به‌شی شازده
نووری بێخاڵی
جگه‌ره و زۆربڵێی!
پێم وانییه ئه‌وه سروشتی مێینه بێت، به‌ڵكو ڕه‌نگه ئه‌وه خه‌سڵه‌تێكی جیناتی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی بۆماوه‌یی بێت كه جیاواز له هه‌موو دنیا، ته‌نیا له مێینه‌ی توركدا هه‌یه. هونه‌رمه‌ندی ڕه‌وانشاد حاجی مه‌كی (عه‌لیه فه‌نی) گوته‌نی: "ده‌ڵێی ڕادیۆی بێ پیلن!". هه‌ر ئه‌وه‌یه سه‌ری قسه‌یان دانا، ئیتر كۆتاكه‌ی مه‌گه‌ر هه‌ر خوا بزانێ چۆن و كه‌ی ده‌بێت. ئێسته‌یش سه‌یرم به‌و كوڕه گه‌نجانه دێت كه له كافتریایه‌كدا به‌رانبه‌ر هاوڕێ كچه‌كانیان دانیشتبوون، یان له‌ژێر دره‌ختی پاركێكدا و له ژوانێكدا پاڵیان وه كه‌پڵه‌كانیانه‌وه دابوو، چۆن په‌رده‌ی گوێیان نه‌ته‌قیوه و ناته‌قێ. ده‌ی خۆ كچی تورك قسه‌یان لێ نابڕێ و له‌سه‌ر وشه په‌كیان ناكه‌وێ، چونكه هه‌میشه بابه‌تێكیان هه‌ر ده‌بێت سه‌ری قسه‌ی پێ دابه‌ستن.
سه‌یر له‌وه‌دایه زۆرینه‌ی هه‌ره زۆریان و له ته‌مه‌نی جیاواز، جگه‌ره‌كێشن. ئینجا ئه‌وه‌نده به سه‌رنجڕاكێشییه‌وه جگه‌ره ده‌كێشن، به ده‌ست خۆت نییه كه جگه‌ره به نێو دوو په‌نجه و لا لێویانه‌وه ده‌بینی، یه‌كڕاست دڵت ده‌چێت بۆ كێشانی. ئه‌وه بۆیه تا له نزیكه‌وه ئه‌و ژینگه‌یه‌م نه‌بینی، به لامه‌وه سه‌یر بوو، چۆن (كه‌مال و فۆیسون)ی ناو ڕۆمانه‌كه‌ی (مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی)، ئه‌و تۆن جگه‌ره‌یه‌یان كێشاوه!
له قوتابی ئاماده‌یییانه‌وه بگره بۆ زانكۆ، له گارسۆنی چێشتخانه و كافتریاوه تا فه‌رمانبه‌ری كۆمپانیایه‌ك، له هه‌رزه‌كارییانه‌وه تا به‌ساڵاچوو، له سفووریانه‌وه بۆ له‌چك و جوبه‌پۆشه‌كان، زۆرینه‌یان پاكه‌تی جگه‌ره له‌ناو جانتاكانیانه. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له پاس یان میترۆ داده‌به‌زین، ئیتر ده‌ستێكیان له‌ناو جانتاكه‌یاندایه و به دوای پاكه‌ت و چه‌رخدا هه‌ڵگێڕ و وه‌رگێڕ به هه‌ناوی جانتاكه‌یان ده‌كه‌ن. ئه‌وكاته‌ی له (تومه‌ر) له خولی فێربوونی زمانی توركی ده‌مخوێند، له كۆی ١١ مامۆستای ژن نۆیان جگه‌ره‌كێش بوون. ئه‌وه‌نده به‌س بوو كه وانه‌یه‌كمان ته‌واو ده‌كرد و ده‌رگه‌ی پۆله‌كان ده‌كرایه‌وه و ده‌چووینه ده‌ره‌وه، ئیتر هه‌ریه‌كه‌یان له سووچی پۆله‌كه‌یدا به چاوباشقاڵێ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی تر ده‌كرد و له پلیكانه‌كانه‌وه فریایان نه‌ده‌كه‌وتی، كه بۆ كێشانی جگه‌ره‌یه‌ك، چۆن به هه‌راو هۆریاوه بۆ به‌رده‌رگه‌ی ده‌ره‌وه، ڕاكه ڕاكه‌یان بوو.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تریش كه له مێینه‌ی توركم بینی، تووڕه‌یی و ترشی، هاروهاجی بوو، دیاره له‌و كاتانه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێك به یه‌كتردا هه‌ڵده‌شاخان، یان كێشه‌یان هه‌بووایه، ئیتر ئه‌و ناوه‌یان له زه‌واق ده‌نا. چه‌ندان جار بۆ خۆم ڕێكه‌وتی ئه‌و به‌زمانه‌م كردووه كه كچ و ژنی تورك، وه‌ك زه‌نگه‌سووره به‌و ناوه‌دا گیزه‌یان كردووه. شه‌وێكیان له‌و كۆڵانه‌مان بووه فه‌رته‌نه و هات و هاوارێك، ئه‌وسه‌ری دیار نه‌بێت. په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌م لادا ده‌بینم یه‌ك دوو گه‌نجی كوڕ شه‌ڕیانه و له‌ناویشیاندا دوو سێ كچ هه‌ن، له‌وانی كوڕ دڕ و توند و شه‌ڕاویترن. نیوه‌ی كۆڵانه‌كه بوونه ناوبژیوانیان، تا له یه‌خه‌ی یه‌كتریان كردنه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانم بڵێم ئه‌م زۆربڵێی و جگه‌ره‌كێشان و تووڕه‌ییه‌یان لێ ده‌هات، به‌تایبه‌تی كه له حاڵه‌تی یه‌كه‌م و سێیه‌میاندا، زۆر جوان و بزۆز و چالاكتر ده‌رده‌كه‌وتن!
*****
تاكسی تورك و قۆڵبڕی
ئه‌گه‌ر گه‌شتیارێك ڕێی بكه‌وێته ئیستانبوڵ و شاره‌زای هۆیه‌كانی هاتوچۆ و گواستنه‌وه نه‌بێت، ده‌كه‌وێته داوی شوفێری تاكسییه‌كانه‌وه، ئه‌و قۆڵبڕانه‌ی هه‌ر له دووره‌وه نێچیری خۆیان ده‌ناسنه‌وه و ڕاوی ده‌كه‌ن. له كاتێكدا له‌و شاره نه‌ك هه‌ر خه‌ڵكی خۆجێی، به‌ڵكو گه‌شتیاریش ئه‌گه‌ر شاره‌زایی په‌یدا بكات، ئه‌وا په‌كی له‌سه‌ر هاتن و چوون ناكه‌وێ. به جۆریك وه‌ك له به‌شه‌كانی پێشتردا ئاماژه‌مان پێی كرد، چه‌ندان هۆكار و ئامرازی گواستنه‌وه‌ی ڕێبواران هه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، تاكسییه‌كان هێشتا بازاڕیان هه‌ر خراپ نییه، به‌ڵام خوا نه‌كات ناشاره‌زا و بێگانه بیت و تووشت بێت به تووشی شوفێری تاكسییه‌وه، ئاخر زۆرینه‌یان نا، به‌ڵكو هه‌ر هه‌موویان كلاوچین و كورد گوته‌نی "بۆ فلسێك، مه‌مكی دایكی خۆیشیان ده‌بڕن".
ڕاسته هه‌موو تاكسییه‌ك ئامێری ژمێره و پێوانه‌كردنی هه‌یه و شاشه‌كه‌ی به به‌رچاوته‌وه‌یه و بۆ هه‌ر كوێ بڕۆیت به‌گوێره‌ی دووری و نزیكیی شوێنه‌كه، نرخه‌كه‌یت نیشان ده‌دات، به‌ڵام چونكه شه‌قامه‌كان زۆر قه‌رباڵغن و زۆربه‌ی جار تووشی خنكان دێن، بۆیه ئه‌وه ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ شوفێری تا‌كسیی تا ڕێی ١٠ كیلۆمه‌ترت بۆ بكه‌ن به 20. ئه‌مه و چش له سه‌رشێتی و خێرا لێخوڕین و ده‌ست به هۆڕنه‌وه‌نان. ئینجا زۆر جار وا ڕێككه‌وتووه ئه‌گه‌ر له‌وه‌ش دڵنیا بووبیت كه فریویان داویت و ڕێی نزیكیان بۆ دوور كردوویته‌وه، به‌ڵام هێشتا ترسی ئه‌وه‌ت هه‌یه پاره‌كه‌یان، ئه‌وه‌ی كه ئه‌وان ده‌یخوازن، نه‌یانده‌یتێ. چونكه هه‌ڕه‌شه‌ی لێدانیشت لێ ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر شه‌و بێت، ئه‌وا به لاته‌وه ئاسایی بێت بۆ ئه‌وه‌ی دووره به‌ڵابی، باشتره دووقاتی كرێیه‌كه‌یشیان بده‌یتێ، تا ده‌ستیان له یه‌خه‌ت بكه‌نه‌وه.
ئاخر به‌شێك له‌و شوفێری تاكسییانه چه‌قۆكێشن، وای له‌وه‌ی سه‌ربه گرووپی مافیاییش نه‌بن. بۆ ئه‌مه هه‌رگیز سه‌ربورده‌ی نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر (ئازاد عه‌بدولواحید)م بیر ناچێته‌وه كه شه‌وێك له مه‌یدانی ته‌قسیم تاكسییه‌كمان بۆی ڕاگرت تا بیگه‌یه‌نێت به هۆتێله‌كه‌ی له فاتیح، كه ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ژمێره و پێوه‌ری ئه‌لیكترۆنیی تاكسییه‌كه‌ش بێت، ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌وپه‌ڕی 25 لیره كرێی پێویست بووبێت، كه‌چی شوفێره‌كه ئه‌وه‌نده كۆڵانه و كۆڵان و پێچوپه‌نای پێ كردبوو، دواتریش به‌ر له‌وه‌ی بیگه‌یه‌نێت به شوێنی خۆی و پاش ئه‌وه‌ی كاك ئازاد گومان له شوفێره‌كه ده‌كات، هه‌ر چۆنێك بێت له تاكسییه‌كه داده‌به‌زێت، كابرا داوای 100 لیره‌ی لێ كردبوو. وه‌ك دواتریش بۆی گێڕامه‌وه، شوفێره‌كه هه‌ڕه‌شه‌ی توندیشی لێ كردبوو و سه‌یره ده‌یگوت "كاكه به خوای ئه‌وه شوفێری تاكسی نه‌بوو، ئه‌وه مافیا بوو!".
*****
بازاڕی ڕه‌شی سێكس
پێشتر گوتمان، سه‌ره‌ڕای چه‌ندان باڕ و یانه‌ی شه‌وانه و دیسكۆی ڕێپێدراوی ناو ئیستانبوڵ، وه‌كتر گۆڕه‌پانی ته‌قسیم و ئه‌كسه‌رای، له شه‌واندا دوو بازاڕی ڕه‌ش و به‌ڕه‌ڵای سێكفرۆشین، بازاڕی به هه‌ڕمێن و ڕه‌واج. جێی سه‌رنجه زۆرینه‌ی ئه‌و سۆزانییانه‌یش كه له‌و دوو شوێنه‌دا ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، كچانی عه‌ره‌بن (عێراقی، سووری و مه‌غریبی)، له‌گه‌ڵ تاك و ته‌را كچی ئۆزبه‌كی و ئازه‌ری و ته‌نانه‌ت توركیش. مه‌ترسیی ئه‌و سۆزانییانه‌ی ئه‌م دوو شوێنه، ته‌نیا له‌وه‌دا نییه كه مۆڵه‌تی پزیشكی‌یان نییه و دوور نییه، كه‌سی سێكسكڕ له‌گه‌ڵیاندا تووشی نه‌خۆشیی ترسناك و په‌تای درم بێت، به‌ڵكو له‌وه‌شدایه، كه هه‌ندێ جار وه‌ك ئه‌ندامی تۆڕی مافیایی، كورد گوته‌نی (زۆر گه‌نجی دۆنه‌دیته)یان خستووه‌ته داوی لێدان و ڕووتاندنه‌وه و گیرفان بڕی. ئه‌وه بۆ ئه‌و گه‌نجه كورد و توركانه‌ش ڕاسته كه به درێژایی شه‌قامی ئیستیقلال و ناو كۆڵانه ته‌نگه‌به‌ره‌كانی ئه‌و ناوه‌دا، شه‌و له په‌سێوێكدا، یان له به‌رده‌رگه‌ی باڵاخانه‌یه‌ك وه‌ستاون و به قسه‌ی تاس و لووس، سه‌رنجی ڕێبواران ڕاده‌كێشن و بانگیان ده‌كه‌ن بۆ چوونه ناو دیسكۆكانی ئه‌و ناوه. زۆر له‌و گه‌نجانه كه ده‌ڵاڵ یان ڕاستتر ئه‌و گه‌وادییه ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ن كه دانه‌خۆره‌ی نێچیره‌كانیان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دواجار به‌سه‌ر ته‌ڵه‌كه‌دا بكه‌ون، ئیتر ئه‌وه‌نده به‌سه نێچیره‌كه بگاته ژووره‌وه، وه‌ك ده‌ڵێن "حیسابی ته‌واو ده‌بێت!".
چش له‌وه‌ی له چه‌قی گۆڕه‌پانی ته‌قسیم و كۆڵانه‌كانی ئه‌و ناوه، ده‌یان كچی عه‌ره‌بی ته‌مه‌ن جیاواز (له ٢٠ ساڵییه‌وه بۆ سه‌ره‌وه) ده‌بینی دوو دوو و سێ سێ، به ئاشكرا و به به‌رچاوی پۆلیسه‌وه، ڕێ به ڕێبوار ده‌گرن و سه‌ر و سه‌ودا و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ موشته‌رییه‌كانیان ده‌كه‌ن. وه‌كتر له هه‌ندێ كۆڵانی ته‌نگه‌به‌ری ده‌وروبه‌ری شه‌قامی ئیستیقلالیش، دانه دانه باڵه‌خانه هه‌ن كه وه‌ك ئه‌وه‌ی له بازاڕی جامخانه‌كه‌ی ئه‌مستردامی هۆڵه‌ندا بیت، ئاوا سۆزانیی نیوه ڕووت له‌سه‌ر بالكۆنی شووقه‌كانیان سه‌ریان به‌و ناوه‌دا شۆڕ كردووه‌ته‌وه و ڕاوی نێچیری چه‌ور ده‌كه‌ن.
زۆر له توركه‌كانی ئه‌و ناوه، نایشارنه‌وه كه عه‌ره‌به‌كان به گشتی و عه‌ره‌بی عێراقی و سووری به‌تایبه‌تی، كه به‌هۆی بارودۆخی وڵاته‌كانیان كه‌وتوونه‌ته توركیا، به دوو دیارده‌ی سواڵ و سێكسفرۆشی شاره‌كه‌یان ناشیرین كردوون. ئه‌و كچانه له‌گه‌ڵ خاوه‌ن هۆتێله‌كانی ئه‌و ناوه پێكهاتوون كه هه‌ر نێچیرێك ڕاو ده‌كه‌ن، بیبه‌نه ژووره‌كانی ئه‌وان و له به‌رانبه‌ر سه‌عاتێك مانه‌وه له‌گه‌ڵ سێكسكڕه‌كاندا كرێی شه‌وێكی مانه‌وه‌یان لێ وه‌ربگرن، ئه‌مه‌و جگه له‌وه‌ی له به‌رانبه‌ر ته‌نیا یه‌ك جار سێكسكردن كه هه‌ر خوا ده‌زانێ ده‌بێ به چ ترس و له‌رزێكه‌وه بیكه‌ن، 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی ده‌ده‌نه كچه‌كان. ئه‌وه‌ی ئه‌و كچانه ده‌یكه‌ن، نه شاراوه‌یه و نه نهێنی، به‌ڵكو وای لێ هاتووه ته‌نانه‌ت ئه‌و خێزانه گه‌شتیارانه‌ی شه‌وان له‌و ناوه دانیشتوون و ده‌گه‌ڕێن و ده‌سووڕێن، به ئاسانی هه‌ست به‌وه بكه‌ن. ئاخر مرۆڤ هه‌ر به جلی نیوه‌ڕووت و شێوازی بێتامی ماكیاجكردن و نواندنی سه‌قه‌تی ناز و نوزییانه‌وه ده‌زانێ ئه‌وانه ئه‌هلی كار و كه‌سابه‌تی شه‌وانن!
*****
كافتێریا وه‌ك ده‌مامك!
عه‌ره‌ب له پێوه‌ست به بازاڕی سیكفرۆشی هه‌ر به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاون كه ئه‌و كچانه‌یان به‌و ناوه وه‌ر كردووه و كار و كه‌سابه‌تیان پێ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌م كار و سه‌ودایه و له باری شێواز و ڕێیه‌كانی گه‌رمكردنی ئه‌و بازاڕه‌دا، هونه‌ر و داهێنانیان كردووه، ئه‌ویش كردنه‌وه‌ی چه‌ندان كافتریایه له‌و ناوه، كه هه‌ریه‌كه‌یان گرووپێكی دیاری كچی عه‌ره‌ب و ئۆزبه‌كی و ئازه‌ری و ڕووسی هاموشۆیان ده‌كه‌ن.
وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌وامی فه‌رمانگه‌یه‌كی حكوومه‌ت بن، ئه‌و كچانه له دوای سه‌عات ١٠ی شه‌و، ڕوو ده‌كه‌نه ئه‌و كافتریایانه و هه‌ریه‌ك دوانێكیان و مێزێكی دیاریكراوی خۆیان هه‌یه، یان به لایه‌نی كه‌مه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌وپه‌ڕی قه‌ره‌باڵغیش بێت، مێزێك و شوێنێكیان له‌و ناوه هه‌ر بۆ ده‌ڕازێننه‌وه. ئیتر ئه‌و كچانه، تا دره‌نگانێكی شه‌و به ده‌م خواردنه‌وه و نێرگله‌كێشانه‌وه، به سه‌رنجتێبڕینی سێكسییانه له‌وانه‌ی بۆ چا خواردنه‌وه‌یه‌ك، یان كێشانی نێرگله‌یه‌ك، یاخۆ بۆ سه‌یركردنی یارییه‌كی تۆپی پێ بێت، هاتوچۆی ئه‌و كافترییانه ده‌كه‌ن و داده‌نیشن، ته‌نانه‌ت به چاودێریكردنی هاتوچۆی ڕێبواره‌كانی شه‌قامه‌كه و كه‌مه‌ندكێش كردنیان، له كه‌مینی نێچیره‌كانیاندان.
كۆدی له داوخستنی نێچیریش له‌و كافتریایانه‌دا گۆڕینه‌وه‌ی ژماره‌ی مۆبایله، ئیتر هه‌ر كه ده‌بینی یه‌كێك له‌و سێكسفرۆشانه له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی هه‌ڵده‌ستێ و هاوكات كوڕێكی ئه‌و ناوه له مێزێكی تره‌وه به دوایدا هه‌ڵده‌ستێ و ڕوو ده‌كه‌نه سه‌راوه‌كه، یان به دوای یه‌كدا ده‌چنه ده‌ره‌وه، ئیتر به‌وه‌دا ده‌زانی ئه‌وه ساته‌وه‌ختی سات و سه‌ودایه. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه ژماره‌كانیان ده‌گۆڕنه‌وه و ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر مێزه‌كانی خۆیان. ئیتر هه‌ر له‌وێ به گۆڕینه‌وه‌ی ئێس ئێم ئێس، مامه‌ڵه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتن، به هه‌مان ڕیتمی پێشوو، یه‌كێكیان پێشتر ده‌رده‌چێ و ئه‌وه‌ی تر شوێنی ده‌كه‌وێ و له سووچێكی ده‌ره‌وه‌ی كافتێریاكه‌دا یه‌كتری ده‌گرنه‌وه و ده‌ڕۆن. سه‌عاتێك زیاتر یان كه‌متر دوای ئه‌م سات و سه‌ودایه، كچه به چوست و چالاكی ده‌گه‌ڕێته‌وه و دا‌و بۆ یه‌كێكی تر داده‌نێته‌وه. ئه‌م دیمه‌نانه شه‌وان چه‌ند باره ده‌بنه‌وه (به شه‌وانی ڕه‌مه‌زانیشه‌وه!) چانسی ئه‌و كچانه‌یش كه بتوانن ژماره‌ی زۆرتری نێچیر له‌و شه‌ودا ڕاو بكه‌ن، ده‌وه‌ستێته سه‌ر میزاجی سێكسكڕ، بۆیه ئاسایییه كه یه‌كێك له‌و ڕاوچییانه شه‌وێك ده‌سكه‌وتی نه‌بێت و بۆ شه‌وی دواتر یه‌ك دووانێك به‌سه‌ر ته‌بكه و ته‌ڵه‌كه‌یدا بكه‌ون. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئه‌و كچانه كه سه‌رده‌سته و سه‌ركاری ژنیشیان هه‌یه، به هیچ شێوه‌یه‌ك و له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكدا بۆ سێكسكردن ناچنه شوقه‌ی تایبه‌تی سێكسكڕه گه‌شتیار و ڕێبواره‌كانه‌وه، به‌ڵكو ده‌بێ هۆتێله‌كانی ئه‌و ناوه پشكیان له‌و بازرگانییه‌دا هه‌بێت، وه‌ك چۆن له به‌رانبه‌ر دابینكردنی شوێنی حه‌وانه‌وه و ژه‌مه‌كانی خواردن بۆ ئه‌و له‌شفرۆشانه، له نێوان ٦٠ - ٧٠٪ی داهاته‌كه‌یان بۆ خاوه‌ن كافتریاكانه، ئینجا ئه‌و ڕێژه‌یه‌یش به‌پێی داهاتی شه‌وانی سۆزانییه‌كان كه‌م و زیادی تێده‌كه‌وێت.
له‌و كافتریا عه‌ره‌بییانه‌دا كه جۆره‌ها خورادنه‌وه‌ی سارد و گه‌رم، شیرینی، نێرگله، ته‌نانه‌ت خواردنی خێرایشیان هه‌یه، خاوه‌نه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه له‌شفرۆشانه ڕێككه‌وتوون. ئه‌مان شوێنی حه‌وانه‌وه و ژه‌مه خواردنه‌كانیان بۆ دابین ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش له به‌رانبه‌ردا ڕاوی موشته‌رییان بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ریش كه‌سێك كه‌وته داوی سه‌رنجییانه‌وه، ئه‌وا ده‌یڕه‌تێنن و له هۆتێله‌كانی ئه‌و ناوه و له به‌رانبه‌ر ته‌كانێكی سه‌رپێی و ڕاگوزه‌ردا، كه هیچ مانا و به‌هایه‌ك بۆ دیوه ڕۆحییه‌كانی سێكسی ته‌ندروست ناهێڵێته‌وه، 100 دۆلاری سه‌وز به كابرای نێچیر ده‌ژمێرن.
ئه‌م دیارده زه‌قه‌ی گۆڕه‌پانی ته‌قسیم و ئاكسه‌رای و كۆڵانه ته‌نگه‌به‌ره‌كانی ئه‌و ناوه، شتێكمان له‌باره‌ی حوكمڕانی ئاكه‌په پێ ده‌ڵێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: له‌و توركیایه‌ی ناو خه‌ونی ئاكه‌په و ئه‌ردۆغان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریی و خه‌لافه‌تی ئیسلامیی عوسمانی، تۆی هاووڵاتی و گه‌شتیار، تۆی خانه‌خوێ و میوان، به ته‌نیا مه‌به به سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی سیاسی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ی تر هه‌رچی ده‌ته‌وێ، به كامی دڵت ئه‌نجامی بده، ئیتر گرنگ نییه ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ت له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه ئاینییه‌كانی ئاكه‌په و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مسوڵمانی توركی دێنه‌وه، یان نا!
*****
به بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی جه‌ژنه‌وه!
جگه له هه‌زاران كه‌سی لای خۆمان كه ساڵانه به مه‌به‌ستی گه‌شتیاری و چاره‌سه‌ری پزیشكی و خوێندن سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌ن، هاوكات خه‌ڵكێكی زۆریش بۆ كاری بازرگانی له نێوان ئێره و توركیا له هاتن و چوونی به‌رده‌وامدان. زۆر له‌و كه‌سانه كه كاڵای هه‌مه‌چشنی توركی دێننه كوردستان، قازانجێكی خه‌یاڵی له پای ئه‌و بازرگانییه‌وه ده‌كه‌ن.
ئافاتێك كه تووشی كورد بووه، خۆخۆری و قۆڵبڕینی یه‌كتری و په‌ڕینه‌وه‌یه به‌سه‌ر پشتی یه‌كتردا. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه هه‌ر سیاسییه‌كان نین كه هه‌ریه‌كه‌یان و به شێوه‌یه‌ك بازرگانی به‌م گه‌له به‌شمه‌ینه‌ته‌وه ده‌كه‌ن، به‌ڵكو زۆر له‌وانه‌ی كاری بازرگانی له نێوان ئێره و توركیادا ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌میان بكه‌یته‌وه، ڕه‌نگه له هه‌موو كه‌س زیاتر زمانیان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و بێدادی و نه‌بوونی یاسا و چی و چیتر درێژ بێت، كه‌چی له هه‌ر كه‌س زیاتر، بازرگانی به‌م گه‌له‌وه ده‌كه‌ن و وه‌ك زێروو به بن مه‌ڵاشووی گیرفانه‌كانیانه‌وه نووساون و وه‌ك مۆرانه له جزدانه‌كانیان ده‌ده‌ن!
بێویژدانیی به‌شێك له بازرگانانی كوردی خۆمان هه‌ر ئه‌وه نییه كه له ده‌ره‌وه خراپترین كاڵا له باری كوالێتییه‌وه به خه‌ڵكی خۆمان ساغ ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵكو له‌وه‌شدایه كه كاڵا خراپه‌كه‌یش به دوو تا سێ قات نرخی خۆی ده‌فرۆشنه‌وه. ئه‌وه بۆ زۆرینه‌ی ئه‌و بازرگانانه‌ش ڕاسته كه حه‌ج و عومره بۆ قۆڵبڕینی خه‌ڵك ده‌قۆزنه‌وه و له‌و گه‌شتی چه‌رچێتی و بازرگانیی قۆڵبڕینی ده‌مامكدراو به ئاینی و خواپه‌رستییه‌یاندا، ئاوی به‌لوعه‌ی ماڵه‌كانیان به زه‌مزه‌م و گوشراوی گوڵ به میسك و چی و چیتر به عه‌وامی گه‌ل ده‌فرۆشنه‌وه!
له‌و ماوه‌یه‌ی له ئیستانبوڵ بووم، هه‌ندێك له‌و كورده بازرگانانه‌م به ڕێكه‌وت یان به‌هۆی براده‌رێك و له بۆنه‌یه‌كدا ناسین، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی بازرگانی جلوبه‌رگ و جوانكاری و ته‌نانه‌ت كه‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نیش ده‌كه‌ن. ڕاسته كاڵای جوانكاری و ئارایشتی ژنان، ئینجا ئۆرجیناڵه‌كه‌ی، له هه‌موو دنیادا گرانبه‌هایه، به‌ڵام له وڵاتێكی وه‌ك توركیا بۆ كه‌سێك كه له نزیكه‌وه ئاشنای بێت، زۆرباش ئه‌و ڕاستییه ده‌زانێت كه هه‌رزانترین كاڵا له‌و وڵاته‌دا، جلوبه‌رگ و خۆراك و خوارده‌مه‌نییه، ئیتر بۆ كه ئه‌و كاڵایانه ده‌گه‌نه كوردستان، ئاوا نرخه‌كه‌یان ده‌فڕێ؟ ئه‌وه ئه‌و پرسیاره‌یه خه‌ڵك نا، به‌ڵكو ده‌بێ بازرگانه چاوچنۆك و چه‌رچییه قۆڵبڕه‌كانی خۆمان، له ویژدانی خۆیانی بكه‌ن.
هه‌قم به‌سه‌ر كرێی گواستنه‌وه و گومرگ و ئه‌و شتانه‌وه نییه، ئاسایییه كابرای بازرگان بیانخاته سه‌ر كۆی گشتی نرخی كاڵاكه، چونكه ئه‌وه مافێكی یاسایی خۆیه‌تی، به‌ڵكو قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌و بڕه قازانجه خه‌یاڵییه‌یه كه ده‌یخه‌نه سه‌ر كاڵا، ئه‌مه دوای نرخی ئه‌سڵی خۆی و زیادكردنی پاره‌ی گواستنه‌وه و گومرگ بۆ سه‌ر كاڵاكه.
زه‌لامم ناسیوه كه بازرگانی جلوبه‌رگی ده‌كرد، له قاتێكی منداڵان (ئه‌گه‌ر زۆر خۆی به‌رانبه‌ر كڕیاره‌كه‌ی گران نه‌كات!)، ئه‌وا به لایه‌نی كه‌مه‌وه (١٠ تا ١٥) هه‌زار دیناری قازانج كردووه. به‌و گوێیانه‌ی خۆم له ده‌می ئه‌وم بیستووه، قاتێكی منداڵان بۆ ئه‌و، له توركیا به نرخی كڕین (بێگومان له كارگه و به كۆ) و كرێی گواستنه‌وه و باجی گومرگ، كه‌وتووه‌ته (١١)هه‌زار دینار، كه‌چی به (٢٥ تا ٣٠) هه‌زار دینار له‌و بازاڕانه‌ی كوردستان ساغی كردووه‌ته‌وه. ئه‌مه‌و چش له‌و جلوبه‌رگانه‌ی له مۆڵ و ماركێته‌كانی كوردستاندا، به نرخی بێتام گران به هاووڵاتی ساغ ده‌كرێنه‌وه، ئه‌گه‌ر نموونه به جیاوازیی خه‌یاڵیی نرخه‌كانیان له نێوان ئیستانبوڵ و شاره‌كانی كوردستاندا بێنمه‌وه، واقتان وڕ ده‌مێنێ!
به‌هه‌رحاڵ، چونكه له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا خه‌می كوالێتی كۆنتڕۆڵ و گومرگی سنووره‌كانمان ته‌نیا ئه‌و بڕه پاره‌یه‌یه كه له بازرگانی وه‌رده‌گرن و گوایه ده‌چێته گه‌نجینه‌ی حكوومه‌ت. بۆیه ئاسایییه زوو زووش كاری لیژنه‌كانی چاودێری له بازاڕه‌كانی كوردستاند په‌یدا ببێت و ئه‌ركه‌كه‌یشیان به منه‌ت به هاووڵاتییان بفرۆشنه‌وه، چییه ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌وه‌نده جۆر و تۆن كاڵا و كه‌لوپه‌لی ماوه‌به‌سه‌رچوودا گرتووه. كام كاڵا و كه‌لوپه‌ل؟ ئه‌و كه‌لوپه‌ل و كاڵایانه‌ی لای ورده‌واڵه‌فرۆشێكی لاكۆڵان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه و پێشتر به تڕێله، بارزگانه گه‌وره‌كه (كه وێده‌چێ ماوه‌ی به‌سه‌رچوونی كاڵاكه چه‌ند ڕۆژێكی مابێت!)، له بازگه‌كانی سنوور و كوالێتی كۆنتڕۆڵ ده‌ربازی كردووه و له بازاڕه‌كانی كوردستاندا ساغی كردووه‌ته‌وه؟
ئه‌م كۆمیدیایه ڕێك وه‌ك به‌زمی حكوومه‌ت و ئه‌و ماتۆڕسكیلانه‌ی لێ هاتووه (دیارده‌یه‌ك، جگه له‌وه‌ی هاووڵاتییانی شار و ئاواییه‌كانی كوردستانیان هه‌راسان و بێزار كردووه و له شه‌قام و ڕێوبانه‌كاندا بوونه‌ته هۆی ده‌یان ڕووداوی خه‌مناكی هاتوچۆ)، كه ناوه ناوه حكوومه‌ت مه‌فره‌زه‌یه‌ك داده‌نێ و هه‌ندێكیان ده‌گرێت، به‌ڵام كه‌س له‌وه تێ ناگات، ئاخۆ ئه‌و (مووه!) چییه له‌ناو ئه‌و (ماسته‌ی!) به‌رده‌وامیی هاورده‌كردنی ماتۆڕسكیل له سنووره‌كان و هه‌ڕمێنی بازاڕی ماتۆڕسكیل فرۆشاندا هه‌یه؟ كێ له پشتی ئه‌و بازرگانییه‌وه‌یه كه حكوومه‌ت ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ت و له ڕقی ئه‌و، تۆڵه له هه‌رزه‌كارێكی سه‌ره‌ڕۆ ده‌كاته‌وه و ده‌ست به‌سه‌ر ماتۆڕسكیله‌كه‌یدا ده‌گرێت؟
گه‌ردنتان ئازا، ئێسته‌یش بڕۆنه ئیستانبوڵ و ئه‌نكاره (باسی پاره‌ی تكیتی فڕۆكه و خه‌رجیی مانه‌وه و هۆتێڵ ناكه‌م)، به‌ڵام بڕۆن به‌شی یه‌ك ساڵ پێداویستیی پۆشاكتان هه‌ر له هه‌مان ئه‌و ماركانه‌ی له كوردستان به ماركه‌ی توركی به ئێوه ده‌فرۆشرێن، جلوبه‌رگ بۆ خۆتان و منداڵه‌كانتان بكڕن، ئه‌گه‌ر نه‌یكرده نرخی جلوبه‌رگی ته‌نیا دوو جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان و قوربان كه ئێوه له مۆڵ و ماركێته‌كانی كوردستان ده‌یكڕن، ئه‌وا ئه‌و قۆڵه‌ی من ببڕن. ئینجا من باسی نرخه‌كه‌ی ده‌كه‌م، به‌راوردكردنی كوالێتییه‌كانیشیان به سه‌ری خۆیه‌وه!