(یاداشتی ڕۆژانی ئیستانبوڵ)
به‌شی ده‌یه‌م
نووری بێخاڵی
ئاكه‌په و فریو!
ئیستانبوڵ كه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له كولتووری ڕۆژهه‌ڵاتی و ڕۆژئاوایی، له باری كرانه‌وه و ئازادییه تاكه‌كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، شارێكه كراوه و هه‌ر كه‌س ده‌توانێ به‌شی خۆی لێ هه‌ڵبهێنجێنێ و به ڕه‌نگی خۆی ده‌ربكه‌وێ، ئه‌مه و به‌بێ ئه‌وه‌ی حاجه‌ت به‌وه بێت ڕه‌نگی ئه‌وه‌ی تر كاڵ بكاته‌وه. به لاته‌وه ئاسایی بێت كه ده‌بینی له چه‌قی گۆڕه‌پانێكدا خه‌ڵكێك موزیك ده‌ژه‌نێ و ئه‌و ناوه‌یان له خۆیان ئاڵاندووه و خه‌ڵكێكیشیان خستووه‌ته هه‌له‌كه سه‌ما، كه‌چی له پڕ كه ده‌نگی بانگدان دێت، ئه‌و ناوه كپ ده‌بێ و موزیك و گۆرانی و سه‌ما به یه‌ك ڕیتم ده‌وه‌ستن. ته‌نانه‌ت شۆك نه‌تگرێ كه له مانگی ره‌مه‌زاندا كچێكی سفوور ده‌بینی به ڕۆژووه و له‌گه‌ڵ كه‌پڵه‌كه‌ی له كافتریایه‌كدا به تاسه‌وه چاوه‌ڕێی بانگ و ڕۆژوو شكاندن ده‌كه‌ن. ئینجا له‌ناو ئه‌و دۆخه‌دا تێده‌گه‌یت بۆچی زۆرینه‌یه‌كی خه‌ڵكی ئێران، زۆربه‌ی گه‌شته‌كانیان بۆ توركیا ده‌خه‌نه ئه‌و مانگه‌وه و هه‌ر كه ده‌گه‌نه سنوور، چه‌فیه و مانتۆ و شته‌كانیان فڕێ ده‌ده‌ن و به جلی نیوه‌ڕووته‌وه ئه‌و ناوه ده‌گه‌ڕێن و به كامی دڵیان، ئه‌وه‌ی له ئێران لێیان زه‌وت كراوه، له گۆڕه‌پانه‌كانی شار، له پاركه‌كان، له یانه و باڕه‌كان، له‌سه‌ر پشتی یه‌خت و كه‌شتییه گه‌شتیارییه‌كاندا، ده‌یته‌قێننه‌وه!
ئه‌و ئیستانبوڵه و شاره‌كانی تری توركیا، دوای له‌دایكبوونی كۆماره‌كه‌ی ئه‌تاتورك هه‌تا ئه‌مڕۆیش، له باری ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تی و تاكه‌كه‌سی، ته‌نانه‌ت دیموكراسیشه‌وه (باسی كرانه‌وه‌ی فه‌زای ئازادی و كرانه‌وه و دیموكراسیی توركیا، به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی توركی خۆیدا ده‌كه‌م. واته ئازادی و كرانه‌وه و دیموكراسیی ناو ژیانی سیاسیی تورك خۆی، نه‌ك له پێوه‌ست به هه‌ڵوێستی شۆڤێنیی ده‌سه‌ڵاتدار و سیسته‌مه سیاسییه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی تورك له به‌رانبه‌ر كورد و شوناس و پێكهاته جیاوازه‌كانی تری ناو توركیا!)، گۆڕانێكی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. كاتێ ئاكه‌په له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچكه، به‌ڵام به كه‌مێك ڕتووشه‌وه له‌سه‌ر پاراستنی ئه‌و شێوه ژیانه كۆمه‌ڵایه‌تییه به‌رده‌وامه، ئه‌وه له پیاوه‌تی خۆی نییه، به‌ڵكو ئه‌مه پێوه‌ندی به كۆمه‌ڵیك هۆوه هه‌یه. یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه ئه‌و شێوه‌ژیانه بووه‌ته كولتوور و چه‌ندان نه‌وه‌یه له‌سه‌ری گۆش و په‌روه‌رده كراون و ڕاهاتوون، ئاكه‌په هه‌روا به ئاسانی ناتوانێ ده‌ست بۆ سنوورداركردنی ئه‌و ئازادییه كۆمه‌ڵایه‌تی و تاكه‌كه‌سییانه ببات، ده‌نا ڕیسه‌كه‌ی لێ ده‌بێته‌وه خووری. ئه‌گه‌رچی هه‌تا پێی كرابێت، له بواری په‌روه‌رده‌دا، كاری میتۆدی و پلانڕێژ بۆ گۆڕینی ئه‌و ئه‌تمۆسفیره ده‌كات.
دیوێكیشی گرێ دراوه به ویست و سووربوونی توركیا (به جیاوازیی سیسته‌مه حوكمڕانه‌كانی) بۆ بوون به ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، دیوه‌كه‌ی تریشی پێوه‌ندی به كه‌رتی گه‌شتیاریی وڵاته‌كه‌وه هه‌یه وه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ندترین سه‌رچاوه‌ی داهات. ئه‌و كه‌رته‌ی سه‌ره‌ڕای ئه‌دگار و پێدوایستییه ژیانییه‌كانی، دوور و نزیك له‌گه‌ڵ باوه‌ڕ و كولتوور و نه‌ریتی ئاینیی ئاكه‌په نایه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌و حزبه چونكه سیاسه‌ت و حوكمڕانی ده‌كات، نه‌ك هه‌ر ده‌ستی به‌م سه‌رچاوه‌یه‌ی داهاتی نیشتمانییه‌وه گرتووه، به‌ڵكو فراوانتریشی كردووه و گه‌شه‌ی زیاتریشی پێ ده‌دات.
به كورتی، ئاكه‌په كه حزبێكی ئیسلامییه و حوكمڕانی توركیا ده‌كات، ناوه‌كه‌ی شتێكه و سیاسه‌ت و ستراتیجیی كاریشی شتێكی تر. ئه‌م دوالیزمه‌ش له ژیانی سیاسیی ئه‌و حزبه‌دا، گرێدراوی تاكتیكه‌كانی حوكمڕانیكردنه، ده‌نا راستییه‌كه‌ی ئاكه‌په وه‌ك حزبێكی ئیسلامی كه ڕه‌گ و ڕیشه‌ی له‌ناو قووڵایی فیكر و مێژوو و كه‌له‌پووری ئیسلامی‌دا داكوتیوه، به شێنه‌یی و به‌رمه‌بنای به‌رنامه و پلانی درێژخایه‌ن، كار بۆ به ئیسلامیكردنی توركیا و گێڕانه‌وه‌ی سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانی ده‌كات.
كاتێك مرۆڤ ده‌بینێ ئاكه‌په پان توركچێتی و فاشیزمی ئاینی له‌پێناو ئێسته و ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌ی تێكه‌ڵاو ده‌كات، مرۆڤ دڵی بۆ كوردستان ده‌سووتێ، كه حزبه ئیسلامییه‌كانی كوردستان، ئه‌وه‌نده‌ی كار بۆ ڕامكردنی مرۆڤی كورد و به پاشكۆكردنی بۆ ئوممه‌ی ئیسلامیی داگیركاری كوردستان (عه‌ره‌بی، توركی، ئێرانی!) و هێشتنه‌وه‌ی له دۆخی برابچووكی و مه‌والیی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی كوردستانی داگیر و پارچه پارچه‌كراو، ده‌كه‌ن. چاره‌گی ئه‌وه له خه‌می ئه‌وه‌دا نین، ئه‌و مرۆڤه هاوخوێنه‌ی خۆیان، به شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، كولتووری، مێژوویی و جیۆگرافیی خۆی. ڕاستتر بڵێین، به شوناسی سروشتی و خواكردی خۆی كه كوردبوونه، ده‌ربكه‌وێت.
ئێمه كه هه‌میشه سه‌ركۆنه‌ی ڕابردوو ده‌كه‌ین، به‌وه‌ی كورد وه‌ك تورك و فارس، نه‌یانتوانیوه یان نه‌یانویستووه ئاین بكه‌ن به هۆكارێك بۆ سه‌رله‌نوێ خۆپێناسه‌كردنه‌وه، به‌ڵام له‌م ڕۆژگاره‌یشدا حزبه ئیسلامییه‌كانی كوردستان (كه هه‌ریه‌كه‌یان و له سه‌رچاوه‌یه‌كی جیاواز ئاو ده‌خۆنه‌وه و ئاو له ئاشی سیاسه‌ت و ستراتیجێكی ده‌ره‌كی ده‌كه‌ن)، هێنده‌ی تر خه‌ریكی زه‌لیلكردنی مرۆڤی كوردن له به‌رده‌م ئوممه‌ی ئیسلامی‌دا!
ئاكه‌په ئه‌گه‌ر بۆی بچێته سه‌ر، مێژوو و كولتووری سیاسیی بونیادنه‌رانی كۆماری توركیای نوێ له ڕه‌گوڕیشه‌وه هه‌ڵده‌كێشێ، به‌ڵام نه‌ك ده‌ستبه‌رداری توركچێتیی خۆی نابێ، به‌ڵكو به ئاوێته‌كردنی گوتاری ئاینی و نه‌ته‌وه‌په‌رستیی خۆی، توركیا و توركچێتی ده‌كاته‌وه سه‌نته‌ر و ستراتیجی كار. كه‌چی ئیسلامییه‌كانی دنیای ئێمه، به سۆفی و سه‌له‌فی، به ئیخوانی و جیهادی، به میانڕۆ و تونده‌ڕۆوه، كاری رژد بۆ بچووككردنه‌وه‌ی مرۆڤی كورد له ئاست ئه‌وانی تردا ده‌كه‌ن. تا ئه‌و ئاسته‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی خۆیان بیر بچێته‌وه و ده‌یانخه‌نه خزمه‌تی شوناسی ئوممه‌تی ئیسلامی. شوناس و ئوممه‌تێك كه تا ئه‌م چركه‌یه‌ش، هه‌ر عه‌ره‌ب (وه‌ك خاوه‌ن و میراتگری په‌یامه ئاینییه‌كه!)، خۆی به تاكه خاوه‌ن و سه‌رداریی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌زانێت!
*****
له پان توركیزمه‌وه، تا فاشیزمی ئاینی!
دوای جیابوونه‌وه‌یان له (حزبی فه‌زیڵه‌ی ئیسلامی، به سه‌رۆكایه‌تیی نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان) و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و حزبه به بڕیاری دادگای ده‌ستووریی توركی له ٢٢ی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠٠١. ژماره‌یه‌ك له‌وانه‌ی پێشتر له‌و حزبه جیا بووبوونه‌وه و به باڵی نوێخوازانی فه‌زیڵه ناسرابوون، به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ردۆغان له ١٤ی ئابی هه‌مان ساڵدا، پارتێكیان نوێیان به ناوی (پارتی داد و گه‌شه‌پێدان - Adalet ve Kalkınma Partisi) دامه‌زراند و له ماوه‌ی ته‌نیا ساڵێكی كاركردنیدا، واته له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٠٢، وه‌ك (١٩٣)یه‌مین حزبی سیاسیی ئه‌وكاتی توركیا هاته ناو گۆڕه‌پانی ململانێی سیاسی.
ئاكه‌په له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیدا كۆمه‌ڵێ دروشمی بریقه‌داری به‌رز كرده‌وه. له‌وانه، ڕه‌وتێكی سیاسیی میانڕۆیه. دژی توندوتیژی و كرده‌ی سه‌ربازییه. سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له گوتاره سیاسییه‌كه‌یدا، دروشمی ئاینی به‌رز نه‌كاته‌وه. نایه‌وێ وه‌ك حزبێكی ئیسلامی بناسرێ. ڕێز له ئازادییه ئاینی و فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تی و تاكه‌كه‌سییه‌كان ده‌گرێ. حزبێكی كراوه‌یه به ڕووی دنیادا و سیاسه‌ته‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای گفتوگۆ و لێبورده‌یی بونیاد ده‌نێ. دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه دژی عه‌لمانیی و ئه‌و بنه‌ما و پره‌نسیپانه نییه، كه توركیای نوێ - توركیای ئه‌تاتورك -ی له‌سه‌ر بونیاد نراوه. پشتگیری سیاسه‌تی چوونه ناو یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌كات. یه‌كێك له گرنگترین پره‌نسیپه‌كانی كاری سیاسیشی ئه‌وه‌یه كه دژی بوونی سه‌رۆكی تاهه‌تایییه له‌ناو حزبدا و به‌ڵێنی كرانه‌وه و دیموكراسیی زیاتر له‌ناو ڕیزه‌كانی حزبه‌كه‌ی ده‌دات. كه‌چی ئه‌زموونی ١٦ ساڵ حوكمڕانی ئه‌و حزبه سه‌لماندی، نه‌ك ته‌نیا له ئاست نه‌یار و ناكۆكه ناوخۆیییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، به‌ڵكو له پێوه‌ست به ململانێ ناوخۆیییه‌كانی حزبه‌كه خۆیشی، دژی ئه‌و دروشمانه‌ی خۆی وه‌ستایه‌وه.
ده‌ركه‌وت ئاكه‌په نه‌ك هه‌ر ڕه‌وتێكی میانڕۆی ئیسلامی نییه، به‌ڵكو حزبێكی ئیسلامیی پاوانخوازه و خۆی به میراتگری عوسمانییه‌كان ده‌زانێ و كار بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریی ده‌كات. له كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی حزبه‌كه‌ی له په‌رله‌مانی توركیا له ساڵی ٢٠٠٩، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به میراتگیری عوسمانییه‌كان تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی توركیا، ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو گوتی: "ئه‌وان پێمان ده‌ڵێن عوسمانییه نوێیه‌كان، به‌ڵێ ئێمه عوسمانییه نوێیه‌كانین و میراتێكی ده‌وڵه‌مه‌ندیشمان له ده‌وڵه‌تی عوسمانی بۆ ماوه‌ته‌وه و وه‌به‌رهێنانی تێدا ده‌كه‌ینه‌وه”. جگه له‌مه، گوایه دژی توندوتیژی و كرده‌وه‌ی سه‌ربازییه، كه‌چی تا ئه‌م چركه‌ساته‌ی تێیداین، پێڕه‌وی له سیاسه‌تی قڕكردنی كوردی باكوری كوردستان ده‌كات، به ئاگر و ئاسن ڕووبه‌ڕووی داخوازیی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌بێته‌وه، منداڵی خوار ته‌مه‌نی یاسایی به تۆمه‌تی تیرۆر ده‌خاته گرتووخانه‌كانه‌وه، ڕۆژنامه‌نووس و چالاكه‌كانی تیرۆر ده‌كات. هاوكات به چاوی خۆیشمان بینیمان، دوای 17 ساڵ له‌و بانگه‌شه پووچه‌ی، به‌وه‌ی خۆی له به‌كارهێنانی دروشمی ئاینی به دوور ده‌گرێ، چۆن به ئایه‌تی (فه‌تح) و دروشمه‌كانی جیهاد، فه‌رمانی داگیركردنی عه‌فرین و كۆمه‌ڵكوژیی كوردی سڤیلی ئه‌و شاره كوردستانییه‌ی دا. هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان نه‌ك هه‌ر به‌وه ڕازی نه‌بوو، سه‌رۆكی تاهه‌تایی حزب بێت (دوورخستنه‌وه‌ی گویل و به‌دوایشیدا داود ئۆغڵو)، به‌ڵكو ڕیفراندۆمی كرده چه‌كی سه‌پاندنی ویستی تاكڕه‌وانه‌ی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی تاهه‌تایی ده‌وڵه‌تیش بێت. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستووری وڵاته‌كه‌ی هه‌موار كرده‌وه و خستییه گشتپرسی!
ئێسته كه ده‌چیته توركیا، ته‌نانه‌ت كه له ده‌ره‌وه‌یشیدا له‌م وڵاته ورد ده‌بیته‌وه، ده‌زانی ئه‌ردۆغان چ سێبه‌رێكی قورسه به‌سه‌رشانی وڵاته‌كه، چ مۆته‌كه‌یه‌كه و نیشتووه‌ته سه‌ر سنگی دۆست و ڕكابه‌ره‌كانی، چ جادووبازێكی عه‌یار و پیلانگێڕێكی پڕۆفیشناڵه (سیناریۆی كوده‌تا وه‌ك ئامرازی جڵه‌وكردنی جومگه سه‌ره‌كی و هه‌ستیاره‌كانی ده‌سه‌ڵات، درۆی مه‌ترسیی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك پاساوی ڕه‌وایه‌تیدان به درێژكردنه‌وه‌ی دۆخی ئاوارته و ئه‌حكامی عورفی، ڕاپرسی له‌سه‌ر ده‌ستوور وه‌ك دوا بزمار له فره‌یی و دیموكراسیی و …….).
*****
ڕاپرسی، ویستێك بۆ تاكڕه‌وی!
به‌مه‌به‌ستی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ١٨ ماده‌ی ناو ده‌ستوور، ڕۆژی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ ڕاپرسی له‌سه‌ر ده‌ستووری توركیا ئه‌نجام درا و سه‌ره‌ڕای ڕێژه‌ی به‌رزی ده‌نگی نه‌خێر له (ئیستانبوڵ و ئه‌نكه‌ره و ئیزمیر)، ڕێژه‌ی (51.3%)ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ست هێنا. ڕیفراندۆمه‌كه و ئه‌نجامه‌كانی كه ئامانج لێی گۆڕینی سیسته‌می سیاسیی وڵات بوو، به گه‌وره‌ترین وه‌رچه‌رخانی سیاسیی ناو مێژووی سه‌ت ساڵی ڕابردووی توركیا داده‌نرێت.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له ئه‌نجامدانی ڕاپرسییه‌كه، كه پێشنیاری (ئاكه‌په) و خه‌ونی (ئه‌ردۆغان) بوو، هاوكات (مه‌هه‌په)ش به سه‌رۆكایه‌تیی (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) له‌سه‌ری ڕه‌زامه‌ند بوو، هێنانه‌دیی ئامانجێكی گرنگی سیاسی بوو كه بریتی بوو له چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌ویی سه‌رۆك، ئه‌ویش له ڕێی (گۆڕینی سیسته‌می سیاسی له په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی، نه‌هێشتنی پۆستی سه‌رۆكی وه‌زیران، له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری له ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری و داواكاره گشتییه‌كان و…). به جۆرێك هه‌نووكه ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی خاوه‌ن یه‌كه‌م و دوا بڕیاری وڵات و حزبه‌كه‌یشیه‌تی. هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماده ده‌ستوورییه‌كان و بردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم (ئه‌گه‌ر به ڕێژه‌یه‌كی كه‌میش بێت!) چانسی ئه‌وه‌ی دایه (ئه‌ردۆغان)، درێژه به حوكمڕانی و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی خۆی بدات، بۆ ئه‌وه‌یش كه ئاسته‌نگ نه‌یه‌نه ڕێی و هه‌لومه‌رجی سیاسیی ناوچه‌كه، هاوكێشه‌كان به ئاقارێكی تردا نه‌به‌ن، له كاتێكدا بڕیار بوو هه‌ڵبژاردنی توركیا له مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی ٢٠١٩ ئه‌نجام بدرێ، ده‌ستی خۆی وه‌شاند و بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی دا.
به‌هه‌رحاڵ، پێشتر و له مانگی ئه‌یلوولی ٢٠١٦دا، هه‌ردوو حزب (ئاكه‌په و مه‌هه‌په) له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستوورێكی نوێ ڕێك كه‌وتبوون، دواتر و له كۆتای مانگی كانوونی دووه‌می ٢٠١٧، به ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه له‌ناو په‌رله‌مان و به مسۆگه‌ركردنی ٣٣٩ ده‌نگ، یارییه‌كه‌یان برده‌وه و پاڵپشت به ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كه‌ش، ئه‌ردۆغان ڕۆژی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمه‌كه‌ی دیاری كرد. ئیتر كورد گوته‌نی :"كابرا بۆ خۆی بووه گای به گون و شا به سه‌پان ڕاناگرێ!”.
*****
نه‌خێری ئه‌وان و نه‌خێرچییه‌كانی ئێمه!
به ڕێگه‌وه‌م، سه‌ر به هه‌ر شه‌قام و كووچه و كۆڵانێكدا ده‌كه‌م، پۆسته‌ره‌كانی ڕیفراندۆم له چاوه‌كانم ده‌چه‌قن، گوێچكه‌كانم به نه‌ڕه‌نه‌ڕ و قیژه‌ی مایكرۆفۆنه‌كانی هه‌ردوو به‌ره (به‌ڵێ - Evet) و (نه‌خێر - Hayır ) كاس ده‌بن، له شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كاندا خێوه‌تیان هه‌ڵداوه و دروشمه‌كانیان ده‌ڵێنه‌وه، یان سروود و گۆرانی ده‌چڕن. هه‌ردوولا ئۆتۆمبێلی بچووكیان ڕازاندووه‌ته‌وه و مایكرۆفۆنیان لێ به‌ستووه، كۆڵانه‌كان ده‌گه‌ڕێن و ئه‌و ناوه‌یان پڕ كردووه له هه‌را و هۆریای دروشم و سروود. جۆش و خرۆشێكی سه‌یر به پیر و گه‌نج، ژن و پیاویانه‌وه دیاره. دار و دیوار بوونه‌ته پۆسته‌ر، وێنه‌كانی (ئه‌تاتورك و ئه‌ردۆغان!) سێبه‌ریان به‌سه‌ر هه‌موو شوێنێكه‌وه‌یه.
كه‌چی لای خۆمان كه ڕاپرسی و ڕیفراندۆم له‌پێناو بڕیاردان له چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو، هه‌رزوو نه‌خێرچی و عێراقچییه‌كان لێی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه، ئینجا كام عێراقچی؟ عێراقچی له تایپی پۆپۆلیسته‌كان، ئه‌و هه‌رزه سیاسییانه‌ی ده‌رچووی قوتابخانه و شاگردی ئه‌و مامۆستا و مونه‌زیرانه بوون كه كاتی خۆی و له سه‌رده‌می شاخ و شۆڕشدا، مامۆستا و مونه‌زیره‌كانیان، هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره‌كانی خۆیان به تۆمه‌تی عێراقچێتی له گرتووخانه‌ی ئه‌شكه‌وته‌كاندا ده‌په‌ست و سووكایه‌تییان پێ ده‌كردن!
له‌ناو كه‌شوهه‌وای گه‌رموگوڕی بانگه‌شه‌كردندا، نه‌ك هه‌ر كه‌مترین، به‌ڵكو زۆر به ده‌گمه‌ن به‌ریه‌ككه‌وتن و توندوتیژی له نێوان دوو به‌ره‌كه‌دا ده‌بیستم و ده‌بینم (ئه‌وه‌ی من له هه‌واڵه‌كاندا بیستم، ته‌نیا تێكدانی خێوه‌تگه‌یه‌كی به‌ره‌ی به‌ڵێ بوو له بێشكتاش). ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ شوێن كه هه‌ردوو به‌ره خێوه‌ته‌كانیان چه‌ند مه‌ترێك له یه‌كتری دووره، هه‌ر كه‌سه و به له‌یلای خۆیدا هه‌ڵده‌ڵێت و ئاگای له‌وه‌ی تر نییه. لایه‌نگره‌كانی هه‌ردوو به‌ره هه‌روا كه به به‌رده‌م خێوه‌تی ڕكابه‌ره‌كه‌یاندا ڕه‌ت ده‌بن، بزه‌یه‌ك ده‌كه‌ن، یان بێده‌نگ ڕه‌ت ده‌بن. كاتێكیش ده‌گه‌نه لای خێوه‌تی به‌ره دڵخوازه‌كه‌یان، ده‌ست به هوتافكێشان و سه‌ما ده‌كه‌ن.
هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌كردنه‌كان كراوه و ئازاد بوو، هه‌ر به‌ره‌یه و له‌ناو خێوه‌ت و كابینه‌كانیان و ده‌وربه‌ریاندا، به ڕووی خۆشه‌وه بانگی ڕێبوارانیان ده‌كرد. میواندارییان ده‌كردن. چایه و ئاو و شیرنه‌مه‌نییان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كردن. كارت و پۆسته‌ریان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌به‌شیه‌وه و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان ده‌دانه‌وه.
خاڵێكی گرنگی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو به‌ره و دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێشی بانگه‌شه‌كردنه‌كه، گوتنه‌وه‌ی هه‌مان سرووده نیشتمانییه‌كان و شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێی فۆلكلۆری توركی و زاڵبوونی گیانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی (تورك و توركیاچێتی) بوو به‌سه‌ر كه‌شی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا. به جۆرێك هه‌ر به‌ره‌یه‌ك به شێوازی تایبه‌ت، گوزارشتی له‌و گیانی توركی و توركیاچێتییه‌ی خۆی ده‌كرد و به جۆره‌ها ڕێ هه‌وڵی ده‌دا سۆز و پاڵپشتیی هاووڵاتییان بۆ به‌ره‌كه‌ی ڕابكێشێ.
كاتێك ئه‌و كه‌شوهه‌وایه‌ی ڕیفراندۆمی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆمان به‌راورد ده‌كه‌م، ئیره‌یی به توركچێتیی تورك ده‌به‌م و قێز له‌و هه‌موو كورده گرگنه نه‌خێرچی و عێراقچییه ده‌كه‌مه‌وه كه به‌هۆی كینه‌ی سیاسی و ڕقی ئایدیۆلۆجییه‌وه، شووره‌یی نه‌یگرتن، ڕووقایم و سه‌ركز به گژ ئیراده‌ی ئازادی و سه‌ربه‌خۆییخوازیی نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا چوونه‌وه و تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش شه‌رم له خۆیان ناكه‌نه‌وه، تیر و توانج له سه‌ربه‌خۆییخوازان ده‌گرن. به‌مه‌ش سه‌لماندیان كه پیاوی ئه‌وه نه‌بوون و نین، ببنه سه‌رمه‌شقی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی و نه‌ته‌وه‌یی كورد.
توركه‌كان به (به‌ڵێ و نه‌خێر)یانه‌وه، پێشبڕكێیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو كێ ده‌رفه‌تی هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌كردنی ڕیفراندۆم، بۆ سه‌لماندنی ئاستی زیاتری تورك و توركیاچێتیی خۆیان ده‌قۆزنه‌وه، كه‌چی كورده سه‌ركزه عێراقچی و نه‌خێرچییه‌كانی ئێمه، پێش عه‌ره‌به شۆڤینییه‌كانی عێراق و نه‌یارانی كورد، له به‌غدای عرووبه و مه‌زه‌وگه‌رادا، پاشقۆلیان له نه‌ته‌وه‌كه‌یان گرت. ئاخر كه‌س و هێزگه‌لێك له دژی ئامانجی له مێژینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان بوه‌ستنه‌وه كه نه‌ته‌وه‌كه‌یان وه‌ك ماف، ده‌یه‌وێ گوزارشت له ویست و ئیراده‌ی خۆی بكات بۆ خاوه‌ندارێتیكردن له شكۆی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌روه‌ریی نیشتمانی، ده‌بێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه نه‌بین له‌ناو مێژوودا دادگایی بكرێن، به‌ڵكو پێویست ده‌كات ڕۆژانه له ئاستی میلیدا، دادگایی و سووك و ڕێسوا بكرێن.
ئێوه واز له باشووری كوردستان بێنن. میلی كاتژمێره‌كانتان بگه‌ڕێننه‌وه دواوه، شریتی یاده‌وه‌ریتان ببه‌نه‌وه سه‌ر دیمه‌نی ئه‌و ڕۆژانه و سه‌یری جۆش و خرۆشی كوردانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا و باكوری كوردستان بكه‌ن، چه‌ند شاگه‌شكه بووبوون به بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی كوردستان، چۆن بۆ پشتیوانی و سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه ده‌ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان، چه‌نده به تاسه‌وه چاوه‌ڕێی ئه‌نجامه‌كانی بوون. هاشتاگه‌كانی (به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان)یان، كه‌مپینه‌كانیان له ئه‌وروپا، ڕێپێوان و ڕاسانه‌كانیان له كووچه و شه‌قامه‌كانی خۆیان بێننه‌وه یاد. ئه‌مانه و زۆر دیمه‌نی تری هاوپشتی و هاوخه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كوردانی پارچه‌كانی تری كوردستان و دیاسپۆرا بۆ ڕیفراندۆمی كوردستان، ئاماژه‌یه‌كی ڕوون بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌وه خه‌ونی له‌مێژینه و ئامانجی نه‌گۆڕی كوردانه، كه‌چی لای خۆمان، نه‌خێرچی و عێراقچی له‌و پرۆسه‌یه كه‌وتنه ته‌قه. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌نووكه بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و تامه‌زرۆیییان بۆ ماره‌بڕینه‌وه‌یان له عێراقی عرووبه، چۆن كه‌وتوونه‌ته وێزه‌ی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییخوازان، كه‌چی له دوا چركه‌كانی نزیكبوونه‌وه له ده‌نگدان له‌سه‌ر ڕیفراندۆم، عه‌ره‌ب گوته‌نی (لحفڤ ما‌و الوجه!) پێش خه‌ڵك چوونه سه‌ر سندووقه‌كان و پێشبڕكێیان بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له به‌رده‌م زوومی كامێراكاندا په‌نجه‌یان به‌رز بكه‌نه‌وه و بڵێن ئێمه‌ش ده‌نگمان به (به‌ڵێ) دا، به‌تایبه‌تی سه‌ركرده و سیاسییه سه‌قه‌ت و چه‌رچییه‌كان، ئه‌وانه‌ی ڕیفراندۆمیان كرده (كراسی عوسمان) بۆ خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌وانه‌یش كه پاساوی خیانه‌ته‌كه‌یان دایه‌وه و هه‌نووكه‌ش دووباره كردوویانه‌ته هه‌مان كراس بۆ سه‌لماندنی سوپه‌ر عێراقچێتیی خۆیان.
ئاخر مرۆڤ كه ده‌بینێ ڕیفراندۆمی توركیا كه ویستی تاكڕه‌وانه‌ی (ئه‌ردۆغان) بوو، به ڕێژه‌یه‌كی كه‌می ده‌نگ و به هه‌زار گزی و فزی بردیه‌وه، ئه‌وه‌ی كوردستانیش كه ویست و ئیراده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بوو و له سه‌رووی ٩٣٪ی ده‌نگی هاووڵاتییانی مسۆگه‌ر كرد و له‌و ناوه‌دا هه‌ڵوێستی به‌ره‌ی نه‌خێری هه‌ردوولا به‌راورد ده‌كات، پڕ به دڵ خه‌م له كورد ده‌خوا.
له‌كاتێكدا ڕیفراندۆمه‌كه‌ی ده‌ستووری توركیا بۆ جێ پێ جێگیركردنی ئه‌ستونده‌گ و كۆڵه‌گه‌كانی دیكتاتۆریی و تاكڕه‌وی سه‌رۆكێك بوو و به‌ره‌ی نه‌خێری ئه‌و وڵاته هه‌تا له توانایدا بوو، دژی ئه‌م ڕه‌وتی تاكڕه‌وێتیخوازییه وه‌ستایه‌وه و له‌گه‌ڵیشیدا سوورتر بوو له‌سه‌ر په‌یگیری و پابه‌ندبوون به تورك و توركیاچێتی. كه‌چی له به‌رانبه‌ردا ڕیفراندۆمی ئێمه، كه له پێناو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ره‌وه‌ریی نیشتمانی و سه‌رله‌نوێ خۆشوناسكردنه‌وه و هاتنه‌وه ناو مێژوو بوو، نه‌خێرچییه‌كانی كورد نه‌ك هه‌ر له عه‌ره‌بێك عێراقچیتر ده‌رچوون، به‌ڵكو بێشه‌رمانه به‌رده‌بنه گیانی سه‌ربه‌خۆییخوازان. ده‌ی ئاخر ئه‌م سیاسه‌تی كه‌ری دێزه‌یه‌ی نه‌خێرچی و عێراقچییه‌كان، ئه‌م سه‌ركزییه‌یان له پاساودانه‌وه‌ی خیانه‌ت، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی بێشه‌رمانه داوای دادگاییكردنی سه‌ربه‌خۆییخوازان ده‌كه‌ن و ڕیفراندۆم به سه‌قه‌ت ناو ده‌به‌ن. ئه‌م ڕووقایمییه‌یان، ئه‌م هه‌ڵوێسته شه‌رمئاواره‌یان، ئه‌گه‌ر خۆڵكردنه چاوی خه‌ڵك، شێواندنی ڕاستییه مێژوویییه‌كان و ڕوون و ڕاشكاوتر بڵێین، ئه‌گه‌ر پۆست جاشێتی و سوپه‌ر نۆكه‌ری نه‌بێ، ئه‌ی ناو ده‌نرێ چی؟