(یاداشتی ڕۆژانی ئیستانبوڵ)
به‌شی یازده‌م
نووری بێخاڵی
ئیستیقلال و نمایش!
شه‌قامی ئیستیقلال، گونجاوترین شوێنی نمایش و سه‌رنجڕاكێشانی خه‌ڵك و ڕێبوارانه. ڕۆژی نیشتمانی و بۆنه و یاده جیهانییه‌كان و زۆر بۆنه‌ی تریش، ئه‌و ڕۆژانه‌ن تیایاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌یان له شه‌قامه‌كه‌دا ده‌بینرێ. به‌و پێیه‌ی زوو زوو گردبوونه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و ئاشتییانه ده‌بینی كه له گۆڕه‌پانه بچووكه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كه ژماره‌یه‌ك كۆ بوونه‌ته‌وه و پۆلیسی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان ده‌وریان داون. ئه‌وان بۆ چه‌ند سه‌عاتێك له‌و ناوه ده‌مێننه‌وه، به‌یاننامه‌كانیان ده‌خوێننه‌وه، یه‌كێك هوتاف ده‌كێشێ و ئه‌وانی تر به دوایدا ده‌یڵێنه‌وه. به لاته‌وه سه‌یر نه‌بێت له پڕێكدا ببینی لایه‌نگرانی حزبێك، یان چالاكه مه‌ده‌نییه‌كان، یاخۆ ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاران، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن، له سووچێكی شه‌قامه‌كه‌دا چالاكییه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت له چالاكیی یاد و بۆنه نیشتمانی و جیهانییه‌كاندا، زۆرجار هه‌ر له‌و شه‌قامه‌دا و ئه‌و گرووپانه، پێشانگه‌ی شێوه‌كاری و فۆتۆگرافی ده‌كه‌نه‌وه.
واز له‌و ڕۆژانه بێنن كه یاریی تۆپی پێ هه‌یه، به تایبه‌تی یاریی نێوان گاڵاته سه‌رای و بێشكتاش، ئیتر ئه‌و شه‌قامه سوور و سپی ده‌چێته‌وه له هانده‌رانی ئه‌م دوو یانه‌یه. هه‌ر دووكانی فرۆشتنی جلی وه‌رزشییه، كچ و كوڕ ڕیزیان له به‌رده‌میدا به‌ستووه، ئه‌میان ملپێچ، ئه‌ویان تی‌شێرت، ئه‌وه‌یتر شه‌بقه‌ی هێمای یانه‌كه‌ی، ده‌كڕن و به‌و ناوه‌دا بڵاو ده‌بنه‌وه. جگه له ده‌یان گه‌نجی كچ و كوڕ، كه به ڕه‌نگ و هێمای یانه‌كانیان، ڕووخساری خۆیان نه‌خشاندووه. زۆرجار وا هه‌ست ده‌كه‌یت خۆپیشاندانه، به ده‌یان، ئێوه بڵێن به سه‌دان هانده‌ری یه‌كێك له‌م دوو یانه‌یه، ئاڵای گه‌وره‌ی یانه‌كه‌یان هه‌ڵگرتووه و به پانایی و درێژایی شه‌قامه‌كه به دوای یه‌كدا ده‌ڕۆن، دروشم ده‌ڵێنه‌وه و ئه‌مسه‌روئه‌وسه‌ری شه‌قامه‌كه، به خۆیانه‌وه سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن. كاتێ یارییه‌كه‌ش ته‌واو ده‌بێت، ئیتر هانده‌ران به سواری ئۆتۆمبێله‌وه به فیكه و هۆڕن، گوێی مرۆڤ كاس ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌و دیمه‌نانه‌دا سه‌رنجڕاكێشه، نه‌بوونی توندوتیژی و گرژی و ئاڵۆزییه. مه‌به‌ستم هیچ كار و كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌خوازراو له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ران و پۆلیس نابینرێ. یه‌كه‌میان چالاكیی خۆیان له‌و كات و شوێنه‌ی بۆیان دیاری كراوه و ڕێیان پێ دراوه، ئه‌نجام ده‌ده‌ن و دووه‌میشیان ئاسایش و ته‌ناهیی چالاكییه‌كه ده‌پارێزن و دواتریش هه‌ر كه‌سه و به ئاراسته‌یه‌كدا په‌رته‌ی لێ ده‌كات. دیمه‌نێكی تری باڵكێش له‌م خۆپیشاندانه سیاسی و مه‌ده‌نییانه و ته‌نانه‌ت له نمایشی هانده‌رانی یانه‌كاندا، ئه‌وه‌یه كه زیاتر گه‌نجانه‌ن، به تایبه‌تیش كچان بوون و ئاماده‌یییه‌كی به‌رچاویان تیایاندا هه‌یه.
*****
ڕێپێوانی دادپه‌روه‌ری!
چاوی زۆربه‌ی میدیا ناوخۆیییه‌كان له‌سه‌ر پیاو و ژنه به ته‌مه‌نه‌كانه، ئه‌وانه‌ی به‌شداری ڕێپێوانی (450) كیلۆمه‌تریان كردووه. ئه‌و ڕێپێوانه‌ی درێژایی كه‌ژاوه‌كه‌ی سێ كیلۆمه‌تر ده‌بێت و سه‌ره‌ڕای گه‌یشتنی پله‌ی گه‌رمی به 37 پله‌ی سه‌دی، 15ی حوزه‌یرانی 2017 له ئه‌نكه‌ره‌وه ده‌ستی پێ كردووه و بڕیاره تا ئیستانبوڵ و به‌رده‌م ئه‌و گرتووخانه‌یه‌ی كه په‌رله‌مانتارێكی جه‌هه‌په تێدا گیراوه و حوكم دراوه، به‌رده‌وام بێت. ڕێپێوانی دادپه‌روه‌ری كه باس و خواسی گه‌رم و ڕۆژه‌ڤی زیاتر له سێ هه‌فته‌ی توركیا بوو و نزیكه‌ی (50) هه‌زار كه‌س به‌شدارییان تێیدا كرد، وه‌ك شێوازێكی نوێی ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕین له به‌رانبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی (ئه‌ردۆغان) و حزبه‌كه‌ی، بیرۆكه‌ی (كلیچدار ئۆغڵو)ی سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزسیۆن بوو. ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه (ئه‌ردۆغان) به هاوسۆزیی تیرۆریزم و هاندانی تیرۆر و ڕۆیشتن له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی (قه‌ندیل و په‌نسلڤانیا) وه‌سفی كرد، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ڕێچكه‌ی (په‌كه‌كه و فه‌تحوڵا گوله‌ن!).
كه‌مال كلیچدار ئۆغڵو، سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆماری (CHP) و سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزسیۆن، داوای له لایه‌نگران و به‌شدارانی ڕێپێوانه‌كه كرد، ته‌نیا ئاڵای توركیا و وێنه‌كانی ئه‌تاتورك و دروشمی دادپه‌روه‌ری به‌رز بكه‌نه‌وه، ڕێڕۆیشتنه‌كه‌ی به (لادانی په‌رده‌ی ترس) ناو برد. ئه‌و ترسه‌ی كه حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان، دوای سیناریۆی كوده‌تاكه‌ی (2016) ڕژاندیه گه‌رووی شه‌قام و هه‌موو كون و كه‌له‌به‌رێكی توركیا و به سه‌دان هه‌زار كه‌سی له نه‌یاره‌كانی خۆی (گوله‌نییه‌كان و كورد)ی خسته كونجی گرتووخانه و له كار دووری خستنه‌وه. ترسێك، تا ئێسته‌یش وه‌ك مۆته‌كه به‌سه‌ر سنگی توركیا و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه ماوه.
راستییه‌كه‌ی بڕیاری ئه‌نجامدانی (ڕێپێوانی دادپه‌روه‌ری)، كاردانه‌وه‌ی جه‌هه‌په بوو له به‌رانبه‌ر بڕیارێكی دادگای تاوانه‌كانی ئیستانبوڵ كه ده‌رهه‌ق به (ئه‌نیس به‌ربه‌ر ئۆغڵو - په‌رله‌مانتاری حزبه‌كه‌ی) ده‌ریكردبوو. بڕیاره‌كه‌ی دادگا به تۆمه‌تی (ئاشكراكردنی زانیاریی نهێنیی ده‌وڵه‌ت بۆ ئامانجی سیخوڕیی سیاسی و سه‌ربازی) و وه‌سفكردنی وه‌ك (هه‌ڕه‌شه‌كردن له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و خیانه‌تی نیشتمانی)، حوكمی (25) ساڵ زیندانیكردنی بۆ ئۆغڵو بڕیبووه‌وه. ئه‌و زانیارییانه‌ی (به‌ربه‌ر ئۆغڵو) كه (ڕۆژنامه‌ی جمهوریه‌ت - له مانگی ئایاری 2015، بڵاوی كردنه‌وه) و له‌سه‌ری دادگایی كرابوو، بریتی بوون له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ده‌زگه‌ی هه‌واڵگریی توركی كه تیایدا به ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆ گرووپه چه‌كدار و تیرۆریستییه‌كانی سووریا ده‌نێرێ.
له‌و ده‌مه‌یدا كه به بیانووی به‌شداریكردن، یان دنه‌دان، یاخۆ پشتیوانیكردنی كوده‌تا، حكوومه‌ته‌كه‌ی ئاكه‌په به سه‌دان هه‌زار كه‌سیان (له تورك و كورد) خسته گرتووخانه‌كان و له كاری فه‌رمانبه‌ری دووریان خستنه‌وه (بۆ نموونه، هه‌ر له ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا و به تۆمه‌تی ده‌ست هه‌بوونیان له هه‌وڵی كوده‌تا، 50 هه‌زار كه‌سیان گرت و 140 هه‌زار كه‌سی تریان له دادوه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكار و پله‌داری سه‌ربازی و فه‌رمانبه‌ری ئاسایی، له كار دوور خسته‌وه). هاوكات هه‌ر له ڕۆژی هاتنه سه‌ر حوكمیان، ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ی به ده‌یان كه‌سایه‌تیی سیاسی، چالاكی مه‌ده‌نی، یاساناس و مافپه‌روه‌ر، ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاری كوردیان خسته گرتووخانه‌كان و ته‌نانه‌ت ده‌ستیان له گرتنی مێرمنداڵی كوردی خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵی نه‌پاراست و به یاسای تیرۆر زیندانیان كردن، چش له به‌رده‌وامیی سیاسه‌ته‌كانی ڕاگواستن و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر گوند و ئاوایی و ته‌نانه‌ت شاره گه‌وره‌كانی باكوری كوردستان، كه‌چی كلیچدار ئۆغڵو و حزبه‌كه‌ی مێش میوانیان نه‌بوو، به‌ڵام ته‌نیا به‌هۆی زیندانیكردن و حوكمدانی په‌رله‌مانتارێكیان، ده‌ستیان دایه ئه‌و چالاكییه و بانگه‌شه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ییان بۆ (80) ملیۆن هاووڵاتیی توركیا ده‌كرد. بۆیه ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌دا چاوه‌ڕێ و پێشبینی نه‌ده‌كرا، ئه‌وه‌بوو كه دوای كه‌متر له دوو هه‌فته له ده‌ستپێكردنی ڕێپێوانه‌كه و (ڕێك له 3ی ته‌مووزدا)، هه‌ده‌په چووه پاڵ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی كلیچدار و حزبه‌كه‌ی (ئه‌و حزبه‌ی به درێژایی مێژووی توركیای نوێ، پشكی شێری له كوردقكردن به‌رده‌كه‌وێ) و زۆری نه‌برد (ده‌میرتاش)یش له گرتووخانه‌وه په‌یامی پشتیوانیی خۆی بۆ چالاكییه‌كه ده‌ربڕی. هاوسۆزیی هه‌ده‌په له كاتێكدا بوو كه ئه‌ردۆغان به ئاشكرا له تۆمه‌تباركردنی چالاكییه‌كه‌ی كلیچدار به پشتیوانیكردن و هاندانی تیرۆر، زوو زوو نموونه‌ی به قه‌ندیل و په‌كه‌كه ده‌هێنایه‌وه!
*****
گۆڕه‌پانه‌كانی ڕق!
توندڕۆیی یاریگه‌كان به یه‌كێك له ترسناكترین كێشه‌كانی یاریی تۆپی پێ داده‌نرێت. ئه‌و توندڕۆیی و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌ی ناو یاریگه‌كان كه وه‌ك دیارده‌یه‌كی باو به (نه‌خۆشیی ئینگلیزی) ناو ده‌برێ، زۆر به خێرایی به ته‌واوی دنیادا بڵاو بووه‌وه. به جۆرێك تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت، زۆربه‌ی یاریگه‌كان له بری ئه‌وه‌ی ببنه پردی پێوه‌ندی و دۆستایه‌تی، بوونه‌ته گۆڕه‌پانی ئاژاوه‌گێڕی و توندوتیژی و رق هه‌ڵڕشتن.
ئه‌گه‌رچی دیاریكردنی مێژوو و ده‌ستپێكی یه‌كه‌م گرژی و ئاڵۆزی و توندوتیژییه‌كانی ناو یاریگه‌كانی تۆپی پێ، هه‌روا ئاسان نییه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه وه‌زرشییه‌كان، ئینگلیزه‌كان سه‌رچاوه و داهێنه‌ری ئه‌و توندوتیژییانه‌ن، دواتر له ڕێی ئه‌وانه‌وه به خێرایی یاریگه‌كانی جیهانی گرته‌وه و بووه دیارده‌یه‌كی دزێو و تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه و له په‌ره‌سه‌ندندایه.
ئه‌و سه‌رچاوه وه‌رزشییانه، ساڵانی نێوان (1880 و 1890) به سه‌ره‌تای گه‌شه‌كردنی دیارده‌كانی توندوتیژیی یاریگه‌كان داده‌نێن، ئه‌و ساڵانه له نێوان هانده‌رانی یانه ئینگلیزه‌كاندا، به‌تایبه‌تی له یارییه‌كانی دێربی، ده‌یان توندوتیژی و به‌ریه‌ككه‌وتن ڕووی داوه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو باس له‌وه ده‌كرێ كه ئه‌م دیارده‌یه له‌لایه‌ن گرووپی ڕێكخراو و چه‌ته‌یی سه‌رپه‌رشتی كراوه، له‌و ناوه‌شدا ناوی (هۆلیگانز و ئه‌لتڕاس) دێت كه بنه‌ما و پره‌نسیپی دیاریكراویان هه‌بووه و لایه‌نگره‌كانیان پێیه‌وه پابه‌ند كردووه.
یه‌كه‌م ڕووداوی پشێوی نانه‌وه و ئاژاوه‌گێڕیی له یاریگه‌كانی ئینگلته‌رادا كه تۆمار كراوه، ساڵی ١٨٨٥ و له یاریی نێوان هه‌ردوو یانه‌ی (بریستۆن نۆری و ئاستۆن فیللا) بوو، تیایدا هانده‌رانی هه‌ردوو لا به بۆكس و دار و به‌رد و چه‌قۆ، وه‌رگه‌ڕانه گیانی یه‌كتری و چه‌ندان قوربانی لێ كه‌وته‌وه.
به‌هه‌رحاڵ، به مه‌به‌ستی ئاشناكردنی خوێنه‌ر به ئه‌نجامی ترسناكی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی ناو یاریگه وه‌رزشییه‌كان و به سوودوه‌رگرتن له سه‌رچاوه وه‌رزشییه‌كان و ڕۆژمێریی ڕووداوه وه‌رزشییه‌كان، ئه‌م ڕوواداونه‌ی بیر ده‌خه‌ینه‌وه:
ساڵی ١٩٦٤ به‌هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی گۆڵێكی هه‌ڵبژارده‌ی (پیرۆ) له به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی (ئه‌رجه‌نتین)، هانده‌ران پشێوی و ئاڵۆزییان نایه‌وه و به هۆیه‌وه (318) كه‌س كوژران و (500) كه‌س به سه‌ختی بریندار بوون.
ساڵی ١٩٧١ له میانی خولی سكوتلاند له یاریی نێوان (سه‌لتیك و گلاسكۆ ڕینجه‌رز)، به‌هۆی نانه‌وه‌ی پشێوی و پاڵپاڵینه‌وه، نزیكه‌ی (66) كه‌س گیانیان له ده‌ست دا.
ساڵی ١٩٧٤ له یاریی كۆتای جامی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له نێوان (تۆتنهامی ئینگلیزی و فینۆردی هۆڵه‌ندی)، هانده‌رانی یانه ئینگلیزییه‌كه ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌یان له‌ناو یاریگه نایه‌وه و به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان، له هاتنه ده‌ره‌وه‌یاندا له یاریگه، ژماره‌یه‌ك دووكان و شوێنه بازرگانییه‌كانی شاری ڕۆتردامیان تێكوپێك دا. ساڵێك دوای ئه‌مه و له یاریی نێوان (لیز یونایتدی ئینگلیزی و بایرن میونشنی ئه‌ڵمانی) و به‌هۆی دۆڕاندنی یانه ئینگلیزییه‌كه، هانده‌رانی گرژی و ئاڵۆزیی زۆریان نایه‌وه و گۆڕه‌پانه‌كه‌یان كرده یه‌ك پارچه یاریی ئاگرین، له ده‌ره‌وه‌ش له‌گه‌ڵ پۆلیس ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و جامی ئۆتۆمبێله‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كانیان شكاند.
له خولی ئه‌رجه‌نتین و له یاریی نێوان (ڕیڤه‌ر بلیت و بۆكا جۆنیۆر) له ساڵی ١٩٧٤، دووباره به‌هۆی گرژی و پاڵه‌په‌ستۆ و پاڵ پێوه‌نانه‌وه، (74) كه‌س گیانیان له ده‌ست دا و زیاتر له (150) كه‌س به سه‌ختی بریندار بوون.
كاره‌ساتبارترین ڕووداوه‌كانی ناو یاریگه‌كانی تۆپی پێ، ڕووداوه‌كه‌ی یاریی نێوان هه‌ردوو یانه‌ی (سپارتاك مۆسكۆی ڕووسی و هارلیمی هۆڵه‌ندی) بوو له ساڵی ١٩٨٢. له‌و یارییه‌دا كه له چوارچێوه‌ی خولی پاڵه‌وانێتیی ئه‌وروپا بوو، به‌هۆی ئه‌و ئاڵۆزی و پشێوییانه‌ی هانده‌ران دروستیان كرد، (340) كه‌س كوژران.
ڕووداوی یاریگه‌ی (هیسیل)یش له بڕۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا له ساڵی ١٩٨٥، به یه‌كێك له ڕووداوه هه‌ره ڕه‌شه‌كانی ناو یاریگه‌كانی تۆپی پێ دێته ژماردن. له‌و ساڵه‌دا و له میانی یاریی كۆتای خولی پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا له نێوان هه‌ردوو یانه‌ی (یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی و لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی)، به‌هۆی شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هانده‌رانی هه‌ردوو لا (39) كه‌س له هانده‌رانی یانه ئیتاڵییه‌كه كوژران.
ساڵی ١٩٨٩ و له یاریی نێوان (لیڤه‌رپول و نۆتنگهام)دا، یاریگه‌ی (هێلزبره)ی شاری شه‌فێڵدی ئینگلته‌را، گه‌وره‌ترین ڕووداوی ئاژاوه‌گێڕی به‌خۆیه‌وه بینی و به‌هۆیه‌وه (96) كه‌س گیانیان له ده‌ست دا. به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی و پاڵه‌په‌ستۆی هانده‌رانه‌وه، ساڵی ١٩٩٦ له میانی یاریی نێوان (گواتیمالا و كۆسته‌ریكا)، (84) كه‌س و ساڵی ٢٠٠١ له یاریگه‌ی (ئیلیس پارك)ی باشووری ئه‌فه‌ریقا له یاریی نێوان (كایزه‌ر چیفز و ئۆرلاندۆ بیتراس)دا، (43) كه‌س و ساڵی ٢٠٠٩ له یاریی نێوان (كۆتدیڤوار و مالاوی) له پاڵاوتنه‌كانی جامی جیهانیدا، (19) كه‌س، گیانیان له ده‌ست دا.
یه‌كێكی تر له كاره‌ساته خوێناوییه‌كانی ناو یاریگه‌كان، ساڵی ٢٠١٢ و له شاری پۆرسه‌عیدی میسر بوو، كه له میانی خولی یانه نایابه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا (٧٢) كه‌س كوژران و به سه‌دانی تریش به سه‌ختی بریندار بوون. دوای ئه‌وه ڕووداوێكی هاوشێوه هه‌ر له میسر و له یاریگه‌ی (به‌رگریی ئاسمانی) دووباره بووه‌وه و به هۆیه‌وه (20) كه‌س كوژران و ده‌یانی تریش بریندار بوون.
*****
تۆپی پێ، تورك و توندوتیژی!
تۆپی پێ یه‌كێكه له ناودارترین و سه‌رنجڕاكێشترین یارییه وه‌رزشییه‌كان له دنیادا، یارییه‌كه هه‌موو دنیای له خۆی كۆ كردووه‌ته‌وه، وه‌لێ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و چێژبه‌خشی و سه‌رنجڕاكێشیه‌یشی سه‌رچاوه‌ی ئاڵۆزی و ته‌نانه‌ت توندوتیژی و ته‌قینه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستیشه. كاتێكیش سه‌یری ڕووداوه كاره‌ساتباره‌كانی ئه‌و یارییه ده‌كه‌ین كه به‌رهه‌می توندوتیژیی هانده‌رانه، ناچارین له خۆمان بپرسین: ئه‌رێ وه‌رزش سه‌رچاوه‌ی ڕێز و خۆشه‌ویستی بێت، ئه‌ی ئه‌م هه‌موو ڕقه له كوێوه و بۆچی ده‌ته‌قێته‌وه؟
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌گه‌ر له مێژوودا هانده‌رانی ئینگلیز داهێنه‌ری پشێوی و ئاڵۆزی و گرژیی ناو یاریگه‌كان بن، ئه‌وا هانده‌رانی یانه توركییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی دنیادا به یه‌كێك له مه‌ترسیدارترین هانده‌رانی ناو ئه‌و مێژووه ناسراون و ده‌ناسرێن. ڕووداوه‌كانی ساڵی ٢٠٠٠ له كاتی یاریی نێوان (گاڵاتا سه‌رای توركی و لیدز یونایتدی ئینگلیزی) زیندووترین نموونه‌یه، كاتێ له میانی یارییه‌كانی خولی جامی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، گرووپێكی چه‌ته‌ی تورك له هانده‌رانی یانه توركییه‌كه، كه ناویان له خۆیان نابوو (پاسه‌وانانی شه‌و)، دزه‌یان كرده ناو گۆڕه‌پانی یاریی و ئاژاوه و پشێوێكی گه‌وره‌یان به‌رپا كرد، به‌هۆیه‌وه چه‌ند هانده‌رێكی یانه ئینگلیزییه‌كه كوژران و ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ته‌ناهیی نه‌بوونایه، یاریگه‌كه‌یان ده‌كرده قه‌سابخانه.
دێربیی ئیستانبوڵ (گاڵاتا سه‌رای و فه‌نه‌رباخچه) یه‌كێكه له‌و یارییانه‌ی له پێوه‌ست به ئاژاوه‌گێڕیی هانده‌ره‌كانیان ناویان چووه‌ته ناو كتێبی پێوانه‌یی (گینیس). یانه‌ی یه‌كه‌م نوێنه‌رایه‌تیی به‌شی ئه‌وروپا و دووه‌میان هی به‌شی ئاسیای شاره‌كه ده‌كه‌ن، له یاریگه‌كانیان به دروشمی (به‌خێر بێن بۆ دۆزه‌خ) پێشوازی له یاریكه‌ر و هانده‌رانی یه‌كتری ده‌كه‌ن. ژماره‌ی ڕووداوه توندوتیژه‌كانی نێوان هانده‌رانی ئه‌م دوو یانه توركییه زۆر و زه‌وه‌ندن، تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ندێ جار یاریگه‌كانیان بووه‌ته گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و كوشتن و وێرانكاری.
*****
ئاكه‌په له سێبه‌ری خۆیشی ده‌ترسێت!
زۆر باش بیرم ماوه، منداڵم و له‌سه‌ر پلیكانه‌كان له یاریگه‌ی گه‌رده‌گه‌رد دانیشتووم، یاریی تۆپی پێیه له نێوان تیپی وه‌رزشیی ڕواندز و دیانا (سۆران، مه‌قسه‌دم سدیق، ناوێكی نامۆ و بێزراوی ئه‌و ڕۆژانه بوو!). یارییه‌كی گه‌رم، هانده‌رانی خستووه‌ته جۆش و خرۆش، گۆڵێك له ئێمه و هی به‌رانبه‌ر له‌وان، یاریگه‌كه ده‌هه‌ژێ. ئه‌وان گۆڵێكی تر ده‌كه‌ن، له كۆتای یاریی و فیكه‌ی ناوبژیوان نزیك ده‌بینه‌وه و تیپه‌كه‌مان ده‌دۆڕێ، ئیتر ئه‌و ناوه ده‌بێته دۆزه‌خ. به‌رد له‌و ئاسمانه به به‌رده‌كه‌ی تر ده‌ڵێ جێم بكه‌وه، یاریكه‌ره میوانه‌كان به هه‌زار ده‌ردی سه‌ر ده‌گه‌نه لای كۆسته‌ره‌كه‌یان. ئه‌م دیمه‌نانه له یارییه‌كانی تر و له یاریگه‌ی ئه‌وانیش دووباره ده‌بنه‌وه، كاتێ ده‌دۆڕێن، هانده‌رانیان هه‌مان به‌زم به یاریكه‌ر و هانده‌رانمان ده‌كه‌ن.
به‌راورد به مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی گرژی و توندوتیژییه‌كانی ناو یاریگه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دنیا و له نێوان هانده‌رانی یانه و هه‌ڵبژارده به‌ناوبانگه‌كانی دنیادا و ئاكامه تراجیدییه‌كانیان، ئه‌وانه‌ی لای خۆمان، وه‌ك شۆخی و گاڵته وان. ته‌قه‌ی كه‌رێتییه‌كه‌ی لێ ده‌ربچێ، جیاوازییه‌كی سه‌یری ئه‌وانه‌ی لای خۆمان ئه‌وه‌یه، له كافتریا و شوێنه گشتییه‌كاندا، به دیار یاریی نێوان دوو یانه‌ی بێگانه دانیشتوون، كه‌چی له‌سه‌ر بردنه‌وه و دۆڕانی یه‌كێكیان، ده‌چن به‌گژ یه‌كدا و ده‌یكه‌نه پشێوییه‌ك نه‌بێته‌وه.
به هه‌رحاڵ، له‌گه‌ڵ (كارۆخ) له كه‌ره‌كۆیی و به كه‌ناری ده‌ریاوه، بڕیار ده‌ده‌ین تا هێزی ڕۆیشتنمان هه‌یه، ئه‌و ڕۆژه بڕۆین و ڕێ ببڕین. به ڕێوه‌ین و ده‌گه‌ینه به‌رده‌م یاریگه‌ی وه‌رزشیی بێشكتاش، قیامه‌تێكه نه‌بێته‌وه. تومه‌ز ئه‌و ڕۆژه یاریی نێوان (لیل)ی فڕه‌نسی و (بێشكتاش)ی توركی هه‌بوو.
په‌یتا په‌یتا ژن و پیاو، كچ و كوڕ، گه‌نج و پیر، به جلی وه‌رزشیی یانه‌ی (بێشكتاش)، له هه‌موو كووچه و كۆڵانێك، به ئاراسته‌ی یاریگه‌كه ڕێیان گرتووه‌ته به‌ر. له به‌رده‌م یاریگه‌دا هه‌ڵپه‌ڕكێ و سه‌مایه‌كه نه‌بێته‌وه، ده‌هۆڵ و زوڕنا ده‌نگیان ده‌چێته كه‌شكه‌ڵانی ئاسمان، دووكه‌ڵی ڕه‌نگاڵه‌یی، كه هانده‌ران به‌و ناوه‌دا په‌رشی ده‌كه‌ن، دیمه‌نه‌كه‌ی جوان و دڵگیر و سه‌رنجڕاكێشتر كردووه. ڕۆژ ڕۆژی ده‌ستگێڕه‌كانه، هه‌ریه‌كه له سووچی شه‌قامێكی ئه‌و ناوه‌دا (ئاو، پیپسی، بیره)ی ساردیان خستووه‌ته فلینه‌یه‌ك و ده‌یفرۆشن.
پۆلیسی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان ده‌وری یاریگه‌كه‌یان داوه، ئۆتۆمبێلی ئاوپژێن و گازی فرمێسك‌ڕێژ و ته‌نانه‌ت تاك تاك زرێپۆش، وه‌ك ئاماده‌باشی بۆ ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌ر ئاڵۆزییه‌ك، له‌و ناوه بڵاوه‌یان پێ كراوه. چونكه هه‌فته‌ی پێشوو و له یاریی چووندا، هانده‌رانی هه‌ردوو لا له فڕه‌نسا به‌گژ یه‌كتردا چووبوون.
پێشتر و له چوارچێوه‌ی یارییه‌كانی هاتنی چاره‌گی كۆتای خولی پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا، هه‌وڵم دا بلیتی یاریی نێوان (لیۆنی فڕه‌نسی و بێشكتاشی توركی) بكڕم، كه ٢٠ی نیسانی ٢٠١٧ له یاریگه‌ی بێشكتاش (ڤۆداڤۆن ئارینا!) ئه‌نجام درا، وه‌لێ چانس یاوه‌رم نه‌بوو و بلیتم ده‌ست نه‌كه‌وت. ده‌ی باشتر، ئاخر له یاریی چوونی نێوان هه‌ردوو یانه له یاریگه‌ی لیۆن، به‌هۆی ئه‌و پشێوی و ئاڵۆزییه‌ی هانده‌رانی هه‌ردوو یانه‌كه نایانه‌وه، یارییه‌كه (٤٥) خوله‌ك له واده‌ی ده‌ست پێكردنی خۆی دواكه‌وت و برینداری زۆری لێ كه‌وته‌وه و زیانێكی زۆریش به‌ر یاریگه‌كه كه‌وت.
ئیتر كێ ناڵێ ئه‌مجاره‌ش هه‌روا ناكه‌وێته‌وه و له‌به‌ر ده‌ست و پێی هانده‌ره سه‌رسه‌خته‌كانی ئه‌و یانه توركییه‌دا ناپلیشێمه‌وه!
ده‌ڵێم خێری پێوه بوو، چونكه شه‌و كه له ماڵه‌وه سه‌یری یارییه‌كه‌م ده‌كرد، (بۆتان) ته‌له‌فۆنی كرد و پرسی داخۆ له ماڵه‌وه‌م یان نا؟ ئه‌گه‌ر له ماڵه‌وه نیم، له كوێم و بۆ زه‌رووره بگه‌ڕێمه‌وه ماڵه‌وه؟
ڕاستییه‌كه‌ی شوقه‌كه‌ی من ئه‌وپه‌ڕی ٢٠ تا ٢٥ خوله‌ك ڕێ ڕۆیشتن به پێ، له یاریگه‌ی بێشكتاش دوور بوو، ئیتر كه یاریی ته‌واو ده‌بێت، هه‌رچی هانده‌ره به‌و هه‌ورازه‌دا و به‌ره‌و گۆڕه‌پانی ته‌قسیم و شه‌قامی ئیستیقلال سه‌ر ده‌كه‌ون. دواتر له ڕێی هاوڕێكه‌مه‌وه، كه هه‌واڵ و زانیاری پێ گه‌یشتبوو، زانیم كه بوونی ئه‌م هه‌موو پۆلیسی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان و ئۆتۆمبێلی ئاوپژێن و گازی فرمێسك‌ڕێژ و دانه دانه زرێپۆش له‌و ناوه، له‌به‌ر پشێوی و ئاڵۆزییه‌كانی ناو یاریگه نییه، به‌ڵكو ئه‌و شه‌وه حكوومه‌ت ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه، دوای ته‌واوبوونی یارییه‌كه، هانده‌رانی بێشكتاش به دنه‌دان و پاڵپشتیی هێزێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆن، خۆپیشاندانێكی فراوان بكه‌ن. ئاكه‌په‌ش گومانی ئه‌وه‌ی كردبوو، ئه‌مه هه‌وڵێك بێت بۆ جۆرێك له كوده‌تا.
سه‌یره، ئه‌و حزبه ته‌نانه‌ت زراوی له قه‌ره‌باڵغیی زه‌ماوه‌ندێكیش ڕژاوه، وێده‌چێ بزانێ شتێكی جوانی نه‌چاندووه، تا به‌رهه‌مێكی جوان بچنێته‌وه، بۆیه ترسی ته‌نانه‌ت له سێبه‌ری خۆیشی هه‌یه!