۆ ڕوونتر ده‌كاته‌وه. به‌و مانایه‌ی ئه‌ردۆغان له پشتی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌وه ده‌یویست بڵێ، توركیا له‌ناو گه‌رده‌لوولی ئه‌م گۆڕانكاری و پێشهاتانه، كاری ئه‌وه نییه په‌نایه بۆ خۆپاراستن له ده‌رهاوێشته‌كانی گه‌رده‌لووله‌كه بۆ خۆی بدۆزێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێ ڕۆڵی هه‌بێت له گۆڕینی ئاراسته‌ی ئه‌م گه‌رده‌لووله به قازانجی ئامانج و ستراتیجییه‌كانی خۆی.
كاتێك ئاكه‌په ده‌سه‌ڵاتی توركیای وه‌رگرت، توركیا له ئاستی ناوخۆ و هه‌رێمایه‌تی و دنیا، پێویستی به كرانه‌وه‌ی زیاتر هه‌بوو، یان ڕاستتر بڵێین پێویستی به به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌كی رژد هه‌بوو. بۆیه بایه‌خدان به هاوسێی نزیك، چاره‌سه‌ركردنی كێشه و ته‌نگژه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، پشتبه‌ستن به پره‌نسیپی قازانج بۆ هه‌مووان له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی مامه‌ڵه‌ی ئابووری و بازرگانی و ته‌نانه‌ت ڕۆشنبیری و فیكریش (هێزی نه‌رم)، هه‌موو ئه‌وانه بوون به به‌شێك له ئه‌جێنداكانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته، بۆ ئه‌وه‌ی كاریان له‌سه‌ر بكرێ. تێزی (سفركردنه‌وه‌ی كێشه‌كان)، بوو به سه‌رمه‌شقی كاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا. ڕوونتر بڵێین، ئه‌و تێزه‌ی ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو، وه‌زیری پێشووتر ده‌ره‌وه و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ئه‌و وڵاته، داهێنه‌ر و ئه‌ندازیاری جێبه‌جێكردنی بوو و بنه‌ما و ڕایه‌ڵ و میكانیزمه‌كانی ئه‌م سیاسه‌تی (سفركردنه‌وه‌ی كێشه‌كان)ی له كتێبی (قووڵایی ستراتیجی)دا داڕشتبوو.
له پێنج شه‌ش ساڵی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆیدا، ئاكه‌په توانی له سایه‌ی تێزی سفركردنه‌وه‌ی كێشه‌كاندا، هه‌نگاوی باش له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه بنێ و سه‌رنجی ناوچه‌كه و دنیا بۆ خۆی ڕابكێشێ، وه‌ك چۆن له ئاستی ناوخۆیشدا، تا ئاستێكی باش ڕه‌زامه‌ندیی به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام ڕووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و چاوتێبڕینی توركیا بۆ قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی پشێوییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كان جڵه‌و بكات، خستییه ناو گێژاوی ململانێ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ واقیعی جه‌مسه‌رگیریی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتان له ناوچه‌كه. ده‌رهاوێشته‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی له قووڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی ناوچه‌كه، به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له‌دایكبوونی جه‌مسه‌ربه‌ندی، زۆربوونی فشاری ده‌ره‌كی بۆ سه‌ر توركیا، تێكچوونی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و توندتربوونی فشاره ناوخۆیییه‌كان تا به كوده‌تا ده‌گات. هه‌موو ئه‌وانه توركیایان ناچار كرد به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا بچێته‌وه و له ئاستی ناوخۆیشدا گوتاره‌كه‌ی زبر و توند بكات و له كۆمه‌ڵێك به‌ها و دروشم و به‌ڵێنه سیاسییه‌كانی پاشگه‌ز بێته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌وه‌ی پێوه‌ندی به چاره‌سه‌ری دیموكراسی و ئاشتییانه‌ی دۆزی كورده‌وه هه‌بوو.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین بڵێین دوای ئه‌وه‌ی توركیا له‌و خه‌وه‌ی بێ‌دار بووه‌وه و تێگه‌یشت، (با)ی ڕووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی به پێچه‌وانه‌ی كه‌شتی خه‌ونه‌كانی هه‌ڵی كرد، ئیتر ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌م وڵاته له پێوه‌ست به به‌ره‌ی ناكۆكییه‌كان و پێكهێنانی هاوپه‌یمانی، گۆڕانێكی چاوه‌ڕواننه‌كراوی به‌خۆیه‌وه بینی. به‌تایبه‌تی له‌وكاته‌ی پرسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سایكس-بیكۆ، بوو به ڕۆژه‌ڤی دنیا. له‌و ناوه‌دا پێشینه‌یی له سیاسه‌ته‌كانی توركیا، بوو به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌گه‌رێك كه بڕیاردانی چاره‌نووسی كوردی له باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان لێ بكه‌وێته‌وه. چونكه ئه‌تمۆسفێری بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و قووڵایی كولتووری داگیركه‌رانه‌ی توركیا، هه‌ر ئه‌گه‌رێك بۆ پارچه پارچه‌بوونی عێراق، سووریا، ڕاسته‌وخۆ به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی خۆی ده‌زانێ. بۆیه ڕاسته‌وخۆ كه‌وته دژایه‌تیكردنی پڕۆژه‌ی كورد له ڕۆژئاوای كوردستان، له باشووری كوردستانیش ڕیفراندۆم بوو به دیفاكتۆ، وه‌ك دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵوێستی نواند.
به كوردی و به كورتی، ترسی توركیا له كورد، له ده‌وڵه‌تێك كه خه‌ونی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیمپراتۆریی عوسمانی و جڵه‌وگیری ده‌ستپێشخه‌رییه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی هه‌بوو، كردی به هێزێكی لۆكاڵی كه توانای خۆی له چه‌ندباره سه‌ركوتكردنی داخوازی كوردان تاقی بكاته‌وه. توركیایه‌ك له ماوه‌ی ڕابردوودا گره‌وی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد له هاوكێشه‌ی ململانێی ناوچه‌كه‌دا، به لایه‌نی كه‌مه‌وه ئه‌گه‌ر ئاغایش نه‌بێ، ڕۆڵی كوێخا بگێڕێ، كه‌چی هه‌نووكه گره‌و له‌سه‌ر له‌ناوبردنی خه‌ونی كوردان ده‌كات.