(یاداشتی ڕۆژانی ئیستانبوڵ)
به‌شی نۆیه‌م
نووری بێخاڵی
به ته‌نیشت كاری ڕۆژنامه‌نووسییه‌وه
پێشتر به كورتی باسی كاریگه‌ریی میدیایی هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی ئیستانبوڵم، له كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگ و ڕه‌نگی جیاوازی ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌رانی كورد له ده‌وری خۆی، هه‌روه‌ها له پته‌وكردنی پێوه‌ندی نێوان هه‌فته‌نامه‌كه و ڕۆشنبیر و ئهكادیمیانی تورك كردبوو. دیاره ئه‌و كاریگه‌رییه هه‌ر به ته‌نیا بۆ گوتاری هه‌فته‌نامه‌كه نا، به‌ڵكو بۆ ئاماده‌یی و كارایی ئۆفیسی دامه‌زراوه‌كه له‌ناو بزاڤ و چالاكیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری و كولتووریش ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌و پێیه‌ی به ته‌نیشت كاری ڕۆژنامه و ماڵپه‌ڕه‌وه، له‌گه‌ڵ میوانداریكردنی له زۆربه‌ی زۆری چالاكییه ڕۆشنبیری و كولتوورییه‌كانی ناو ئیستانبوڵ، كه ده‌زگه و دامه‌زراوه‌ی میدیایی و ڕۆشنبیری و هونه‌ری ئه‌نجامیان ده‌دان، (باس) بۆ خۆیشی بایه‌خێكی زۆری به ئه‌نجامدانی چالاكیی ڕۆشنبیری و كولتووری و فه‌رهه‌نگی ده‌دا. كۆڕ و سیمینار و پانێڵ، به‌شێك بوون له‌و چالاكییانه‌ی له ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆیدا، له شاره جیاوازه‌كانی توركیا و باكوری كوردستان، به به‌شداری و ئاماده‌بوونی ڕۆشنبیر و لێكۆڵه‌رانی تورك و كوردی باكور و پارچه‌كانی تری كوردستان و دیاسپۆرا، ئه‌نجامی ده‌دان.
ئه‌مه‌و له‌گه‌ڵ ڕێكخستنی ڕێوڕه‌سمی ناساندنی به‌رهه‌می نووسه‌ره كورده‌كان، هه‌روه‌ها گرنگیدان به بواری هونه‌ری. ئامانجی باس له‌م كارانه، جگه له سه‌رنجڕاكێشانی نێوه‌ندی ڕۆشنبیری و ئه‌كادیمی و ته‌نانه‌ت سیاسیی توركیا بۆ دۆزی كورد له ڕێی جیاواز، هه‌وڵێكی رژدیش بوون بۆ پته‌وتركردنی پرد و ڕایه‌ڵه‌ی پێوه‌ندیی نێوان ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی كورد و كۆكردنه‌وه‌یان له ده‌وری یه‌كتر.
پانێڵی (سه‌د ساڵه‌ی ڕیككهوتننامهی سایكس - پیكۆ) له دیاربه‌كر، ڕێكخستنی دیداری ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكارانی ده‌زگه میدیایییه‌كانی باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی توركیا (ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵو) و چه‌ند وه‌زیرێكی كابینه‌كه‌ی له ئه‌نكه‌ره، بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی و ڕێگاچاره‌ی دیموكراسییانه‌ی دۆزی كورد له باكوری كوردستان، سپۆنسه‌ركردن و ڕێوڕه‌سمی ناساندنی ڕۆمانی (كۆبانێ)ی ڕۆماننووسی ناوداری كورد (جان دۆست) له ئیستانبوڵ، پانێڵی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له ئه‌نكه‌ره به به‌شداری سیاسه‌توان و كه‌سایه‌تییه ئه‌كادیمییه‌كانی كورد له باكور و باشووری كوردستان (كه به داخه‌وه دوای هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان و گه‌یشتنی میوانه‌كان، دره‌نگانی شه‌وی ڕۆژی پێش چالاكییه‌كه، به بیانووی پاراستنی ئاسایشی گیانی میوانه‌كان، ده‌زگه‌ی ئه‌منیه‌ت و پارێزگای شاره‌كه، ڕێی نه‌دا چالاكییه‌كه ئه‌نجام بدرێ!).
ئه‌مانه و چه‌ندان چالاكیی تری گرنگ. ئه‌م باسه‌م بۆیه كرده‌وه، تا به‌رچاوی خوێنه‌ر له‌وه‌دا ڕوون بێت كه خه‌م و ئه‌رك و كاری ئێمه له‌وێ، به ته‌نیا خۆخه‌ریككردن به ده‌ركردنی هه‌فته‌نامه‌یه‌ك نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ك به‌شێك له په‌یامی نیشتمانی و گوتاری نه‌ته‌وه‌یی ده‌زگه‌كه، ده‌بوو شانمان بده‌ینه به‌ر باری ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی زیاتر، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنپێی ده‌زگه‌كه له‌و ناوه‌دا پته‌وتر بێت و وه‌ك سه‌كۆیه‌ك و كه‌ناڵێكی تری پێوه‌ندیی ڕۆشنبیری و كولتووری، به‌شدار بێت له گه‌یاندنی په‌یامی ئاشتیخوازانه‌ی باشووری كوردستان به ده‌وروبه‌ری خۆی، هه‌روه‌ها ببێت به ماڵێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و ڕه‌نگی میدیایی و ڕۆشنبیریی كورد له ده‌وری یه‌كتر.
له‌م ڕووه‌وه و به گه‌واهیی زۆر له میدیاكار و ڕۆشنبیرانی كورد، ته‌نانه‌ت كه‌سایه‌تیی سیاسی و ئه‌كادیمی و په‌رله‌مانتارانی كوردی باكور له په‌رله‌مانی توركیا، "باس" هه‌نگاوی رژدی ناو كاری باشیشی كرد و هه‌ر ئه‌م هه‌نگاو و كارانهیشی بوون، كه ئۆفیسه‌كه‌ی له‌و شاره‌دا به‌رده‌وام جێی هاتوچۆ و سه‌ردانی ئه‌و كه‌سانه بێت و متمانه‌یان به په‌یام و گوتاره‌كه‌ی هه‌بێت.
*****
شنه‌ی كارۆخ له‌ناو شێی ئیستانبوڵدا!
ده‌مێك بوو چاوه‌ڕێی هاتنیم ده‌كرد، ئه‌و خوێندنی ماسته‌ری له توركیا ته‌واو كردبوو، مابووه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی بڕوانامه‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه و بێت له ئه‌نكه‌ره ڕێوشوێنه یاسایییه‌كانی تری په‌سه‌ندكردنی بڕوانامه‌كه‌ی له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و باڵوێزخانه وه‌ربگرێت. ئه‌و كوڕێكه له ڕه‌گه‌زی جوانی، شاعیرێكی هه‌ست ناسك و جیاواز، نووسه‌رێكی گه‌نجی ورد و به سه‌لیقه، خاوه‌ن خه‌یاڵێكی ڕه‌نگاڵه‌یی و زمانێكی ته‌ڕی نووسین. بێده‌نگ و كه‌مدوو، به‌ڵام سه‌رپڕ له خه‌ون و خولیا. ئه‌و كوڕه (كارۆخ فه‌همی)یه.
دوو، تا سێ هه‌فته دوای ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی كه گوتی به نیازم ئه‌م سه‌فه‌ره‌م بۆ سه‌ردانێكی لای تۆ بقۆزمه‌وه، به‌یانییه‌ك ته‌له‌فۆنی كرد و گوتی ئه‌مڕۆ ئێواره ده‌گه‌مه لای تۆ. ئهدرهسكهمم پێدا، ئێواره‌كه‌ی گه‌یشت. وه‌ك سروشتی هه‌میشه‌یی خۆی، ساده و خاوه‌ن بزه‌یه‌كی نه‌رم. جانتایه‌كی بچووكی به كۆڵه‌وه‌یه، ده‌زانم كتێبی تێدایه، به‌ڵام چاوه‌ڕێ نه‌بووم، به‌شی من له‌و كتێبانه‌دا هه‌بێت!
پیاسه‌یه‌كمان به‌و ناوه‌دا كرد، له ماركێتی (BIM) كه هاوشێوه‌ی ئۆرزدییه كۆنه‌كه‌ی لای خۆمان، وه‌ك بیستوومه موڵكی حكوومه‌ته و لقی له هه‌موو گه‌ڕه‌كێكی شاره‌كه‌دا هه‌یه، پێداویستییه‌كانی خواردن و خواردنه‌وه. به كورتی و به كوردی، پێداویستییه‌كانی شه‌وێكی مهستانهمان بردنه‌وه. به‌ره‌و ماڵ بووینه‌وه، پشوویهكمان دا، چاوێكی به ڕه‌فه‌كانی مێزی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه و مێزه‌كه‌ی تردا خشاند كه پڕم كردبوون له كتێب. ڕووی به لامدا وه‌رگێڕا و هه‌ر به‌و بزه نه‌رمه‌ی خۆی و له‌سه‌ر ته‌نیشت، ده‌ستێكی بۆ جانتاكه‌ی ڕ‌اكێشا. هه‌ر سێ ڕۆمانی (سه‌فه‌ری بوتڵه به‌تاڵه‌كان، خانووی مزگه‌وتێ و خه‌تی بزماری)ی (قادر عه‌بدوڵا)ی ڕۆماننووسی به دیاری بۆ هێنابووم.
یه‌كه‌میان (سه‌ڵاحه‌دین بایه‌زیدی) وه‌ریگێڕاوه و دووه‌كه‌ی تریش، وه‌رگێڕی به سه‌لیقه و توانا (شه‌فیقی حاجی خدر) زۆر شیرین، كورداندوونی. چاوه‌كانم ئه‌بڵه‌ق بوون، ئاخر من دووراودوور هه‌واڵی ئه‌و دوو ڕۆمانه‌ی دواییم بیستبوو، زۆر تامه‌زرۆ بووم بیانخوێنمه‌وه.
خوات بێت (كارۆخ)، چۆن و به چی خه‌یاڵی منت خوێندووه‌ته‌وه؟ ئیتر هاتنی خۆی و دیارییه‌كانی، وه‌ك ئه‌وه‌ی شنه‌یه‌كی ساردی چیای سه‌ركه‌شی كارۆخ بێت، ئاوا له‌ناو كه‌شوهه‌وای شێداری ئیستانبوڵدا، فێنكایییان به ڕۆحم به‌خشی.
مێزه‌كه‌مان ئاماده كرد، وه‌ك شۆخێك له‌ناو باخێكی ڕه‌نگاڵه‌دا بێت و تیشكی خۆر له سنگی ئاوێنه‌ییدا بدره‌وشێته‌وه. گه‌ردنی دوو بوتڵه چارهگییهكهی عه‌ره‌قی (یه‌نی ڕاكی)یش، ئاوا له‌ناو باخی مه‌زه‌ی سه‌وز و سپی و سووری سه‌ر مێزه‌كه‌دا، له‌به‌ر ڕۆشنایی گڵۆپی ژووره‌كه ده‌بریسكانه‌وه. خواردنه‌وه‌مان ده‌ست پێ كرد و له‌گه‌ڵیشیدا زمانمان به بیرهێنانه‌وه‌ی چه‌ندان باس و بابه‌ت و یاده‌وه‌ری پژا.
*****
یه‌نی ڕاكی و جوانمهستی!
پێم وانییه تا ئێسته له‌ناو كورددا، كه‌س توانیبێتی و بتوانێ وه‌ك شاعیری گه‌ل و جوانپه‌رست (هێمن موكریانی)، مانا و به‌هایه‌كی شایسته و جوان به (مه‌ی و مهینۆش، ساقی و باده، نه‌شئه و مه‌ستی) دابێت و بدات. (ناڵه‌ی جودایی) ڕستێك مرواری و مه‌رجان و دووڕی ده‌گمه‌ن و دانسقه‌ن، مه‌گه‌ر مه‌له‌وانێك ئه‌وپه‌ڕی شاره‌زایی و هونه‌ری مه‌له‌كردن، سه‌لیقه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شه‌پۆله‌كان، حه‌وسه‌ڵه و پشوودرێژی له چوونه قووڵایییه‌كانی جوانیدا هه‌بێت. ده‌نا ئه‌سته‌مه هیچ مه‌له‌وانێكی تری ئاسایی، بتوانێ ئه‌و گه‌وهه‌رانه له قووڵایی زه‌ریای خه‌یاڵدا، له بنی بنه‌وه‌ی ده‌ریای جوانیدا بدۆزێته‌وه. تازه كه‌سێكی تر نادۆزینه‌وه وه‌ك (هێمن)، له لووتكه‌ی خه‌یاڵ و ئه‌وجی زمان و ترۆپكی هونه‌ری هۆنینه‌وه‌دا، ملوانكه‌ی (ناڵه‌ی جودایی)ێكی تر له‌م گه‌وهه‌رانه به‌رهه‌م بێنێته‌وه. له (ناڵه‌ی جودایی)دا، مه‌ی و مرۆڤ، پێوه‌ندیی سێیانه‌ی نێوان مه‌ی و مه‌یگێڕ و مهینۆش، باده و نه‌شئه و مه‌ستی، مانا و به‌های ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان پێ ده‌درێته‌وه. سه‌رنجێكی ورد و ڕامانێكی قووڵ، به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی په‌ی به ئاستی به‌رزی ژیان و مرۆڤدۆستی و جوانناسیی (هێمن)، له پێوه‌ست به دیوی ڕاسته‌قینه‌ی پێوه‌ندیی نێوان مه‌ی و باده، مرۆڤ و مه‌ستی ببه‌ین، كاتێ به‌وپه‌ڕی تاسه‌وه داوای ئاوڕ و بادانه‌وه‌یه‌كی میهره‌بانانه له (ساقی) ده‌كات و ده‌ڵێ:
ساقیا وا باده‌وه، وا باده‌وه
ڕوو له لای من كه به جامی باده‌وه
موشته‌ری وه‌ك من له مه‌یخانێ كه‌من
زۆربه‌یان شاد و به كه‌یف و بێ خه‌من
مه‌ی حه‌رامه بۆ سه‌هه‌نده و بێ خه‌مان
مه‌ستی بێ خه‌م، بۆچی بگرن ئێخه‌مان؟
ئه‌م شه‌رابه تاڵه ده‌رمانی خه‌مه
لێی حه‌رام بێ، ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ردی كه‌مه
ئه‌م شه‌رابه ئاڵه بۆ بێ ده‌رد نییه
لێی حه‌رام بێ، ئه‌و كه‌سه‌ی ڕه‌نگ زه‌رد نییه
له نێوان خواردنه‌وه بۆ سه‌رمه‌ستی، له‌گه‌ڵ خواردنه‌وه وه‌ك ئالووده‌بوون، جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه. مرۆڤ بۆ ئه‌وه ده‌خواته‌وه جار جاره نه‌شئه‌یه‌ك وه‌ربگرێ، ئاسووده‌یی به ده‌روونی ببه‌خشێ، سه‌ری ماندوو و كاسی ناو كێشه‌كانی ڕۆژگار گه‌رم بكات، كه‌مێك باری شانی خه‌مه‌كانی سووك بكات، ببێته‌وه خۆی. نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی لای ئێمه كه بووه‌ته دیارده، بۆ ئه‌وه ده‌خواته‌وه شه‌ڕ به دار و به‌رد بفرۆشێت، میزاجی گشتی تێك بدات، به‌مدا بڕشێته‌وه و یه‌خه‌ی ئه‌و بگرێ، خۆی بكاته گاڵته‌جاڕی خه‌ڵك و خوا.
یه‌كه‌م جار كه خواردمه‌وه، ئه‌و كاته بوو كه له به‌غدا ده‌مخوێند. ئه‌وده‌م وه‌ك زۆر كه‌سی تر، به خواردنه‌وه‌ی بیره‌ی (لوئلوئه و فه‌ریده) ده‌ستم پێ كرد، دواتر جن و شه‌راب و وێسكیم تاقی كردنه‌وه و تا ئه‌و ڕۆژه‌ی چوومه ئیستانبوڵ، له‌سه‌ر خواردنه‌وه‌ی سێیه‌میان گیرسامه‌وه. به درێژایی ئه‌و ساڵانه، ناوه ناوه یان له بۆنه‌ی جیاوازدا، زۆربه‌ی كاتیش به ته‌نیا ده‌خۆمه‌وه.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موویان، به‌ڵام ڕێژه‌یه‌كی زۆری تورك به پیاو و ژنیانه‌وه، عه‌ره‌ق ده‌خۆنه‌وه، له‌و ناوه‌شدا عه‌ره‌قی (تهكرداخ و یه‌نی ڕاكی)، دوو جۆری پڕ ڕه‌واجی خواردنه‌وه‌ن. سه‌ره‌تا له خواردنه‌وه‌ی عه‌ره‌ق ده‌ترسام، به‌ڵام یه‌كه‌م جار و له یه‌كه‌م شه‌وی میواندارییه‌كه‌ی ئیستانبوڵدا، عه‌ره‌قی (یه‌نی ڕاكی)م تاقی كرده‌وه، عهرهقێك سه‌یر چێژ و نه‌شئه‌ی هه‌بوو، مانایه‌كی تری به مه‌ستی ده‌دا، هه‌ستێكی زۆر جیاوازتری ده‌به‌خشی. یه‌نی ڕاكی شتێكی تره، نه‌شئه‌به‌خشه و جوانمهستت ده‌كات، ئینجا (ئاوی گوشراوی شێلم)ی له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌وه هه‌ر هیچ!
*****
له ماڵی پاموك و له خه‌یاڵی مه‌ولانا!
ڕێكه‌وتێكی چه‌ند سه‌یره، 10 ڕۆژ له‌گه‌ڵ (كۆستۆ)ی هاوڕێ، ژووره‌كه‌مان سه‌رڕێژ بوو له بۆنی چێشتی خۆش، چوزانم (كارۆخ)یش ئه‌و شاعیره هه‌ست ناسكه، شێفێكی ئه‌وه‌نده به سه‌لیقه و دهستاوخۆشه. ئیتر ئه‌و ماوه‌یه‌ی به‌یه‌كه‌وه بووین، سوێندی ئه‌وه ناخۆم به ڕێكه‌وت دۆنهرێكمان به ناچاری خواردبێت، ده‌نا ئه‌و به‌رده‌وام له ئاشپهزهكه بووه و وه‌ك كه‌سێك له‌ناویدا قاڵ بووبێت، به خواردنێكی به‌تام و چێژ سه‌ری به‌ناو هۆڵه‌كه‌دا ده‌كرد. ئا بیرم كه‌وته‌وه، ئه‌وكاته شوقهكهمم گۆڕی بوو، كه‌متر له پێنج خولهك به‌پێ له ئۆفیسی باس دوور بووم. شوقه‌یه‌كی خۆش و خاوێن (هۆڵێكی گه‌وره، ناندین، گه‌رماو و سه‌رئاو، دوو ژووری نووستن، بالكۆنێك كه به‌سه‌ر گه‌ڕه‌كی پشته‌وه‌دا ده‌یڕوانی). شوقه‌كه پێشتر هاوڕێ و هاوكارم (حهمیهتی سه‌رنووسه‌ری باس) تێیدا ده‌ژیا، ئه‌و گواستییه‌وه و من به كرێم گرت.
ئه‌و كه ڕۆیشت، زۆربه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانی خۆی بۆ جێهێشتم (به‌فرگر، جلشۆر، گسكی كاره‌بایی، هه‌ندێ قاپ و قاچاخ، مێزی ته‌له‌ڤزیۆن، پێنج كورسی و مێزی نانخواردن، ڕایه‌خ. شوقه‌كه‌ش بۆ خۆی تاخم قه‌نه‌فه‌یه‌ك و سیسهمهكانی ژووری نووستن و شڕه ته‌له‌ڤزیۆنێكی شاشه چوارده‌ی كۆنی تێدا بوو كه به شه‌قیش ئیشی نه‌ده‌كرد. دواتر هاوڕێ و هاوكارم (كارزان گلی) كه له توركیا ماسته‌ری ده‌خوێند و كۆتای به خوێندنه‌كه‌ی هێنابوو و ده‌گه‌ڕایه‌وه هه‌ولێر، ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌ی لای ماڵی (بۆتان) بوو، چووم ئه‌ویشم هێنا و ماڵێكی قشتۆكهم دروست كرد. خۆ ئه‌گه‌ر وانه‌بووایه، ده‌بوو مووچهیهكیشم بۆ دانانی ماڵ بێت!
ڕۆمانی (مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی) لێ بترازێ، وه‌كوتر هه‌رسێ ڕۆمانی (ناوم سووره، قه‌ڵای سپی و به‌فر)ی ڕۆماننووسی تورك (ئۆرهان پاموك) كه وه‌رگێڕی لێهاتوو و كوردیزانی به توانا، هاوڕێم (به‌كر شوانی) هه‌ر چواریانی كردوونه‌ته كوردی، خوێندبوونه‌وه. بیستبووشم كه بۆ ئه‌وه‌ی چێژ له سه‌ردان و بینینی (مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی)ی پاموك وه‌ربگریت، ده‌بێ ڕۆمانه‌كه بخوێنیته‌وه. پێشنیاری (كارۆخ) بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانێكی مۆزه‌خانه‌كه بكه‌ین، هانی دام سه‌ر ده خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌ش بنێم كه یه‌كه‌م ڕۆژ له‌گه‌ڵ خۆمم بردبوو. ڕاستییه‌كه‌ی كه (كارۆخ)م ده‌بینی، شه‌رمم به‌وه بوو بڵێم خوێنه‌رم. ئاخر ئه‌و كوڕه وه‌ك كرمی كتێب وابوو، ئه‌و ماوه‌یه‌ی لای من بوو، فرسه‌تی لێ هێنا و هه‌ندێ له‌و ڕۆمانانه‌ی من كه له‌وێ بوون، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی (ئیزابێل ئه‌لێندی) خوێندنیه‌وه.
به‌هه‌رحاڵ، زۆر كه‌می مابوو ڕۆمانه‌كه ته‌واو بكه‌م، بڕیارمان دا سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌كه بكه‌ین. به‌یانییه‌ك خۆمان پێچایه‌وه و له گۆڕه‌پانی ته‌قسیم به‌و شه‌قامه‌ی به لای چێشتخانه و كافێ ناسراوه‌كه‌ی (Van Kahvalti)، ئه‌وه‌ی (تهشتا وانێ)ی به‌ناوبانگ ئاماده ده‌كات، به لێژایییهكهدا شۆڕمان كرده‌وه. لێژایییهكهمان بڕی و دوای پێچكردن به‌م كۆڵان و ئه‌و كۆڵاندا، خۆمان له به‌رده‌م مۆزه‌خانه‌كه بینییه‌وه. بلیتمان بڕی و چووینه ژووره‌وه. مۆزه‌خانه‌كه كه سێ نهۆمه، دنیایه‌كی تایبه‌ته بۆ خۆی. ڕاستییه‌كه‌ی مۆزه‌خانه‌كه خۆی ڕۆمانه‌كه‌یه، به به‌رجه‌سته‌كراوی!
تێكستی ڕۆمانه‌كه به هه‌موو ورده‌كارییه‌كانییه‌وه له‌وێیه، به شوێنكات و ڕووداوه‌كانی، به كه‌سایه‌تییه‌كانی، به كه‌لوپه‌له‌كانی، به وێنه و نامه و بیره‌وه‌رییه‌كانی، به ڕه‌شنووسه‌كانی و ئه‌و قهڵهمانهیش كه ته‌واوی ڕۆمانه‌كه‌ی پێ نووسراوه، به وه‌رگێڕاوی ڕۆمانه‌كه به زۆربه‌ی زمانه‌كان. چاو به هه‌ر كونج و كهلهبهرێكیدا ده‌كه‌یت، ڕێك خه‌یاڵت ده‌چێته‌وه سه‌ر وشه‌یه‌ك، ڕسته‌یه‌ك، بڕگه‌یه‌كی ناو ڕۆمانه‌كه. ڕۆحی ڕۆمانه‌كه له‌وێ زیندووه، خوێن له جه‌سته‌یدا ده‌گه‌ڕێ، كه‌لوپه‌له‌كانی ناوی ده‌تدوێنن.
به كامی دڵ، نهۆم نهۆم گه‌ڕاین، سووچ به سووچهكانیمان پشكنی. هیچ شتێك نییه و نا‌بینیت گرته و دیمه‌نێكی ڕۆمانه‌كه‌ت بیر نه‌خاته‌وه. سه‌رم له‌وه سوڕما، هه‌ر به ڕاست ئه‌گه‌ر ئۆرهان بۆ خۆی پاڵه‌وانه‌كه نه‌بێت، ئه‌و گه‌نجینه‌ی ئه‌م هه‌موو كه‌لوپه‌له هی كێن؟ ده‌ی ئه‌گه‌ر گه‌نجینه‌كه به‌شێك بێت له یاده‌وه‌ریی و ئه‌زموونی عیشقی كه‌سێكی تر، ئاخۆ ئاوا به ئاسان ده‌ستی تێده‌چیت، بیداته یه‌كێكی تر؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆ خۆی خاوه‌نی ئه‌م هه‌موو یاد و یادگار و بیره‌وه‌رییانه نه‌بێت، كێی تر حه‌وسه‌ڵه‌ی پاراستنی ئه‌م گه‌نجینه‌یه‌ی هه‌یه كه ورده‌كاریی ئه‌و عیشقه ده‌گێڕێته‌وه؟
كه هاتمه ده‌ره‌وه، ڕێك وه‌ك كه‌سێك كه ده‌رده كوردی هه‌بێت و به كوردبوونه‌وه ئالووده بووبێت، دووباره خه‌یاڵم چووه‌وه سه‌ر خه‌مساردی و بێباكی كورد، له پاراستن و ده‌ستگرتن به سه‌رمایه‌ی مه‌عنه‌وی و مادیی ناو مێژووی سیاسی و شۆڕشگێڕی و ڕۆشنبیری و كولتووریی خۆی. ئێ هه‌مووی 120 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی تێپه‌ڕیوه، كه‌چی له كۆی (٣١) ژماره‌ی ڕۆژنامه‌كه، ته‌نیا (١٩) ژماره‌ی له به‌رده‌سته، ئه‌وانیش به هه‌زار ده‌ردی سه‌ری دۆزراونه‌ته‌وه. له میراتی شۆڕش و شۆڕشگێڕان گه‌ڕێن كه (تفه‌نگێك، فیشهكدانێك، دووربینێك، مه‌تاره‌یه‌ك، ئاوێنه و شانه‌یه‌كی گیرفان، تاخم تهراشێك، ئهدیداسێك، بارانگیرێك، پشتبێند - پشتێن، چین - و جامانهیهك و……)ی پێشمه‌رگه پارتیزانه‌كان نه‌پارێزراون.
چش له سه‌دان و هه‌زاران ده‌ستنووسی نووسه‌ر و ڕووناكبیر و منه‌وه‌ری تری كورد، كه هه‌موویان به توونی بادا چوون و كه‌س نازانێ سه‌ر و سۆراخیان له كوێیه. كه‌چی هه‌ر له‌م كوردستانه، ئینجا له‌و سه‌رزه‌وینه‌ی كه ئاگری (زه‌رده‌شت)ی تێدا كوژێنرایه‌وه و گاتاكانی سووتێنران و سه‌ری مووغهكانی به شمشێر په‌ڕێنران، هه‌موو ساڵێك بۆ ڕیا و بازرگانیكردن به خوا و ئاین، له‌ناو شووشه‌یه‌كدا، هه‌ندێ بابا، پێنج شه‌ش تاڵه موو و تاكه نهعلهیهك (مه‌گه‌ر هه‌ر خوا بزانێ، كه ئاخۆ ئه‌و ڕۆژگاره له‌و بیابانه‌دا كه‌وش و نه‌عل هه‌بوون یان نا؟) نمایش ده‌كه‌ن و مێگه‌لی ڕهشۆكیش، بۆ موتفهڕك بۆنیان پێوه ده‌كه‌ن. من باسی ته‌نیا مۆزه‌خانه‌ی كه‌سێك ده‌كه‌م، باسی ئه‌و هه‌موو مۆزه‌خانه نیشتمانی و تایبه‌تییانه‌ی ئه‌و شاره ناكه‌م كه هه‌ر یه‌كه‌یان و مێژووی كایه‌یه‌كی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی تورك ده‌گێڕێته‌وه.
له مۆزه‌خانه‌كه دێینه ده‌ره‌وه و چه‌ند وێنه‌یه‌كی تر بۆ یادگاری ده‌گرین. ملی ههورازهكه ده‌گرینه به‌ر، به‌و كۆڵانه‌دا سه‌رده‌كه‌وین كه ده‌مانباته پێش (وه‌قفی بێشكچی)، ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری كۆڵانه‌كه كافێ و چایخانهن. ده‌گه‌ینه ئه‌و ناوه، ده‌رگه‌ی وه‌قفه‌كه داخراوه، ناچار ڕێك له چایخانه‌كه‌ی به‌رانبه‌ر وه‌قف داده‌نیشین، دوو چا بانگ ده‌كه‌ین و سه‌رنجی هاتوچۆی ڕێبواران ده‌ده‌ین. ئه‌و كافێ و چایخانانه هاتوچۆكاریان لێ نابڕێ، كورسیی به‌تاڵ له‌به‌ر ده‌رگه‌یان نادۆزیته‌وه. به‌ده‌م چاخواردنه‌وه‌وه باس له پاموك و به‌رهه‌مه‌كانی، له مۆزه‌خانه‌كه‌ی، له وه‌رگێڕانه نایابه‌كانی (شوانی) بۆ ڕۆمانه‌كانی ده‌كه‌ین و داخ بۆ ئه‌وه ده‌خۆین، تا ئێسته له‌ناو ئه‌و هه‌موو نموونه وه‌رگێڕدراوانه‌ی ڕۆمانه‌كه به زمانه جیاوازه‌كانی دنیا، كه له نهۆمی سه‌ره‌وه له جامخانهیهكدا دانراون، وه‌رگێڕاوه كوردییه‌كه‌ی نابینین. ئیتر نازانین، وه‌رگێڕ بیری بۆ ئه‌وه نه‌چووه دانه‌یه‌ك له وه‌رگێڕانه‌كه‌ی بكاته دیاریی مۆزه‌خانه‌كه، یان ڕه‌نگه ئه‌و كاره‌یشی كردبێت، به‌ڵام عه‌قڵیه‌تی شۆڤینی و نه‌ته‌وه‌په‌رستیی تورك، ئه‌و پارووه‌ی پێ قووت نه‌درابێت و شه‌رمی به‌وه بووبێت، زمانی كوردی، زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كه تورك ددان به بوونی خۆی و زمانه‌كه‌یدا نانێن، له ته‌ك زمانه جیهانییه‌كانی تری وه‌رگێڕاوه‌كانی ڕۆمانه‌كه دایبنێن؟
ده‌نگه ده‌نگێك و هه‌را و هۆریایهك له پشتمانه‌وه ده‌بیستین، ئاوڕ ده‌ده‌ینه‌وه، له كافێكه‌ی ته‌نیشتمانه‌وه، ژنێك ده‌یه‌وێ سه‌رنجی ڕێبواران بۆ ئه‌وه ڕابكێشێ، كه لا بده‌نه لای و به‌ختیان تاقی بكه‌نه‌وه، فاڵێكیان بۆ بگرێته‌وه، یان قاوه‌یه‌كیان بۆ بخوێنێته‌وه، یا جادوویه‌كیان بۆ بكات. دواتر ده‌پرسین و ده‌ڵێن، له‌و ناوه ژنه جادووباز و فاڵگرهوهیشی زۆره و كه‌سابه‌ت به ئیشهكهیانهوه ده‌كه‌ن.
سه‌رو چایه‌كی تر ده‌خۆینه‌وه و منیش جگه‌ره‌یه‌كی تر داده‌گیرسێنم و له‌و كۆمیدیایه‌ی ته‌نیشتم ڕاده‌مێنم. قه‌یرێك و (كارۆخ) ده‌ڵێ با بڕۆین. هه‌ڵده‌ستین، دوای كه‌مێك ڕۆیشتن به‌ناو پێچاوپێچی كۆڵانه‌كاندا، خۆمان له سه‌ره‌تای شه‌قامی ئیستیقلال ده‌بینینه‌وه. به‌ڕێوه‌ین و خه‌یاڵ و مه‌راقی ده‌ستنه‌گرتنی كورد به گه‌نجینه و میراتی مێژوویی و كه‌له‌پووری و فه‌رهه‌نگیی خۆی، ده‌مخۆنه‌وه و له‌پڕ ڕیكلامێك به چاوانمدا ده‌ته‌قێته‌وه. ڕۆژانی ٢٢ - ٣٠ ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧، فێستیڤاڵی ساڵانه‌ی (مه‌ولانا) له (كۆنیا - قۆنیه) به‌ڕێوه ده‌چێت.
له‌گه‌ڵ (كارۆخ) ئێستێك ده‌كه‌ین، بۆ شه‌وه‌كه‌ی پلانێك داده‌نێین، تا دوای كه‌متر له دوو مانگی تر، بێته‌وه ئێره و لێره‌وه به یه‌كه‌وه بچینه قۆنیه و له چالاكییه‌كانی ئه‌و فێستیڤاڵه‌دا كه دڵنیاین كه‌شێكی جوانی عیرفانی ده‌بێت، ئاماده بین و بڕێكیش به كووچه و كۆڵانه‌كانی ناو مێژووی ئه‌و شاره‌دا بسووڕێینه‌وه و سۆراخی سێبه‌ری حیكمه‌ته‌كانی (شهمس و مه‌ولانا) بكه‌ین. وه‌لێ خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر دێت و ڕیسه‌كه‌ی من ده‌كاته‌وه خوری و نه‌ك هه‌ر فێستیڤاڵه‌كه، به‌ڵكو خۆیشم بیر ده‌چێته‌وه و له‌به‌ر شكۆی شوناس و ڕووباری خوێنی شه‌هیدان و گۆڕغهریبیی ئه‌نفالكراوان نه‌بێت، تف له كوردبوونی خۆم ده‌كه‌م!